وەبەرهێنەران، کۆتا قومە ئاوى وەبەرهێنانى خانووبەرە دەخۆنەوە
  2024-03-02       1860       
نرخى شوقە لەیەک ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٢٠ هەزار دۆلار هەیە

ئا: وریا حسێن

 

دەیانکرد لەهەولێر ساڵى ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣ زۆرترین پڕۆژە ئەنجام دراوە، لەساڵی ٢٠٢٣وە بەئامانجى سیاسى‌و ئابوری لەسلێمانى هەڵمەتێکى دروستکردنى پڕۆژەى نیشتەجێبوون دەستىپێکرد، ئەمە وایکردوە بازاڕى خانووبەرە تووشى پاشەکشە بێت، بۆیە ئێستا بەشێکى زۆرى پڕۆژەکان وەستاون‌و نافرۆشرێن، لەم ساڵانەی دواییشدا هاوڵاتیانی عەرەب بەشێکی بەرچاوی کڕیاڕی شوقەکانی هەولێرو سلێمانی بوون، خاوەنى کۆمپانیای عەقاراتى حاجى سەلام دەڵێت "سەربارى ئەوەى پڕۆژەی نیشتەجێ بوون لەخوارو ناوەڕاستى عێراق کراوەتەوە، بەڵام خواستى کڕینى هاوڵاتیانى عەرەب بۆ یەکەکانى نیشتەجێ بوون لەسلێمانى کەمى نەکردووە".

 

ئامانجى ئێستاى وەبەرهێنەرانى خانووبەرە لە کەسانى دەوڵەمەندو خۆشگوزەرانەوە گۆڕاوە بۆ کەسانى مام ناوەندو هەژار، بۆیە نرخى پێشەکى شوقە بۆ ٥ هەزار دۆلار دابەزیوە، کە لەهەرزانیدا پێشینەى نەبووە. کۆتا ئامارى دەستەى وەبەرهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکراى دەکات لەکۆى قەبارەى وەبەرهێنان کە سەرو ٦٦ ملیار و ١٥١ ملیۆن دۆلارە ٢٦%ى کۆى سەرمایە لەهەرێمى کوردستان لە پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون بەگەڕخراوە کە دەکاتە سەرو ١٧ ملیار و ٧٩٠ ملیۆن دۆلار، بەو پێیەش ئەم کەرتە بەدووەم کەرت دواى پیشەسازى هەژمار دەکرێت.

 

سەردار ئازاد، خاوەنى کۆمپانیاى (ئەملاک)ى تایبەت بەبوارى خانووبەرە لەشارى هەولێر، دۆخى ئێستاى وەبەرهێنانى بازاڕى خانووبەرە وا شیکردەوە، بەهۆى ئەو قازانجەى زۆرەى وەبەرهێنەران لەپڕۆژەکانى نیشتەجێبوون دەیانکرد لەهەولێر ساڵى ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣ زۆرترین پڕۆژە ئەنجام دراوە، لە ٢٠٢٣وە بەئامانجى سیاسى‌و ئابوری لەسلێمانى هەڵمەتێکى دروستکردنى پڕۆژەى نیشتەجێبوون دەستىپێکرد، ئەمە وایکرد بازاڕى خانووبەرە تووشى پاشەکشە بێت، بۆیە ئێستا لەهەولێر بەشێکى زۆرى پڕۆژەکان وەستاون‌و نافرۆشرێن لەسلێمانیش خواست لەسەر یەکەکان کەمەو کڕین پاشەکشەى کردووە، چونکە سلێمانى ناتوانێت بازاڕ بۆ ئەو هەموو یەکەیە دروست بکات، ئەو وتى "ئەو ژمارە زۆرەى وەبەرهێنان لەبازاڕە خانووبەرە ماناى ئاوەدانى نیە، بەڵکو ماناى ئەوەیە قومە ئاوێک لەوەبەرهێنانى یەکەى نیشتەجێ بوون ماوە ویستیان زوو بیخۆنەوەو پارەیەکى باشیان دەستکەوێت، بەڵام هەندێکیان فریانەکەوتن".

 

لەهەولێر سێ پڕۆژە لەبوارى شوقەدا، گرانترین نرخیان هەیە، (گوڵان تاوەرو پارک ڤیۆو سکاى تاوەر) نرخى یەکەیەکى نیشتەجێ بوون یەک ملیۆن دۆلارە، لەپڕۆژەى ئیمپایەریش نرخەکان دەگاتە سەرو یەک ملیۆن ٥٠٠ هەزار دۆلار، لەسلێمانیش گرانترین شوقە لەشوقەکانى کۆمپانیاى هەڵەبجەو دەروازە سیتی ە، هەرزانترین شوقەش ٢٠ هەزار دۆلارە کە شوقەى ستۆدۆى پێدەوترێت لەشوقەکانى ١٢٠ى و ١٥٠ى هەولێر.

 

هەرچى سەبارەت بەخانووە، گرانترین خانوو دەکەویتە ناو پڕۆژەى ئەربیل هێڵس کە نرخەکەى ٤ ملیۆن‌و ٥٠٠ هەزار دۆلارە، لەسلێمانیش بەهەمان نرخ دەکەوێتە ناو پڕۆژەى چوارچرا، نزمترین خانووش دەخولێتەوە لەسنورى ٢٠ هەزار دۆلار.

فۆتۆ: پڕۆژەی ئیمپایەر - هەولێر

 

خاوەنى کۆمپانیاى ئەملاک لەبارەى دابەزینى ئاستى پێشەکى بۆ خوار ١٠ هەزار دۆلار جەخت لەسەر ئەو بارگۆڕانە دەکاتەوە کە بەهۆى قەیرانى ئابورى هەرێمەوە ڕووبەڕوى بونەتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەمبونەوى پارە ئامانجى وەبەرهێنەرانى لەکەسانى مامناوەندو سەرو مامناوەندەوە گۆڕى بۆ خوار مامناوەندو داهات کەم، بۆیە وەبەرهێنەران پێشەکى یەکەکانیان کەمکردەوە تاوەکو ئەو کەسانە بتوانن بەشدارى بکەن، هاوکات گاپێک بۆ ئاوێنە ئاشکرا دەکات‌و دەڵێت "بەگوێرەى یاساى وەبەرهێنان هەر وەبەرهێنەرێک یەکەى نیشتەجێبوون دروست دەکات، پێویستە ٢٥% پارەى پڕۆژەکە وەکو گرەنتى دابێت، بەڵام کەس ئەو پارەیە دانانێت، تەنانەت وەبەرهێنەر هەیە لەبۆرسەى سلێمانى پارەى ڕاکێشاوە لەبەرامبەر شوقە، لەهەولێریش زۆرینەى پڕۆژەکان تووشى قەرزو موودەو فائیدە بوون، چونکە وەبەرهێنەرەکان پارەیان پێ نیە یەکەکان دروست بکەن".

 

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕایە، کۆمپانیاى عەقاراتى حاجى سەلام کە یەکێکە لەگەورەترین کۆمپانیاکانى بوارى عەقارات لەهەرێمى کوردستان، بەڕێوەبەرى لقى کۆمپانیاکە لەسلێمانى، موستەفا حاجى خەیروڵا بڕواى وایە لەسلێمانى هۆکارى دابەزینى پێشەکى خانوو پەیوەستە بەزۆربوونى خستنەڕووى یەکەکان‌و زۆربوونى ململانێى نێوان کۆمپانیاکان بۆیە هەریەکە دەیەوێت چاوى زیاترى کەسانى مامناوەندو خوار مام ناوەند بخاتە سەر پڕۆژەکەى، ئەو بەئاوێنەی وت "خاوەن پڕۆژەکان دەزانن، بەهۆى بارودۆخى داراییەوە پێشەکى کەم‌و قیستى مانگانەى کەم لەکوێ بێت خەڵک لەوێ مامەڵە دەکات".

 

لەساڵانی رابردوودا هاوڵاتیانی خواروو باشوری عێراق، بەشێکی بەرچاو بوون لەکڕیاڕانی شوقەو یەکەکانی نیشتەجێبوون لەهەولیڕو سلێمانی، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی بازاڕی شوقە گەرم بێت، بەڵام جگە لەتەنگەژەی ئابوری‌و ئاڵۆزیی سیاسی‌و فشاری تورکیاو ئێران‌و هێرشەکانیان لەڕێگەی موشەک‌و درۆنەوە بۆ سەر ئەو دوو شارە، دروستکردنی دەیان یەکەی نیشتەجێ بوون لەبەغدای پایتەخت‌و شارەکانی دیکە، کاریگەری لەسەر فرۆشی شوقەو یەکەکانی نیشتەجێ بوون لەهەولێر زیاترو سلێمانی بەشێوەیەکی کەمتر هەبووە.

 

هەرچى سەبارەت بەمامەڵەى کڕیارانى خوارو ناوەڕاستى عێراقە لەسلێمانى، خاوەنى کۆمپانیای عەقاراتى حاجى سەلام دڵنیایى دا لەوەى خواستى کڕیارانى عەرەب کەمى نەکردووە، ئەو وتى "سەربارى ئەوەى پڕۆژە لەخوارو ناوەڕاستى عێراق کراوەتەوە، بەڵام خواستى کڕینى هاوڵاتیانى عەرەب بۆ یەکەکانى نیشتەجێ بوون لەسلێمانى کەمى نەکردووە".

فۆتۆ: پڕۆژەی چوار چرای نوێ - سلێمانی

 

ساڵى ٢٠٢٣ وەبەرهێنانى سلێمانى موڵەتى بە ٥٣ پڕۆژەى لەبوارى نیشتەجێ بوون داوە، کە گوژمەى پڕۆژەکان سەرو ٢ ملیار و ٦٠٣ ملیۆن دۆلارە، ئەمە وایکرد ئاستى وەبەرهێنان لەبوارى نیشتەجێبوون لەشارەکە بەراورد بەساڵى ٢٠٢٢ لە ٤٢% وە بۆ ٥٨% بەرزبێتەوە و ١٦ پۆینت هەڵکشان بەخۆیەوە ببینێت، بۆیە سلێمانى لە ٢٠٢٣دا زۆترین گەشەى لەوبوارە بەخۆوە بینى".

 

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەرى گشتیی وەبەرهێنانى سلێمانى ئەوە بۆ ئاوینە ئاشکرا دەکات لەسلێمانى بۆ ساڵى ٢٠٢٣ موڵەتى ٩٠ هەزار یەکەى نیشتەجێ بوونیان داوە توانیویانە ١٩ هەزار هەلى کارى ڕاستەقینەو ٢٩ هەزارو ٥٠٠ هەلى کاری ناڕاستەوخۆ فەراهەم بکەن، ئەو وتى "توانیویانە بەموڵەتدان بە پڕۆژەکان کێبرکێى کوالێتى و هەرزانى لەنێوان وەبەرهێنەران دروست بکەن و بەوەش هەم کوالێتى یەکەکان بەرز بکەنەوە هەمیش خەڵکى هەژار سودى لەپڕۆژەکان وەرگرتووە ٢١ هەزارى ئەو شوقانەى دروست دەکرێن بۆ کەسانى کەمدەرامەتە".

 

بەڕێوەبەرى گشتیی وەبەرهێنانى سلێمانى جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە پێشەکى شوقە لەسلێمانى گەیشتووەتە ٥ هەزار دۆلار، پێىوایە ئەو ترسەى لاى هاوڵاتیان هەیە کە شوقەکان تەواو نابن یان وەبەرهێنەرەکە ڕادەکات‌و پارە دەبات، ترسێکى ڕاستەقینە نیە، ئەو وتی "چاودێرى بەردەوامى پڕۆژەکان و ڕێژەى تەوابوونیان دەکەین، هەر پڕۆژەیەک بزانین وەبەرهێنەرەکە ناتوانێت تەواوى بکات، دەیدەنە کەسێکى دیکە تەواوى بکات، بۆیە دڵنیایى ١٠٠%ى تەواوکردنى پڕۆژەکان هەیە".

 

هاوکات بەڵێندەرانیش ئێستا بەهۆى ئەو قەرزانەى لاى حکومەتە بەشێکى کەمیان لەبەشە جیاوازەکانى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان کار دەکەن.

 

ئالان کوێخا کەرەم، سەرۆکى یەکێتى بەڵێندەرانى کوردستان بەئاوێنەى راگەیاند "هێشتا کێشەى گەورەى ئێمە وەکو بەڵێندەران لەگەڵ حکومەت تەواو نەبووە، بۆیە زۆرێک لەبەڵێندەران بەهۆى ئەوەى پارەیان لاى حکومەتە ڕووبەڕوى مایەپووچی بوونەتەوە، ناچارن هەریەکەو لەکەرتێکى جیاواز کاربکەن، ئەگەرى هەیە بەشێک لەبەڵێندەران کار لەپڕۆژەکانى وەبەرهێنانى خانووبەرە بکەن، هەشمانە سۆپەرمارکێتى داناوە یان کارى بزنس دەکات".

داشکاندنی یەکەی نیشتەجێ بوون - کاریکاتێری: ئەنگل بۆلیغان

 

سەربارى ئەوەى پێشەکى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ ٥ هەزار دۆلارو کەمتر دابەزیوە، بەڵام کۆمەڵەى کرێنشینانى کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە جگە لەو یەکانەى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە دروستى کردوون، یەکەکانى دیکە ئامانجى بازرگانیان هەیەو لەسودى ئەوان نەبوون.

 

بەرهەم قەرەداغى، سەرۆکى کۆمەڵەى کرێنشینانى کوردستان بڕواى وایە ئەوەى لەپشکى شوقە بەرهەژاران کەوتووە نزیکى ٥٦٤ یەکەى نیشتەجێبوون بووە لەئێستاشدا سەرو ٩ هەزار کەس فۆڕمى بۆ یەکەى نیشتەجێبوون پڕکردووە دەیانەوێت بێ پێشەکى سودمەندبن، ئەو وتى "٢٢٠ هەزار شوقە دروستکراوە بەڵام ٥% قەیرانى نیشتەجێ بوونى چارەسەر نەکردووە، بەڕوونتر ئەتوانم بلێم ٠.٢٦% خەڵکى مووچە خۆر و کەمدەرامەت کە تواناى دارایى سنوردارە سودمەندبووە لە یەکەى نیشتەجێ بوونى حکومەت".

 

هەرچى سەبارەت بەکەمبوونەوە پێشەکى شوقەیە سەرۆکى کۆمەڵەى کرێنشینانى کوردستان زانیارى ئەوە ئاشکرا دەکات، یارییەکى ئیعلامیەو کۆمپانیاکان لەگەڵ خەڵک دەیکەن‌و زۆر بەڕوونى وتی "کۆمپانیاکان یارى بەقستەکان دەکەن تاوەکو وا دەرکەوێت پێشەکى کەمبووەتەوە، ئەگەرنا تا کلیل وەردەگریت دەبێت ٣٠ هەزار دۆلار تا ٣٥ هەزار دۆلار بدەیت".

 

ئەم دۆخەى بازاڕى خانووبەرە لەگەردەلولى پێش زریان دەچێت، بۆیە پێشبینى ئەوە دەکرێت ئەگەر زریانەکە هەڵبکات لاوازەکان ڕادەماڵێت‌و بەهێزەکانیش دەلەرزێنێت.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×