2024-02-24   1633     
نوسینی: نەجات نوری
(ئەگەر من ئەسكەندەر نەبوومایە، حەزم دەكرد دیوجینیس بم)
دەگێڕنەوە(یوجینیس)ی فەیلەسووف لە یونان، ساڵانی 400 پ ز، لە شوێنكەوتوانی فەلسەفەی سەگی بوو، لە كوخێكی داڕزاودا دەژیا، ئەسكەندەری مەكدۆنی دێتە لای تا هاوكاری بكات، بەڵام یوجینیس پێی دەڵێت: كەمێك لاچۆ با تیشكی هەتاوەكەم بەربكەوێت. ئەو وەڵامەی یوجینیس دەیداتەوە، وەڵامی ئەخلاق و باوەڕبوونیەتی بە كردارەكانی خۆی نەك بۆ پرسیارەكەی ئەسكەندەر، ئەمە كرۆكی مرۆڤی ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەكانە، ئەو كەسەی كە باوەڕی هێنا ڕۆشنبیرە دەبێت بڕوایش بە ئەخلاق و باوەڕی خۆی بهێنێت و ئەركە ڕۆشنبیرەیەكەی خۆی تاسەر بەجێ بگەیەنێت و قوربانی بۆ بدات، ئەگەرنا ئەوا خیانەت لە هەموو شتێكی ژیانی خۆی دەكات، چونكە هیچ كاتێك ڕۆشنبیر ڕوخسەت لە كەس وەرناگرێت بۆ نووسین و دەربڕینی بیروباوەڕەكەی خۆی، مرۆڤی ڕۆشنبیر پێش هەموو كەسێك دەبێت پرسیاری ئەوە لە خۆی بكات: من چی دەكەم لە ژێر بەرگی ڕۆشنبیردا؟ ڕۆشنبیر لە ژێر هەچ بەرگێكدا بوو ئەگەر بیری لە ئەخلاق و باوەڕی خۆی نەكردەوە دەبێتە كوتەكی دەستی فەرمانڕەواكان، بە هەموو تێڕوانینێكیش بۆ ئێمە ڕۆشنبیرەكانمان زۆریان كوتەكی دەستی فەرمانڕەواكانن، بەشێكی كەم لە ڕۆشنبیرەكانمان دركیان كردووە كە وەزیفەی ڕۆشنبیر بە مانا گەورەكەی دەكاتە ئەخلاق و بەرپرسیاریەتی، لە دەرەوەی ئەم كەسانە كاتێك بە باوەڕ و ئەخلاق و كرداری بەشێكی زۆری ڕۆشنبیرەكانماندا دەچینەوە ملكەچی و داڕزانێكی بێ ئەندازە دەبینین، داڕزانێك كە كایەكانی ڕۆشنبیری لێ داماڵدراوە، گومان دەكەین كە كەسانێك هەن ڕۆشنبیربن، ئاخر ڕۆشنبیر بە مانا ئەخلاقیەكەی واتای دەنگ هەڵبڕین لەبەرامبەر فەرمانڕەوادا، لە بەرامبەر بەدئەخلاقی سەرمایەدار و خێڵ و سەركردە فریودەرەكاندا، نەك وەكو لەلای ئێمە لەژێر بەرگی ڕۆشنبیردا لەم ڕەشماڵەوە بۆ ئەو ڕەشماڵ هەنگاوبنێیت و بێت ملكەچی پارە و پۆست بیت، بێت هەموو ئەخلاقی خۆت بخەیتە ژێر پرسیارە و شەرم لە نووسین و باوەڕی خۆت نەكەیت و درۆزانە میللەت فریووبدەیت، بەشی زۆری ئەو پرسیارانە ئەمەیە ئەم بەناو ڕۆشنبیرانەی ئێمە كە تێیاندا نەك خیانەتی لە خۆی دەكات بەڵكو بۆتە پارێزەری خیانەتكاران و مشەخۆران، دێت لە كوێ جوڵانەوەیەك بۆ داخوازیەكانی میللەت بەرپا ببێت ئەو خێرا پێش بەرپرسە مشەخۆرەكان پەلاماری دەدات و دەست دەكات بە شكاندن و ناوزڕاندنی، لە كوێ ڕۆشنبیرێكی ئازا هەڵكەوت ئەو دێت دەبێتە كوتەكی دەستی فەرمانڕەواكان و بە دەیان تۆمەتی بۆ دادەتاشێت، بیركردنەوە لە ئاست ڕەفتار و وشیاری ئەم ڕۆشنبیرانەدا دەتخاتە بەردەم تاریكیەكی كوشندەوە، ئەمانە بەردەوام بوونەتە پاسەوانی فەرمانڕەوا كۆنە پەرست و شكست خواردووەكان، ئەمانە لە ژێر ناوی ڕۆشنبیردا بۆ پەیداكردنی مادە و قووتی خۆیان وەكو كەڕولاڵیان لێهاتووە، بۆ ئەو هەموو خیانەت و مەرگەسات و لەبەریەك هەڵوەشانەی بەسەر ئەم كۆمەڵگایەدا هاتووە لەسەر دەستی كاربەدەستەكان دا بە یەک وشەش نەك دەنگ ناكەن بەڵكو هەمیشە بەرگی ڕاستی بە بەری ئەو تاوانە مەزنانەدا دەكەن و بەرگری لە ئەنجام دەرەكانیان دەكەن، لێرە بۆ ئێمە پرسی ڕۆشنبیر دەبێتە ناوێك بۆ تێڕامان لە كرداری ئەو ڕۆشنبیرانەی كە شان بە شانی فەرمانڕەواكان كۆمەڵگا بەرەو مەرگەسات دەبن، لە ئەو خاڵەدا كۆمەڵگا هێجگار دڵگران دەبێت ئەویش پیشەی ئەو ڕۆشنبیرانەیە كە دەرگای دۆزەخ لەبەر خاتری مشەخۆرەكان بەسەر ویست و داواڕەواكانی خەڵكدا دەكەنەوە و تەگەرە دەخەنەبەردەم ئایندەیان، لای خەڵك كرداری فەرمانڕەواكان لە دژی خواستەكانیان زۆر گرنگ نیین بەڵكو لایان ئەوە گرنگە و لەوەدا سەرسام ماون كە بۆچی زۆری ڕۆشنبیرەكان دێن خیانەتی لە پیشەو نووسین و خێزان و كەسی خۆیان دەكەن؟ كەسێكیش بوێرانە خیانەتی لە پیشەی ڕۆشنبیری خۆی كرد لە كۆتاییدا دەبێت بچێتە بەردەم دادگایی گەل و مێژوو وەكو خیانەتكارێك.