لەقەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان جۆره قارچکێك دەگمەن دەدۆزرێتەوە، بهوتهی پرۆفیسۆرێكی بەشی بایۆلۆجی زانکۆی گەرمیان، ناوە ئینگلیزییهكهی ئهو جۆره قارچكه morchella esculentaو لەجیهاندا نرخەکەی بەوشکی 200 بۆ300 دۆلارە.
ئاوێنە، ئەیاد محەمەد، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.خالد فائق مامۆستای بەشی بایۆلۆجی زانکۆی گەرمیانو چالاکی بواری ژینگە، بەئاوێنەی ڕاگەیاند، "ئەم قارچکە لەجیهان بەناوبانگە، گرانترین نرخی قارچکە دەهێندەی نرخی دۆمەڵانە لەجیهاندا، ئەم قارچکە پێشتر بونی هەبوە لەکوردستانداو بینیومانە لەکەناری ڕوباری سیروان لەژێر دارو سێبەردا ههبووه، سێ بۆ پێنج سانتیم بهرز بوە، بەڵام بەو قەبارەیهی ئێستا نەبوە".
وتیشی، "لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی شارەزا قسەمکردوە هەندێک لەخۆڵەکەیمان هێناوە بۆئەوەی لێکۆڵینەوە بکەین بزانین بۆچی لەوشوێنە دەرچوە بەوقەبارەیە، ئەگەری هەیە هۆکارێک هەبێت وای لێبکات کە ئەو قەبارەیهی هەبێت، چونکە ئەوجێگایه نزیکە لەناوچەی پیشەسازیی، خۆی قارچک بەزۆری حەزی لەجێگای سێبەرە، بەڵام ئەوجێگایه سێبەر نەبو هەندێک گۆڕانکاریی هەیە لەسیفاتی ئەم قارچکەدا، زۆر گەورەیە، وە زۆریش بو لەوجێگایەداو لەژێر سێبەرو داریشدا نەبوە".
بهوتهی ئهو پرۆفیسۆره، "ناوە ئینگلیزییهكهی ئهو قارچكه morchella esculenta، لەجیهاندا نرخەکەی بەوشکی 200 بۆ300 دۆلارە، ئێمە ئەگەر لەلێکۆڵینەوەدا هۆکاری گەورەبونو زۆربونیمان بۆ ئاشکرابو ئەو کاتە دەتوانین لەکێڵگە یان لەهەرشوێنێکی تر گێڵگەیەكی تایبهتی دهستكردی بۆ دروستبکەین".
د.خالد فائق ڕونیکردەوه، "نمونەم لێوەرگرتوە بۆ لێکۆڵینەوە، بۆ خواردن بەکاری ناهێنم، چونکە نزیکی ناوچەی پیشەسازییە ڕەنگە هۆکارێک هەبێت تێکەڵاو بوبێت لەگەڵیدا، بۆیە ئەو خۆراكانهی نزیک ناوچەی پیشەسازییە ناکرێت بۆ خواردن بهكاربهێنرێن.