ئا: میهرەبان سەلام
لەهەڵەبجە، ژنان پێگەو رۆڵێکی بەرچاو لەبەڕێوەبردنی یەکە ئیدارییەکاندا دەبینن، ئەم شارە کە بەهۆی کارەساتی کیمیابارانەوە لەئاستی دنیادا ناسراوە، یەکەمین شارە لەکوردستان دوو ژن پۆستی قائیمقامیان تیا وەرگرتبێت، ئەوانیش عادیلە خانم لەساڵی ١٩٢٠و نوخشە ناسیح-ە لەساڵی ٢٠١٦، نوخشە دەڵێت "ژنان لەھەڵەبجە ھەمیشە پێشەنگ بوونو پێگەو رۆڵێکی تایبەتیان لەکایە جیاوازەکانی ژیاندا ھەبووە".
قایمقام ژنە
لەهەڵەبجە زۆربەی یەکە ئیدارییەکان لەلایەن ژنەوە بەڕێوەدەبرێنو چەندین پۆستی گرنگیان هەیە، نوخشە ناسیح ماوەی ٨ ساڵە قایمقامی قەزای ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجەیە ، ئەو باس لەوە دەکات کە زۆر خۆی بەخۆشحاڵ دەزانێت کە توانیویەتی ببێت بە دوەم قایمقامی ھەڵەبجە لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا، کە لە ساڵی ٢٠١٦توانی دەست بەکار بێتهوکارەکانی وەک قایمقام بەڕێوە ببات، نوخشە بەئاوێنەی وت "بەدڵنیایی هەر لەسەرەتاوە بەهۆی ژن بوونمەوە ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانم زۆر زۆر بوون، بەڵام سەرجەم ئاستەنگەکانم تێپەراندوەو تاوەکو ئیستا توانیومە بەردەوام بمو خەڵکیش زۆر لەکارەکانم رازیین".
سەبارەت بەئالوگۆری دەسەڵات، نوخشە ئەوەی نەشاردەوە کە چەندین جار وتویەتی دەست لەکار ترازاندنی پێخۆشە، بەڵام پێیخۆشەو ئاوات ئەخوازێ کە ئەوەی لەدوای ئەم پۆستی قایمقام یە وەردەگرێ بەھەمان شێوە ژن بێت، ئەو وتی "ژنان لەھەڵەبجە ھەمیشە پێشەنگ بوونو پێگەو رۆڵێکی تایبەتیان لەکایە جیاوازەکانی ژیاندا ھەبووە".
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکان ژنە
"پێش ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی بم، بەرپرسیاریەتیو سەرپەرشتی چەندین پڕۆژەم کردووە".
ئەمە قسەی خێڵان عەبدولروحمان-ی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانە لەھەڵەبجە، کە لەساڵی ٢٠١٩وە ئەو بەرپرسیاریەتییەی لەئەستۆ گرتووە.
خێلان ئاماژە بەوە کرد کە پێش ئەوەی ببێت بە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکان وەک ئەندازیار سەرپەرشتیاری چەندین پرۆژەی کردوە بۆیە بون بە بەڕێوەبەر ئەرکەکەی سەرشانی قورستر نەبوە، ئەو بەئاوێنەی وت "لەگەڵ ئەرکو بەرپرسیاریەتی راھاتووینو توانیومانە بەسەرکەوتووی کارەکان ئەنجام بدەین".
بەڕێوەبەری گشتی گەشتو گوزار ژنە
چیا قاسم حەمە سەلیم لەساڵی ٢٠٢٣ وەک بەڕێوەبەری گشتی گەشتو گوزار دەست بەکار بوە، پێشتریش بەڕێوەبەری نەخشەدانان بوە لەشارەوانی ھەڵەبجە، سەبارەت بەبەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتیەکی گشی بەئاوێنەی وت "وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی بەھەمان شێوە چ بۆ ژن چ بۆ پیاو قورسە، بەڵام بۆ ژن بەھۆی ئەوەی ئەرکی ماڵەوەو خێزانو فەرمانگەشی لەسەر شانە ئەرکەکە قورسترە، لەبەرئەوە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین ئەرکەکان بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدەین".
بەڕێوەبەری کوشتارگەی ھەڵەبجە ژنە
بەڕێوەبەری ڤێرتەرنەری ، لەھەمان کاتدا سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەت، دڵنیا فاروق-ە، کە ماوەی ١٤ ساڵە شەوو بەڕۆژ گۆشتی ئەو حەیوانانە دەپشکنێ کە لەشارەکەدا ساغ دەکرێنەوە، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کارەکانی، دڵنیا بەئاوێنەی وت "من ماوەی چواردە ساڵە بەڕێوەبەرم، تاوەکو ئیستا ھیچ کێشەیەک نەھاتۆتە بەردەمم، چونکە باوەرم وایە ھەر کارێک بەمتمانەی تەواوە بکرێت سەرکەوتوو دەبێت".
سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە ژنە
دوو بەشی گرنگی زانستی لەپارێزگای ھەڵەبجە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن ئەویش پۆستی سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجەو ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی ھەڵەبجەیە.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر "مەھاباد عەبدوڵا" ماوەی چوار ساڵە سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "زانکۆ دەزگایەکی ئەکادیمیی زانستییە، دوورە لەھەر جۆرە پێوەندییەکی تر، ئەوەی گرنگە لای من خزمەتکردنی زانکۆیەو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیو کارگێری لەو ڕووەی زانکۆ ببێتە دەزگایەکی تەواو زانستی بۆ ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا".
وتیشی "ڕاستە من وەک ژنێک لەو پۆستە داندراوم، بەڵام ھیچکات وەک ژن مامەڵە ناکەم، وەک کەسێکی ئەکادیمیو کارگێری مامەڵە دەکەم ، کاتێک ھاتمە زانکۆ تەواوی کارەکانی ترم بەجێدەھێڵم، ئەوپۆستەی من وەرم گرتووە وەک ئەرکێک تەماشای دەکەم، ھەوڵی تەواو دەدەم لەئاست ئەو بەرپرسیارەتییەدا بم".
ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی ھەڵەبجە ژنە
کانیاو رەفعەت، ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی ھەڵەبجەیەو باس لەوە دەکات کە وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی ئاسان نیە بەڵام لەھەڵەبجە ھەمیشە کارئاسانیەک ھەیە بۆ ژنان بۆ ئەوەی ئەزمونی تیادا وەربگرنو تواناو وزەیان ی تیادا بەرھەم بھێنن.
پۆستەکانی تریش ژن بەڕێوەیان دەبات
جگە لەو پۆستانەی سەرەوە، ھەریەک لەبەڕێوەبەرایەتی نەوتو کانزاکان، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ، بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزم سەرجەمیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن.
لەھەڵەبجەدا ژیانی ژنان بەدوور بووە لەھەندێک لەدابونەریتە کۆمەڵایەتییە کۆنەکانی وەک "ژن بەژن، گەورە بەبچووک، شیربایی...". لەھەڵەبجەدا گرنگییەکی زۆر بەخوێندنو خوێندەواری کچانو ژنان دراوەو بۆ یەکەمینجاریش لەساڵی ١٩٥٢ یەکەمین خوێندنگای کچان کراوەتەوەو لەئێستاشدا ژنان تەنھا لەیەکە ئیداریەکەدا پێشەنگ نین، بەڵکو لە کێبڕکێدان بۆ بەڕێوەبردنی بازارو شانبەشانی پیاوان کاردەکەنو بژێوی خۆیانو ماڵو منداڵیان دابین دەکەن.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.