ئا: ئاوێنە
رەوتی سەلەفیەت لەسلێمانی لەگەشەو بڕەودایە، هەوادارانی ئەم رەوتە بەشێوەیەکی بەرچاو لەنێو کاسبکارانی بازاڕو خوێندکارانی زانکۆکانیشدا بەدیدەکرێن، چاودێرانیش دەڵێن "بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە لەئەستۆی دەسەڵاتداراندایە، لەبەرئەوەی لەپێناو بەرژەوەندیی تەسکی سیاسییو حزبییاندا، ڕێگەیان پێداون گوتارە توندڕەوەکەیان بڵاوبکەنەوەو لەڕۆحی خەڵکدا بیچێنن بەبێ ئەوەی گوێ بەو کارەساتە ئایینیو ئایدیۆلۆژییە بدەن کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دێت.
پێگەی "العالم الجدید" بابەتێکی لەبارەی هۆکارەکانی پشت تەشەنەسەندنی رەوتی سەلەفیزم لەسلێمانیو پاشەکشەی لیبڕاڵیزمو ئازادییەکان لەم شارەدا لەم ساڵانەی دواییدا بڵاوکردۆتەوەو دەڵێت "سلێمانیی پێشتر بەسیمای مەدەنیی لیبڕاڵ ناسرابوو، تەنانەت وەک شارێکی ئەوروپی ناودەبرا، بەڵام خەریکە ئەو شارە ئەو خەسڵەتاە کراوەو پێشکەوتوانەی لەدەستدەدات.
پێگەکە ئاماژە بەوە دەکات "لەڕابردودا لەسلێمانی ئازادییە گشتییەکان بۆ خەڵکی سڤیلو خێزانەکان هەبوون، بەتایبەتی ژنان کە مافی پێشکەوتویان بەدەستهێنابوو ەراورد بەئەودوای پارێزگاکانی تری کوردستانو عێراق، ئەوە جگە لەبونی چالاکییە کولتوریو روناکبیرییەکانی شارەکە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا شارەکە تەشەنەکردنی بەرچاوی رەوتی سەلەفیی توندڕەوی بەخۆوە بینی، ئەمەش پرسیاری لەسەر هۆکارەکانی بڵاوبونەوەی ئەم ئایدۆلۆژیایە لەشارێکی خاوەن سیمایەکی مەدەنیی لیبڕاڵ دروستکردوە.
لەوبارەیەوە محهمهد فاتح لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەکە ڕایگەیاندوە کە “دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان لەساڵی 1991دا خۆبەڕێوەبەریی بەدەستهێنا، بزوتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەو لەسلێمانی سەریهەڵدا کە بەلای خەڵکی ناوچەکە نامۆ بوو، چونکە خەڵکەکە بەمیانڕەویو پێکەوەژیانو قبوڵکردنی ئەوانی دیکە ناسراوبون.
فاتیح دەڵێت "تەشەنەسەندنی توندڕەویی لەناوچەکەدا لەسەرهەڵدانی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە دەستیپێکرد، هۆکارەکەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەزایەکیان بۆ خۆیان لەکوردستاندا دۆزیەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕقو کینەو لەئەرکەکەیشاندا سەرکەوتوبون، بەوپێیەی توانیان ڕقو کینە لەناو زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە بچێنن".
باسى لهوهش كردوه، بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە لەئەستۆی دەسەڵاتداراندایە، بەوپێیەی دەرگاکانیان کردۆتەوەو ڕێگەیان پێداون گوتارەکەیان بڵاوبکەنەوەو لەڕۆحی خەڵکدا بیچێنن لەپێناو بەرژەوەندیی تەسکی سیاسییو حزبییاندا، بەبێ ئەوەی گوێ بەو کارەساتە ئایینیو ئایدیۆلۆژییە بدەن کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دێت.
دەشڵێت "لەسەر ئاستی ئایینی، سلێمانی سەرچاوەی بزوتنەوەی ئاشتیخوازانەی سۆفیگەرییەو لەم پارێزگایەشەوە بەناوبانگترین زانا ئایینیەکانی وەک شێخ محەمەدی خاڵو شێخ عەبدولکەریمی مودەریسو ئەوانی تر بەرهەمهاتون".
لهبهشێكى دیكهى ڕاپۆرتهكهدا ئاماژه بهوهشكراوه، "لەگەڵ ئەوەشدا ڕێبەرانی رەوتی سەلەفیی ئەو قسانە ڕەتدەکەنەوە کە لەسەریان دەگوترێو جەخت لەوەدەکەنەوە کە ئەوان ڕۆڵی ئایینیو ئایدیۆلۆژیی خۆیان ئەنجامدەدەن، بەبێ ئەوەی ئازادییەکانی ئەوانی دیکە پێشێل بکەنو لەوتارەکانیاندا لەتوندڕەویی دوردەکەونەوە".
لەوبارەیەوە لوقمان ئەحمەد وتارخوێن لەیەکێک لەمزگەوتەکانی شاری سلێمانی لەمیانی چاوپێکەوتنێکەدا دەڵێت "بڵاوبونەوەی رەوتی سەلەفی هیچ پەیوەندییەکی بەسیاسەتو پشتیوانی دەرەکییەوە نییەو هەندێکیش بەهۆکاری خۆیان هەوڵی شێواندنییان دەدەن".
ئەحمەد ڕونیدەکاتەوە، مزگەوتی سەلەفیەکان کاری ئایینیو بانگەوازی پراکتیزە دەکەنو هیچ پەیوەندییەکیان بەسیاسەتەوە نییەو هەندێک لایەن دەیانەوێت خیتابی سەلەفیو خیتابی داعشو ڕێکخراوە توندڕەوەکانی تر تێکەڵ بەیەکتر بکەن، کە ئامانج لێی شێواندنی وێنەی ئایینی ئیسلامە بەگشتیی.
دەشڵێت "بانگخوازانی رەوتی سەلەفیی لەسلێمانی یەکەم کەس بون کە لەهاوینی 2014 دژ بەکردەوەکانی ڕێکخراوی داعشو هەوڵەکانیان بۆ هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان وەستانەوە، هەروەک بزوتنەوەی سەلەفیی لەناوچەکەش ئیدانەی کردەوە توندڕەوەکانی ڕێکخراوەکەیان لەدژی پێکهاتە ئاینیەکانی دیکە کرد".
لەڕاپۆرتی پێگەکەدا باس لەوەکراوە، بەزەحمەت ناوچەیەک یان شەقامێک لەسلێمانیدا دەبینی کە مزگەوتی رەوتی سەلەفیی تێدا نەبێت، هەروەک ئەنجامدانی خولی فێربونی قورئانو خولی زانستی ئایینییش لەخۆدەگرێت، ئەمەش ترسی دروستبونی نەوەیەکی نوێی گەنجانی لێدەکرێت کە لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی بزوتنەوە سەلەفییەکاندا بن.
لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا لێدوانی حاکم شێخ لەتیف وەرگیراوە کە ئاماژەی بەوە کردوە پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەکە کە خۆیان لەپارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەبیننەوە، لەپێناوی بەرژوەندییەکانی خۆیان دەستیانکردوە بەنزیکبونەوە لەسەلەفییەکان.
ئەو دەڵێت "لایەنەکانی دەسەڵات دەیانەوێت پشتیوانی شەقامی کوردی بەدەستبهێنن بەهەوڵدان بۆ ئەوەی وا نیشانی بدەن کە پشتیوانی لەڕەوتە ئاینیەکان دەکەن، بەو پێیەی بەهۆی شکستهێنانیان لەئیدارەدانی هەرێمەکەو ئەو قەیرانانەی بەرۆکی خەڵکەکەی گرتۆتەوە، ئاستی جەماوەرییان دابەزیوە".
جهختى لهوهش كردۆتهوه "پەیوەندی باشی پارتی دیموکراتی کوردستانو سەرکردە کوردییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو بەتایبەتیی لەگەڵ سعودیەو میرنشینە عەرەبییەکان، یەکێکە لەگرنگترین هۆکارە سەرەکییەکانی پشت تەشەنەکردنی رەوتی سەلەفیی لەناوچەکەدا".
بەوتەی شێخ لەتیف، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانێت کە ئەم بزوتنەوەیە بێزاریی بۆ دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێم دروستناکات، بۆیە ئازادییو ڕەزامەندی تەواویان پێدەبەخشێت بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەو خولو کردنەوەی مزگەوتو قوتابخانەو پەیمانگای ئایینی.
لەبەرامبەریشدا بێستون مستەفا جاف لێکۆڵەر لەکاروباری گروپە ئیسلامییەکان پێیوایە “یەکێک لەهۆکارەکانی بڵاوبونەوەی سەلەفییەت لەسلێمانیی، شکستی حزبەکانی دەسەڵاتە بۆ بەڕێوەبردنیانو ئەوپەڕی بێزاریی هاوڵاتیانە لەو پارتە دەسەڵاتدارانە".
جاف دەڵێت "حزبە ئیسلامییە سەلەفییەکان خاوەنی دەیان نەخۆشخانەو ناوەندی پزیشکییو پڕۆژەی خێرخوازیین، هەروەک پزیشکەکانیان نەشتەرگەریی بەنرخێکی ڕەمزیی ئەنجامدەدەنو کرێی نەخۆشخانەکانیش بەهەمانشێوە ڕەمزییە، بەپێچەوانەی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە کە هیچ خزمەتگوزارییەکی بەرچاویان پێشکەش بەهاوڵاتیانی کورد نەکردوە، بەمجۆرە ئەم بابەتە ئاستی جەماوەریی بزوتنەوەی ئایینی سەلەفیی لەناوچەکەدا زیادکردوە".