ئەمڕۆ لە کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانیدا هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵی ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنووس و دەستگیریان کردووە.
ئاوێنە: ئەیهان سەعید چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵی ئۆمێد بەرۆشکی و دەستگیریان کردووە و دواتریش گواستراوەتەوە بۆ چاکسازیی زرکا.
بە گوێرەی قسەکانی ئەیهان سەعید، رۆژنامەنووسەکە لەسەر سکاڵای چاکسازیی گەورانی دهۆک بە تۆمەتی ناوزڕاندن دەستگیرکراوە.
سکاڵاکەی چاکسازی گەورانی دهۆک لەسەر رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی بە تۆمەتی ناوزڕاندنە کە 23ی مانگی پێشوو رایگەیاند، “مەلا نەزیر بەراوری لە چاکسازی رفێندراوە و براوەتە ئاسایش.”
چالاکوانەکە ئاماژەی بەوەشداوە، زیندانیکردنی رۆژنامەنووسەکە بە ماددەی 2ی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و لە رۆژی پێنجشەممەدا، نایاساییە و رۆژنامەنووسەکە بە هیچ جۆرێک تەشهیری نەکردووە و هەواڵی رفاندنی مەلا نەزیر راستە و خێزانەکەی خۆی پشتڕاستییان کردووەتەوە.