کوردو جوڵانەوەکەی شێخ مەحمود لەنامەکانی (میس بێڵ)دا
  2024-03-01       2711       
شێخ مەحمود - گێرتروود بێڵ (میس بێڵ)

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

 

٦ى ته‌مووزى 1922

... ئه‌نجام ده‌كرێ بڵێم كه‌وا خه‌ریكه‌ هه‌ور له‌ باكوور كۆده‌بێته‌وه‌ و توركه‌كان هێز له‌ وان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ ڕەواندزیش خۆ قایم ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌رى تازه‌شیان بۆ ناردووه‌. حاڵى حازر واته‌واتێكى زۆر له‌ ناو خێڵه‌ كورده‌كاندا   بڵاوه‌ و ده‌سته‌ى ئه‌ركانیشمان بارودۆخه‌كه‌ به‌ مه‌ترسیدار ده‌زانن. ئێمه‌ تا ئێستا له‌ سلێمانى بكوژانى كاپتن بۆند و كاپتن ماكانتمان ده‌سگیر نه‌كردووه‌ و ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ندیى ڕاسته‌وخۆیان به‌ توركه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ڕەواندز. هێزى ئاسمانیى شاهانه‌ بۆردمانێكى چاكى گونده‌ یاخییه‌كانى كردووه‌ له‌ وڵات و شوێنگه‌لێكى ئه‌وپه‌ڕى سه‌خت و هه‌ڵه‌تدا و به‌ڵام هه‌موو كاتى بردوون بۆ ئه‌وه‌ى بڕێكى ته‌واوى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیى فڕۆكه‌ به‌ خه‌سار نه‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر ئێستا بمانه‌وێت به‌ خه‌ستى ڕەواندز بۆمباران بكه‌ین ئه‌وه‌ چه‌ك و جبه‌خانه‌مان به‌ ته‌واوى كورت ده‌هێنێت و تووشى كێشه‌ و زه‌حمه‌ت ده‌بین.

 

١٦ی تەمووزی 1922

...  سه‌باره‌ت به‌ ڕا و بۆچوونی مه‌لیك (مەبەستی شا فەیسەڵی یەکەمە -وەرگێڕ) له‌باره‌ى كورده‌وه‌ جارێ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ڕەتکراوه‌ته‌وه‌. مێجه‌ر بۆردیللۆن به‌ فڕۆكه‌ چوو بۆ سلێمانی و له‌گه‌ڵ مێجه‌ر گۆڵدسمیسی حاكمی سیاسیدا ته‌واوی مه‌سه‌له‌كه‌یان خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ. حاكمی سیاسی ڕای وایه‌ كه‌ ناتوانرێ هیچ شتێك له‌ به‌غداوه‌ بكرێ و هه‌رچۆنێك بێت پێویسته‌ ده‌سبه‌جێ شتێك بكرێت. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ به‌ته‌مان په‌یوه‌ندییه‌كی خێرا بكه‌ن له‌گه‌ڵ جه‌رده‌یه‌كی ڕێگری سه‌ركێشدا به‌ڵام زۆر كاریگه‌ره‌ له‌و سه‌ر سنووره‌ و ئه‌ویش سه‌ید ته‌هایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئاخۆ ئاماده‌یه‌ پۆستی حوكمدار وه‌ربگرێت له‌ سلێمانی و ڕەواندزدا له‌ ژێر چاودێریی ئێمه‌دا و ئه‌مه‌ بازدانێكی ترسناكه‌ له‌ تاریكیدا. پێموایه‌ سه‌ید ته‌ها ئه‌م پێشنیازه‌ ڕه‌تناكاته‌وه‌ و له‌م حاڵه‌ته‌دا سه‌رله‌نوێ دێمه‌ مه‌سه‌له‌كه‌وه‌ و بیر و بۆچوونی مه‌لیك ده‌خه‌مه‌ ڕوو. چوونکە‌ ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ زانیاریی زۆرمان هه‌بێت له‌م كاره‌دا به‌ڵام قه‌ت ناتوانین ئه‌وه‌ بزانین كه‌ ئه‌وان چی ده‌كه‌ن بۆ قایل كردنی یه‌كتر پاش ئه‌وه‌ی ئازادییان ده‌ده‌یتێ له‌ كاریاندا. مه‌لیك ده‌ڵێ "من زۆر جیاواز نیم له‌ ئاغای كورد". چاكه‌، به‌ڵام ئێمه‌ زۆر جیاوازین له‌ ئاغا  كورده‌كان و من پێ له‌وه‌ ده‌نێم كه‌ شتێك ڕاستى له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌یه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو ڕەواندزمان به‌ بیست فڕۆكه‌ بۆردمان كرد و هه‌مان كردارمان ڕۆژی سێشه‌ممه‌ به‌ ده‌  فڕۆكه دووباره‌ كرده‌وه‌ ‌و هیوادارین به‌مه‌ هۆزه‌ كورده‌ گه‌وجه‌كانی سه‌ر سنوور تێبگەیەنین كه‌وا به‌ختی خۆیان تاقی نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی سێسه‌د توركدا كه‌ سه‌ربازگه‌ی ڕەواندزیان لێ پێكهاتووه‌. ڕه‌نگه‌ كه‌س باوه‌ڕ نه‌كات كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌نجامدرا بێئه‌وه‌ی هیچ زیانێكمان لێ بكه‌وێت. چوونکە‌ له‌و وڵاته‌ شاخاوییه‌دا شوێنێك نییە‌ بۆ نیشتنەوە و هه‌ر ناته‌واوییه‌ك له‌ فڕۆكه‌یه‌كماندا ڕووبدات ئه‌وه‌ مانای مه‌رگی حه‌تمییه‌. كۆڵۆنێڵ ماكنیس كه‌وا كاتى خۆى له‌گه‌ڵمدا بوو له‌ كاروبارى هێزى ئاسمانى له‌ فه‌له‌ستیندا و له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ى باومان هاتبوو چایه‌كم له‌گه‌ڵ بخواته‌وه‌، فه‌رمانده‌ى ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ بوو و هه‌موو شتێكى له‌باره‌وه‌ بۆ گێڕامه‌وه‌ و كارێكى گه‌وره‌ بوو چ له‌ ڕێكخستن و چ له‌ نه‌به‌ردى و ئازایه‌تیدا.

 

٣٠ى ته‌مووزى 1922

باوكى خۆشه‌ویستم، وا خه‌ریكین له‌ به‌سه‌رچوونى شه‌پۆلێكى گه‌رماى تاقه‌ت پڕووكێن نزیك ده‌بینه‌وه‌. ئه‌و شه‌وه‌ له‌ باخچه‌كه‌مدا ئاهه‌نگێكم سازكردبوو، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دنیا زۆر گه‌رم بوو به‌ڵام دواتر كه‌مێك فێنكى كرد و به‌ ڕاستى ئاهه‌نگێكى خۆش بوو و تێكه‌ڵه‌یه‌كى سه‌یر تێیدا به‌شدار بوو. نوورى (مەبەست نووری سەعیدە - و) هات و یاریى كاغه‌زى پردى كرد و له‌ باخچه‌كه‌دا هه‌مه‌چه‌شنه‌ خه‌ڵكى نامۆى تێدا بوو. ئه‌فسه‌رانى ئه‌ركانى گشتیى عه‌ره‌ب كه‌ له‌ ئه‌سته‌مبووڵ مه‌شقیان كردبوو، گه‌نجێكى ڕوخسار قه‌شه‌نگى كورد، ناوى قادر به‌گ بوو كه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بكات له‌ملت ده‌دات بێئه‌وه‌ى ساتێكیش بیرى لێبكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌یده‌ گه‌نجه‌ به‌ڕێزه‌كانى خانه‌واده‌ى نه‌قیب، چه‌ند پیاوماقووڵێكى به‌ڕێزى به‌غدا و دواجاریش عه‌جیل یاوه‌رى گه‌وره‌ (كه‌ پێشتر له‌ باره‌یه‌وه‌ قسه‌م بۆت كردووه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌یادت نەمابێت‌). ئه‌م پیاوه‌ سه‌رۆكى هۆزى شه‌ممه‌رى نیشته‌جێى باكوورى مووسڵه‌ له‌ خێوه‌تێكدا ده‌ژى و په‌روه‌رده‌ى ئه‌و خێوه‌تانه‌یه‌. هه‌روه‌ها پیاوێكى ته‌واوه‌ و سه‌ربازێكى ئازایه‌ و فه‌رمانده‌ى له‌شكرى حوشترسوارى باكووره‌ و پیاوێكى چوست و به‌تواناى ده‌وڵه‌ته‌. بۆ ته‌واوكردنى وێنه‌كه‌ى شه‌ش پێ باڵایه‌تى و له ‌ڕاده‌ به‌ده‌ر  قۆز و قه‌شه‌نگه‌ و ده‌ستوپلێكى جوان و ده‌نگێكى دلێرى پێوه‌یه‌ و ئه‌مه‌یه‌ عه‌جیل! له‌ پاش كاتژمێر یانزه‌ى شه‌و زۆربه‌ى میوانان ڕۆیشتن و ئاهه‌نگه‌كه‌یان چۆڵكرد ئه‌و دووانه‌مان كه‌ ماینه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى سه‌عاتێك گوێمان بۆ عه‌جیل شلكردبوو كاتێ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێش ڕوونكردنه‌وه‌ى ده‌دا له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ كێشانى سنوور له‌گه‌ڵ تورك و فه‌ره‌نساییه‌كاندا، كه‌ چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك دابنرێت. بۆ ڕۆژى دواتر بانگم كرد بۆ ئۆفیسه‌كه‌م و هاوكاریى كردم له‌ داڕشتنى نه‌خشه‌یه‌ك و یاداشتێك و ناردم بۆ سێر پێرسى و بچووكترین گومانم نه‌بوو كه‌وا عه‌جیل ڕاسته‌ و فه‌ره‌نسییه‌كان ڕازى نابن.

...  ئێستاش له‌ باره‌ى قادر به‌گه‌وه‌ باسێكت بۆ ده‌كه‌م كه‌وا كوردێكى خه‌ڵكى سلێمانییه‌ و ده‌چێته‌ سه‌ر پیرۆزترین و له‌ هه‌مان كاتیشدا شه‌ڕخوازترین بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و لیوایه‌ (مه‌به‌ستى شێخ قادرى حه‌فیده‌ -  و). شێخ مه‌حموودى براى گه‌وره‌ترین و توندوتیژترین كه‌سى ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تیى یاخیبوونێكى كرد له‌ ساڵى 1919دا و له‌لایه‌ن جه‌نه‌راڵ ماكمونه‌وه‌ دامركێنرایه‌وه‌. پاشان شێخ مه‌حموود دوورخرایه‌وه‌ بۆ هندستان و به‌م دواییه‌ش ڕێگه‌ى پێدرا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوه‌یت. ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوى له‌ بیرم مابێت قادر به‌گیش نێردرابوو بۆ هندستان به‌ڵام ساڵى پار ڕێگه‌ى پێدرا بگه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ به‌غدا نیشته‌جێ بێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكى تردا به‌ ناوى شێخ غه‌ریب كه‌ خزمى نزیكیان بوو. شێخان، وه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌دا بنەماڵە‌كه‌یان به‌م ناوه‌ شۆره‌تیان ڕۆیشتووه‌، خۆیان به‌ دوور ده‌گرن له‌ ئاژاوه‌ و پشێوییه‌كانى ئێستاى سلێمانى، به‌ڵام هه‌موویان فشار ده‌كه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ى شێخ مه‌حموود و وه‌ك جۆرێك له‌ ڕاگرتنى دۆخه‌كه،‌ حاكمى سیاسیى ڕایسپاردوه‌ كه‌ پێویسته‌ قادر و غه‌ریب بنێردرێنه‌وه‌ بۆ سلێمانى و سێر پێرسى ڕه‌زامه‌ندیى ده‌ربڕى به‌ڵام من به‌دڵم نه‌بوو. به‌هه‌رحاڵ، وه‌ك هه‌ستێكى سۆزئامێز بۆ ئه‌م دوو پیاوكوژه‌ بچووكه‌ من به‌ شه‌خسى زۆرم پێخۆشبوو متمانه‌یان پێبكرێت و ئاگادار بكرێنه‌وه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنى خۆیان و خۆ ئاماده‌ بكه‌ن بۆ سه‌فه‌ر. دواتر هه‌ر كه‌ زانرا ئه‌مانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه،‌ شێخان به‌ شێوه‌یه‌ك لووتیان به‌رز كرده‌وه‌ و خۆیان ده‌نواند كه‌وا فه‌رمانده‌ى لێڤییه‌كان ده‌یگوت له‌مه‌ودوا ئیتر به‌رپرس نییە‌ له‌وه‌ى كه‌ ڕووده‌دات و منیش هه‌واڵم نارد بۆ ئه‌م داماوه‌ كه‌وا مه‌سه‌له‌كه‌ دڵشكاندنى تێدایه‌ و له‌ ئێستادا ناگه‌ڕێنه‌وه‌ و پاشانیش مه‌سه‌له‌كه‌م لاى خۆم ڕاگرت و هیوام خواست دواخستنه‌كه‌ زۆر نه‌خایه‌نێت و ڕاستییەكه‌ى ئه‌وانیش كاره‌كه‌یان به‌ گوێڕایه‌ڵییه‌وه‌ وه‌رگرت.

پێده‌چێت كاروباری كورد تا ڕاده‌یه‌ك ڕوو له‌ باشه‌ بێت و حاڵی حازر هه‌موو پرۆژە‌كانی مه‌لیكیان ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌مانه‌ هه‌موو شتێكیان به‌جارێ له‌ده‌ستدا و كه‌سانی سه‌ركێشن، چه‌شنی عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح به‌گ  كه‌وا هێزی لێڤی و فڕۆكه‌ به‌دوایه‌وه‌ بوون، پاش ئه‌وه‌ی دوو ئه‌فسه‌ره‌ به‌ریتانییه‌كه‌ی كوشت. ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ پێشنیازی نهێنیمان كردووه‌ بۆ یه‌كێك له‌ جه‌رده‌ و ڕێگره‌كانی سنوور، كه‌ سه‌ید ته‌هایه‌. ئه‌م پیاوه‌ خۆی ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خدار نییە‌ به‌ڵام سه‌ر به‌ سمكۆیه‌ كه‌ پیاوێكی زۆر گرنگه‌ و ماوه‌ی چوار ساڵ شه‌ڕی ئێرانییه‌كانی كرد و له‌ پێگه‌ی سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانیی كورددایه‌. ئه‌گه‌ر سه‌ید ته‌ها قایل بوو به‌و پێشنیازه‌ی بۆی كراوه‌ ئه‌وه‌ سمكۆ پشتی ده‌گرێت و هه‌وڵ و ته‌قه‌لای توركه‌كان په‌كده‌خات. سمكۆ ئه‌و "جێنتڵمانه‌یه‌" كه‌وا حاكمی ورمێی ئێرانی بۆمبێكی له‌ نێو كاغه‌زدا بۆ ناردبوو كه‌ به‌ نامه‌یه‌ك وه‌سفی ڕووداوه‌كه‌مان بۆ ده‌كات و تێیدا ده‌ڵێت "هیچ كاتم نه‌بوو ته‌نها ئه‌و ماوه‌ كه‌مه‌ نه‌بێت كه‌ توانیم بۆ براكه‌مى فڕێبده‌م و ته‌قییه‌وه".

 

  ٨ى ئابى 1922

...   له‌م ئێوارانه‌دا بۆ نانخواردنى شێوان به‌ خێزانى له‌گه‌ڵ مه‌لیك دانیشتین و سه‌فوه‌ت و ئه‌حمه‌دى كوڕه‌ بچووكیشی له‌گه‌ڵمان بوون. له‌ پاش شیوكردن سه‌فوه‌ت به‌ ئه‌سپایی دۆعاخوازیى كرد و منیش له‌گه‌ڵ مه‌لیك له‌ باڵكۆنه‌كه‌ دانیشتین كه‌ ده‌یڕوانییه‌ سه‌ر ڕووباره‌كه‌ و ماوه‌ى كاتژمێر و نیوێك له‌ به‌ر تریفه‌ى مانگه‌شه‌و كه‌ له‌ شه‌پۆلى ڕووباره‌كه‌ى ده‌دا قسه‌ و ده‌مه‌ته‌قێمان كرد و مه‌لیك ناخى دڵى خۆى بۆ كردمه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هیچ خۆشحاڵ نه‌بووم پێى. ئه‌و تا ڕاده‌یه‌كى زۆر هه‌ست به‌ ئازارى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕێگه‌ى پێنه‌درا كارى خۆى له‌گه‌ڵ كوردى سلێمانى بكات و منیش به‌ ته‌واوه‌تى له‌گه‌ڵى هاوڕام. هه‌روه‌ها زۆر به‌ توندى نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌وڵیدا بۆ گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ   كه‌مالییه‌كاندا و له‌مه‌شدا به‌ ته‌واوى له‌گه‌ڵیم و به‌ڵێن ده‌ده‌م كه‌ تا بتوانم هه‌موو شتێك بكه‌م بۆ هه‌ماهه‌نگى كردنى مه‌لیك له‌گه‌ڵ كۆمیسیاری باڵادا(واتە سێر پێرسی کۆکس - و). له‌م خاڵه‌دا ئه‌وان وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ نزیكین له‌ ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ كه‌مالییه‌كاندا له‌ سه‌ر بنه‌ماى گێڕانه‌وه‌ى ویلایه‌تى مووسڵ   بۆیان و ئه‌مه‌ش به‌ ماناى سه‌ربڕینى عێراقه‌. له‌گه‌ڵ ڕێزمدا من ڕام وایه‌ كه‌وا ته‌نانه‌ت حكوومه‌ته‌ هه‌لپه‌رسته‌كه‌مان تواناى سووكایه‌تى پێكردنى له‌م چه‌شنه‌ى نییە‌. به‌ڵام تاقه‌ ڕێگه‌ بۆ قه‌ناعه‌ت پێكردنى مه‌لیك و ده‌سته‌ و تاقمه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ستیان واڵا بكرێت له‌ گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا و بتوانن به‌ پێى به‌رژه‌وه‌ندیى وڵات بڕیار بده‌ن. لە ئێستادا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ (مه‌به‌ست وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیایه‌ - و) برووسکە‌یه‌كى زۆر خراپ و نه‌عله‌تیى بۆ ناردووین كه‌وا ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى داوه‌ته‌ مێجه‌ر یۆنگ -  نه‌عله‌تى خواى لێبێت  -  و تێیدا ڕاسپارده‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى كرداره‌كى ئامۆژگاریى ته‌واوى ناوچه‌ كوردییه‌كانى لاى عێراق بكه‌ین بۆ خۆڕاگرى و داكۆكی كردن و پێكهێنانى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى كوردى. كۆمیسیاری باڵا له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڵوێستێكیدا پێیگوتم كه‌وا سه‌رنج و تێبینییه‌كانم له‌ سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بخه‌مه‌ ڕوو. من پێموایه‌ و ئاواته‌خوازیشم كه‌ ئه‌و تا سه‌ر ئێسقان به‌ره‌نگارى ببێته‌وه‌، چوونکە‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ كار به‌ پێشنیازه‌كانى ئه‌م پرۆژە‌یه‌ بكه‌ین ئه‌وه‌ ماناى وایه‌ نه‌ك ته‌نها فه‌یسه‌ڵ بەڵکوو هه‌موو عێراقییه‌كى عه‌ره‌ب قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێمه‌ لیوا كوردییه‌كان له‌ لیوا عه‌ره‌بییه‌كان جیاده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیانگێڕینه‌وه‌ بۆ توركه‌كان.

من سه‌رومڕ و بێ وه‌ستان خه‌ریكى نووسینى یاداشتم له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كورد بۆ كۆمیسیارى باڵا و دوێنێ له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى هێجگار گه‌رم و دۆزه‌خ ئاسادا، كه‌ وام هه‌ست ده‌كرد خه‌ریكه‌ ده‌مرم، له‌  ئۆفیس و له‌ كاتژمێر حه‌وتى به‌یانییه‌وه‌ بۆ یه‌ك و نیوى نیوه‌ڕۆ كارم كردووه‌ و پاشان گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵ و دواى نانخواردنى نیوه‌ڕۆ بێوچان كه‌وتمه‌وه‌ كاركردن له‌ كاتژمێر دوو و نیو بۆ شه‌شى ئێواره‌ و دواى ئه‌وه‌ش چووم بۆ كۆبوونه‌وه‌ى كۆمیته‌یه‌ك و پاشتریش بۆ شیوكردن له‌ كونسوڵییه‌تى فه‌ره‌نسى و له‌وێ تا نیوه‌شه‌و یاریى كاغه‌زمان كرد و كاتێ گه‌ڕامه‌ ماڵه‌وه‌ هه‌ستم كرد له‌ خێوێكى سامناك ده‌چم.

 

١٦ى ئابى 1922

...  له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌موو ئه‌م ڕقه‌به‌رایه‌تی و دوژمنكارییانه‌ی ناوخۆ كه‌وا هێند به‌ قورسى داگیرى كردووین ڕەنگە‌ كاڵ ببنه‌وه‌ له‌ئاست مه‌ترسیى په‌ره‌گرتووى كه‌مالییه‌كان له‌ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانى باكوورمان. ئه‌مڕۆ هه‌واڵێكمان پێگه‌شتووه‌ و خستووینێ‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیى ته‌واوه‌وه‌. سمكۆ، ئه‌و چه‌ته‌ كورده‌ى ئه‌ودیوى سنوورمان (كه‌ له‌ نامه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌مدا باسم بۆ كردوویت)، وه‌ك بیستوومانه‌ دواجار به‌ته‌واوى له‌ سه‌ر ده‌ستى توركه‌كان شكستى خواردووه‌. له‌ ئێستادا سمكۆى چه‌ته‌ و ڕێگر، نه‌ته‌وه‌خوازێكى كورده‌ و قه‌ناعه‌تى هێناوه‌ كه‌وا بێ یارمه‌تیدانى ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانێ مه‌به‌ستى خۆى به‌دیبێنێ (كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌تایى سمكۆ بكرێته‌ حوكمدارى هه‌موو كوردستان). به‌م پێیه‌ ئێستا نه‌ك هه‌ر ته‌ره‌فدارى ئێمه‌یه‌ بەڵکوو نێردە و په‌یامبه‌رانیشی بۆ هه‌موو هۆزه‌ كورده‌كانى سنوور ناردووه‌ كه‌وا ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستیى ئێمه‌ بكه‌ن، به‌ فیت‌ و هاندانى تورك، ئه‌وه‌ خوێنى خۆیان حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن. هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌واڵى له‌ناوبردنیدا ئێمه‌ برووسکە‌ى شێتانه‌مان له‌ سلێمانییه‌وه‌ پێده‌گات و داوا ده‌كه‌ن فڕۆكه‌ و لێڤى و هه‌موو جۆره‌ هێزێك بنێرینه‌ سه‌ر سنوور و مه‌یدانى شه‌ڕ. من هه‌ست به‌ مه‌ترسییه‌كى زۆر گه‌وره‌ ده‌كه‌م و جارێكى تر هانى سێر پێرسیم دایه‌وه‌ كه‌ لێبگه‌ڕێت مه‌لیك خۆى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بكات و ڕاسته‌وخۆ سلێمانى ببه‌ستێ به‌ خۆیه‌وه‌ چوونکە‌ هیچ چارێكى ترمان نییە‌ له‌وه‌ زیاتر. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكات پێموایه‌ دوا هه‌ل و ده‌رفه‌ت ده‌بێت كه‌ نه‌هێڵێ دابه‌شبوون ڕووبدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌له‌ له‌ده‌ست بدرێت ئه‌وه‌ تورك گره‌وه‌كه‌ ده‌بەنە‌وه‌ و كه‌ركووكى تازه‌ به‌ ئێمه‌وه‌ نووساویش له‌ده‌ست ده‌چێت، چوونکە‌ زۆربه‌ى دانیشتووانى به‌ ڕه‌گه‌ز توركن و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌ڕۆن. به‌ زۆریش ئه‌مه‌ كارێكى نه‌شیاو و قه‌ناعه‌تهاوه‌ر نییە‌ كه‌وا ئێمه‌ بگه‌ینه‌ لێوارى كاره‌ساتى به‌رنه‌گیراو و پێموایه‌ ئێستا له‌و  دۆخه‌داین و هەڵبەت‌ به‌ شێوه‌یه‌كى لابه‌لاش ته‌واوى كاربه‌ده‌ستانمان له‌ سلێمانى ده‌كوژرێن.

 

 ١٨ى ئابى 1922

...  ئاڵۆزییه‌كان له‌ سه‌ر سنوورى كوردستان مایه‌ى نیگه‌رانییه‌كى گه‌وره‌ن و كه‌مالیسته‌كان به‌ دیاریكراوى به‌ره‌وخوار ده‌بنه‌وه‌ بۆ سلێمانى نه‌ك به‌ هێزى گه‌وره‌وه‌ بەڵکوو له‌ ڕێگه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى واته‌واتى ئیسلامییه‌وه‌ له‌ ناو تیره‌ و هۆزه‌كاندا و ئێمه‌ش هیچمان به‌ ده‌سته‌وه‌ نییە‌ هێزێكى بچووكى لێڤى نه‌بێت ئه‌ویش به‌ هۆى دوو مانگى پیاده‌ڕه‌ویى قورسه‌وه‌ له‌ گه‌رمادا به‌ ته‌واوى شه‌كه‌ت بووه‌ و پرزه‌ى لێبڕاوه‌ و فڕۆكه‌كانیشمان زۆر كاریگه‌ر نین له‌ ناوچه‌ى شاخاوییدا. من زۆر هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانى ده‌كه‌م له‌ باره‌ى ئه‌فسه‌ره‌ دابڕاوه‌كانمانه‌وه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك كه‌متر له‌ باره‌ى یه‌ك دوو ئاغاى كورده‌وه‌ كه‌وا جوامێرانه‌ كارمان بۆ ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش پشتیوانییان لێده‌كه‌ین. هەڵبەت‌ برووسکە‌یه‌كى بایه‌خدارى جفره‌كراو له‌ وڵاته‌وه‌ (واته‌ به‌ریتانیا - و)    گه‌یشتووه‌ و هێشتا نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و بێگومان ئه‌و وه‌ڵامه‌ى تێدایه‌ كه‌ پێمانوایه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسمان بدات.

 

٣١ى ئابى 1922

 ...  له‌ كاتێكدا ئێمه‌ بە گەرمی مشتومڕمانه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م كێشانه‌ سه‌ربازه‌كانمان به‌رگریى له‌ سنووره‌كانى سلێمانى ده‌كه‌ن دژ به‌ كه‌مالییه‌كان كه‌وا به‌ هێزه‌وه‌ داگه‌ڕاونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ ڕانیە‌ و ئێمه‌ سه‌عات به‌ سه‌عات چاوه‌ڕێى هه‌واڵى له‌ناوچوونى ئه‌فسه‌رانمان و لێڤى و پیاوانى هۆزه‌كانمان ده‌كه‌ین.

 

٨ى ئه‌یلوولى 1922

باوكى خۆشه‌ویستم، ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ شه‌ڕ و نه‌به‌ردییه‌كانمان له‌گه‌ڵ بارودۆخێكى ئێجگار سه‌خت و تووشدا و وه‌ك دەگوترێت له‌ نێو ده‌ریایه‌كى پڕ شه‌پۆلدا و هه‌ر كه‌ لایه‌كیان هێور ده‌كه‌ینه‌وه‌ دڵنیا نین كه‌وا شه‌پۆلى داهاتوو نوقمى بن ده‌ریامان ناكات. زۆرى نه‌خایاند و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌ى لێدانه‌كه‌ى سێر پێرسى به‌ده‌ستیهێنا و جێگیر كردنى ناوخۆیى مسۆگه‌ر كرد، كه‌چى مه‌ترسیى ده‌ره‌كى ئه‌گه‌رى قه‌باره‌یه‌كى نوێ و ترسناكى به‌خۆوه‌ بینى. پێش هه‌موو شتێك، وه‌ك خۆت بیستووته‌، ئه‌و هێرشه‌ خێڵه‌كییه‌ى به‌ فیت و ته‌گبیرى كه‌مالییه‌كان ئه‌نجامدرا و به‌زۆریش له‌ ڕێگه‌ى كورده‌ به‌دفه‌ساڵه‌كانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانى سه‌ر سنوورى ئێران، ناچارى كردین ڕانیە‌ى سه‌ر به‌ ناوچه‌ى سلێمانى به‌جێبێڵین. ئه‌مه‌ له‌خۆیدا زیانێكى زۆر گه‌وره‌ نه‌بوو، چوونكه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تیدا پڕ ئاژاوه‌ و پشێوییه‌ و هیچ شتێكمان لێ ده‌ست ناكه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و خه‌رج و مه‌سره‌فه‌ش كه‌ تێیدا به‌ فیڕۆى ده‌ده‌ین، به‌ڵام پاشه‌كشه‌ له‌به‌رامبه‌ر هۆزگه‌لێكى یاخیدا به‌رده‌وام به‌ كارێكى مه‌ترسیدار ده‌ژمێردرێت، چوونکە‌ هه‌رگیز نازانیت كه‌ى و له‌ كوێدا ته‌واو ده‌بێت. هه‌روه‌ها ئێمه‌ پشتى بابه‌كر ئاغاى پشده‌ریشمان به‌ردا، ئه‌و پیاوه‌ بوێر و به‌هێزه‌ى له‌ ئه‌وه‌ڵه‌وه‌ تا ئاخر لایه‌نى ئێمه‌ى گرت و نازانین چاره‌نووسى چی ده‌بێت و چی به‌سه‌ردێت و ئه‌مه‌ش جۆره‌ هه‌ڵوێستێكه‌ كه‌ وا هه‌ست بكه‌یت له‌ ڕووى شه‌خسییه‌وه‌ كارێكى دزێوت كردبێت. به‌ دواى ئه‌وه‌شدا هه‌موو فه‌رمانبه‌رانمان له‌ سلێمانى كشانده‌وه‌ و مه‌حاڵه‌ له‌وه‌ بگه‌ین كه‌وا ئاژاوه‌گێڕیى ده‌ره‌كى ئه‌نجامى چى ده‌بێت و بێ پاساویش ژیانى كه‌سانێك بخه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ كه‌ هیچ هۆكارێكمان نییە‌ بۆ پاراستنیان. به‌م ڕەنگە‌ ئێمه‌ له‌ سلێمانى ئه‌نجومه‌نه‌ كوردییه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانمان ڕاده‌ست كرده‌وه‌، كه‌ پێش ساڵێك ده‌ستى به‌ كار كردبوو و شێخ قادرمان كرده‌ به‌رپرسى، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بنه‌ماڵه‌ ناوخۆییه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى ناوچه‌كه‌ ده‌كات و نزیكه‌ى شه‌ست كه‌سمان به‌ فڕۆكه‌ كشانده‌وه‌، كه‌ بریتیبوون له‌ ئه‌فسه‌رى به‌ریتانى و فه‌رمانبه‌ر و نووسه‌رى ئێرانى و لێڤیى ئاسوورى. كاره‌كه‌ بێ هیچ گرفتێك ئه‌نجامدرا و هێزى ئاسمانیى شاهانه (مەبەست هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانییە- RAF  - British Royal Air Force‌  وەرگێڕ) به‌ شێوه‌یه‌كى باش و دروست ئه‌ركى خۆى به‌جێهێنا، به‌ڵام ئاخۆ جارێكى تر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ جێى گومانه‌ و ئه‌گه‌ر وایشكه‌وته‌وه‌ ئه‌وە هه‌رگیز له‌ هه‌مان باروزرووفدا نابێت. ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵیكه‌ به‌ هۆى كارى نایاب و دڵسۆزانه‌وه‌ لیوایه‌كمان له‌ ئاژاوه‌ و پشێوى ڕزگار كردووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كى    له‌بار و گونجاو به‌ ڕاڕه‌وى گه‌شه‌كردنى ئاشتیانه‌دا تێمانپه‌ڕاندووه‌ كه‌چى هه‌مووى به‌باچوو له‌ئه‌نجامى واته‌واتێكى كه‌مالیى گه‌وجانه‌دا له‌ نێو خه‌ڵكانێكى شاخاوى و دڕنده‌ى سه‌رسنووردا و بۆچى؟ وه‌ڵامى ئه‌مه‌ش ڕوونه‌، لەبه‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌و كاته‌وه‌ كه‌ جاڕى ئاگربه‌س دراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى هێند خراپ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ى توركیدا كردووه‌ كه‌وا مایه‌ى نائومێدییه‌، چوونکە‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ ئێمه‌ ئاگادارى بارودۆخه‌كه‌ بێ له‌ توركیا ده‌یزانى كه‌وا په‌یماننامه‌ى سیڤه‌ر پڕوپووچییه‌كى هێند سه‌قه‌ت و بێمانا بوو كه‌ ئه‌قڵ نه‌یبڕێت و هیچ كامێك له‌ ئێمه‌ نه‌یده‌توانى كه‌سێك بدۆزێته‌وه‌ گوێى لێبگرێت. دواجاریش تۆپه‌كانى تورك كه‌وا فه‌ره‌نسییه‌كان گولله‌ و پێداویستیى ته‌واویان بۆ دابینكردبوو لە ڕێگاى ڕۆژهه‌ڵاتمانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بێده‌نگ و جێگیره‌ و ئاژاوه‌ و خراپه‌كاریی زیاتر نه‌ڕۆیشتووه‌ و خۆیان‌ له‌  شوێنێكدا دۆزییه‌وه كه‌ ئه‌قڵ و زانیارى ده‌سته‌وسانن له‌وه‌ى كونێكى بچووكى تێدا بدۆزنه‌وه‌.

تا ئێستا بارودۆخ له‌ سنووره‌كانی مێجه‌ر نۆئێڵ، كه‌ حاكمی سیاسییه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی ئه‌وپه‌ڕی باشووری ناوچه‌ی سلێمانی، پێداگریی ده‌كات له‌ پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌ و باوه‌ڕی وایه‌، له‌سه‌ر ئه‌رز ده‌توانێت هۆزه‌ لۆكاڵییه‌كه‌ی ئه‌وێ، كه‌ هۆزی جافه‌، له‌ سه‌ر ڕێی ڕاست بهێڵێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ده‌توانێت هه‌ركاتێك بیه‌وێت سواری ئه‌سپه‌كه‌ی ده‌بێت و به‌ هه‌ر لایه‌كدا ئاره‌زوو بكات ده‌ڕوات. ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌ كه‌سێكی له ‌ڕاده‌به‌ده‌ر نائاساییه‌ و هیچ دوور نییە‌ بتوانێت كۆمارێك له‌ سلێمانیدا دروست بكات به‌ سه‌رۆكایه‌تیی خۆی! به‌ڵام پلان و به‌رنامه‌ی ئێستامان گێڕانه‌وه‌ى سه‌رۆكی بنه‌ماڵه‌كه‌ی شێخ قادره‌، واته‌ شێخ مه‌حموودی برا گه‌وره‌كه‌ی، كه‌ ساڵی 1919 له‌دژی ئێمه‌ راپه‌ڕی و له‌و كاته‌وه‌ گیراوه‌ و دوورخراوه‌ته‌وه‌ بۆ هندستان و كوه‌یت. ڕاسته‌ هیچ هۆكارێك نییە‌ كه‌وا ئه‌م پیاوه‌ ئێمه‌ی خۆشبوێت به‌ڵام ڕق و كینه‌ی له‌ تورك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دوورتر له‌ سێ ساڵ و جێی باوه‌ڕه‌ كه‌ ڕەنگە‌ ئاماده‌ بێت بۆ هه‌ماهه‌نگی كردن له‌ وه‌ده‌رنانی توركه‌كاندا. سلێمانی له‌خۆیدا گرنگ نییە‌ به‌ملا یان به‌ولادا بڕوات و هه‌میشه‌ كێشه‌ و گرفتێك هه‌بووه‌ چوونکە‌ ئه‌م شاره‌ به‌ توندی ئه‌وه‌ی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌ عێراق و كورد حه‌ز به‌ عه‌ره‌ب ناكه‌ن. ڕاستییەكه‌ى كێشه‌كه‌ له‌ لیوای كه‌ركووكی دراوسێى نزیكیدایه‌ كه‌ نیوه‌ی دانیشتووانی به‌ ڕه‌گه‌ز تورك و نیوه‌كه‌ی تریش كوردن و هه‌میشه‌ سوێندى ملكه‌چی و به‌یعه‌تیان بۆ فه‌یسه‌ڵ ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌.

ئێره‌ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ به‌شێكی ته‌واوكه‌ری عێراقه‌ و ئه‌گه‌ر توركیا بگاته‌ سلێمانی و له‌وێشەوه‌ بێت بۆ كه‌ركووك ئه‌وه‌ كارێكی زۆر جیددى و مایه‌ى نیگه‌رانییه‌. ئه‌وه‌ی مه‌لیك لێی ده‌ترسێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌مالییه‌كان و سوپاكه‌یان له‌ سه‌رقاڵ بوون به‌ ده‌ست گریكه‌وه‌ (یۆنانییه‌كانه‌وه‌) رزگار بن و به‌ دوورى مه‌زانه‌ بابده‌نه‌وه‌ سه‌ر عێراق و ته‌واوی ویلایه‌تی مووسڵ بۆ خۆیان ڕابكێشن و له‌ ده‌ست ئه‌و و ئێمه‌شی ده‌ربكه‌ن. هەڵبەت‌ تا ئه‌و كاته‌ی ئێمه‌ فشاری دیبلۆماسی به‌رپا ده‌كه‌ین هیچ ڕێگایه‌كی تر نییە‌ ببێته‌ به‌ربه‌ستیان بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌م جوامێرییه‌ ئاسانه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت. من تێبینیی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌م كه‌ (ئە) دیبلۆماسییه‌تی ئێمه‌ له‌ ئێستادا نه‌زۆكه‌ و (بێ) شكستی گریك ئێمه‌ی خستووه‌ته‌ خراپترین پێگه‌وه‌ بۆ گرتنەبەری هه‌ر هه‌نگاوێك. ئه‌نجامگیریی من له‌ باره‌ی  مووسڵ و كه‌ركووكه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا ئێمه‌ له‌ ڕووى پراكتیكه‌وه‌ له‌ ژێر بەزەیی كه‌مالیسته‌كانداین و ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان چ بڕیارێك ده‌ده‌ن و به‌ ڕاستى دۆخێكی خراپ تێكه‌وتووین.

 

 ١٠ى ئه‌یلوولى 1922

به‌یانیی ئه‌م یه‌كشه‌ممه‌یه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ من نامه‌م بۆ ده‌نووسیت (واته‌ بۆ باوكی - و)، سێر پێرسى و مسته‌ر كۆرنوالیس چاوپێكه‌وتنێكی گرنگ و مه‌ترسیداریان له‌گه‌ڵ مه‌لیكدا هه‌یه‌، كه‌ تێیدا سێر پێرسى داوای لێده‌كات ته‌واوی كاره‌ ئه‌نجامدراوه‌كانی بخاته‌ ڕوو و پرۆژە‌كانی چی ده‌بن بۆ داهاتوو. دوێنێ ئێواره‌ له‌ سه‌ر نانخواردن له‌گه‌ڵ مسته‌ر كۆرنوالیسدا گفتوگۆمان له‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌گه‌ر و بۆچوونه‌كان كرد تا نیوه‌شه‌و بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك.

دوێنێ له‌گه‌ڵ مسته‌ر ئەدمۆنز  پێكه‌وه‌ نانی نیوه‌ڕۆمان خوارد. ئه‌م پیاوه‌ ئه‌و حاكمه‌ سیاسییه‌ بوو كه‌ به‌م دواییه‌ له‌ ڕانیە‌ كاری ده‌كرد و كه‌سێكی ڕەفتار جوانی به‌توانایه‌ و به‌ پیاده‌ڕۆیی له‌گه‌ڵ ڕه‌تڵه‌كه‌دا پاشه‌كه‌شه‌ی كرد له‌ ژێر ده‌سڕێژی قورسی خێڵه‌كاندا تا ئه‌و كاته‌ی فرۆكه‌ هاتن و هێرشبه‌رانیان بێده‌نگ كرد. هێزی ئاسمانیی شاهانه‌ كارێكی سه‌رسامكه‌ر ئه‌نجام ده‌دات به‌ڵام ناتوانێ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كاندا هێرشبه‌ران بوه‌ستێنێ، چوونکە‌ كه‌مترین زیان ده‌گه‌یه‌نێ له‌ كاتێكدا كه‌وا كاری بێشومار هه‌یه‌ له‌ئه‌ستۆی بگرێت. مسته‌ر ئەدمۆنز باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری گونجاو ئه‌وه‌یه‌  شێخ مه‌حموود بگێڕنه‌وه‌ بۆ شوێنی خۆی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ پێشنیاز كراوه‌ و هەڵبەت‌ منیش ئه‌مه‌ به‌ ڕاست ده‌زانم و ئه‌گه‌ر ویستی ئێمه‌ سه‌رپه‌رشتیی بكه‌ین و ئه‌و كاته‌ ده‌بێ بوار بده‌ین یه‌ك ئه‌فسه‌ری سیاسیی به‌ریتانی له‌گه‌ڵ بمێنێته‌وه‌ بۆ ئەوەی ببێته‌ ئه‌فسه‌ری په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌غدا و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست وه‌رنه‌داته‌ كاروباری به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌.

شێخ مه‌حموود ته‌نها نموونه‌یه‌كی ئاسایی سه‌رۆك چه‌ته‌ و ڕێگری كورده‌ و ته‌نها كه‌مێك واوه‌تره‌ و هیچ بیر و بۆچوونێكی له‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌بردن نییە‌ و هه‌موو دۆست و خزمه‌كانی ده‌خاته‌ سه‌ر كار و دوژمنه‌كانیشی سه‌ركوت ده‌كات، ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین ده‌یانكوژێت، بێگومان ئێمه‌ ناتوانین ئه‌م پیاوه‌ بوه‌ستێنین و ته‌نانه‌ت هیچ پیاوێكی به‌رپرسی ئینگلیزیش ناتوانێ ڕایبگرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ په‌یوندیی باشمان له‌گه‌ڵ هێشته‌وه‌ و به‌ پێی توانا پشتیوانیی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و پارچه‌ بچووكه‌ی كوردستانمان كرد كه‌ له‌ ژێر ڕکێفی ئه‌ودایه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ ناوبه‌ینێكی كوردی له‌ نێوان عێراق و توركه‌كاندا. ڕەنگە‌ تۆ سه‌رسام بیت به‌وه‌ی بۆچی و چۆن شێخ مه‌حموود ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌ به‌ سه‌ر وڵاتدا، له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌یناسین چ شه‌ڕخواز و پیاوخراپێكه‌ و وه‌ڵامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ بزانیت كه‌وا: به‌ پله‌ی یه‌ك ئاغای كورد کۆنترۆڵی سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌یه‌ به‌ سه‌ر خێڵ و هۆزه‌كانیدا، به‌ پله‌ی دوویش شێخ مه‌حموود له‌ ڕوویه‌كی تره‌وه‌ پیاوێكی پیرۆزه‌ و ئه‌مه‌ش پشتاوپشت بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ و باپیره‌ گه‌وره‌یان مه‌زارێكی هه‌یه‌ له‌ سلێمانیدا.

ژیان به‌ده‌گمه‌ن ته‌مه‌ڵ و بێ ڕووداوی كوتوپڕه‌ بۆ كورد و به‌رده‌وام پڕه‌ له‌ پێشهاتی نوێ، بۆ نموونه‌ شێخ قادری برا بچووكی شێخ مه‌حموود وه‌ربگره‌. ئەو ته‌نها مانگێك له‌مه‌وپێش له‌ به‌غدا گیرا، له‌ پاش دوو ساڵی به‌ندكردن و له‌گه‌ڵ من دانوستانی ده‌كرد له‌ باره‌ى ڕۆژی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ زێد و ماڵی خۆی (من له‌ جیاتی سێر پێرسى دانوستانم ده‌كرد). ئه‌م پیاوه‌ بچووكه‌ چه‌ند جێنتڵ و چه‌ند سوپاسگوزاره،‌ به‌ڵام هه‌میشه‌ چه‌قۆ له‌سه‌ر ملت داده‌نێ و دوو هه‌فته‌ به‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یدا تێنه‌په‌ڕیبوو كه‌چی خۆی به‌ سه‌رۆكی ئیداره‌ی لیوایه‌كی ته‌واو بینییه‌وه‌ وه‌ك بریكاری حكوومه‌تی خاوه‌ن شكۆ (واته‌ حكوومه‌تی به‌ریتانیا - و) ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێم ئه‌و هه‌رگیز هه‌ست به‌ ته‌مه‌ڵی و به‌تاڵی ناكات.

مێجه‌ر گۆڵدسمیسیش لێره‌یه‌ و له‌بیرته‌ پارساڵ له‌ سلێمانی له‌ لای مامه‌وه‌ و ئێستا ئه‌و حاكمی سیاسیی لیواكه‌یه‌ و به‌نیازه‌ له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حموود بگه‌ڕێته‌وه‌، یان به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئه‌و، به‌ڵام من گومانم نییە‌ كه‌ پیاوی ڕاسته‌قینه‌ بۆ ئه‌ركی ئه‌فسه‌ری په‌یوه‌ندی مێجه‌ر نۆئێڵه‌، چوونکە‌ له‌ مه‌حاڵه‌وه‌ نزیكه‌ بۆ مێجه‌ر گۆڵدسمیس كه‌وا به‌ چاوی خۆی ببینێت هه‌موو ئه‌و دام و ده‌زگایه‌ی بنیاتی ناوه‌ تێكوپێك بدرێت و پێویستت به‌ كه‌سێكی ملهوڕ و بوێری وه‌ك مێجه‌ر نۆئێڵ ده‌بێت، كه‌ خودی‌ خۆی وه‌ك كورد وایه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئه‌وە ئه‌رك و بەرپرسیارێتیی سێر پێرسییه‌.

 

١٤ى ئه‌یلوولى 1922

...  پێش چه‌ند ڕۆژێك سێر پێرسى و مسته‌ر كۆرنوالیس له‌گه‌ڵ مه‌لیك دانیشتن و گفتوگۆیان له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ بابه‌تێك كرد و ئه‌ویش ڕازی بوو به‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی سێر پێرسى كردوویه‌تی و په‌سه‌ندی كرد، پاشان به‌ڵێنی دا كه‌ نه‌قیب ڕاسپێرێت بۆ پێكهێنانی وه‌زراه‌تێكی نوێ، به‌ڵام زۆری ڕق هه‌ڵسا وه‌ختێ پێیوترا كه‌وا پێویسته‌ ده‌ست وه‌رنه‌داته‌ ورده‌كاریی كاروباری به‌ڕێوه‌بردن و به‌ تایبه‌تى كه‌ دامه‌زراندنی سه‌رۆكی دیوان و سه‌رۆكی ته‌شریفاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بوو به‌ بڕیارێك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌.

...  وا چاكه‌ ئێستا باسی سلێمانیت بۆ بكه‌م. ئه‌نجامی دانانی شێخ قادر به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن وا كه‌وته‌وه‌ هه‌موو ئه‌و هۆزانه‌ى چووبوونه‌ پاڵ كه‌مالییه‌كان ڕایانگه‌یاند كه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ وڵاتی خۆیاندا حكوومه‌تی كوردی فه‌رمانداره‌ بۆیە ئیتر ئه‌مان هیچ كارێكیان به‌ توركه‌كان نه‌ماوه‌! شێخ قادر خۆیشی په‌یامگه‌لێكی وای بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ته‌نها ئومێدی ملكه‌چبوونه‌ بۆ فه‌رمانه‌كانی كۆمیسیاری باڵا. له‌و كات و ساته‌دا كه‌ ئێمه‌ سلێمانیمان چۆڵكرد ئه‌و ئاغا یاخییه‌ی‌ به‌رپرس بوو له‌ كوشتنی كاپتن بۆند و كاپتن ماكانت چووه‌ شاری سلێمانی و داوای چه‌كی كرد و شێخ قادریش ڕازی نه‌بوو چه‌كیان بداتێ و بوو به‌ ناخۆشی و ده‌مه‌قاڵه‌یان. له‌ ئێستادا دوو لایه‌ن له‌ شاره‌كه‌دان، شێخ قادر له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌ پشتیوانیی لێڤی و پۆلیس و ته‌واوی هاوڵاتیانی به‌شه‌ره‌ف، كه‌ به‌ دڵسۆزى سه‌ر به‌ به‌ریتانیان و لە لاکەی تریشەوە عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح (واتە کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند - و)، كه‌ تۆمه‌تی پیاوكوشتنی له‌سه‌ره‌ و‌ به‌ تەواوی سه‌ر به‌ توركه‌، به‌ڵام توركه‌كان هه‌موو له‌ ڕانیە‌ ده‌رچوون و پاشه‌كشه‌یان كردووه‌ بۆ ڕەواندز.

له‌م ماوه‌یه‌دا شێخ مه‌حموود گه‌یشته‌وه‌ به‌غدا و مێجه‌ر نۆئێڵ كه‌ چاوی پێكه‌وتبوو، ده‌ڵێ زۆر نیگه‌ران و بێتاقه‌ته‌ و هه‌رگیز به‌په‌رۆش نییە‌ ئەرکی به‌ڕێوه‌بردن له‌ئه‌ستۆ بگرێت بەڵکوو به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی حه‌ز به‌وه‌ ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ژیانه‌ ئاسایی و هێمنه‌ی له‌ تاراوگە و دوورخراوه‌ییدا ده‌یگوزه‌راند له‌ كوه‌یت! دوور له‌ پیشاندانی هه‌ر وه‌ڕسی و نیگه‌رانییه‌ك بۆ سێ ساڵی به‌ند كردنی زۆر سوپاسگوزار و منه‌تباره‌ له‌و مامه‌ڵه‌ باشه‌ی كه‌ لەگەڵی كراوه‌ و به‌نیازه‌ ئه‌م ئێواره‌یه‌ یان سبه‌ینێ سێر پێرسى ببینێ و دیارە‌ منیش ده‌بیستم كه‌چی چووه‌ته‌ نێوانیان.

ئه‌گه‌ر لێمانگه‌ڕێن كاری خۆمان بكه‌ین، بێگومان ده‌توانین عێراق و كوردستان به‌ڕێوه‌ببه‌ین، با كاره‌كه‌ قورسیش بێت، به‌ڵام ئاخۆ لێمانده‌گه‌ڕێن كاری خۆمان بكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر كه‌مالییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌رمان به‌و له‌شكر و سوپایه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌ی گریك (یۆنان) ده‌ستواڵا ده‌بێت ئه‌وه‌ نه‌ ئێمه‌ و نه‌ ته‌واوی ناسیۆنالیسته‌كانیش پێكه‌وه‌ ناتوانین به‌ره‌نگاریان ببینه‌وه‌. ئه‌مه‌یه‌ ڕه‌وشه‌كه‌ و ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌مڕۆ و  سبه‌یمانه‌ و نازانین ئاخۆ سبه‌ینێ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌رمان یان نه‌.

 

٢٤ى ئه‌یلوولى 1922

...  كه‌سایه‌تییه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كه‌ی تری لای ئێمه‌ شێخ مه‌حموودی سلێمانییه‌، كه‌ ڕۆژی 13ى مانگ له‌ كوه‌یته‌وه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا. هەڵبەت‌ ئه‌وه‌ كاری خواوه‌نده‌ كه‌ مێجه‌ر نۆئێڵی بۆ نارد و بوو به‌ ڕاوێژكاری له‌و ماوه‌ كورته‌ی هه‌نگوینه‌ مانگمان له‌گه‌ڵی له‌ زستانی 1918 - 1919دا و ده‌بوو بگاته‌ ئێره‌، پاش ئه‌وه‌ی نووچیدا و شكستیخوارد. له‌ گفتوگۆكه‌ی له‌گه‌ڵ سێر پێرسیدا شێخ مه‌حموود گیانێكی هێجگار به‌جێ و لۆجیكیی نواند و پێوه‌ دیار نه‌بوو كه‌ هیچ  ڕق و كینه‌یه‌كی له‌ دڵدا بێت به‌رانبه‌رمان له‌ سه‌ر ئه‌و سێ ساڵ به‌ندكردنه‌ و هه‌رگیز وای ده‌رنه‌خست و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌رده‌بڕی كه‌ ئێمه‌ چ میهره‌بانییه‌كی گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ كردووه‌ له‌پای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رمانداوه‌! به‌ڵام كه‌ گه‌یشته‌وه‌ سلێمانی به‌ ته‌واوی گۆڕا و هه‌ڵوێستی پێچه‌وانه‌ی نواند و هەڵبەت‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌شێكی له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ بتوانێ پاره‌ و چه‌كمان لێ بستێنێ. له‌ باره‌ی حكوومه‌تی عێراقیشه‌وه‌ زۆر به‌ ئاشكرا ڕای خۆی ده‌ربڕی كه‌ ئێمه‌ قبووڵمانه‌ و هه‌رچۆنێك بێت سێر پێرسى قه‌ناعه‌تی پێكرد‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا ده‌بێ باش و ته‌با بێت له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌یدا و ده‌بێ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بقۆزێته‌وه‌ و بگه‌نه‌ تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ فه‌یسه‌ڵدا. به‌م ڕەنگە‌ شێخ مه‌حموود له‌ پاش دوو ڕۆژ و له‌ 16ی مانگدا چوو بۆ بینینی مه‌لیك و دواتر ڕاسته‌وخۆ له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌وه‌ هاته‌ لای من له‌ ئۆفیس. بۆ دواینیوه‌ڕۆ مه‌لیك ناردی به‌ شوێنمدا و باسی گفتوگۆكه‌ی نێوانیانی بۆ كردم، كه‌ به‌ ڕاشكاوانه‌ قسه‌یان كردووه‌ و به‌ شێخ مه‌حموودی وتووه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق و كوردستان هه‌ر یه‌كن و سلێمانیی به‌ قه‌ڵایه‌كی دژ به‌ تورك داناوه‌ و هه‌رچییه‌كی پێبكرێت بۆ یارمه‌تیدانی درێغی ناكات. ئه‌وجا ئه‌فسه‌ران و پیاوانی كورد له‌ سوپای عێراقدا ده‌كرێ بچنه‌ پاڵی ئه‌گه‌ر ئه‌م حه‌ز بكات و دواجاریش بچنه‌ خزمه‌تیه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئاره‌زوویان لێبێت. له‌ پاش ئه‌وه‌ تا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سلێمانی له‌ 20ى مانگدا ڕۆژانه‌ سه‌ری لێده‌دام و ڕاستییەكه‌ی من خۆشم به‌ چاره‌یدا نه‌ده‌هات و لێى لالووت بووم.

بۆ ئێواره‌ی ڕۆژی 20ی مانگ ڕۆیشت بۆ كفری، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی كه‌ركووك (ئه‌گه‌ر له‌بیرت مابێت) و له‌گه‌ڵ خۆیدا مێجه‌ر نۆئێڵ و پێنج ئه‌فسه‌ری كورد له‌ سوپای عێراق و بژارده‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكی سه‌ركێش و ساخته‌چی بووبوونه‌ یاوه‌ری. هه‌ر كه‌ گه‌یشتبووه‌ كفری برووسکە‌یه‌كی درێژ و ڕازاوه‌ی بۆ ناردم! له‌وێ له‌و لیوایه‌ حیزبێكی به‌هێزى سه‌ر به‌ توركیا هه‌یه‌ و هه‌ر ئاغایه‌ك كه‌وا خزمی ماڵی شێخ مه‌حموود نه‌بێت ڕكابه‌ر یان دوژمنه‌. ئاخۆ ئه‌و شان و شكۆیه‌ به‌ هۆى پشتگیریی ئێمه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت یان نه‌، ئه‌وه‌یان نازانم.

لە ئیستادا نه‌ مێجه‌ر نۆئێڵ، كه‌ شێخ مه‌حموود تكای لێكرد له‌گه‌ڵی بێت، نه‌ هیچ ئه‌فسه‌رێكی به‌ریتانی پێ ناخه‌نه‌ سلێمانییه‌وه‌ تا كه‌ریمی فه‌تاح به‌گ، كه‌وا هه‌ردوو كاپتن بۆند و ماكانتی كوشت، نه‌گیرێت یان له‌ شار نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. دوا هه‌واڵ كه‌ ئێمه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ بیستوومانه‌ گوایه‌ شێخ قادری برای شێخ مه‌حموود به‌ مودیر ناحیه‌ی زاب دایمه‌زراندووه‌!  هه‌رچۆنێك بێت ئه‌وه‌ی‌ ڕووده‌دات خه‌ریكه‌ به‌و باره‌دا بشكێته‌وه‌ كه‌ تووشی ئاژاوه‌گێڕیی ببێته‌وه‌ و كاتی خۆی ئێمه‌ ڕزگارمان كرد له‌و ئاژاوه‌یه‌ و ئێستا ئێمه‌ هیچ هه‌وڵێك ناده‌ین بۆ وه‌ستاندنی. شایانی باسه‌ به‌ گه‌یشتنی شێخ مه‌حموود بۆ كفری هۆزه‌ كورده‌كانی ناوچه‌ی كه‌ركووك به‌ تێكڕا مه‌زبه‌ته‌یه‌كیان ئیمزا كردووه‌ كه‌ له‌ ملكه‌چیی حكوومه‌تی عه‌ره‌بیی كاتیی ده‌رده‌چن و ده‌ڕۆنه‌ سه‌ر كوردستان له‌ ژێر ڕكێفی شێخ مه‌حموودا. ئه‌مانه‌ خۆشحاڵی و شكۆی خۆیان له‌ بێ حكوومه‌تیدا ده‌بینن و ئه‌وه‌ جووتیار و بازرگانه‌كانن‌ كه‌وا گرفتار ده‌بن. ئه‌مانه‌ كاتێ كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ون و نائومێد ده‌بن له‌ یارمه‌تیی ئێمه‌ دواجار باده‌ده‌نه‌وه‌ به‌ لای توركدا، بەپێی ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ هه‌ر حكوومه‌تێك بێت باشتره‌ له‌ بێ حكوومه‌تی.  نه‌خێر من هیچ دڵخۆش نیم به‌ بارودۆخی سیاسی له‌ سلێمانیدا به‌ڵام تا ئاژاوه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌ شێخ مه‌حموود باشترین   شه‌ڕخواز و پیاوخراپه‌.

 

٢٨ی ئه‌یلوولی 1922

... توركه‌كان، نه‌فره‌تی خوایان لێبێت، له‌ خۆئاماده‌كردندان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ش هێرشێكی تر بكه‌نه‌ سه‌ر ئاكرێ، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری هه‌ولێره‌وه‌. ئه‌وان هێزێكی وایان به‌ده‌سته‌وه‌ نییە‌ به‌ڵام مه‌قاشی ده‌ستیان خێڵه‌كانن كه‌ ده‌یانجووڵێنن و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تا ئێستا مسته‌كۆڵه‌ی خۆمان له‌ گیرفانماندا شاردووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ خێڵه‌كان وا ده‌زانن توركه‌كان تاقه‌ لایه‌نن كه‌ هێزیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش هۆكاری له‌ده‌ستدانی سلێمانی بوو بۆ ئێمه‌. ئێمه‌ كارێكمان كردووه‌ به‌ڵام لاى كه‌مه‌كه‌ى له‌ پاش چل و هه‌شت كاتژمێر ئه‌نجامى ده‌رده‌كه‌وێت و هێزى ئێمه‌ له‌ خێراییدایه‌ به‌ڵام فه‌رمانده‌مان كه‌سێكه‌ كه‌ نازانێ ماناى خێرایى چییه‌ و ئێستاش ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌زموونه‌ گه‌وره‌كه‌ تاقیبكه‌ینه‌وه‌ و بگه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌وا خێرایى و له‌ناكاو په‌لاماردان دوا حوكم و بڕیار نییە‌ له‌ تاكتیكدا. له‌و ساته‌وه‌ كه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م مه‌به‌ستمانه‌ گرنگی بده‌ین به‌ واته‌واتی توركه‌كان هیچ كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌رمان نه‌خسته‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ و ته‌نها شوێنی وه‌زیره‌ كۆنه‌كانمان ئاڵۆگۆڕ پێكرد. حاڵی حازریش مه‌لیك ئاڕاسته‌ی خۆی به‌ره‌و ڕۆژئاوا گۆڕیوه‌ و من ئاماده‌ بووم شتی زۆر بكه‌م له‌ پێناوی پێكهێنانی وه‌زاره‌ت له‌ سه‌ر ویست و خواستی ئه‌و به‌ڵام یاسین (واتە یاسین هاشمی -  و) پشتی كرده‌ ئێمه‌ و ئه‌ویش. ناجی سوه‌یدیش كه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت، پاش سه‌رنه‌كه‌وتنی له‌ مه‌سه‌له‌ی یاسیندا، كه‌سێكی په‌سه‌ند نییە‌ له‌ لای نه‌قیب (واتە عەبدولڕەحمان نەقیب - و) و سا ئیتر په‌نا به‌ خوا!

 

٨ی تشرینى یه‌كه‌می 1922

... ڕاوێژێكی تر له‌گه‌ڵ مه‌لیك سه‌رله‌نوێ هاتنی مێجه‌ر نۆئێڵ بوو له‌ سلێمانییه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ بارودۆخ له‌وێ له‌ده‌ستمان ده‌رچووه‌. چوونكه‌ شێخ مه‌حموود ده‌یه‌وێت ببێته‌ مه‌لیك له‌ كوردستانێكی یه‌كگرتوودا، ئه‌گه‌ر ئه‌م كوردستانه‌ به‌ مه‌لیكی بوونی ڕازی بێت یان نه‌. به‌ڕێكه‌وتیش زانیمان كه‌وا به‌شێكی گه‌وره‌ی ڕه‌عییه‌ته‌كه‌ی داهاتووی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌ویان نه‌ده‌ویست.

دوێنێ مێجه‌ر نۆئێڵ نانی نیوه‌ڕۆی له‌گه‌ڵم خوارد و پاشان به‌ شه‌ودا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سلێمانی. ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌ باسی بارودۆخێكی زۆر مه‌ترسیداری بۆكردم كه‌ هه‌موو شه‌وێك سه‌ركێشانه‌ ژیانی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. ئه‌و له‌ ژووره‌كه‌ی مندا ده‌هات و ده‌چوو و دیمه‌نی وای باس ده‌كرد كه‌ جێی باوه‌ڕ نه‌بوو و نه‌ده‌چووه‌ ئه‌قڵه‌وه‌. هه‌ڵچوونی خه‌ڵك هه‌موویان به‌ دڵـگه‌رمییه‌كی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌وه‌ بۆ پێشوازی كردنی جه‌رده‌ و ڕێگرێكی نه‌زان و نه‌خوێنده‌وار كه‌ شێخ مه‌حمووده‌ و له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا ئاڵاى نیشتمانیى ده‌شه‌كایه‌وه‌ و سروودى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى دنیاى پڕكردبوو. لێره‌دا مێجه‌ر نۆئێڵ مه‌دالیایه‌كى نیوه‌مانگى ئاڵتوونى له‌ گیرفان ده‌رهێنا و وتى "ئه‌مه‌ش باجى  كوردییه‌ و له‌ بازاڕ دروستیان كردووه‌ و ئه‌م دانه‌یه‌شیان داوه‌ به‌ من بۆ پارێزگارى". ئه‌و به‌ ئۆتۆمبێل له‌ نزیكى سه‌د یارده‌وه‌ به‌ لاى ئه‌و سه‌رۆك هۆزه‌دا گوزه‌رى كردووه‌ كه‌ دوو كاپتنه‌كه‌ى ئێمه‌ى كوشت و ئێستا ناحه‌ز و ڕكابه‌رى سه‌رسه‌ختى شێخ مه‌حمووده‌. من باوه‌ڕم نییە‌ ئه‌م مه‌دالیا ئاڵتوونه‌ یارمه‌تیى  بدایه‌ و بیپاراستایه‌ ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ و كه‌ریمى فه‌تاح به‌گ له‌سه‌رپێ بوایه‌، چوونكه‌ ئه‌م له‌ نیوه‌شه‌ودا به‌وێدا تێپه‌ڕیوه‌. دواجار ئه‌و خه‌ڵكه‌ مه‌زبه‌ته‌یه‌كیان به‌ مێجه‌ر نۆئێڵدا ناردووه‌ بۆ خاوه‌ن شكۆ (كۆمیسیاری  باڵا) و تێیدا داواكارن و ده‌سته‌ودامێنمان بوون كه‌وا پارێزگارییان لێبكه‌ین و هه‌موو خه‌رج و مه‌سره‌فێكیشیان دابین بكه‌ین و له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌وان به‌ كه‌یف و خوایشتی خۆیان هێزه‌كانی ئیمپراتۆری به‌كاربێنن و پاره‌ش به‌فیڕۆ بده‌ن. به‌ڵێ ئه‌وان ده‌وڵه‌تى كوردییان ده‌وێ و ده‌خوازن به‌ریتانیا پارێزگارییان لێبكات به‌ڵام ماندێتیش (ئینتیداب - و) ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌. عه‌بدولكه‌ریمى قادركه‌ره‌م كه‌ یه‌كێك بوو له‌ خزمه‌كانى شێخ مه‌حموود و ناوبژیى نێوانمانى ده‌كرد، پرسیبووى "باشه‌ ماندێت چییه‌؟"، كاتێ كه‌ مێجه‌ر نۆئێڵ بۆى باس كردبوو ئه‌میش هاوارى كردبوو و گوتبووى "خۆ ڕێك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت، به‌ڵام وشه‌ى ماندێت ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌ چوونکە ناوبانگێكى باشى نییە‌ لاى خه‌ڵك". تۆ بیهێنه‌ به‌رچاوى خۆت ئه‌م تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵییه‌ى چوارده‌ خاڵه‌ كه‌وا كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان ده‌ریكردووه‌ بۆ دوورترین قوژبنى دنیا و ئه‌م دڕنده‌یى و كێوى خانه‌یه (دیارە مەبەست چواردە خاڵەکەی ویڵسنی سەرۆکی ئەمریکا بووە نەک کۆمەڵەی گەلان یان عصبة الأمم - و)‌. دواتر ئه‌ویش گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لایان و له‌گه‌ڵ كۆپییه‌كی لائیحه‌ی په‌یماننامه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق بردبوو بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێ ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ده‌كرێ پێتان ببه‌خشین و ده‌توانن وه‌ریبگرن یان بیده‌نه‌ دواوه‌ و ده‌ترسم ئه‌مه‌ نائومێدمان بكات.

مێجه‌ر نۆئێڵ له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌یه‌ كه‌وا ده‌ست و پێوه‌ندی ناوخۆی هه‌یه‌ و دڵسۆزترین خه‌ڵكن بۆی و له‌پێناویدا خۆیان به‌خت ده‌كه‌ن. ئه‌و كه‌سانه‌ ته‌واوی واته‌وات و ده‌نگوباسی بازاڕی سلێمانیی بۆ دێنن و هه‌ر له‌ ڕێگە‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆی مه‌به‌ستێتی خه‌ڵك باوه‌ڕی پێبكه‌ن. بۆ نموونه،‌ ئه‌وه‌ی پێگه‌یشتووه‌ته‌وه‌ كه‌ سلێمانی پیرۆزبایی له‌ خۆی ده‌كات كه‌وا پیاوێكی ئینگلیزی وه‌ك ئه‌وی تێدایه‌، چوونکە‌ ئه‌گه‌ر كار ئاڵۆزیی تێكه‌وت و ئێمه‌ بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ شاره‌كه‌ بۆردمان بكه‌ین ئه‌وه‌ ده‌توانن ئه‌و به‌ بارمته‌ بگرن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ناو خه‌ڵكدا وای بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ گوایە‌ سازشی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی خاوه‌ن شكۆی به‌ریتانیادا كردووه‌ كه‌وا ئه‌گه‌ر شتێكی ناله‌بار ڕوویدا له‌ دۆخه‌كه‌دا با پشتگوێی بخه‌ن و بایه‌خی پێنه‌ده‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر گیانی له‌ده‌ستدا ئه‌وه‌ ده‌بێ بڕی ده‌ هه‌زار پاوه‌ن بده‌نه‌ كه‌سوكاری. به‌م ڕەنگە‌ خه‌ڵكه‌كه‌ وازیان هێنا له‌وه‌ی به‌ بارمته‌ بیگرن و بیكه‌نه‌ قه‌ڵغانی پارێزگاری له‌ بۆردمان كردن.

 

٢٤ى تشرینى یه‌كه‌مى 1922

...  یه‌كشه‌ممه‌ وه‌ك هه‌فتانه‌ خووم پێوه‌ گرتووه‌ پێش قاوه‌ڵتیی به‌یانی و پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ سه‌ر ده‌وامه‌كه‌م كه‌ له‌ زستاندا كاتژمێر هه‌شت و نیو ده‌ست پێده‌كات، به‌ ئه‌سپسواری پیاسه‌یه‌كم كرد. پێداچوونه‌وه‌یه‌كم نووسیوه‌ بۆ كتێبه‌ تازه‌كه‌ی دوكتۆر ویگرام "كوردستان لانكه‌ی مرۆڤایه‌تی". دوێنێ له‌ ماڵه‌كه‌ی من ئاهه‌نگێكی نانخواردنی ئێواره‌مان ساز كرد به‌ ئاماده‌بوونی مسته‌ر داڤیدسن، كاپتن كڵه‌یتن، مسته‌ر كۆرنوالیس و خۆم. داماوه‌ مسته‌ر كۆرنوالیس تووشی نه‌خۆشییه‌كی سه‌ختی له‌رزوتا بوو و ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌ جێگه‌دا خستی.

ڕۆژێكیان له‌م هه‌فته‌یه‌دا خێزانه‌كه‌ی ساڵح به‌گ سه‌ردانێكی كردم بۆ چای خواردنه‌وه‌ و دوو كوڕی بچووكی خۆی له‌گه‌ڵدا بوو، له‌ كاتێكدا كه‌ منداڵان له‌ باخچه‌كه‌دا یارییان له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و باڵداره‌ ماڵییه‌كاندا ده‌كرد وه‌ك (سه‌گ و سوێسكه‌ و قاز و كۆتره‌كان) و ئه‌ویش چیرۆك و به‌سه‌رهاتی سه‌یری ژیانی خۆیی بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌ و له‌ نێو ئه‌و به‌ سه‌رهاتانه‌دا (1) له‌ ته‌مه‌نی حه‌ڤده‌ ساڵیدا له‌ ئه‌سته‌مبووڵ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ئیتیحاد و ته‌ره‌قییه‌وه‌ ده‌گیرێت و ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌، له‌به‌ر دابه‌شكردنی ڕۆژنامه‌ی "مه‌شرووتیەت‌"، كه‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی لیبراڵ بووه‌ و شه‌ریف پاشای باوكی له‌ پاریس ده‌ریده‌كرد. پاشان له‌لایه‌ن سه‌عید حه‌لیم پاشای خاڵۆیه‌وه‌ ڕزگار ده‌كرێت و به‌ هۆى پۆسته‌ی "ئۆریانت ئێكسپرێسه‌وه‌" ده‌نێردرێته‌ پاریس بۆ لای باوكی. (2) له‌ ساڵی 1913دا له‌ ئەپارتمانە‌كه‌یاندا له‌ پاریس به‌ره‌نگاری كابرایه‌كی زل و كه‌ته‌ی ئه‌لبانی بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئیتیحاد و ته‌ره‌قییه‌وه‌ بۆ كوشتنی شه‌ریف پاشا ناردوویانه‌ و پاشان چۆن بینیوێتی ئه‌لبانییه‌كه‌ له‌لایه‌ن ساڵح به‌گی ئامۆزا و مێردیه‌وه‌ كوژراوه‌. ئه‌م خانمه‌ له‌ سه‌رى دایكیه‌وه‌ نه‌وه‌ی محه‌مه‌د عه‌لیی میسره‌ و هه‌موو ئه‌م چه‌رمه‌سه‌ری و به‌سه‌رهاته‌ی ژیانی به‌ شتێكی ئاسایی ده‌زانێ و ژنێكی تا بڵێى جوانه‌ و خوێندنی باڵای ته‌واو كردووه‌ و له‌ پاش ڕووخانی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی بووه‌ به‌ ناسیۆنالیستێكی توركی په‌ڕگر. به‌ڵام من به‌ شه‌خسی باوه‌ڕ ناكه‌م توركیا هیچ ده‌رفه‌ت و ئاسۆیه‌كی هه‌بێت و مسته‌فا كه‌مال، ئه‌و سه‌ربازه‌ی به‌خت بووه‌ به‌ یاوه‌ری، پێده‌چێت وه‌ك دكتاتۆرێكی سه‌ربازی سه‌ربكه‌وێت و سه‌رپێ بكه‌وێت له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ و تاقمێكی خۆی له‌ ئه‌فسه‌رانی برسی و دڕنده‌.

دوێنێ نانی شێوانم له‌گه‌ڵ مسته‌ر كۆرنوالیس و خانه‌واده‌ی ساڵح به‌گدا خوارد.

 ...  له‌ملاشه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێم من باوه‌ڕ به‌ چیرۆكه‌كه‌ی دۆمنوڵ ناكه‌م كه‌وا دڵنیایی دراوه‌ته‌ فه‌ره‌نسا گوایه‌ ئێمه‌ مووسڵ ده‌گێڕینه‌وه‌ بۆ توركه‌كان و هه‌موو به‌ڵـگه‌كان كه‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ (ئێمه‌ش له‌ ناوخۆداین) به‌ڵـگه‌ و سه‌لماندنی پێچه‌وانه‌ن، له‌ ماوه‌ی مانگی ڕابوردوودا، به‌ هۆى كاری چالاكی فڕۆكه‌وه‌، ناوچه‌ كوردییه‌ سنوورییه‌كانمان له‌ توركه‌كان پاككرده‌وه‌ و له‌ مه‌لیكه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ هه‌موو ده‌زانین و له‌ وڵاتیش (واته‌ به‌ریتانیا - و) هه‌ر ده‌زانن كه‌وا ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی نایه‌ته‌ بوون به‌ بێ ناوچه‌كانی باكوور. به‌غداش زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ پشتی به‌ مووسڵ  به‌ستووه‌ و بێ مووسڵ په‌یماننامه‌كه‌ بێنرخ ده‌بێت. با ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ڕاده‌ستكردنی هه‌ر شوێنێك به‌ تورك به‌ واتای كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ دێت بۆ كۆمه‌ڵـگه‌ی كریستیان و ئاخۆ له‌بیرته‌ كه‌ به‌ گونده‌كانی كریستیاندا گوزه‌رمان كرد له‌ ڕێگە‌ماندا به‌ره‌و هه‌ولێر و دواى له‌ناوبردنی ئاسوورییه‌ گه‌ڕاوه‌كانی بۆ وڵاتی خۆیان (بڕوانه‌ پێداچوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رده‌م) كه‌ ئه‌م شتانه‌ ده‌بێته‌ بێڕێزی پێكردنی هه‌تاهه‌تاییمان له‌ ئاسیادا. عیسمه‌ت پاشا دڵنیاكردنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی داوینه‌تێ (كه‌ ئه‌مه‌یان ئه‌وپه‌ڕی نهێنییه‌) گوایە كه‌مالییه‌كان به‌نیاز نین داوای گێڕانه‌وه‌ی خاكی عێراق بكه‌ن و پێموایه‌ زانیارییه‌كانی من له‌ هى دۆمنوڵ باشتره.

كاپتن كڵه‌یتن و نووری پاشا و من له‌ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ له‌ ماڵه‌كه‌مدا پێشنیازێكی پرشنگدارمان گه‌ڵاڵه‌ كرد كه‌وا پێویسته‌ ڕێگە‌ به‌ عێراق بدرێ نوێنه‌ری خۆی بنێرێته‌ كۆنگره‌ی ئاشتی (كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی نهێنییه‌) و هه‌ر ئه‌م دواینیوه‌ڕۆیه‌ش پێشنیازمان كرد بۆ مه‌لیك و له‌خۆشیاندا ڕاچڵه‌كی و داواكارییه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕەسمی ڕه‌وانه‌ی وڵات كرا و (واته‌ به‌ریتانیا - و) ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕەزامه‌ندیی له‌ سه‌ر درا ئه‌وه‌ یه‌كێتیی خاكى عێراق ده‌پارێزن.

ئێستا وا په‌یماننامه‌كه‌  مۆركرا و مه‌لیك چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ داكۆكی كردن له‌ هه‌ر دێڕێكی له‌به‌رانبه‌ر ساده‌ترین ده‌م هه‌ڵهێنانه‌وه‌ بۆ ڕه‌خنه‌ لێگرتنی. جاڕدانی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ و برووسکە‌كه‌ی بۆ مه‌لیك جۆرج به‌ وردی حاڵه‌تی دەروونیی ئه‌و ده‌رده‌بڕێت. ئیراده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌ركرا و تۆمار كردنی ده‌نگده‌ران ده‌ستی پێكردووه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا و نزیكه‌ی شه‌ش هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێت و مه‌لیك بڕیاریداوه‌ و سووره‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نێكی نوێنه‌رانی وا هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ ڕەزامه‌ندیی له‌ سه‌ر په‌یماننامه‌كه‌ ده‌ربڕێت و پێموایه‌ جێبه‌جێ ده‌بێت.

 

١ی تشرینى دووه‌می 1922

 

 ...  هێشتا هه‌ر ئه‌و ئۆپرا گاڵته‌جاڕییه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ كاركردن له‌ سلێمانیدا، كه‌ شێخ مه‌حموود نمایشی ده‌كات، به‌ڵام به‌ڵـگه‌كان وا ده‌گه‌یه‌نن كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌م زوانه‌ بكشێنه‌وه‌. به‌م دواییه‌ شێخ مه‌حموود وه‌زاره‌تێكی دامه‌زراندووه‌ كه‌ له‌ نۆ وه‌زیر و فه‌رمانده‌یه‌كی گشتی و پشكنه‌رێكی گشتی بۆ كوردستان پێكدێت. سه‌رنجم دا كه‌ وه‌زاره‌تی داد هێشتا پڕ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان هه‌موو ئه‌و چوار لاك و نیو ڕوپیه‌یان خه‌رج كردووه‌ كه‌ له‌ گه‌نجینه‌دا به‌جێمانهێشت (ئەو دەمە یەک لاک یان لاخ سەد هەزار ڕوپێ بووە - و) و كه‌س نییە‌ ته‌نانه‌ت خه‌ونیش به‌ كۆكردنه‌وه‌ی باجه‌وه‌ ببینێت!

له‌و ماوه‌یه‌دا سمكۆ بۆ لای ئێمه‌ هه‌ڵات له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌های پاشكۆیدا، پاش   شه‌ڕ و شۆڕێكی خوێناوی له‌گه‌ڵ ئێراندا کە به‌ ناوی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه‌ بەرپابوو  و ئێرانییه‌كان شكستیان پێهێنا و ئه‌میش خۆی گه‌یانده‌ لاى ئێمه‌ بۆ هه‌ولێر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سمكۆ کێشە و ئاڵۆزییه‌كی دیپلۆماتیك و په‌یوه‌ندیى نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رپا ده‌كردین بۆیه‌ پێیڕاگه‌یه‌نرا كه‌ له‌ ئێستادا نه‌یه‌ته‌ ناو هه‌ولێره‌وه‌ و له‌ دووریی چه‌ند میلێك له‌وێ بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مان ئاماده‌ن دژ به‌ توركه‌كان بجه‌نگن له‌سه‌ر سنوورمان - چوونکە‌ وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن گوایه‌ توركه‌كان ده‌سدرێژییان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئازادیی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ! پێموانییە‌ سمكۆ به‌ چاوی سۆز و پشتگیرییه‌وه‌ بڕوانێته‌ داخوازییه‌كانی شێخ مه‌حموود و ئه‌گه‌ر لێبگه‌ڕێین كاره‌كان ڕێگە‌ی خۆیان بگرن ئه‌وه‌ ڕەنگە‌ چه‌قۆیه‌ك یان دوان ڕێگە‌ی خۆیان بدۆزنه‌وه‌ بۆی و من به‌ هێمنی و به‌ وردی ده‌ڕوانمه‌ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌.

ئێستا وه‌فدێكی كورد به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ خاوه‌ن فه‌خامه‌ت كۆمیسیاری باڵا و خاوه‌ن شكۆ جه‌لاله‌تی مه‌لیك (واتە پێرسی کۆکسی مەندووبی سامی و شا فەیسەڵی یەکەم - و). شه‌مه‌نده‌فه‌ر وه‌فده‌كه‌ی به‌جێهێشتووه‌ وه‌ك زۆر جار ڕووده‌دات، به‌ڵام ڕەنگە‌ سبه‌ینێ بگەن. بێگومان ئه‌گه‌ر توركه‌كان نه‌بن ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ى كورد شتێك نییە‌ له‌ نوكته‌یه‌كى گه‌وره‌ به‌ولاوه‌ و ئێمه‌ بۆردمانى خه‌ستى توركه‌كانمان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وان له‌ باكوور كۆبوونه‌ته‌وه‌ و بۆیه‌ پێموایه‌ ساڵ زۆر درەنگە‌ بۆ جموجووڵێكى ڕاسته‌قینه‌ و كرده‌یى له‌ چیاكاندا.

 

٢ی تشرینى دووه‌می 1922

 …  وه‌فده‌ كوردییه‌كه‌ گه‌یشت و له‌ چوارده‌ كه‌س پێكهاتوون له‌گه‌ڵ    یاوه‌رانیان و هه‌موویان چه‌كدارن. ئه‌مانه‌ له‌ ئوتێلێكی بچووك دابه‌زیون پاش ئه‌وه‌ی میوانه‌كانی تریان ده‌ركردووه‌ و پاشان خاوه‌نی ئۆتێله‌كه‌ش له‌ترسا ڕایكردووه‌ و له‌ ژێرزه‌مینه‌كه‌دا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مێجه‌ر نۆئێڵ ده‌ڵێ كه‌وا ڕا و بۆچوونی به‌جێیان پێیه‌ و ئێواره‌ ڕوونی ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ سێر پێرسى.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×