پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەفراکسیۆنى یەکێتىو سەرۆکى یەکەمین دانیشتنى ئەنجومەنی پارێزگاکە
"پارتىو یەکێتى لەیەکترى دڵنیا نینو هاوپەیمانى تورکمانو عەرەبیش لەقە"
ئا: وریا حسێن
زیاتر لەدوو مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقدا تێدەپەڕێتو لەزۆربەی پارێزگاکاندا پارێزگار هەلبژێردراون، بەڵام هێشتا لەکەرکوک، کوردو عەرەبو تورکومان لەسەر هەڵبژاردنی پاریزگار بۆ پارێزگاکەیان رێک نەکەوتوونو هەر پێکهاتەیەو پۆستی پارێزگار بەمافی خۆی دەزانێت، کەرکوکو یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی ئەم شارە ساڵانێکی زۆرە کێشەیەکی سەرەکی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو بەغدایە، بەرپرسی حزبێکی کورد لەکەرکوک دەڵێت "کورد کە لەکەرکوک دەنگى بەپارتىو یەکێتى داوە بۆ دانانى پارێزگار بووە، نەوەکو بۆ حیزب".
ئێوارەى چوارى شوباتى ٢٠٢٤، حەسەن تۆران سەرۆکى بەرەى تورکمانى تەلەفۆن بۆ بەرپرسانى یەکێتى دەکاتو لێیامدەپرسێ: ئەگەر بەشدارى کۆبونەوەى بەیانى ٥ى مانگ بکەین، گرەنتى چییە پارێزگار هەڵنابژێرن؟ یەکێتى هیچ گرەنتیەکى پێنەداون، بۆیە کۆبوونەوەى پێنجى شوبات کورد بەتەنها مایەوەو نیساب تەواو نەبوو، هەمان ئێوارەش فراکسیۆنەکانى تورکمانو عەرەب لەبەغداد کۆبونەوەو لەڕاگەیەنراوێکدا جەگتیان لەوە کرد کە "بەردەوامن لەکۆبونەوەکانیان بەمەبەستی گەیشتن بەئەنجامێک بۆ دانانى پارێزگارى نوێ بۆ کەرکوک".
پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەفراکسیۆنى یەکێتىو سەرۆکى یەکەمین دانیشتنى ئەنجومەن، ئەوەى بۆ ئاوێنە ئاشکرا کرد کە کۆبوونەوەکان لەنێوان یەکێتىو پێکهاتەکان چڕ بوونەتەوە بۆ ئەنجامدانى یەکەم کۆبونەوەو هەڵبژاردنى پارێزگار، ئەو وتى "گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان کردووەو دۆخەکە بەرەو ئاڕاستەى باش هەنگاو دەنێت".
بەگوێرەى ماددەى ٧ى یاساى پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاکان، ئەگەر لەماوەى ١٥ ڕۆژ دواى داواکارى پارێزگار بۆ یەکەم کۆبونەوە، ئەنجومەنەکە نەیتوانى یەکەم دانیشتن گرێ بدات، ئەگەرنا مافى ئەندامیەتى لەدەستدەدەنو دادگاو کۆمیسیۆن ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنێکى نوێ دەستنیشان دەکەن، ئێستا تەنها چەند ڕۆژێکی کەم ماوە لەبەردەم پێکهاتەکان تاوەکو لەسەر یەکەم دانیشتن رێککبکەون، بەڵام هێشتا ئاسۆى ڕێککەوتن دەرنەکەوتووە.
پەروین فاتیح، لەوبارەیەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکات واقیعێک دروست بووە ئەویش ئەوەیە کەس ناتوانێت بەتەنها پۆستى پارێزگار بەدەستبهێنیت بۆیە چارەنووسى دانانى پارێزگار (تەوافوقى) دەبێت، یەکێتیش هەرچەندە زۆرینەیە بەڵام جەخت لەسەر دانانى پارێزگار لەسەر بنەماى ڕێکەوتنى لایەنەکان دەکاتەوە، ئەو وتی "وادەى دانانى پارێزگار زۆرى پێناچێتو تەنانەت مانگێکیش تێناپەڕێنێت".
"دوو سیناریۆیى بەهێز هەیە بۆ پێکهێنانى ئیدارەى کەرکوک، یەکەم: عەرەبو تورکمان ئەگەر پارتییان بۆ یەکلایى ببێتەوە، ئەوا کوتلەى عەرەبى پارێزگار دەبات، جێگرەکەى دەبێتە تورکمانو سەرۆکى ئەنجومەنیش دەبێتە پارتى، یەکێتى وەکو بەهێزترین کوتلە ببێتە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام خاڵى لاوازى ئەم سیناریۆیە ئەوەیە عەرەبو تورکمان ئەترسن لەو دۆسیایانەى گەندەڵى لەدەستى یەکێتیدانو هەموویان ڕووبەڕوى دادگایى کردن بکاتەوە، سینارۆیى دووەمیش ئەوەیە، یەکێتىو پارتى پارێزگارێکى تەوافوقىو تورکمان جێگیرو سەرۆکى ئەنجومەن بۆ عەرەب بێت، باس لەسیناریۆیى دیکەش دەکرێت" بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەکى ئاگادار.
ئەندامەکەى فراکسیۆنى یەکێتى لەبارەى ئەوەى ئەگەرى هەیە پارتى لەپرسى پارێزگارى کەرکوک هاوپەیمانى یەکێتى جێبهێڵێت، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە مادام پرسەکە یەکڕیزى کوردە بڕوایان وایە پارتىو یەکێتى پێکەوە دەمێننەوە، ئەو وتى "لەسیاسەتدا هیچ شتێک گرەنتى نیە".
لەدواهەمین هەڵبژارنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، پارتى توانى دوو کورسى ئەنجومەن مسۆگەر بکات، بەڵام بەهۆى هەستیارى ئەنجامى هەڵبژاردنەکە، وایکردووە پارتى ببێتە گەمەکارێکى یەکلایکەرەوە لەنیوان پێکهاتەکان، بۆیە هاوبەشى هەرلایەک بکات دەتوانێت پارسەنگى هێز بشکێنیتەوە، بەتایبەت ئەگەر پارتى لەگەڵ کوتلەکانى تورکمانو عەرەب هاوبەشى بکات، پۆستى پارێزگاریان بۆ یەکلایى دەکاتەوە.
لە١٦ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی ٥ کورسی بەدەستهێناوە، پارتی ٢ کورسی، عەرەب ٦ کورسی، تورکمان ٢ کورسیو کۆتای مەسیحیش یەک کورسی.
حەسەن مەجید، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ئاماژە بەوە دەکات پارتى ئومێدى ئەوەیە پارێزگارێکى تەکنۆکراتو ئیدارىو خاوەن ئەزمون بۆ کەرکوک هەڵبژێرن، بۆیە جگە لەیەکێتى کۆبوونەوەیان لەگەڵ هیچ لایەنێک ئەنجام نەداوە، ئەو بەئاوێنەى راگەیاند "هیچ دەسپێشخەریەکمان لەلایەن تورکمانو عەرەبەوە بۆ کۆبونەوە یان هاوپەیمانى پێنەگەشتووە".
سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى سەبارەت بەئەنجامى کۆبونەوەکان زانیارى ئەوەى لایە کۆبونەوەکەى بەغداى عەرەبو تورکمانەکان هیچ ئەنجامێکى نەبووە، ناڕاستەوخۆش ئەوەى ئاشکرا کرد یەکێتىو کوتلەیەکى عەرەبى کۆبونەوەیان کردووە، بەڵام دواى پێنجى شوبات کۆبونەوەکان بێ ئەنجامو چەقبەستوون.
کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئەنجامەکانى هەڵبژاردن راگەیەندرا ڕۆڵى خۆى گێڕا، بەپێچەوانەى ڕۆڵى تورکیا کە دواى ئەنجامەکان دەرکەوت، ڕاستەوخۆ لەڕێگەى وەزیرى دەرەوەیەوە "هاکان فیدان" پاڵپشتى تورکمانەکانى کەرکوکی کردو دەستوەردان لەدانانى پارێزگاری ئەو شارەدا دەکات، سینارۆیەکەى تورکیاش ئەوەیە "پۆستى پارێزگارى کەرکوک یان خولی بێت لەنێوان پێکهاتەکان، ئەگەریش نەدرێت بەتورکمان باشترە پارێزگار لەکوتلەى عەرەبى بێت".
حەسەن مەجید، لەوبارەیەوە جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان هیچ زانیاریەکیان لەبارەى دەستوەردانەکانى ئەو دوو وڵاتەوە نیە، بەڵام ئەو وتى "داواکارین لەوڵاتانى هەرێمایەتی هەنگاوى خێر بنێن، بۆ نزیککردنەوەى لایەنە سیاسیەکان، بەبڕواى من کارێکى خراپ نیە".
یەکێتى زۆر سورە لەسەر ئەوەى کاندیدى ئەوان پارێزگارى کەرکوک بێت، هەربۆیە دوو کاندید باس دەکرێت لەیەکێتى بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک، یەکەم: نەشئەت شاهوێزو دووەم: ڕێبوار تەها، ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک. بەگوێرەى زانیارى ناو کۆبونەوە نهێنیەکان کە سەرچاوەیەک بۆ ئاوێنە باسى کرد، تورکمان لارىیان لەسەر نەشئەت لەسەرى نەبووەو پارتیش ڤیۆتیان لەسەرى نیە، بەڵام ڕێبوار تەها بەهۆى باکگراوەندە ئەمنیەکەى ڤیتۆى تورکمانو پارتى لەسەرە، بۆیە پێدەچێت بازەکە لەسەر شانى نەشئەت بنیشێتەوە".
یادگار جەلال، ڕۆژنامەنووس لەشارى کەرکوک پێىوایە، ئەگەر یەکەم کۆبونەوەى ئەنجومەن لەماوەى ١٠ ڕۆژى داهاتوودا نەکرێت بەدڵنیایەوە سێ ساڵى دیکەى دەوێت تاوەکو هەڵبژاردێکى نوێو ئەنجومەنێکى نوێ دروست بێت، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کێشەى تورکمان کە وەرگرتنى جێگرى پارێزگارە چارەسەر بکرێت، بەئەگەرى بەهێز دواى مانگى مارس پارێزگارى نوێ دەستنیشان دەکرێت، ئەو وتی "هەموو شەڕى تورکمان بۆ بەدەستهێنانی جێگرى پارێزگارى کەرکوکە".
لەگەڵ باسى گەرمى پارێزگار، ئێستا نیگەرانى گەڕەکە کوردییەکانى داپۆشیووە بەتایبەتى لەگەڕەکى نەورۆز دۆخەکە دەکوڵێتو فەیلەقیش لەبەردەم مەترسی گۆڕینى بارى دیمۆگرافیاو بەسەربازکردندایە، ئەوە هێندەى تر یەکلایی کردنەوەى پرسى پارێزگارى ئاڵۆز کردووە، وایکردووە هەموان لەخەمى بردنەوەى پۆستى پارێزگار بن.
بەرپرسی مەڵبەندی کۆمەڵى دادگەرى لەکەرکوک، رێباز سابر پێىوایە یەکێتىو پارتى هەلێکى زێڕینیان لەبەردەمدایە تاوەکو پارێزگارێکى کورد دابنێنو دۆخى دواى ١٦ى ئۆکتۆبەر بگۆڕن، ئەو بۆ ئاوێنە وتى "دیموگرافیاى کورد لەکەرکوک گۆڕانکارى تێدا دەکرێت، هەموومان گەڕەکى نەورۆزمان لەپێشچاوە چى لێدەکرێت، بۆیە گرنگە پارێزگارێکى کورد لەکەرکوک دابنرێت".
بەرپرسەکەى کۆمەڵى دادگەرى بەدووری زانى ئەو پڕۆسەیە یەکلایى بکرێتەوە بەئاسانى، ئەوەشى وت "کورد دەنگى بەپارتىو یەکێتى داوە بۆ دانانى پارێزگار بووە نەوەکو بۆ حیزب".
لەکۆتایدا جگە لەهەموو ئەمانە نەریتێکى باوى عێراقیانە هەیە، ڕەشوەى سیاسى ڕەنگە کارى خۆى بکاتو کڕینەوەى دەنگ بۆ گۆڕینى پارسەنگى هێز ململانێکە بۆ دانانى پارێزگارى کەرکوک یەکلایى بکاتەوە.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.