هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی: دەوڵەتی ئیسلامی، دەوڵەتی کەنیزەک بوو
  2024-02-16       2465       
ئەسما محەمەد، هاوسەری یەکەمى ئەبوبەکر بەغدادى

ئا: ئاوێنە

 

ئەسما محەمەد، هاوسەری یەکەمى ئەبوبەکر بەغدادى، ئەمیرى پێشووى رێکخراوى داعش، ئاماژە بەوە دەکات دوای راگەیاندنی خەلافەت لەلایەن ئەبوبەکری بەغدادییەوە لەموسڵ "ئیتر دەوڵەتی ئیسلامی گۆڕا بۆ دەوڵەتی کەنیزەک‌و ژنان، هەموو ئەمیرو سەرکردەکانی داعش خەریکی حەزی سێکسی خۆیان بوون‌و هەمووشیان کەنیزەکی ئێزدییان هەبوو".

 

ئەسما محەمەد، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، وەک هاوسەری یەکەمی ئەبوبەکر بەغدادى، تیشک دەخاتە سەر چەند لایەنێکی شاراوەو نەزانراوی ژیانی تایبەتی ئەمیرى پێشووى رێکخراوى داعش، کە رۆژگارێک دیارترین کاراکتەری ئیسلامی توندڕەوو ئەمیری گەورەترین رێکخراوی ئیسلامی توندڕەو بووە لەجیهانداو سەرەکیترین کەسی داواکراویش بووە لەلایەن ئەمەریکاوە.

ئەسما ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵی ١٩٩٩ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەبوبەکری بەغدادی کردووە کاتێک خوێندکاری ماستەر بووە لەزانکۆی ئیسلامی‌و کەسێکی ئاسایی بووە، بەڵام دوای دەستگیرکردنی لەساڵی ٢٠٠٤دا بۆ ماوەی ساڵێک لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە، زیاتر رووی کردوەتە توندڕەویی‌، ئەو دەڵێت "دوای ئازادکردنی ئیتر زوو زوو لەماڵ دەچووەدەرو بووە کەسایەتییەکی ئاڵۆزو تەمومژاوی، بەتایبەتی دوای ٢٠٠٨ کە زانیم پەیوەندی بەڕێکخراوی قاعیدەوە کردووەو بووە بەیەکێک لەسەرکردە گرنگەکانی قاعیدە، ئیتر لەساڵانی نێوان ٢٠٠٨ تا ٢٠١٢ ژیانمان بەتەواوی گۆڕا بەردەوام لەشوێنێکەوە دەچوو بۆ شوێنێکی تر لەئوتومبێلێکەوە بۆ ئوتومبێلێکی تر، ساڵی ٢٠١٠ لەتاجی لەماڵێک نیشتەجێ بوو بەردەوام چەند کەسێکی لەگەڵ بوو، ئێمە جاروبار دەچووین بۆ لای‌و سەردانمان دەکرد، ئەوکات نەمدەزانی ئەوەندە سەرکردەیەکی گرنگە، زۆر بەتەنگ ئاسایشی خۆیەوە بوو".

پاشان ئاماژە بەوە دەکات کە داعش لەسوریا دەستی بەسەر جەند شارو ناوچەیەکدا گرتووە، خێزانەکەیان گواستراونەتەوە بۆ ئەو وڵاتە، ئەو دەڵێت "کەسێک لەتاڕمیە هات بەشوێنمانداو سواری ئوتومبێلێکی کردین‌و بردینی بۆ موسڵ‌و دوای چەند رۆژێک مانەوە، پاشان لەگەڵ جەند ژن‌و مناڵێکی تردا سواری ئوتومبێلیان کردین‌و وتیان دەتانبەین بۆ هەولێر، بەڵام لەراستیدا بەرەو سوریاو شاری رەقەیان بردین، لەکاتی پەڕینەوە لەسنووری عێراقەوە بۆ سوریا، لەبازگەیەکی سەرسنووری عێراق‌و سوریا کە بەدەست کوردەوە بوو، شۆفێرەکە دابەزی‌و بڕێک پارەی وەک بەرتیل دا بەئەفسەری بازگەکەو دەرباز بووین‌و لەم رێگەیەوە گەیشتینە سوریا".

دەشڵێت "پاش ئەوەی داعش روبەرێکی فراوانی لەسوریاو عێراق خستە ژێردەستی خۆیەوە، من لەرەقە بووم کە ئەبوبەکری بەغدادی هات‌ بۆ ماڵەوەو کوڕەکانی بردو رۆی‌و لەراگەیاندنەکانەوە بینیم ئەو وتارە بەناوبانگەی لەموسڵ داو خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند".

ئەسما باس لەوە دەکات کە دوای راگەیاندنی خەلافەت ئیتر هەموو بایەخی بەغدادی بریتی دەبێت لەئاسایشی تایبەتی خۆی‌و فتوحات‌و بەرفراوانکردنەوەی روبەری دەوڵەتی ئیسلامی کە بەشێکیان دەچووە خانەی خەیاڵپڵاوییەوە، ئەو دەڵێت "ئیتر بیانییەکان بوونە هێزێکی گەورە لەناو داعشدا، کە لەزۆربەی جیهانەوە دەهاتن‌و لەدەوڵەتی ئیسلامی کۆدەبونەوە، بەڵام لەساڵی ٢٠١٦دا دوای کوژرانی ئەبو سەیاف تونسى‌و چەند سەرکردەیەکی دیاری داعش، ئیتر دەوڵەتی ئیسلامی روو لەداڕوخان بوو، بەغدادی هەستی دەکرد کراوەتە ئامانج‌و گرنگتر شت بەلایەوە ئەمنی شەخسی خۆی بوو، روبەری دەسەڵاتی داعش لەرەقەو موسڵ وردە وردە بەرەو بچوکبوونەوە ئەچوون‌و دوای هێرشی هێزەکانی عێراق‌و هاوپەیمانان‌ بۆ سەر موسڵ، هەستی دەکرد کۆتایی نزیکە، روویکردە سوریا".

دەشڵێت "دواهەمین جار کە بەغدادیم لەئیدلیب بینی لەماڵی براکەی، وتی بچن بۆ تورکیا، برازاکەی، ئێمە هەر چوار ژنەکەی‌و مناڵەکانمانی  بەناسنامەی سوری برد بۆ تورکیا، دوای ٦ مانگ مانەوە لەتورکیا لەهاکای لەلایەن هێزێکی ئەمنی تورکیاوە دەستگیرکراین".

 

بەشێکی سەرنجڕاکێشی قسەکانی ئەسمای هاوسەری یەکەمی ئەبوبەکری بەغدادی ئەمیرى پێشووى رێکخراوى داعش، دەربارەی فرە ژنی‌و کەنیزەکانی ئەمیرەکانی داعشە، ئەو باس لەوە دەکات کە هەرگیز رۆژێک لەڕۆژان نەبینیوە ئەبوبەکری بەغدادی بەرگی سەربازیی پۆشی بێت‌و بەشداری هیچ شەڕێکی کردبێت، چەندین ژن‌و کەنیزەکی هەبووە کە بەشێکیان تەمەنیان منداڵ بووە، ئەو دەڵێت "لەبەغدا ئەبوبەکری بەغدادی ژنى دووەمى بەناوى سەجا دلێمى هێناوە، دواتریش کە چووەتە سوریا، پێش راگەیاندنی خەلافەت لەساڵی ٢٠١٤ بێوەژنێکی حەلەبی هێناوە، دوای ئەوەش ژنێکى ١٤ ساڵانى عێراقى هێناوە کە کچى عەبدوڵڵا زەوبەعى نزیک لەخۆى بووەو لەساڵى ٢٠١٥شدا ژنێکى دیکەى چیچانى هێناوە".

دەشڵێت "ئەبوبەکری بەغدادی زیاتر لە ١٠ کچی ئێزیدی وەک کەنیزەک هەبوو، کە بەشێکیان تەمەنیان زۆر کەم‌و منداڵ بوون، دوای بەسەربردنی چەند رۆژو هەفتەیەک لەگەڵیان، دەیدان بەئەمیرەکانی تر، بەڕای من دەوڵەتی ئیسلامی ئیتر لەو سەردەمەدا کە خەلافەت راگەیەندرا گۆڕا بۆ دەوڵەتی کەنیزەک‌و ژنان، هەموو خولیای ئەمیرەکان حەزی سێکسی‌و ژن بوو، هەموو ئەمیرەکان کەنیزەکی ئێزدییان هەبوو، بوونی سەبایاو کەنیزەک رۆڵی هەبوو لەوەی بەشێک لەپیاوان لەداعش کۆببنەوە".

ئەسما باس لەوە دەکات کە ئەبوبەکری بەغدادی لەکاتی چوونیەوە بۆ رەقە تا دوا کاتی ژیانی گەنجێک وەک پاسەوانی تایبەتی بەردەوام لەگەڵی بووە کە ناوی مەنسور بووەو تەمەنی ٢٣ ساڵ بووەو ئومەیمەی کچی داوەتێ کاتێک تەمەنی ١٢ ساڵ بووە، ئەو دەڵێت "کاتێک دەوڵەتی ئیسلامی کەوتە مەترسییەوە ئەمیرەکان ژن‌و مناڵەکانی خۆیان دەگواستەوە بۆ تورکیاو دەرەوەی وڵات‌و داوایان لەخەڵک دەکرد بەرگری بکەن‌و کەنیزەکانیشیان لەگەڵ خۆیان دەهێشتەوە، بەڕای من دەولەتی ئیسلامی داعش پەڵەیەکی رەش‌و ریسواییە دەرهەق بەژن، ئەو هەموو بێوەژن‌و هەتیوو کەوتووە کە نازانن کێ باوکیانە نازانن خێزانەکانیان کێیە مێژووییەکی رەشە".

 

رێکخراوى داعش لەساڵى ٢٠١٤ خەلافەتی ئیسلامی راگەیاندو ساڵى ٢٠١٧ کە شارەکانی موسڵ‌و رەقە کۆنترؤل کران، کۆتایی بەدەوڵەتەکە هێنراو لە ٢٧ى تشرینى  یەکەمى ٢٠١٩شدا ئەبوبەکری بەغدادی کوژرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×