گەشتی خاتوو بێڵ بۆ هەورامان‌و شارباژێڕو کەرکوک‌و سلێمانی‌
  2024-02-15       2350       

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

سەردانێکی خاتوو گێرتروود بێڵی گەورە ڕاوێژکاری بەریتانیا لە بەغدا و دامەزرێنەری دەوڵەتی نوێی عێراق بۆ کەرکووک، سلێمانی، شارباژێڕ، پێنجوێن، هەڵەبجە و هەورامان لە ساڵی ١٩٢١دا و ڕەنگدانەوەی ئەو سەردانە مێژووییە لە دووتوێی نامەکانیدا بۆ باوکی.

 

٩ی تشرینى دووه‌می 1921

باوكی خۆشه‌یستم، شتێكی باش نییە‌ پێت بڵێم له‌ كوێم، چوونکە‌ به‌ پێی ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خشه‌ی جه‌نگیدا دیاریكراوه‌ ده‌بێ پابه‌ند بم پێیه‌وه‌. من شه‌وی 2ی نۆڤه‌مبه‌ر به‌غدام به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر جێهێشت. هەڵبەت‌ تووشی سه‌رسوڕمان نابیت ئه‌گه‌ر ئاگادارى بارودۆخی هێڵی ئاسنی میسۆپۆتامیا بیت و ئه‌وه‌ ببیستی كه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ جووڵه‌ بكات مه‌كینه‌كه‌ی  شكا و دوو کاتژمێر دواتر و له‌ نیوه‌شه‌ودا و دواجار كاتێ كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵسام له‌ قزل ڕه‌بات بووین، ڕێك له‌و شوێنه‌دا كه‌ هه‌ردوكمان پێكه‌وه‌ به‌ره‌و سنووری ئێران ده‌ڕۆیشتین.   گرد و به‌رزاییه‌كانی ئێران له‌ حوكمی چاودا بوون و شنه‌بایه‌كی خۆش و فێنكی ئه‌و به‌رزاییانه‌ پێشوازیت لێده‌كات وه‌ك خێر و به‌ره‌كه‌ت. ئێمه‌ كاتژمێرێك یان زیاتر له‌ قزل ڕه‌بات ماینه‌وه‌ و لێره‌ به‌ تۆبزی بڕی پێنج ڕوپێ سزا بۆ هه‌ر پاسپۆرتێكی حاجییه‌ ئێرانییه‌كان وه‌رده‌گیرێت (مه‌به‌ستى زیاره‌تكه‌رانى شاره‌ پیرۆزه‌كانى كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌فه‌ ـ و) كه‌ خۆیان دزیوه‌ته‌وه‌ له‌ داواكاریی پۆلیس كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ به‌غدا بده‌ن و سه‌رپێچییان كردووه‌. پاشان خۆم گۆڕی و به‌ هێلكه‌ی كوڵاو قاوه‌ڵتیم كرد له‌گه‌ڵ چایه‌كی گه‌رمی چاكدا و به‌ره‌و كنگربان    كه‌وتینه‌ڕێ و موعجیزه‌یه‌ك بوو بۆ خۆی كه‌ فارگۆنه‌كه‌ی من له‌وانیتر نه‌ترازا، چوونکە‌ هێڵه‌ ئاسنه‌كانی میزۆپۆتۆمیا هه‌ژده‌ مانگ له‌و ده‌مه‌ كۆنترن كه‌ تۆ بینیتن و ئێمه‌ش پاره‌مان نییە‌ بۆ كڕینی پێچكه‌ی نوێ و كه‌ره‌سته‌ی یه‌ده‌ك و چاككردنه‌وه‌ و جا وه‌ره‌ بیر له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی بكه‌ره‌وه‌. ده‌سكی ده‌رگاكان له‌ كردنه‌وه‌دا به‌ده‌ستته‌وه‌ دێن، ئه‌گه‌ر نه‌زانی و ئاگات له‌ خۆت نه‌بوو په‌نجه‌ره‌یه‌كت كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ جارێكی تر داناخرێته‌وه‌، به‌لووعه‌ له‌ حه‌مام و ده‌ستشۆره‌كاندا له‌ كاركه‌وتوون و ئه‌گه‌ر بمه‌وێ ئاوی گه‌رمم له‌ مه‌كینه‌كه‌وه‌ ده‌ست بكه‌وێت ده‌بێ كونی حه‌وزه‌كه‌ به‌ كاغه‌ز بگرم. له‌ كنگربان ئۆتۆمبیل چاوه‌ڕێی ده‌كردم و كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ گه‌یشتمه‌ كه‌ركووك و له‌وێ له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاری لیواكه‌، مێجه‌ر مارشاڵ مامه‌وه‌. هه‌مان هۆده‌ له‌ حه‌وشه‌     بچوكه‌كه‌دا و جۆگه‌ ئاوێكی پێدا تێده‌په‌ڕی. بیرت دێته‌وه‌ كه‌ تۆ له‌ هۆده‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر بوویت؟ من گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژم كرد له‌گه‌ڵ مێجه‌ر مارشاڵ سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و خۆت ده‌زانی كه‌ركووك زۆر به‌ توندی سوێندی به‌یعه‌تی بۆ فه‌یسه‌ڵ ڕه‌تكرده‌وه‌و ئێره‌ نیوه‌ی توركه‌ و نیوه‌ی كورده‌ و خه‌ڵكه‌ توركه‌كه‌ی ڕاشکاوانه‌ ده‌خوازن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر توركیا و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركووك ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ سه‌رناگرێ و به‌شه‌ كورده‌كه‌شی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بده‌نه‌ پاڵ ده‌وڵه‌تێكی كوردی ئه‌گه‌ر هاته‌ ئاراوه‌. ئێستا ته‌واوی لیواكه‌ له‌ ژێر ڕكێفی موته‌سه‌ڕیفێكی عه‌ره‌بدایه‌ كه‌ زات ناكات ئاڵای عه‌ره‌بى هه‌ڵبكات و ناشتوانێ ئاڵای به‌ریتانیا هه‌ڵبكات و به‌و ڕه‌نگه‌ هیچ ئاڵایه‌كی هه‌ڵنه‌كردووه‌. فه‌تاح پاشای موته‌سه‌ڕیف هات بۆ ئێوارەخوانێك كه‌ بۆ من ساز كرابوو، فه‌تاح پاشا كه‌م تا زۆر كاربه‌ده‌ستێكی شكۆداری سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ی كۆنه‌ و خۆی له‌ دۆخێكی زۆر ناسكدا ده‌بینێ و ته‌نها قه‌ره‌بووی ئه‌و دۆخه‌ی دۆستایه‌تییه‌ به‌تینه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاردا.

بۆ به‌یانیی ڕۆژی دواتر گه‌وره‌ پیاوی شار سه‌ردانێكی كردم، كه‌ تورك بوو و كه‌سی سه‌ره‌كی بوو له‌ بزووتنه‌وه‌ی سه‌ر به‌ توركدا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا دۆخی كه‌ركووك دیاری نه‌كرابوو هیچمان باس نه‌كرد له‌ باسی   كه‌شوهه‌وا و به‌روبووم به‌ولاوه‌. هه‌ر ئه‌مڕۆش كاتژمێر 11 به‌ ئۆتۆمبێل به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات به‌ڕێكه‌وتم بۆ سلێمانی ڕێگه‌كه‌ یه‌كه‌مجار به‌ دێهاتی ناڕێكوپێكدا ده‌ڕۆیشت به‌ ناو گرد و ته‌پۆڵكه‌ی بچووكدا و ورده‌ ورده‌ هه‌رده‌ و هه‌ڵه‌ت خۆیان كۆده‌كرده‌وه‌ و به‌رزاییه‌كیان پێكهێنا و شۆڕ بووه‌وه‌ بۆ ده‌شتایی و نزماییه‌كی پڕ گژوگیا كه‌ به‌هارێكی بچووك سه‌ریهه‌ڵدابوو و گوڵی په‌مه‌یی په‌یدا بووبوو. كاتێ گه‌یشتینه‌ ترۆپكی به‌رزاییه‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌ دۆڵی چه‌مچه‌ماڵمان بینی كه‌ ڕیزه‌ شاخێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌وسه‌ریه‌وه‌ بوو، ڕووته‌ن و به‌ردین. له‌ پشتی ئه‌ویشه‌وه‌ زنجیره‌ له‌ دوای زنجیره‌ چیا به‌رزاییه‌كانی هه‌رێمی كوردیان پێكده‌هێنا و تا به‌ره‌و سنووری ئێران بڕۆیشتیتایه‌ی به‌رزتر ده‌بووه‌وه‌. دوور به‌ره‌و باكووری ڕۆژهه‌ڵات بڕۆیت هاوینه‌هه‌واری قه‌ندیل داغه‌ كه‌ لووتكه‌ به‌ به‌فر داپۆشراوه‌كانی چووه‌ به‌ ئاسماندا. گرد و دۆڵه‌كان تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ك یه‌ك بوون نه‌ خه‌ڵكیان تێدابوو و نه‌ كشتوكاڵ و تا چاو بڕ بكات فه‌رشی گژوگیا ئه‌و ناوه‌ی گرتبوو و ترۆپكه‌ شاخی به‌ردین لووتی ژه‌ندبووه‌ ئاسمان و هیچ شتێكی تر نه‌بوو. له‌و ناوه‌دا ته‌نها له‌ به‌ر پێماندا گوندی چه‌مچه‌ماڵ دیاربوو، خانووی قوڕی ساپیته‌ فلات له‌ بن گردێكی كۆنی میدییه‌كاندا به‌ ته‌نیشتی یه‌كتره‌وه‌ دروستكرابوو (چه‌مچه‌ماڵ له‌و ده‌مه‌شدا شارۆچكه‌یه‌ك بووه‌ نه‌ك گوند - و). ئه‌مه‌ وڵاتی عه‌شیره‌تی هه‌مه‌وه‌ندی به‌هێز بوو كه‌ به‌رده‌وام مایه‌ی ترس و تۆقاندن بوون بۆ حكوومه‌ت و له‌و گونده‌ په‌رت و بڵاوانه‌ی نێوان گرد و ته‌پۆڵكه‌ و دۆڵه‌كاندا ده‌ژیان و تا ئه‌و ده‌مه‌ی ئێمه‌ هاتین و ته‌ماشامان كرد. هه‌مه‌وه‌ند كۆمه‌ڵێكن له‌ نزیكه‌ی دوو سه‌د ئاغایه‌كی چاوچنۆك زیاتر نین و له‌لایه‌ن جێگرێكی ئه‌فسه‌ری سیاسیی به‌ریتانییه‌وه‌  کۆنترۆڵ و جڵه‌و كراون و ئێمه‌ ته‌نها خانوویه‌كی گه‌وره‌مان بۆ دروستكردبوو كه‌ ئاڵای به‌ریتانیاى به‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌شه‌كایه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌چووه‌ته‌ ناوی و من له‌ ماڵه‌ كوردێكی بچووكدا بینیم له‌ سه‌ر سندووقێكی هه‌ڵه‌وگێڕاو نانی نیوه‌ڕۆی ده‌خوارد و ئاغایه‌كی هه‌مه‌وه‌ندیش به‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ چوارمشقی دانیشتبوو، بۆ خۆیان ده‌مه‌ته‌قێیان ده‌كرد. من ده‌ ده‌قیقه‌یه‌ك له‌ لای دانیشتم و له‌و كاته‌دا تایه‌یه‌كی ئۆتۆمبیله‌كه‌یان گۆڕی و پاشان به‌ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی هه‌رده‌و هه‌ڵه‌تدا ڕێمان گرته‌به‌ر و ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و ده‌روازه‌ی زنجیره‌ شاخێك هه‌ڵكشاین كه‌ ده‌ربه‌ندی بازیان بوو، ئێمه‌ لێره‌ له‌ هاوینی 1919دا هێزه‌كانی شێخ مه‌حموودمان شكاند و ته‌فروتوونامان كردن . ئه‌وه‌ش چیرۆكێكی دوور و درێژ و پڕ له‌ پێچ و په‌نایه‌ و ته‌ماشای هه‌ر كتێبێكی سپی بكه‌یت تێده‌گه‌ی مه‌سه‌له‌ چی بووه‌ (ئه‌و كتێبه‌ یان ڕاپۆرته‌ به‌رگ سپییه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت ده‌ریده‌كرد له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ یان كێشه‌یه‌ك - و). له‌ ده‌ربه‌نده‌كه‌دا ژنه‌ كوردێكی به‌ژن و باڵا گۆشتنى ڕووگه‌شمان بینی كۆرپه‌یه‌كی به‌ كۆڵیه‌وه‌ دابه‌ستبوو و مانگایه‌كیش به‌ باره‌وه‌ هێدی هێدی له‌ پێشیه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت و ئاژه‌ڵێكی بارهه‌ڵـگری سه‌یر بوو. هه‌ر كه‌ ئێمه‌ی بینی سڵه‌مییه‌وه‌ و دای به‌ تاوێر و به‌ردی قه‌راخ ڕێگه‌كه‌دا و به‌ باره‌وه‌ گلاو كه‌وت. منداڵه‌كه‌ ده‌ستی كرده‌ گریان و ژنه‌ كه‌وته‌ لێدانی مانگاكه‌ و ئه‌میش كه‌وته‌ لنگه‌ فرتێ و وامزانی هه‌ر ئێستا قاچی ده‌شكێ. ئێمه‌ به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌مان له‌ كوردستان ئه‌م هه‌را و به‌زمه‌مان نایه‌وه‌! له‌ به‌ر ئه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌داوان ڕامانكرد و باره‌كه‌مان له‌ مانگاكه‌ داگرت و هه‌ڵمانسانه‌ سه‌ر پێ و منداڵه‌كه‌مان گرت تا دایكه‌كه‌ سه‌رله‌نوێ باره‌كه‌ی توند كرده‌وه‌ و ئه‌وجا به‌ خۆشییه‌وه‌ هه‌ر یه‌كه‌ به‌ ڕێی خۆماندا ڕۆیشتین. ڕێگه‌ی ئێمه‌ خۆش و پان و پۆڕ بوو و به‌ دۆڵی بازیاندا خلۆر بووینه‌وه‌ كه‌ به‌ پڵ و پووشی زه‌ردی ئاڵتوونی داپۆشرابوو، له‌وبه‌ری دۆڵه‌كه‌وه‌ زنجیره‌ شاخێكی نزمترمان چاو كرد كه‌ تاسڵووجه‌ داغی ناو بوو. لێره‌ به‌ لێژاییه‌كی پڕ له‌ پووشی نه‌رمدا وه‌ستاین بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ و له‌ولامانه‌وه‌ خێزانێكی كورد لۆكه‌یان ده‌چنی له‌ مه‌زرایه‌كی بچووكدا و نه‌مزانی ئه‌مانه‌ له‌ كوێوه‌ هاتوون چوونکە‌ هیچ گوندێكم له‌و ناوه‌دا به‌رچاو نه‌كه‌وت و پاشان ده‌ربه‌ندی تاسڵووجه‌مان بڕی و چووین به‌ دیوی دۆڵی سلێمانیدا كه‌ زۆر به‌رفراوانتر بوو له‌ بازیان و چه‌مچه‌ماڵ. دوور له‌ خواری دۆڵه‌كه‌ دار و خانووه‌كانی شاری سلێمانیمان به‌دیكرد، كه‌ له‌ نزیكه‌ی كاتژمێر پێنجدا پێیگه‌یشتین و له‌و ناوه‌دا له‌ملاو له‌ولاوه‌ چه‌ند گوندێكمان بینی و خه‌ڵك به‌ ڕێگاوه‌ بوون بۆ ماڵی خۆیان و ئافره‌تان گورزه‌ پووش و چیلكه‌یان به‌ كۆڵ هه‌ڵـگرتبوو كه‌ 8 تا 10 پێ درێژ و 4 پێ پان بوو. ئه‌وان وه‌ك هه‌ندێ جۆری قالۆنچه‌ی سه‌یر ده‌هاتنه‌ به‌رچاو كه‌ كۆمه‌ڵه‌ پووشه‌كه‌ به‌ سه‌ر پشتی چه‌ماوه‌یانه‌وه‌   بوو و هیچی تر نه‌ده‌بینرا له‌ دوو قوله‌پێی به‌هێز به‌ولاوه‌ و له‌ره‌له‌ری گورزه‌یه‌ك. خۆر له‌ ئاوابووندا بوو كه‌ ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ سلێمانی و یه‌كڕاست چووین بۆ ماڵی مێجه‌ر گۆڵدسمیس، كه‌ خانوویه‌كی قه‌شه‌نگ بوو له‌ سه‌ر شێوه‌ی ئێرانی و باخێكی تێدابوو پڕ له‌ دار هه‌ناری گه‌ڵا زه‌رد هه‌ڵـگه‌ڕاو له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕیزه‌ كۆسمۆسێكی دره‌نگ گوڵكردوو. به‌ هۆڵێكی بچووكدا ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌ بۆ دیوه‌خانێكی گه‌وره‌ و فراوان و چه‌ند كۆڵه‌كه‌یه‌كی دارینی تێدایه‌ و ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر باخچه‌یه‌كدا و له‌وێ دانیشتین و چایان بۆ هێناین. هۆده‌ی خه‌وتنه‌كه‌ی من، وه‌ك هه‌ر هۆده‌یه‌كی خه‌وتنی ئێرانی په‌نجه‌ره‌ی ته‌لبه‌ندی هه‌بوو و به‌ سه‌ر باخچه‌كه‌دا ده‌یڕوانی له‌ به‌رانبه‌ر هۆده‌ی دیوه‌خانه‌وه‌ و له‌ پشتیشیه‌وه‌ هۆده‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێشوازی خرابووه‌ سه‌ر خانووه‌كه‌. شوێنه‌كه‌  خۆش و دیواره‌كان سپی و تاقمی جوان له‌ دیواره‌كاندا هه‌بوون و بنمیچی   دارین و ئاگردانی گه‌وره‌ گه‌وره‌ زۆری دڵخۆش كردین كه‌ له‌ ئێواره‌دا ئاگری دارمان ده‌بینی ده‌سووتا. سلێمانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر به‌رزیی 2 - 3 هه‌زار پێ (له‌ ڕووی ده‌ریاوه‌) و وه‌رزی ئه‌م دره‌نگانی پایزه‌ زۆر خۆشه‌. لێره‌ كاپتن بێلی، كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌یناسم و خۆشمده‌وێ، یاریده‌ده‌ری مێجه‌ر گۆڵدسمیسه‌، سكرتێره‌كه‌شی كاپتن هۆڵته‌ (كه‌ ڕۆژی دوای ئه‌وه‌ی من گه‌یشتم تووشی ئاوڵه‌ بوو و له‌ جێگادا كه‌وتووه‌، داماو خۆی)، هه‌روه‌ها ئه‌فسه‌ره‌كانی لێڤی كاپتن ماكانت و كاپتن بۆرن بوون، یه‌كه‌میان كه‌سێكی چاك بوو كه‌ به‌ عاده‌ت زۆربه‌ی كاتی له‌گه‌ڵ من به‌ سه‌رده‌برد كاتێ كه‌ ده‌هات بۆ به‌غدا. ئێمه‌ سلێمانی وه‌ك لیوایه‌ك به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین كه‌ هه‌موو دانیشتووانی كوردن، ڕاسته‌وخۆ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمیسیاری باڵادا و جیا له‌ عێراق و هیچی تری له‌گه‌ڵ ناكرێت. لێڤییه‌كانی كوردن و هێزی به‌ریتانیمان له‌وێ نییە‌ و هه‌موو كاربه‌ده‌ستان كوردن و هه‌موو كار و ڕایی كردنی مامه‌ڵه‌یه‌ك هه‌ر به‌ زمانى كوردی ده‌كرێت. ئێمه‌ ئێستا وا خه‌ریكی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی هه‌ڵبژێردراوین كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ چوار ئه‌ندامی حكوومه‌ت (مێجه‌ر گۆڵدسمیس خۆی و سێ كاربه‌ده‌ستی كورد)، چوار نوێنه‌ری شاری سلێمانی و یه‌ك نوێنه‌ریش له‌ هه‌ر قه‌زایه‌ك له‌ چوار قه‌زاكه‌. ئه‌م چواره‌یان ئێستا له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارندان و كارێكه‌ پێی ئاشنا نین چوونکە‌ پێشتر هیچ كه‌س هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌ و كاندیده‌كان زۆر شه‌رم ده‌كه‌ن بێنه‌ پێشه‌وه‌، به‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ ده‌بێ ئه‌فسه‌ره‌ سیاسییه‌كان ڕازییان بكه‌ن و هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ بده‌ن. به‌هه‌رحاڵ، ئێمه‌ كه‌م تا زۆر هه‌ر نوێنه‌رایه‌تییه‌كی وڵاتمان ده‌ستده‌كه‌وێت ورده‌ ورده‌ به‌رپرسیارێتیی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆ. له‌ ئێستادا مێجه‌ر گوڵدسمیس ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ چوونکە‌ كه‌سێك نییە‌ له‌و شیاوتر بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌، به‌ڵام دواتر به‌هیواین بتوانن كه‌سێك هه‌ڵبژێرن بۆ ئه‌و شوێنه‌ و ڕه‌نگه‌ پیاوێكی خوێنده‌واری خۆوڵاتی بێت، كه‌ زۆرێكیان له‌ ئه‌سته‌مبووڵ فێر بوون، چوونکە‌ توركه‌كان كاتی خۆی زۆر له‌ بنه‌ماڵه‌ گه‌وره‌كانیان بردووه‌ بۆ پایته‌خت. هه‌ر كاتێكدا كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامدرا ئه‌وه‌ پێكهاته‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، كه‌ قه‌واره‌یه‌كی ناوخۆیی حوكمی حكوومه‌تی كوردی ده‌كات له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمیسیۆنی باڵادا و هەڵبەت‌ ئه‌مه‌ شتێكی سه‌رسامكه‌ره‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا كار له‌م بواره‌دا كراوه‌. له‌ كاتی ده‌سه‌ڵاتی توركدا ته‌واوی هه‌رێمه‌كه‌ له‌ پشێوی و نائارامیدا بووه‌ و هیچ ڕێگاوبانێك سه‌لامه‌تی و ئه‌مانی تێدا نه‌بووه‌ و هیچ كارێكی حكوومه‌ت جێبه‌جێ نه‌ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا به‌ ئاشتی و ئارامى كار به‌ڕێوه‌ده‌چێت و چاوچنۆكی و ته‌ماحكاریی سه‌رۆك و ئاغای تیره‌ و هۆزه‌كان به‌ری لێگیراوه‌ و جووتیار ڕه‌ز و باخی خۆی ده‌كێڵێ و تووتنی خۆی ده‌كات و به‌روبوومی خۆی به‌ سه‌لامه‌تی دێنێته‌ بازاڕی سلێمانییه‌وه‌ و ئێستا به‌ سه‌رپه‌رشتییه‌كى كه‌م خه‌ڵكه‌كه‌ خۆیان كاروبارى خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. داهاتی كورد به‌ ڕه‌سمی ده‌خه‌مڵێنرێت و هه‌روه‌ها ئه‌رك و كاره‌كانی لێڤیش، به‌ڵام ده‌فته‌ر و تۆماره‌كانی ده‌بێ بخرێنه‌ به‌ر پشكنینی كاربه‌ده‌ستی به‌ریتانی له‌ هه‌موو شوێنێك بۆ پشكنین و ڕێكخستن و ڕاست ڕاگرتنی ژمێریاری به‌ شێوه‌یه‌كی دروست و هەڵبەت‌ كاربه‌ده‌ستی به‌ریتانی هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ كوردی ده‌كات. من ڕۆژانی پێنج و شه‌شی ئه‌م مانگه‌م له‌ سلێمانی به‌سه‌ربرد و یه‌كه‌م ڕۆژم ته‌رخان كرد بۆ بینینی ئه‌م شاره‌ جوان و بچووكه‌ و گه‌ڕان به‌ ناو بازاڕه‌ قه‌شه‌نگه‌كانیدا. كورده‌كان خه‌ڵكێكی ڕووخۆش و به‌ وێڵ و ماریفه‌تن. مێزه‌ری زلى تێكه‌ڵاویان (مه‌به‌ستى تێكه‌ڵكردنی مشكی و جامانه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ باو بووه‌ - وه‌رگێڕ) شه‌رواڵی فشه‌ڵ و پانوپۆڕیان كه‌ له‌ ناوقه‌دیانه‌وه‌ به‌ چه‌ندین یارد پشتێنی قوماشی لۆكه‌ به‌ شێوه‌ی قوڵف و گرێ گرێ ده‌یبه‌ستن و چاكه‌تێكی كورتی به‌ سه‌ردا له‌ به‌ر ده‌كه‌ن و سه‌یر ده‌نوێنێ له‌ ته‌ماشا كردندا. پیاوانی شار كه‌وای ڕەنگاوڕه‌نگ یان به‌ ئاوڕێشم چنراو له‌ به‌ر ده‌كه‌ن له‌ ژێر چاكه‌تێكی زۆر كورتدا (مه‌به‌ستی سه‌ڵته‌یه‌ - و) و خه‌نجه‌رێكی مشتوو زیو ده‌كه‌ن به‌ به‌ر پشتێنه‌كه‌یاندا، به‌ڵام كه‌س ئێستا پێویستی به‌وه‌ نییە‌ چه‌ك هه‌ڵبگرێت و بچێ بۆ سه‌ر ئیشی ڕۆژانه‌ی و به‌م پێیه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌زنێ دوان فیشه‌ك له‌خۆ بده‌یت و به‌ چوارده‌وری شاردا بسووڕێیته‌وه‌ و خۆت با بده‌یت قه‌یناكه‌ به‌ڵام نه‌ك له‌ ناو شاردا. لای ئێواره‌ هه‌ر سێ كاربه‌ده‌سته‌كه‌ی حكوومه‌ت هاتن بۆ لام، كه‌ قازی و ماڵ مودیری (به‌ڕێوه‌به‌رى داهات) و داده‌وه‌ر بوون. ئه‌مان هه‌موویان به‌ عه‌ره‌بی قسه‌یان ده‌كرد و خێرا خێرا جه‌ختیان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ بۆم كه‌ هیچیان له‌گه‌ڵ عێراق و فه‌یسه‌ڵدا نییە‌.

سلێمانیی سه‌ربه‌خۆ - من ته‌نانه‌ت ناڵێم كوردستان - شتێكه‌ كه‌ ئه‌وان فه‌رامۆشیان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هاوكار بن و ئامۆژگاریی كاربه‌ده‌ستانی كورد بكه‌ن و ئه‌گه‌ر توانیمان پاره‌ په‌یدا بكه‌ین هێڵێكی ئاسن له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ ڕاكێشین بۆ ئێره‌ ئه‌وه‌ منه‌تبار ده‌بن، به‌ڵام من پێمڕاگه‌یاندن كه‌ ئه‌م خاڵه‌یان پێده‌چێت جێبه‌جێ نه‌بێت. ڕۆژی شه‌شی مانگ باران بوو به‌ڵام من سه‌رله‌به‌یانییه‌كه‌ی به‌خۆشییه‌وه‌ له‌ بناری شاخدا ئه‌سپ سوارییه‌كی چاكم   كرد و جه‌ندرمه‌یه‌كی عه‌ره‌بیزان وه‌ك ڕێپیشانده‌ر یاوه‌ریی ده‌كردم. پاش نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ كاپتن ماكانت سه‌ردانی سه‌ربازگه‌ى لێڤیم كرد له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازی و چه‌ند شوێنێكی تر و یه‌ك له‌ سه‌ربازگه‌كانیان خانووه‌ گه‌وره‌كه‌ی شێخ مه‌حموود بوو. دواتر هه‌ر چوار ئه‌ندامه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن هاتنه‌ لام و پێكه‌وه‌ چایه‌كمان خوارده‌وه‌ و سیانیان به‌ عه‌ره‌بی قسه‌یان ده‌كرد و هیوام بۆ خواستن به‌ گشتی سه‌ركه‌وتوو بن له‌ كاروباری ئه‌نجومه‌ن و حكوومه‌ته‌كه‌یاندا و وتیشم ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ هه‌لومه‌رج و دۆخێكی باشدا بن له‌گه‌ڵ عێراق و چ حكوومه‌تێك هه‌ڵده‌بژێرن لای خۆتانه‌. هه‌روه‌ها ڕه‌زا به‌گی قایمقامیش هات و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌وا ڕه‌نگه‌ كه‌ركووكیش بیه‌وێت بێته‌ سه‌ر سلێمانی به‌ڵام من ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م پێ قبووڵ نه‌بوو و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌م لا دروست بووبوو كه‌وا كه‌ركووك ناداته‌ پاڵ كه‌س  pour le bon motif. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وان ده‌بێ نه‌خشه‌ی كاری خۆیان دابڕێژن بۆ ڕزگار بوون به‌ڵام ئومێدم وایه‌ ڕێگای گه‌وجانه‌ نه‌گرنه‌ به‌ر. سه‌رله‌ئێواره‌ بوو به‌ باران و هه‌وره‌  گرمه‌ و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ زۆرم هیوا نه‌ما به‌و گه‌شته‌ی به‌نیازی بووم له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كاندا به‌ڵام بۆ به‌یانیی حه‌وتی مانگ هه‌ور به‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌ما و دنیا له‌ دوای ئه‌و بارانه‌ ساف و ڕوون بوو. به‌م پێیه‌ به‌یانیی كاتژمێر نۆ من و كاپتن بێلی كه‌وتینه‌ڕێ به‌ یاوه‌ریی دووسێ جه‌ندرمه‌ كه‌ به‌رگی ڕه‌سمیی سه‌رنجڕاكێشیان پۆشیبوو به‌ جۆرێك كه‌وا له‌گه‌ڵ پێگه‌ و پایه‌به‌رزیی ئێمه‌دا بگونجێ (یه‌كێكیان كه‌ ناوی ساڵح به‌گ بوو و عه‌ره‌بی زانێكی باش بوو به‌ ده‌سته‌جلێكی قاوه‌یی و نه‌خشی چنراوی ئاڵتوونییه‌وه‌، كه‌وته‌ ته‌ك من) و زه‌یا به‌ جووتێ هێستره‌وه‌ كه‌ جانتا و تفاقمانیان هه‌ڵـگرتبوو به‌ دوامانه‌وه‌ بوو. من هیچێكی ئه‌وتۆم له‌گه‌ڵ خۆم نه‌بردبوو بێجگه‌ له‌ كورسی و  ده‌ستشۆر و ده‌ستێك جل و كیسه‌ خه‌وێك و ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستاندا پێویستت پێیانه‌ و تۆش له‌وه‌ تێده‌گه‌یت كه‌وا جارێكی تر دڵم كه‌وته‌ ترپه‌ ترپ به‌ زرنگه‌ی زه‌نگی كاروان له‌ ئاوزه‌نگییه‌كانی لای پاژنه‌مه‌وه‌. ئێمه‌ به‌ سواریی ئه‌سپ یه‌كڕاست به‌ شاخه‌كه‌ی پشتی شاری سلێمانیدا سه‌ركه‌وتین و له‌وێوه‌ و له‌ سه‌ر لووتكه‌ی شاخه‌وه‌ به‌ سه‌ر ته‌واوی وڵاته‌كه‌دا ده‌مانڕوانی و دنیایه‌ك زنجیره‌ شاخی پڕ دارستانمان بینی و لووتكه‌ شاخێكی ڕووته‌نیش كه‌ سنووری ئێرانی دیاری ده‌كرد. كاتێ چووینه‌ ئه‌ودیودا ورده‌ ورده‌ ده‌وه‌ن و داربه‌ڕووه‌كان گه‌وره‌و گه‌وره‌تر ده‌بوون، لێره‌ و له‌وێ هه‌ندێك گۆڕستانمان بینی كه‌ دار تیایدا    پیرۆزه‌ و ته‌نانه‌ت نابێ لقه‌ دارێكیشی لێببڕیت بۆ سووتاندن و داری زل زل سێبه‌ریان كردبوو بۆ كێله‌ به‌ردی سه‌ر گۆڕه‌كان. من وایبۆده‌چم كه‌ ئیسلام به‌ سووكی ته‌ماشای خه‌ڵكی چیانشین ده‌كات، چوونکە‌ له‌ هه‌موو لا گۆڕی پیرۆزت به‌رچاو ده‌كه‌وێت پیاوچاكێكی له‌بیركراو یان ته‌واو خه‌یاڵی له‌ ناویاندا نێژراوه‌ و كۆمه‌ڵه‌ به‌ردێكی له‌ سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌ كراوه‌ بۆ دیاری كردنی مه‌زاره‌كه‌ی و داربه‌ڕووی لارولوێریان له‌ سه‌ر ده‌ڕوێ و ڕێبواران پارچه‌ قوماشی شه‌كاوه‌ به‌ لقه‌كانیدا هه‌ڵده‌واسن له‌ هه‌ر لایه‌ ترۆپكی گرد و ته‌پۆڵكه‌یه‌ و مه‌زاری ئه‌م حاجی و ئه‌و شێخن وه‌ك خواپه‌رستێكی كۆن له‌ موسڵمانانی ئه‌مڕۆ ده‌خوازن پارچه‌ په‌ڕۆ یان نازانم چییه‌ك بكه‌نه‌ نه‌زر بۆ ئه‌و شوێنه‌ی باوباپیرانیان كڕنووشیان بۆ چیاكان و نووری به‌هه‌شت بردووه‌. به‌م جۆره‌ به‌ دۆڵێكی قووڵدا شۆڕ بووینه‌وه‌ كه‌ لاپاڵه‌كانی به‌ داربه‌ڕوو داپۆشراوه‌ و هه‌موو شتێك جوانیی ئه‌و پایزه‌ دره‌نگوه‌خته‌ی ده‌نواند. داربه‌ڕووه‌كان بڕبڕ له‌ به‌رگی قاوه‌یی و سه‌وزدا ده‌دڕه‌وشانه‌وه‌، داربی،  دارچنار و سپیندار له‌ بنی دۆڵه‌كه‌دا دیمه‌نێكی دڵڕفێنی زه‌رد و ئاڵتوونییان ده‌نواند. لێره‌ و له‌وێش ڕه‌زه‌ ترێ هێشتا هه‌ندێ له‌ دوا گه‌ڵامێوی دره‌وشاوه‌یان پێوه‌ مابوو، یان چڵه‌ مێوێك له‌ سه‌ره‌وه‌ تا خوار خۆی له‌ داربه‌ڕوویه‌ك ئاڵاندووه‌. له‌و كاته‌دا هێزێكی سواره‌ هاته‌ سه‌ر   ڕێگه‌مان و ئه‌مانه‌ قایمقامی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و ده‌ستوپێوه‌ندی بوون و هاتبوونه‌ پێشوازیی كاپتن بێلییه‌وه‌ و كه‌وتنه‌ ته‌كمان بۆ باره‌گای قه‌زا، كه‌ گوندێكی بچووك بوو پێیان ده‌وت كانی سارد و له‌وێ له‌ بیناكانی حكوومه‌تدا دایانبه‌زاندین. ڕه‌نگه‌ وابزانن خانووی گه‌وره‌ و پۆشته‌ و په‌رداخ بووبێتن؟ با بۆت باس بكه‌م چۆن خانوویه‌ك بوو، سێ ژووری له‌  قوڕ و به‌رد دروستكراو به‌ سه‌ر هه‌یوانێكی قوڕدا  كراوه‌ته‌وه‌ و بنمیچه‌كه‌ی قامیش و چه‌ند لقه‌ دارێك بوو، هه‌ر سێ ده‌رگاكه‌ قاپیی پێوه‌ نه‌بوو، ئه‌م هۆدانه‌ هیچ په‌نجه‌ره‌یان تێدا نه‌بوو له‌ كونێك زیاتر له‌ بنمیچی هۆده‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی دووكه‌ڵی ئاگردانی ناوه‌ڕاستی هۆده‌كانی لێوه‌ ده‌رچێت كاتێ ئاگریان تێدا ده‌كرێته‌وه‌. من زانیم دووكه‌ڵ ده‌رناچێت چوونکە‌ به‌ شه‌و جه‌ندرمه‌كانمان له‌ هۆده‌كه‌ی به‌رانبه‌ری ئه‌وه‌ی من ئاگریان كرده‌وه‌ و دووكه‌ڵه‌كه‌ی هه‌موو هاته‌ ژووره‌كانی تره‌وه‌ تا به‌ شتێك گرتیان. له‌ هه‌یوانه‌كه‌دا سفره‌ ڕاخرا و نانێكی به‌تامیان بۆ كردبووین كه‌ بریتی بوو له‌ برنج و گۆشتی كوڵاو و ماستاوی سوێر و ترێی ڕه‌شی بچووك كه‌ دوا به‌ری ترێ بوو له‌م شاخانه‌دا. كاپتن بێلی دواینیوه‌ڕۆكه‌ی زۆر سه‌رقاڵ بوو و یه‌كه‌مجار پێنج شه‌ش بازرگانی كۆكرده‌وه‌ كه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ هاتبوون بۆ كڕینی تووتنی ئه‌و وه‌رزه‌ له‌ دێهاتی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ و له‌گه‌ڵیاندا ئه‌و نرخه‌ی بڕییه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ بوون بیده‌ن بۆ كڕینی تووتن و به‌و پێیه‌ ده‌كرا ده‌ یه‌كی حكوومه‌ت به‌ ڕاستی بخه‌مڵێنرێت. دوای ئه‌وه‌ چووه‌ سه‌ر حیسابی عەبدوڵڵا ئه‌فه‌ندیی كاربه‌ده‌ستی ناوخۆیی داهات و چاوی به‌ كاره‌كانیدا خشانده‌وه‌ له‌ ده‌فته‌ر و تۆماره‌كانیدا و په‌ڕه‌ په‌ڕه‌ هه‌ڵیدایه‌وه‌ كه‌ هه‌مووی به‌ زمانی كوردی نووسیبووه‌وه‌ و عەبدوڵڵا ئه‌فه‌ندی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش ده‌فته‌ر و تۆماره‌كانی خۆی به‌ ڕێكوپێكی ڕاگرتبوو. به‌ڵام من به‌جێمهێشتن و بۆ خۆم كه‌وتمه‌ گه‌ڕان له‌ دۆڵه‌كه‌دا له‌ خوار ئاواییه‌وه‌ به‌ ڕاڕه‌وه‌ پر گژوگیاكاندا و به‌ ناو په‌ڵه‌ تووتنه‌ چێنراوه‌كاندا و په‌ڵه‌ جۆی سه‌وزی زستانه‌دا، تا گه‌یشتمه‌ بن دارتوویه‌كی ئاڵتوونی و له‌وێ بۆ خۆم پاڵمدایه‌وه‌ و ته‌ماشای زنجیره‌ شاخی شین و دارچنارم ده‌كرد كه‌ له‌ ناو چه‌مه‌كه‌وه‌ هه‌ڵكشابوون و ده‌دره‌وشانه‌وه‌. ده‌مه‌و خۆراوا گه‌ڕامه‌وه‌ و ڕوانیم كاپتن بێلی ژمێریاریی خۆی ته‌واو كردووه‌ و له‌ پێش نانی ئێواره‌دا چه‌ندین پیاڵه‌ چای شیرینیان بۆ هێناین و هه‌ر كه‌ پیاڵه‌یه‌كت ده‌خوارده‌وه‌ خێرا یه‌كێكی تریان بۆ ده‌هێنایت و هیچ سوودی نه‌بوو بتوتایه‌ به‌سه‌ ئیتر ناخۆمه‌وه‌. له‌وێ باسی گالیپۆڵی مان كرد كه‌وا كاپتن بێلی شه‌ش مانگى تێدا به‌سه‌ربردبوو وه‌ك ئه‌فسه‌ری تۆپخانه‌ تا تووشی نه‌خۆشیی تایفۆیید (گرانه‌تا) بووبوو و له‌ پێش هێرشه‌كه‌دا ناردبوویانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. له‌م شه‌ڕه‌دا چل ئه‌فسه‌ر بێسه‌روشوێن بوون له‌ فه‌وجه‌كه‌دا و بگره‌ فه‌وجه‌كه‌ خۆیشی نه‌ما و ته‌فروتوونا بوو. وادیاره‌ باوه‌ڕ ناكرێ له‌ ناو ئه‌م چیا هێمن و بێده‌نگانه‌ی كورددا شێت و شبرێكی له‌م چه‌شنه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا دنیا بگه‌ڕێ.

بۆ نانى شێوان له‌ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ زیاترمان خوارد و دواتر هه‌ر له‌ هه‌یوانه‌كه‌دا لێی خه‌وتم، چوونکە‌ شه‌و له‌ كانی سارددا به‌ واتا خه‌وتن. بۆ سبه‌ى به‌یانیى 8ی نۆڤه‌مبه‌ر، كه‌شێكی خۆش و بێ هه‌وری هه‌بوو، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ سارد بوو ناچا بیت به‌ دوای گه‌رمیی خۆردا بگه‌ڕێیت كه‌ سێ سه‌عات زیاتر بوو هه‌ڵاتبوو به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ تینی نه‌بوو وا هه‌ست بكه‌م جله‌ ته‌نكه‌كانی ئه‌سپ سواریم لێ ببێته‌ بار. كاپتن بێلی به‌ ئه‌رك گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سلێمانی و زۆرم خه‌فه‌ت خوارد بۆ ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ و به‌یانیی كاتژمێر هه‌شت له‌گه‌ڵ ساڵح به‌گ و زه‌یا و دوو هێستر و سێ جه‌ندرمه‌ی تر به‌ڕێكه‌وتم، نه‌ك له‌ به‌ر سه‌لامه‌تی بەڵکوو بۆ ڕاگرتنی شان و شكۆی كاروانه‌كه‌م. گه‌شته‌كه‌م حه‌وت كاتژمێری سواریی برد بۆ شیوه‌كه‌ڵ كه‌ نیو سه‌عات له‌ سنووری ئێرانه‌وه‌ دوور بوو. من هه‌رگیز وڵاتی وا جوان و دڵڕفێنم به‌ چاو نه‌دیوه‌ و سێ جار ڕاڕه‌وی هه‌ورازمان هه‌ڵكشا بۆ دوو یان سێ هه‌زار  پێ و پاشان دوو یان سێ هه‌زار پێ شۆڕ ده‌بووینه‌وه‌ بۆ شیوێكی تر و به‌ ناو په‌ڵه‌ داربه‌ڕووی قاوه‌یی سوورباودا به‌و لاپاڵ و نشێویانه‌دا و زینی ئه‌سپه‌كانمان له‌م هه‌وراز و لێژییه‌ی دۆڵ و شیوه‌كاندا ده‌خزا و لاره‌سه‌نگ ده‌بوو. چه‌م و شیوه‌كان پڕبوون له‌ دار قه‌زوان و چنار و سپیندار و بی و تووتڕك به‌ گوێی جۆگه‌ ئاوه‌كاندا و ئێمه‌ له‌ سێ چه‌م و ئاومان دا و په‌ڕینه‌وه‌ چوونکە‌ وه‌رزه‌كه‌ی پایز بوو و له‌ به‌هاراندا هه‌رگیز بواری په‌ڕینه‌وه‌ ناده‌ن له‌ به‌ر ئاو زۆرییان. هه‌موو قه‌دپاڵی گرد و چیاكان یه‌كپارچه‌ ڕه‌ز و دار و ده‌وه‌ن بوون و سه‌وزه‌گیایه‌كی نه‌رمیش سه‌ری ده‌رهێنابوو، به‌ڵام ئه‌م ناوه‌ هه‌مووی چۆڵ بوو و به‌ درێژایی ڕۆژه‌ڕێیه‌كمان چل كه‌س كه‌مترمان بینی به‌ كاروانی بچووك بچووك كه‌ باره‌ تووتن یان گوێزیان پێبوو بۆ بازاڕی سلێمانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی كه‌می ئاواره‌ی ئێران كه‌ له‌ به‌ر ئاژاوه‌ و پشێویی ئه‌و سنوورانه‌ هه‌ڵاتبوون و هه‌ندێ شڕكه‌ و پڕكه‌ی ناوماڵیان له‌گه‌ڵ خۆ هێنابوو. كوردستانی به‌ری لای ئێمه‌ بووبووه‌ جۆرێك له‌ په‌ناگه‌ و داڵده‌ به‌ هۆی ئاشتی و ئارامی و به‌ڕێوه‌بردنی   دادپه‌روه‌رانه‌وه‌ و چاودێریی ژماره‌یه‌كی كه‌م گه‌نجی ئینگلیزه‌وه‌. له‌ هه‌ر شوێنێكی ڕێگا تووشی هه‌ر پیاوێك ببوایه‌م ده‌وه‌ستا و سڵاوی بۆ ده‌كردم، نه‌ك له‌ به‌ر شه‌خسی خۆم بەڵکوو له‌ به‌ر گه‌وره‌یی و خێرخوازیی حكوومه‌ته‌كه‌م بێجگه‌ له‌وه‌ش كه‌ غه‌ریب بووم و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له‌ ناو خه‌ڵكێكی میوان په‌روه‌ردا بووم.

پاش ئه‌وه‌ی چه‌می سێهه‌ممان بڕی، كه‌ له‌ هه‌مووی جوانتر و دڵڕفێنتر بوو، ڕێك به‌ره‌و شاخه‌كه‌ی سنوور هه‌ڵده‌زناین به‌ڵام به‌ ڕێگایه‌كی پێچاوپێچى بێكۆتاییدا. شتێكی زۆر گرنگه‌ كه‌ هاتنت بۆ كوردستان ته‌نها له‌ پایزدا بێت بۆ بینینی گوڵى سۆرنجانی زه‌رد. هه‌موو قه‌دپاڵێكی به‌ردین تۆپی ئاڵتوونیی گوڵی ئه‌و ڕووه‌كه‌ی له‌ سه‌ر په‌رت و بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و خۆی له‌ به‌ر خۆر هه‌ڵخستووه‌ و چه‌شنی ئه‌ستێره‌ ئه‌و خاكه‌ سوورباوه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌ و جریوه‌ی دێت له‌ سه‌ری.

ئێمه‌ هه‌ر هه‌ڵكشاین و هه‌ڵكشاین و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ گوندێكمان نه‌هاته‌ڕێ ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌ هیچمان نه‌خوارد و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی نێو چیاكان به‌ لێژایی تووش و سه‌ختدا شۆڕ ده‌بووه‌وه‌ من به‌ زۆری به‌ پێیان ده‌ڕۆیشتم بۆ ئه‌وه‌ی ماینه‌كه‌م بپارێزم له‌ گلان و پێش ئه‌وه‌ی ته‌لانه‌كانی شیوه‌كه‌ڵ به‌دی بكه‌ین من هه‌ستم به‌ برسێتیی زۆر ده‌كرد. ئێمه‌ له‌ ناو په‌ڵه‌ تووتنه‌كاندا ڕێگه‌مان ونكرد و كه‌ هاتینه‌وه‌ سه‌ر ڕێ تووشی مودیر بووین كه‌ له‌گه‌ڵ سواره‌كانیدا هاتبوونه‌ پێشوازیمانه‌وه‌، چوونکە‌ كه‌مێ پێش ئه‌وه‌ پیاوێكمان ناردبووه‌ لایان كه‌ هه‌واڵیان بداتێ وا گه‌یشتین. شیوه‌كه‌ڵیش وه‌ك هه‌موو گونده‌ كورده‌كانی تر به‌ لاپاڵێكی تووش و له‌ گوێ چه‌مێكدا دروستكرابوو، له‌ پێشه‌وه‌ خانووه‌كان له‌ دوو نهۆم دروستكرابوون، خواره‌وه‌یان بۆ ئاژه‌ڵ و پاتاڵ و سه‌ره‌وه‌ش بۆ نیشته‌جێی خۆیان، له‌ پشتیشه‌وه‌ بنمیچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ڕاڕه‌وه‌كه‌دا یه‌كسانه‌ و خانووه‌كه‌ له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ی خۆی جیاده‌كاته‌وه‌. نهۆمی سه‌ره‌وه‌ له‌ دواوه‌ به‌ سه‌ر ساپیته‌ی گه‌وڕه‌كه‌وه‌یه‌ و به‌ په‌یژه‌یه‌كی داریندا سه‌رده‌كه‌ویت و ده‌چیته‌ دیوه‌خانێكی گه‌وره‌وه‌ كه‌ بنمیچه‌كه‌ی به‌ كۆڵه‌كه‌ دار ڕاگیر كراوه‌ و لێره‌ له‌ سه‌ر قاڵی و دۆشه‌ك داده‌نیشیت و چه‌ند كه‌سێكیش خه‌ریكی چاى لێنانن. ئاگر له‌ ناوه‌ڕاستی دیوه‌خاندا ده‌كرایه‌وه‌ كه‌ یه‌كپارچه‌ ده‌یكرده‌ چه‌ڕه‌ دووكه‌ڵ، یان له‌ ئاگردانێكی ناو دیواره‌كه‌دا له‌ هۆده‌كه‌وه‌ ئاگر ده‌كرایه‌وه‌ و دووكه‌ڵی كه‌متر بوو، له‌م وڵاته‌دا وا دیاره‌ دووكه‌ڵیش به‌كار نه‌ده‌هات. هۆده‌یه‌كیش له‌ پشتی دیوه‌خانه‌وه‌ هه‌بوو زۆر تاریك بوو و ته‌نها له‌ ده‌رگا و هه‌ندێ كونی دیواره‌كه‌یه‌وه‌ كه‌مێك ڕووناكیی پێده‌گه‌یشت و لێره‌دا ئه‌ندامانی خێزان له‌ شوێنێكی هێند پیسدا ده‌ژیان كه‌ هه‌ر باس ناكرێت. له‌ لایه‌كیشه‌وه‌ هۆده‌یه‌كی درێژ و ته‌سك هه‌بوو، به‌ درێژایی دیوه‌خان و هه‌یوانه‌كه‌، كه‌وا بزانم له‌ زستاندا وه‌ك دیوه‌خان به‌كاردێت كاتێ كه‌ دنیا زۆر  سارده‌ و ناكرێ له‌ داڵاندا دانیشن، به‌ڵام به‌ زۆری ئێستا به‌تاڵه‌ و ئه‌مه‌ ئه‌و هۆده‌یه‌ بوو كه‌ بۆ من ته‌رخان كرا وه‌ك شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و خه‌وتن. لێره‌دا نه‌خشه‌ی خانوویه‌كی كوردی ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ له‌ زۆر شوێن به‌مجۆره‌یه‌ به‌ هه‌ندێ جیاوازیی كه‌مه‌وه‌ لێره‌ و له‌وێ (به‌ داخه‌وه‌ له‌ ده‌قه‌ ئینگلیزییه‌كه‌دا وێنه‌كه‌ هاوپێچ نه‌كرابوو - و). سه‌رنج بده‌ كه‌ هۆده‌كه‌ی من له‌و ڕووه‌وه‌ باش بوو كه‌ دوو په‌نجه‌ره‌ی تێدابوو به‌ سه‌ر ساپیته‌ی گه‌وڕه‌كه‌دا ده‌كرانه‌وه‌ و به‌ ئه‌ڵقه‌ڕێزێكی دارین داده‌خران و ته‌لبه‌ندێكی دارینیشیان پێدا گیرابوو كه‌ ده‌كرانه‌وه‌. په‌نجه‌ره‌كان شووشه‌یان پێوه‌ نه‌بوو و زه‌ویی هۆده‌كان هه‌ر به‌ قوڕ سواغ درابوو، دیواره‌كانیش هه‌ر قوڕ بوون و له‌ كون و درزی ژووره‌كه‌وه‌ گیانله‌به‌ری خشۆك و جۆراوجۆر ده‌رده‌چوون كه‌ نه‌مده‌خواست بیانبینم، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا وه‌رزی كێچ خه‌ریكبوو به‌ سه‌رده‌چوو.

با ئێستا بێینه‌وه‌ لای شیوه‌كه‌ڵ.

ئێمه‌ چووینه‌ ماڵێكه‌وه‌ كه‌ مودیری تێدا بوو، چوونکە‌ ماڵی خۆی له‌م گونده‌دا نه‌بوو و له‌ دیوه‌خاندا دانیشتین. ده‌ربه‌ندێكی ته‌نگه‌به‌ری بچووك له‌ خوارمانه‌وه‌ پڕ بوو له‌ دار قه‌زوانی  جوان و خوڕه‌ی ئاوه‌كه‌ی بووبووه‌ مۆسیقا له‌ گوێی مندا، به‌ڵام هێنده‌م برسیبوو زۆرم چێژ له‌ بیستنی ئه‌و هاژه‌ی ئاوه‌ وه‌رنه‌ده‌گرت و خۆشترین ساته‌وه‌خت ئه‌وه‌ بوو كه‌ مودیر چای ئاماده‌ ده‌كرد و ته‌به‌قێك نانی ته‌نكی كوردی و ماستاوی سوێر و چه‌ند شیشێك كه‌بابی گه‌رمی هێنا. پاشان به‌ زمانێكی فارسیی سه‌ر و گوێلاك شكاو كه‌وتمه‌ ده‌مه‌ته‌قێ له‌گه‌ڵ مودیر و زۆربه‌یان كه‌مێك قسه‌یان پێده‌كرد، چوونکە‌ ئێره‌ سنووری ئێران - كوردستان بوو. پاش تاوێك من چوومه‌ ژووره‌كه‌ی خۆم بۆ ته‌واوكردنی ئه‌م نامه‌یه‌ بۆ تۆ (واته‌ بۆ باوكى - و) كه‌ هه‌مووی هه‌ر له‌ ساته‌وه‌ختی ناڕێك و ڕه‌وته‌نیدا نووسراوه‌. دواتر كاتژمێر شه‌ش گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نانی شێوان له‌گه‌ڵ مودیردا بخۆم. كاتژمێر هه‌شت زه‌یای دڵسۆز ئاوی بۆ گه‌رم كردم و خۆم شۆرد و ڕێك 10 كاتژمێری ته‌واو لێی خه‌وتم بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ هیچ بكه‌مه‌وه‌ و ئێستا دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌غدام جێهێشتووه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌م كه‌سێكی ترم.

لێره‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نها خه‌ڵك كه‌مه‌ بەڵکووو سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ باڵنده‌ و ئاژه‌ڵیش كه‌من. له‌ ڕێگه‌ماندا به‌ره‌و شیوه‌كه‌ڵ هه‌ندێك بزنه‌ كێوی و مه‌ڕه‌ كێویمان بینی كه‌ پێشتر نه‌مدیبوون، هه‌روه‌ها كه‌وی قاچ سووری سه‌ر به‌رد و هه‌ندێك قه‌له‌ بازه‌ڵه‌ و هه‌ڵۆ، ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌و باڵنده‌ و ئاژه‌ڵانه‌ بوون كه‌ بینیمن. له‌ به‌هاراندا ته‌واوی وڵاته‌كه‌ ده‌بێ به‌ به‌هه‌شتی گوڵ و گوڵزار و زه‌نبه‌قی ڕه‌ش ڕێك له‌ زه‌وی ڕاستبووه‌ته‌وه‌، زافه‌رانی شین و زه‌ردی پایزه‌، دیانساسی    په‌مه‌یی و نه‌عنای سوورباو هه‌موو ئێستا گوڵیان كردووه‌ و هه‌موو جۆره‌كانی ڕوه‌كی پیازی و سه‌لك و ڕه‌گ و جۆره‌كانی تر هه‌موو ئێستا نه‌ماون. یاوه‌ره‌كانم هیچ له‌ پایز ڕانه‌ده‌مان و كاتێ من به‌ سه‌رسامی له‌ به‌رده‌می شكۆی دار قه‌زوانه‌كان و ڕه‌زی سوور هه‌ڵـگه‌ڕاودا ڕاده‌وه‌ستام و ئه‌وان ته‌نها ئه‌وه‌یان ده‌وت كه‌ ئێره‌ له‌ به‌هاراندا زۆر جوانه‌. گوندی شوێن به‌رزی وه‌ك شیوه‌كه‌ڵ، كه‌ نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار پێ له‌ ڕووی ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌، ساڵانه‌ ماوه‌ی 3 - 4 مانگ له‌ ژێر به‌فردا ده‌مێنێته‌وه‌. من سه‌رم له‌وه‌ سوڕده‌مێنێ چۆن خه‌ڵكی به‌ زیندوویی هه‌ڵده‌كه‌ن كاتێ كه‌ شه‌كر و چایان لێده‌بڕێت و به‌فریش ڕێگای سلێمانییان لێده‌گرێت. ئه‌وان دارێكی زۆریان هه‌یه‌ بۆ سووتاندن و داربه‌ڕووه‌كانیشیان ئالیكی ئاژه‌ڵیان بۆ دابین   ده‌كات و له‌ ناو لقه‌كانی هه‌ر ده‌وه‌نێكی به‌ڕوودا له‌ نزیك گونده‌وه‌ باوه‌شێك گه‌ڵا ده‌بینی. ئێمه‌ له‌ نۆڤه‌مبه‌ردا دیسان  كه‌وتینه‌ڕێ و مودیر و ئه‌و كه‌سانه‌مان كه‌وتنه‌ ته‌ك كه‌ له‌ شیوه‌كه‌ڵدا بوون وه‌ك كارمه‌ندی داهات بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی چه‌ند میلێكی كه‌م كه‌شوفش به‌ كاروانه‌كه‌ بده‌ن و ڕێگامان بۆ یه‌كه‌م قۆناخی ڕۆژ به‌ قه‌دپاڵه‌كانی سنووری ئێراندا هه‌ر هه‌وراز و نشێومان ده‌كرد و به‌ ناو دارستانی به‌ڕوودا ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌رمان ده‌كرد. دوو جار به‌ ناو گوندێكی بچووكدا تێپه‌ڕین كه‌ له‌ گوێ چه‌مێكدا دروستكرابوو و پڕ بوو له‌ دار قه‌زوان و بی و ده‌وه‌نی تووتڕك، هه‌روه‌ها په‌ڵه‌ تووتن و جۆی زستانه‌ هه‌موو لاپاڵه‌كانی گرتبووه‌وه‌. به‌ڵام هه‌رگیز بیر له‌وه‌ مه‌كه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌م گونده‌ برسییانه‌دا جووتیار خاوه‌نی زه‌وی بێت چوونکە‌ ته‌واوی زه‌وی و زار یان لانی كه‌م به‌شی زۆری مڵكی مودیرن، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی له‌ سه‌رده‌می توركدا قایمقام بووه‌ و به‌و پێیه‌ هه‌موو شتێكی بۆ خۆی قۆرخ كردووه‌. ئه‌و خانووه‌ی من له‌ شیوه‌كه‌ڵدا تیایدا خه‌وتم هی بازرگانێكه‌ و له‌و گونده‌شدا كه‌ پیایدا تێپه‌ڕیم سه‌رنجی خانوویه‌كی نائاسایی باشم دا و دواتر زانیم ئه‌ویش هی هه‌مان بازرگانه‌ و له‌ هه‌ر یه‌كێكیاندا ژنێك و خێزانێكی هه‌یه‌ و له‌ شوێنی تریش هه‌مان شتی هه‌یه‌ و به‌و ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌ر شوێنێك بچێت بۆ كار و بازرگانی ماڵێكی خۆی هه‌یه‌. وه‌ك باوباپیرانی ئیسپانیی تۆ، گوندی سێهه‌م كه‌ زۆر له‌وانیتر گه‌وره‌تر بوو، ئه‌وه‌بوو كه‌ مودیری لێده‌ژیا. ئێمه‌ كاتژمێر 11 گه‌یشتینه‌ ئه‌وێ و بۆ نانی نیوه‌ڕۆ لاماندا. من له‌و ناوه‌دا گه‌ڕام و وێنه‌م گرت و له‌ دیوه‌خانه‌كه‌ی مودیردا له‌ به‌ر خۆر دانیشتم و كه‌وتمه‌ چاى خواردنه‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕوانیی نانی نیوه‌ڕۆدا، كه‌ نانێكی زۆر تایبه‌ت و چاك بوو له‌گه‌ڵ گۆشتی كوڵاوی نایابدا له‌ سه‌ر برنج، بێجگه‌ له‌ نانی گه‌رم و ماستاو و قووڵینه‌یه‌ك ترێ. ماڵی مودیر گه‌وره‌ و فراوان بوو، دوو هێنده‌ی ئه‌وه‌ی من نه‌خشه‌م بۆ كێشابوو، واته‌ دوو به‌ره‌ خانوو بوو كه‌ دووه‌میان بۆ ژنه‌كان بوو، هه‌روه‌ها ده‌تتوانی به‌ قاڵدرمه‌یه‌ك سه‌ركه‌وی بۆ دیوه‌خانه‌كه‌ی.

پاش نانخواردنی نیوه‌ڕۆ سه‌رله‌نوێ كه‌وتینه‌وه‌ ڕێ و مودیر ماوه‌ی نزیكه‌ی نیو سه‌عاتێك به‌ سواری كه‌وته‌ ته‌كمان. ڕێره‌ومان به‌ شانێكدا ده‌ڕۆیشت و پاشان شۆڕ بووینه‌وه‌ بۆ گوندێكی بچكۆلانه‌ی جوان كه‌ ناوی سووره‌بان بوو. شتێكی سه‌یر بوو كه‌ ئه‌م گونده‌ و هه‌روه‌ها نۆڕكی گونده‌كه‌ی مودیریش له‌ نه‌خشه‌ی جه‌نگیدا ده‌سنیشان كرابوون، به‌ڵام ناوه‌كانیان هێند به‌ نامۆ و زه‌حمه‌ت حینجه‌ ده‌كرا كه‌وا كه‌س نه‌یده‌ناسینه‌وه‌. من لام سه‌یر نه‌بوو، چوونکە‌ ئه‌گه‌ر ئاشنا نه‌بوویتایه‌ به‌ زمانی كوردی نه‌تده‌توانی بیانناسیته‌وه‌ و به‌ پێی ڕه‌گی وشه‌كه‌ ده‌گۆڕان. بۆ نموونه‌ چووڵه‌غان ڕه‌گێكی هه‌بوو و نۆڕكیش له‌ ڕه‌گێكی تره‌وه‌ ده‌هات. له‌ پاش سووره‌بان و كێڵـگه‌ بچووكه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بووه‌كانی، هاتینه‌ ناو چه‌م و دۆڵێكی به‌رفراوانتر كه‌ ناوی ئاوی سیوه‌یل بوو. چه‌مێكی پڕ له‌ گاشه‌ به‌ردی دڵڕفێن و ئه‌ملاو ئه‌ولای لێژگه‌یه‌كی تووش و سه‌خت و به‌ درێژایی ماوه‌ی ڕێكردنمان به‌ سواری هه‌مووی ڕووه‌كی سۆرنجان بوو. پاشان هێدی هێدی له‌ چه‌مه‌كه‌ په‌ڕینه‌ ئه‌وبه‌ره‌وه‌ كه‌ كێڵـگه‌ی درێژ و به‌رفراوان و پڕ له‌ دار و    ده‌وه‌ن و جۆگه‌ ئاو و دۆڵ و كه‌ندڕ بوو، ئه‌مه‌ هه‌مووی ده‌ستكردی سروشت بوو و كه‌سی تێدا نه‌ده‌ژیا و كه‌سیش نه‌یكێڵابوو، به‌ڵام گاگه‌ل و مانگای گوندێكی ئه‌و نزیكانه‌ی تێدا ده‌له‌وه‌ڕا كه‌ ئێواران ده‌یانبرده‌وه‌ بۆ گوند. لێره‌دا مودیر سه‌رنجی ڕاكێشام بۆ لای ئارامیی ناوچه‌كه‌ و پاش ئه‌وه‌ی دابه‌زین وه‌خته‌كه‌مان هه‌موو به‌ ده‌مه‌ته‌قێیه‌كی مودیر و ساڵح به‌گ به‌ سه‌ربرد. ساڵح به‌گ پیاوێكی زۆر دڵپاك و كراوه‌ و رێكپۆش بوو به‌ڵام كه‌مێك بێئه‌قڵ بوو، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ شێوازێكی قسه‌كانمان بوو:

- ساڵح به‌گ: خاتوون، ئه‌و كچه‌ ده‌بینی؟ دایكی ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵ بوو كه‌ ئه‌و له‌دایكبوو.

- گێرتروود بێڵ: هه‌شتا ساڵ! ده‌ی وه‌ڵڵاهی ئه‌وه‌ ته‌مه‌نێكی زۆره‌.

- ساڵح به‌گ: به‌ڵێ هه‌شتا یان شه‌ست، ده‌ى با شه‌ست بێت.

من مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌م كرد ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نی دایكه‌كه‌ 35 بووبێت.

ئه‌و هیچ كاتێ بۆ وه‌ڵام دانه‌ده‌ما و من لێمده‌پرسی ئه‌م ڕێگا یان ئه‌ویتر بۆ كوێ ده‌چێت و هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بچووكترین شاڕەزایی نه‌بوو به‌ڵام یه‌كسه‌ر ده‌یوت: "خاتوون ئه‌م ڕێگه‌یه‌ ده‌چێ بۆ فڵانه‌ ناوچه‌ له‌ فڵانه‌ شوێن" و بێ ئه‌وه‌ی هیچ گومانێك پیشان بدات ده‌ستی بۆ ئه‌و لایه‌ ڕاده‌كێشا. كاتژمێر سێی پاشنیوه‌ڕۆ به‌ره‌و سپیاره‌ هه‌ڵكشاین، كه‌ ده‌بوو له‌وێ چاومان به‌ مودیری پێنجوێن بكه‌وێت. من نه‌مده‌زانی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌وێ له‌ سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر من مودیر بوومایه‌ كه‌س قه‌ناعه‌تی پێنه‌ده‌كردم كه‌ تاقه‌ شه‌وێكیش له‌ سپیاره‌دا ببه‌مه‌ سه‌ر. خوایه‌ گیان ئه‌مه‌ چیه ‌و به‌هه‌رحاڵ دێهاتییه‌كان هه‌میشه‌ به‌ وێڵ و كه‌ماڵن و هه‌موو له‌ ژێر دار قه‌زوانێكی گه‌وره‌دا كۆبووبوونه‌وه‌ بۆ پێشوازی و به‌خێرهاتنمان كاتێ كه‌ ده‌گه‌ین و ئه‌وان ئه‌مه‌ پیشه‌یانه‌ هه‌ر كاتێ سه‌ردانى گونده‌كه‌یان بكه‌یت. ئێمه‌ پێنج ده‌قیقه‌یه‌ك پێش گه‌یشتنمان پیاوێكمان نارد هه‌واڵیان بداتێ بۆ ئه‌وه‌ى كۆببنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر تۆ چاره‌كه‌ سه‌عاتێك ته‌رخان بكه‌یت بۆیان ئه‌وه‌ چاوت به‌ پێنج كه‌سی داماوی جل شڕ ده‌كه‌وێت به‌ ترسێكه‌وه‌ سڵاوت لێده‌كه‌ن و ئه‌وجا به‌ ڕێزه‌وه‌ پاشه‌وپاش ده‌كشێنه‌وه‌.  خه‌ڵكی سپیاره‌ وه‌ك خه‌ڵكی شوێنه‌كانی تر به‌ڕێز و نه‌زاكه‌ت بوون به‌ڵام ئه‌م گونده‌   هه‌ژارترین و پیسترین ئه‌و گوندانه‌ بوو كه‌ من ڕێم تێكه‌وتن. پاشان بردمیان بۆ دیوه‌خانی ماڵێك و خێزانی ماڵه‌كه‌ به‌ ترس و شپرزه‌ییه‌كی زۆره‌وه‌ چوونه‌ هۆده‌یه‌كی ڕه‌شی تاریكه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان كێچه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌برد و منیش بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ له‌و گریمانه‌مدا ڕاست نه‌بووم كه‌وا وه‌رزی كێچ به‌سه‌رچووه‌ و به‌ قه‌د به‌رزیی شوێنی سپیاره‌ كێچ كه‌ڵه‌كه‌ بووبوون و باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س له‌ دنیادا به‌ ئه‌ندازه‌ى ئه‌م كوردانه‌ پیس بێت، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكێكی زۆر باش و دڵپاكن. ئه‌وان ناتوانن به‌ درێژایی 4 - 5 مانگی زستان خۆیان بشۆن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر سارده‌ و پێده‌چێت له‌و باوه‌ڕه‌دا بن كه‌ خۆشۆردن له‌و مانگانه‌دا بێسووده‌ و چاكتره‌ خۆیان له‌ مانگه‌كانی تردا بشۆن و هه‌رگیز جله‌ زۆره‌كانی به‌ریان داناكه‌نن زستان بێت یان هاوین، به‌ تایبه‌تیش مێزه‌ره‌ زله‌كانی پیاوان و ژنان كه‌ قه‌ت له‌ سه‌رى داناگرن. ژنیان قژ به‌  لاجانگیاندا و به‌ سه‌ر گوێچكه‌دا به‌رده‌ده‌نه‌وه‌ و به‌ زۆریش په‌لكی ڕه‌شیان ده‌به‌نه‌ دواوه‌ و له‌ ژێر سه‌رپۆشدا ده‌یشارنه‌وه‌. هه‌ركه‌ به‌هار هات كێچ هێند زۆر ده‌بێت له‌ ماڵه‌كاندا تاڕاده‌یه‌ك كه‌ كورده‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش به‌رگه‌ی   ناگرن و ته‌واوی گوند چۆڵی ده‌كات بۆ خانووی هاوینه‌ كه‌ وا له‌ گه‌ڵا و لقی داربه‌ڕوو دروست ده‌كرێ به‌ لاپاڵه‌كانه‌وه ‌و منیش به‌م حاڵ و باره‌وه‌ ویستم له‌ سپیاره‌دا بخه‌وم! پاش ئه‌وه‌ی گه‌یشتم فره‌ی پێنه‌چوو جێگرێكی مودیر به‌ سواری هات كه‌ گه‌نجێكی كه‌ته‌ بوو و زۆر جار بینیبووم چوونکە‌ هۆده‌كه‌ی من ژووری تۆمار كردنی ئه‌و بوو كاتێ كه‌ خه‌ریكی كاروباری گومرگ ده‌بوو. ئێمه‌ هێشتا هه‌ر نزیكه‌ی سه‌عاتێك له‌ سنووری ئێرانه‌وه‌ دوور بووین. پاش ئه‌وه‌ی شه‌و داهات هیچ ڕووناكییه‌ك نه‌بوو ڕووناكیی ئاگری داڵانی دیوه‌خانه‌كه‌ی لێده‌رچێت و نانی شێوانمان چه‌ند مریشكێك بوو له‌ سه‌ر برنج به‌ نان و ماستاوی سوێره‌وه‌. من پڕكێشیم كرد كه‌ پاره‌ی خواردن و خه‌وتن بده‌م وه‌لێ ئه‌وان به‌ سووكایه‌تی پێكردنیان له‌ قه‌ڵه‌م دا، به‌ڵام ژن و منداڵ هه‌لیان ده‌قۆسته‌وه‌ و سواڵیان لێده‌كردم و به‌ جۆرێكی تر ئه‌و قه‌رزه‌م به‌ سه‌ر خۆمه‌وه‌ نه‌هێشت. بۆ سبه‌ی به‌یانی چوار كه‌سی جل شڕی هه‌ژار هاتنه‌ لامان له‌و كاته‌دا كه‌ ئه‌سپه‌كانیان بۆ زین ده‌كردین، دوانیان به‌ ته‌واوی نابینا و دوانیشیان یه‌كچاو بوون و من هه‌ستم كرد ئه‌مه‌ ڕێكه‌وت نییە‌ و ئه‌وه‌ی پێویست بوو به‌جێمهێنا و له‌و بڕوایه‌دام ئاوات به‌وه‌ ده‌خوازن كه‌ هه‌موو جارێك ساحێبێكی ئینگلیز شه‌و له‌ سپیاره‌دا بكاته‌وه‌.

 

١٠ی تشرینى دووه‌می 1921

من خۆشحاڵ بووم به‌وه‌ی چوومه‌ شوێنێك هه‌وای پاك و سارد بوو، شوێنێكی بێ كێچ با بڵێم و ئێمه‌ له‌ لاشانی شاخێكی پڕ له‌ دارستان به‌ره‌و لووتكه‌  هه‌ڵكشاین و له‌وێوه‌ و له‌ پشتی دۆڵ و شیوه‌كانه‌وه‌ به‌رزاییه‌كانی سنووری ئێران دیار بوون و كه‌وانێكی گه‌وره‌ی به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات دروستكردبوو. لێره‌ و له‌ گوندێكی تابڵێی پیسدا - كه‌ بیرم كه‌وته‌وه‌ ناوی به‌هێ بوو و وابزانم به‌ واتای هه‌نار دێت (لێره‌دا لێی تێكچووه‌ -  و) و نه‌گونجاو بوو له‌گه‌ڵ ئه‌م ناوه‌دا، له‌گه‌ڵ جێگری مودیر به‌ڕێكه‌وتین و به‌ سواری به‌ دۆڵه‌كه‌دا به‌ره‌و خوار بووینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر چوار لای شاخی به‌رز بوو، هه‌روه‌ها پێشیشی زنجیره‌ شاخێكی بڵند گرتبووی و ده‌بوو سبه‌ینێ ئێمه‌ له‌وێوه‌ بپه‌ڕینه‌وه‌ و كه‌ چووینه‌ ناو ده‌ربه‌ندێكه‌وه‌ له‌سه‌رخۆ ده‌ڕۆیشتین و به‌ ڕاستى ڕه‌وتكردنی وڵاخه‌كانمان به‌ سه‌ر نه‌رمه‌ گیای دۆڵی پێنجوێندا زۆر خۆش بوو. كاروانی گه‌وره‌ی هێستر به‌ ده‌نگی زه‌نگ و قۆڕه‌وه‌ به‌ دوامانه‌وه‌ بوون، ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شكری          سواره‌ بن و ئێمه‌ش له‌ سوپایه‌كى سواره‌ ده‌چووین له‌ كاتی هێرشدا و جه‌ندرمه‌ پۆشاك سه‌یره‌كانم خۆیان به‌ تفه‌نگه‌كانیانه‌وه‌ باده‌دا و زه‌یا له‌ پانتۆڵی كورتی خاكیی قه‌شه‌نگدا ده‌توت له‌ ئاهه‌نگدایه‌، به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌م چه‌كمه‌ قاوه‌ییه‌ درێژه‌كانی  من و شه‌بقه‌ سه‌وزباوه‌كه‌م دیمه‌نێكی جوانیان نواندبێت، ته‌نانه‌ت به‌ پانتۆڵی سواریی ئینگلیزیشه‌وه‌ و وه‌ی كه‌ كۆرسێكی قۆشمه‌مان پێكهێنابوو. له‌ ڕێگا چاومان به‌ پیاوێك كه‌وت به‌ زه‌حمه‌ت ڕێی ده‌كرد و بارێكی به‌ سه‌ر شانه‌وه‌ بوو و تفه‌نگێكی ڕووسیی به‌ ده‌سته‌وه‌، جه‌ندرمه‌كانی من كه‌ له‌ قه‌زای شارباژێره‌وه‌ هاتبوون (هەڵبەت‌ ئێمه‌ ئێستا له‌ قه‌زای پێنجوێنین) ڕایانگرت و ڕوخسه‌تیان له‌ من خواست چیبكه‌ن، چوونکە‌ جه‌ختیان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ تفه‌نگ هه‌ڵـگرتن بێ پاس قه‌ده‌غه‌یه‌ و كابرا پێی له‌وه‌نا كه‌ هی خۆی نییە‌ و بیانووی ئه‌وه‌ بوو كه‌: (ئه‌) تفه‌نگه‌كه‌ هی شێخ حه‌سه‌ن به‌گه‌ كه‌ ئێمه‌ی لێ ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه‌و (بێ) بۆیه‌ پێویستی پێیه‌تی نه‌وه‌ك ئه‌و شتومه‌كانه‌ی له‌ تووره‌كه‌كه‌دا هه‌ڵـگیرتوون له‌ ڕێگا دز لێی بسه‌نێت. كابرا له‌م قسانه‌دا بوو و تووره‌كه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و من وای بۆچووم كه‌ بۆمان بسه‌لمێنێت چۆن تفه‌نگه‌كه‌ پاڕاستوویه‌تی. دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ پێی وا نییە‌ ئه‌م   باس و خواسه‌ به‌س بێت، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ عه‌لی به‌گ، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ جه‌ندرمه‌كانی من، تفه‌نگ و ڕه‌زنه‌كه‌ی لێسه‌ند و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆیدا كردیه‌ شانی و به‌ كابرای خاوه‌نی وت شوێنمان بكه‌وێت بۆ لای مودیری پێنجوێن، كه‌ ئێمه‌ خۆمان بۆ لای ئه‌و ده‌ڕۆیشتین. كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو وه‌ختێ ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ پێنجوێن و زانیمان ئه‌م فه‌رمانه‌ جارێ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ تفه‌نگ و ڕه‌زنه‌كه‌مان دایه‌وه‌ به‌ كابرا و سه‌رباری ئه‌وه‌ش من هه‌ندێك به‌خشیشی دۆستانه‌م دایه‌ و (به‌ ڕاستی له‌ دڵه‌وه‌ پێم خۆش بوو ده‌ست به‌ سه‌ر تفه‌نگه‌كه‌یدا نه‌گیرا) و ده‌توانم بڵێم كه‌وا ئه‌م ڕووداوه‌ به‌ خۆشی و ڕه‌زامه‌ندی كۆتایی هات.

پێنجوێن له‌ دووره‌وه‌ شوێنێكی خۆش دیاره‌ و هه‌ر له‌و دۆڵه‌ به‌رفراوانه‌دا كه‌ تێیدا هه‌ڵكه‌وتووه‌ جوانییه‌كی بێوێنه‌ی داربی ده‌بینی به‌ گوێ چه‌م و جۆگه‌ و ئاوه‌كاندا و چنار كه‌ سه‌ریان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و دامێنی گرده‌كان. به‌ڵام كاتێ دێیته‌ ناو شاره‌وه‌ یه‌كپارچه‌ كاره‌ساته‌! له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ و وێرانه‌ی له‌ ڕووس به‌جێماوه‌ (كه‌ له‌ ساڵی 1916 یان 1917 پێموایه‌ هاتوونه‌ته‌ ئێره‌). لێره‌ ته‌نها نیوه‌ی خانووه‌كان به‌ پێوه‌ ماون، بازاڕ په‌یكه‌ره‌ ئێسكێكی بێ ساپیته‌یه‌، قه‌یسه‌رییه‌ جوانه‌كه‌، خانی ناو بازاڕ هه‌مووی كه‌لاوه‌یه‌. حه‌مامه‌كان و مزگه‌وته‌كان كه‌ مۆركی جوانیی شار بوون نیوه‌یان ڕووخاون. ڕووس هه‌رچی ئاژه‌ڵ و ماڵاتیان هه‌بووه‌ كوشتوویه‌تی یان به‌ تاڵانی بردووه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ شتێكی وای به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، سه‌د حه‌یف و مخابن!

مودیر، كه‌ به‌ سواریی هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ پێشوازیی من، ناوی عه‌ونی ئه‌فه‌ندی بوو و پیاوێكی قه‌شه‌نگ و به‌شكۆ بوو و عه‌ره‌بییه‌كی باشی ده‌زانی و ڕۆشنبیر و ڕووخۆش بوو. كاتێ چووینه‌ ماڵیان ده‌سبه‌جێ ژنه‌ شۆخه‌كه‌ی و منداڵه‌كانی پێناساندم. ئافره‌تی كورد سه‌رپۆشیان به‌ سه‌ره‌وه‌ نییە‌ و تێكه‌ڵی پیاوان ده‌بن و خانمی گه‌وره‌ی ماڵن چه‌شنی ئه‌م خانمه‌ و بۆ كوێیان ده‌وێ ده‌ڕۆن. ژنه‌كه‌ی عه‌ونی ئه‌فه‌ندی ئه‌وه‌ی پێخۆش بوو به‌ دانیشتنه‌وه‌ وێنه‌ی بگیرێت و به‌ تایبه‌تى هه‌موو خشڵ و زێڕێكی كردبوو به‌ خۆدا بۆ پێشوازیى من و كه‌مێك عه‌ره‌بیشی ده‌زانی چوونکە‌ باوكی كاپتن بووه‌ له‌ سوپای توركدا و به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ند ساڵێك له‌ به‌غدا و مووسڵ ژیاوه‌. پێش ئه‌وه‌ی نانی نیوه‌ڕۆ پێبگات من تاوێك به‌ ناو شاردا گه‌ڕام و سه‌ردانێكی قازیم كرد كه‌ له‌ به‌رهه‌یوانی مزگه‌وتدا دانیشتبوو، هه‌روه‌ها وێنه‌ی ژنانم له‌ سه‌ر كانی گرت. پێنجوێن له‌ دۆڵێكی زۆر جوان و دڵڕفێندایه‌ و خانووه‌ باشه‌كانی له‌ خشتی سوور دروستكراوه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌م شوێنه‌ ئه‌وه‌نده‌ی كه‌لاوه‌ تێدا نه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ شارێكی ته‌واو ڕێكوپێك ده‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كه‌لاوه‌كانیشیدا دار و دره‌خت و قه‌دپاڵی چیاكانی جوانییه‌كی سه‌یریان پێبه‌خشیبوو. مودیر نانێكی نیوه‌ڕۆی زۆر نایابی بۆ ئاماده‌ كردبووم و ماڵه‌كه‌شی ته‌واو خۆش و جێی حه‌وانه‌وه‌ بوو. خۆی و ژنه‌كه‌ی هۆده‌كه‌ی خۆیان بۆ ته‌رخان كردم كه‌ ده‌كه‌وته‌ پشتی دیوه‌خان و هۆده‌یه‌كی پڕ فه‌رش و خاوێن و ژوورێكی بچووكی تری له‌ سه‌ر بوو كه‌وا كه‌لوپه‌لی خۆشۆردنم لێدانا. نانی نیوه‌ڕۆ و ئێواره‌ وه‌ختێكی زۆریان به‌ین نه‌بوو، چوونکە‌ یه‌كه‌میان دره‌نگ خواردمان و دووه‌میش زوو. له‌ كاتی نانخواردنی شێواندا له‌ دیوه‌خان خانم له‌گه‌ڵم دانیشت و نایابترین هه‌نگوین و ماستاوی سوێریان بۆ دانام. پاشان له‌ ده‌سته‌ خانوویه‌كی تری ماڵدا چووم له‌گه‌ڵ مودیر دانیشتم، ئێمه‌   له‌مبه‌ر و له‌وبه‌ری ژووره‌كه‌وه‌ له‌ سه‌ر دۆشه‌ك دانیشتبووین و ئاگرێكی گه‌شیش له‌ ئاگردانی ناو هۆده‌كه‌دا ده‌گڕا و به‌ دوور و درێژی باسی بارودۆخی سیاسیمان كرد. مودیر پیاوێكی له‌سه‌رخۆ و ژیر بوو و زۆر به‌داخه‌وه‌ بوو كه‌ كوردستان نایه‌وێت بچێته‌ چوارچێوه‌ی عێراقه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ردوكمان هاوڕا بووین كه‌ كاری زۆره‌ملێ ئه‌نجامی باش نییە‌. ئه‌و وایبۆده‌چوو كه‌ دواجار خۆی له‌خۆیدا یه‌كگرتنێك دروست ده‌بێت و ده‌یوت بێگومان یه‌ك دوانێك له‌ خه‌ڵكی شار بایه‌خ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ حكوومه‌تی وڵات له‌ ژێر ده‌ستی كێدایه‌، به‌ مه‌رجێك حكوومه‌تێكی شایسته‌ بێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ جووتیاران بدات به‌شێكی ئه‌و به‌رووبوومه‌یان به‌ركه‌وێت كه‌وا ده‌یچێنن. هه‌میشه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین كه‌وا ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ سیاسییه‌كانی ناوخۆ خه‌ڵك بۆ لای خۆیان ڕاده‌كێشن به‌ هه‌ندێ هات و هاواری وه‌ك كوردستان بۆ كورده‌ و یه‌كێتی ئیسلامی و بۆ نموونه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ توركیادا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌ڵك به‌و جۆره‌ش بیر نه‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ نابێ و ناكرێ). به‌ هه‌ر حاڵ مودیر وایبۆده‌چوو كه‌وا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رایه‌تیی سلێمانی قه‌ناعه‌تی به‌و خولیا و مه‌رامه‌ سیاسییانه‌ هه‌یه‌ و پێیان خۆشه‌.

پێنجوێن به‌ ژماره‌ی دانیشتووانی كه‌ هه‌زار و پێنجسه‌د كه‌س یان زیاتره‌، ده‌ هاوڵاتی ده‌نگده‌ری هه‌یه‌ و مودیر ده‌نگی وه‌رگرتوون بۆ سێ پاڵێوراو له‌ ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵه‌بجه‌دا. ئه‌م كاندیدانه‌ له‌لایه‌ن مێجه‌ر گوڵدسمیس و كاپتن دۆگڵاسه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تدا، كه‌ ئه‌ندامی مه‌جلیسی ناوخۆی قه‌زان و بۆ دڵنیایی ده‌رفه‌تی تر نه‌بوو. ئه‌م قه‌زایه‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی سه‌رۆكه‌كانی جافه‌ و به‌گزاده‌ی جاف خاوه‌نی زۆربه‌ی گونده‌كانن و نیوه‌ی ڕاستی خودی پێنجوێن خۆیشى و به‌م پێیه‌ ئه‌گه‌ری كاندیدی تر نه‌بوو بێجگه‌ له‌ به‌گزاده‌ (چوونکە‌ بێجگه‌ له‌وان خه‌ڵكی ده‌مڕاست و پیاوماقووڵانی تر نین) و ئه‌وانه‌ هه‌رسێكیان مێجه‌ر گۆڵدسمیس پێشنیازی كردوون بۆ هه‌ڵبژاردن. هۆزی جاف كۆچه‌رن و به‌گزاده‌كان كه‌ سه‌رۆك و ده‌مڕاستیانن، بوون به‌ نیشته‌جێ و خاوه‌ن مڵك و دێهات و كشتوكاڵ ده‌كه‌ن. هه‌موو به‌هارێك ته‌واوی عه‌شره‌تی جاف، كه‌ نزیكه‌ی ده‌ هه‌زار خێوه‌ت ده‌بن، به‌ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ڕۆن به‌ره‌و له‌وه‌ڕگا و پاوانی هاوینه‌یان له‌ هه‌رده‌ و چیاكانی ئێراندا و هه‌موو پایزێكیش به‌ره‌و هه‌وارگه‌ی زستانه‌یان داده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ نێوان كفری و خانه‌قیندا. هه‌موو جارێكیش تێپه‌ڕبوونیان به‌ ناوچه‌كانی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌دا نزیكه‌ی مانگێك ده‌خایه‌نێ و له‌ ڕ‌وژگاری توركدا مانگێكی پڕ له‌ ترس و تۆقین بووه‌ بۆ خه‌ڵكه‌ نیشته‌جێكه‌. جاف به‌ هه‌ر شوێنێكدا گوزه‌ریان بكردایه‌ خه‌ڵكیان سه‌غڵه‌ت ده‌كرد و ده‌ڕووتانده‌وه‌ و كاتێ جاف ده‌هاتنه‌ ئه‌و دۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ من پیێدا به‌ره‌و پێنجوێن گوزه‌رم كرد و هه‌ر خێڵ و تاقمه‌یان شه‌وێ دوانیان له‌وێ به‌ سه‌رده‌برد مودیر ده‌ینارده‌ شوێن به‌گزاده‌یه‌كی هه‌ڵه‌بجه‌دا و له‌گه‌ڵ یه‌كتر ڕێكده‌كه‌وتن كه‌ خێڵه‌كه‌ به‌ ئارامی بهێڵنه‌وه‌. به‌گ به‌ پێی نه‌ریتی خێڵه‌كی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كرد و مودیریش، پێده‌چێت به‌ شێوه‌یه‌كی كاراتر، له‌گه‌ڵ ده‌ پۆلیسی خه‌ڵكی شار و پێنج جه‌ندرمه‌ی سواره‌دا كارڕانییان ده‌كرد. مودیر ده‌یوت "كاتێ جاف لێره‌وه‌ گوزه‌ر ده‌كه‌ن هه‌میشه‌ به‌ندیخانه‌ پڕه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ به‌ر هه‌ندێك دزی و ده‌خه‌ڵیی بچووكه‌ وه‌ك دزینی مریشكێ دوان لێره‌ و فڕاندنی ماینێك   له‌وێ و دزینی میوه‌ و دانه‌وێڵه‌". ئه‌مانه‌ نزیكه‌ی مانگێكیان پێده‌چوو له‌م ناوه‌دا و ئه‌مه‌ پیشه‌ی هه‌موو ساڵێكیان بووه‌، نه‌ك نموونه‌ی تاوانێكی به‌رچاو. شتێكی چاكه‌ وا نییە‌!

 

١١ی تشرینى دووه‌می 1921

دنیا به‌ شه‌و زۆر سارد بوو، چوونکە‌ پێنجوێن زیاد له‌ پێنج هه‌زار پێ به‌رز بوو، به‌یانیش زۆر جوان و ڕووناك بوو. ئه‌م به‌یانییه‌ مودیر قاوه‌ڵتییه‌كی ئاسایی، وه‌ك ڕۆژانی تری دامێ كه‌ بریتی بوو له‌ هێلكه‌ی كوڵاو، ماست، نانی تیری و چاى و قاوه‌ڵتیی له‌مه‌ باشتر نه‌بوو. پاشان كه‌وتمه‌ ڕێ و مودیریش بۆ ماوه‌ی نیو سه‌عاتێك به‌ سواریی كه‌وته‌ ته‌كم. ته‌نانه‌ت له‌ كاتژمێر هه‌شت و نیودا كه‌ كه‌وتینه‌ڕێ توێژاڵێك شه‌خته‌ و زوقم له‌ ژێر داره‌كاندا بوو، به‌ڵام هه‌ر كه‌ دامانه‌ لاپاڵی گرد و چیاكاندا خۆر ته‌واو گه‌رمی كرد. له‌ ڕێگا راوێكی سه‌رنه‌كه‌وتووی بزنه‌ كێویمان كرد و هه‌ر یه‌كه‌ لای خۆیه‌وه‌ كه‌وته‌ پارێز له‌ بزنه‌ كێوییه‌كان كه‌ جڵه‌وی بارودۆخه‌كه‌ لای ئه‌وان بوو. ئێمه‌ به‌ سواری به‌ شاخه‌كانی پشتی پێنجوێندا ڕۆیشتین به‌ ناو جوانترین دارستانی داربه‌ڕوودا كه‌ تا ئێستا بینیبێتم. داره‌كان نزیكه‌ی شه‌ست پێ یان زیاتر به‌رز بوون و به‌ڕووی زل زلیان پێوه‌ بوو، كه‌ سێ جار له‌ به‌ڕووه‌كانی لای خۆمان گه‌وره‌تر بوو و هه‌ندێكت بۆ ده‌نێرم و به‌ره‌ گۆیژی گه‌وره‌ و نایاب له‌ هه‌موو لایه‌ك به‌رچاو ده‌كه‌وت و حه‌زت ده‌كرد بیخۆیت. له‌ سه‌ره‌وه‌ی ته‌نگی ڕێره‌وه‌كه‌مان زه‌وییه‌كی سه‌یر هاته‌ پێش چاومان كه‌ شاخه‌ به‌رزه‌كان یه‌كپارچه‌ دارستانی به‌ڕوو بوون و له‌وه‌خواریش زنجیره‌ چیای ڕووته‌ن و پاشان ده‌شتی پان و به‌رینی هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌وێش به‌ولاوه‌ زنجیره‌ی شاخه‌ نووك تیژه‌كانی هه‌ورامان بوو كه‌ به‌شێكیان له‌ ناو خاكی ئێراندا بوو. من به‌ ناو داربه‌ڕووه‌كاندا چوومه‌ خواره‌وه‌ و جار جار ده‌وه‌ستام و به‌ره‌ تووتڕكم ده‌خوارد كه‌ له‌ قه‌راخ و بیجاخی هه‌موو جۆگه‌ ئاوه‌كان سه‌وز بووبوون. به‌ره‌به‌ره‌ داره‌كان هاتنه‌ ته‌نكی و پاشان دیار نه‌مان و ئێمه‌ش كه‌وتینه‌ ناو پێده‌شتێكه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی ده‌ربه‌ندێكی ڕووته‌نمان بڕی. وا ئیتر دارستانی به‌ڕوو نه‌ما، خوایه‌ خۆ من پێنج ڕۆژی خۆشم له‌ ناویاندا برده‌ سه‌ر. دواجار گه‌یشتینه‌ یه‌ك له‌م ده‌ربه‌نده‌ ڕووتانه‌ی ده‌یڕوانییه‌ سه‌ر ده‌شتێكی فراواندا و هاتینه‌ بچووكترین و پیسترین زنجی كورده‌وه‌ كه‌ تووتاغاج بوو، واته‌ دارتوو و ئه‌م ناوه‌شیان بۆ گاڵته‌ به‌ سه‌ردا بڕیوه‌ و ته‌نها سێ داربه‌ڕووی گه‌ڕی تێدا بوو كه‌ ژاكابوون و خه‌ریكبوو وشك ده‌بوون. تووتاغاج مڵكی یه‌كێك له‌ به‌گزاده‌كانه‌ كه‌ ناوی عەبدوڵڵا به‌گه‌ و من بۆره‌ ناسیاوییه‌كم له‌گه‌ڵدا هه‌بوو. ئه‌و له‌ زستاندا لێره‌ ده‌ژیا و به‌ هاوینانیش ده‌چووه‌ چیاكانی ئه‌و ناوه‌. عەبدوڵڵا به‌گ زۆر میوانپه‌روه‌ر بوو و به‌ گه‌رمی پێشوازیی لێكردم و خێرا فه‌رمانی دا یه‌كێك له‌ دوو هۆده‌ی زنجه‌كه‌یم بۆ پاك بكه‌نه‌وه‌ و بیخه‌نه‌ خزمه‌تمه‌وه‌، به‌ڵام چوونکە‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ تاڵه‌ی سپیاره‌م هه‌بوو، چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر زۆر بێتاقه‌ت بوم و له‌ ترسی كێچ له‌رزم لێهات. لێره‌دا ئه‌و پێشنیازی كرد كه‌ خێوه‌تێكم له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاوایی بۆ هه‌ڵبدات له‌ هه‌ر شوێنێكدا كه‌ خۆم پێمخۆش بێت. به‌ ڕاستى منیش زۆر كه‌یفم پێهات و خێوه‌تمان له‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی پاك هه‌ڵدا له‌ شوێن خه‌رمانێكدا، كه‌ چه‌ند سه‌د یاردێك له‌ دێوه‌ دوور بوو. خێوه‌تی كوردی زۆر داخراو نییە‌ و بریتییه‌ له‌ ساپیته‌یه‌ك له‌ به‌نی مووی بزن و چوارده‌وری به‌ جۆره‌ حه‌سیرێك گیراوه‌ كه‌ له‌ قامیش دروستكراوه‌ و شاشه‌ و ده‌ر و ناوی ده‌بینرێت و به‌رزییه‌كه‌شی ناگاته‌ ئاستی ساپیته‌كه‌ و به‌تاڵییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا (مه‌به‌ستى چیخه‌ - و). ئێمه‌ به‌شێكیمان جیاكرده‌وه‌ بۆ زه‌یا و ساڵح به‌گ و من خاولیی حه‌مامه‌كه‌م به‌ نێواندا هه‌ڵواسی وه‌ك په‌رده‌یه‌ك و به‌مجۆره‌ شوێنێكی ترمان دابینكرد و دنیا لێره‌ گه‌رم بوو چوونکە‌ نزیكه‌ی 2 - 3 هه‌زار پێ دابه‌زیبووین و ده‌شتی هه‌ڵه‌بجه‌ش زستانه‌ هه‌واره‌، واته‌ گه‌رمیانه‌ و به‌م ڕه‌نگه‌ خه‌وتن له‌ ده‌ره‌وه‌ خۆش بوو و دانیشتنیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی خێوه‌ته‌كه‌ و نامه‌ نووسین بۆ تۆ تام و بۆیه‌كی خۆشی هه‌بوو. دانیشتووانی گوند هه‌ڵسوكه‌وتێكی جوانیان نواند و پاش به‌خێرهاتن به‌ جێیانهێشتم بۆ حه‌وانه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌ڕ و ماڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام قۆچیان له‌ خێوه‌ته‌كه‌ ده‌دا و بۆنیان به‌ كه‌لوپه‌له‌كانه‌وه‌ ده‌كرد. ده‌مه‌و خۆراوا گاگه‌ل به‌ره‌و ناو ئاوایی گه‌ڕایه‌وه‌ و سێبه‌رێكی شینباو قه‌دپاڵ و چیاكانی داگیر كرد و لووتكه‌ به‌رزه‌كان وه‌ك ئاڵتوون بریسكه‌یان ده‌هات، خوایه‌ وا من بووم به‌ شاژنه‌ ڤیكتۆریا! ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ستراچیت له‌ بیره‌ كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌لبێرتی ئازیز ده‌ڵێ هۆكاری جوانیی دیمه‌نی شاخه‌كان له‌ گۆڕانی به‌رده‌وامیاندایه‌". چاكه‌، ئێمه‌ كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ له‌ سه‌ربانی ماڵی عەبدوڵڵا به‌گ نانی شێوانمان خوارد. به‌یانی چوار هێلكه‌ و نانێكی بچووكم خواردبوو، ئیتر دوای ئه‌وه‌ تا ئێواره‌ هیچم نه‌خوارد و وا ئێستا نانی ئێواره‌ له‌ به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و ده‌خۆم كه‌ بریتی بوو له‌ گۆشتی كوڵاو و سووره‌وه‌كراو له‌گه‌ڵ برنجدا كه‌ تام و له‌زه‌تی هه‌ر ته‌واو نه‌ده‌بوو. چێشتی كوردی به‌ تایبه‌تى نایابه‌ و ته‌نانه‌ت له‌م شوێن و ڕێ ناڕێك و هه‌ژاره‌یاندا خواردنی خۆش و به‌تام دروست ده‌كه‌ن و تۆ لێره‌ نابێ پاره‌ بده‌یت چوونکە‌ پێیان عه‌یبه‌ و به‌ سووكایه‌تیی داده‌نێن. من هه‌ست به‌ نیگه‌رانی ده‌كه‌م كه‌وا خۆم و جه‌ندرمه‌ و هێستره‌كانم بوون به‌ بارێكی قورس به‌ سه‌ر شوێنێكی وه‌ك تووتاغاجه‌وه.

 

١٢ی تشرینى دووه‌می 1921

ڕاستێكه‌ی من ته‌واو خۆشنوود بووم و نوقمی خه‌یاڵ بووبووم و ته‌ماشا ده‌كه‌م قاوه‌ڵتییه‌كه‌ هیچ نییە‌ بێجگه‌ له‌ هه‌ندێك نان و پیاڵه‌یه‌ك یان دوان چاى. من هه‌ندێك گوێزم پێبوو به‌ڵام گوێز زۆر به‌رگه‌ ناگرێت و ئێمه‌ نزیكه‌ی پێنج كاتژمێر به‌ سواری ڕێمان كرد تا گه‌یشتینه‌ هه‌ڵه‌بجه‌. ئه‌و ده‌شته‌ی پێیدا گوزه‌رمان كرد زه‌وی و زارێكی زۆر به‌پیتی وڵاته‌كه‌ بوو و هه‌روا چه‌م و لقی ڕووباری سیروان بوو له‌تی كردبوو و پێیدا ده‌ڕۆیشت و به‌ چوارده‌وری ئه‌و گرد و ڕووته‌نانه‌دا له‌ سێ لاوه‌ چه‌م و ئاو بوو. گه‌لێ گوند كه‌وتبوونه‌ بن گردی ده‌ستكرده‌وه‌ ـ جا ئه‌مانه‌ ئاسه‌واری میدییه‌كان بوون یان چی، نازانم؟

هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌وتبووه‌ كۆتایی پێده‌شته‌كه‌ و نزیك به‌ شاخه‌كان و ماوه‌ی نیو سه‌عاتێكمان مابوو بگه‌ینه‌ مه‌نزڵ ئه‌حمه‌د به‌گی قایمقاممان پێگه‌یشت كه‌ له‌گه‌ڵ بیست كه‌سی پۆشاك قه‌شه‌نگی ده‌سته‌ و تاقمیدا ڕاوی ده‌كرد و كاپتن دۆگڵاسیشی له‌گه‌ڵ بوو كه‌ جێگری ئه‌فسه‌ری سیاسیی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو، به‌مجۆره‌ پێكه‌وه‌ دامانه‌ غاردان و كۆڕ و كۆمه‌ڵێكی قه‌به‌ و سه‌یر ده‌هاتینه‌ به‌رچاو. كاپتن دۆگڵاس له‌ خانوویه‌كی كۆنی شێواز ئێرانیدا ده‌ژیا، كه‌ زۆر قه‌شه‌نگ و جوان بوو و له‌ شووشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی سه‌یر و ته‌خته‌ی نایاب و جوان پێكهاتبوو، به‌ڵام بیناكه‌ كۆن بووبوو و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانی خه‌ریكبوون ده‌ڕزین و من له‌م شوێنه‌دا له‌گه‌ڵ كاپتن دۆگڵاس مامه‌وه‌.

كه‌سایه‌تیی دیاری هه‌ڵه‌بجه‌ عه‌دله‌ خانمه‌  كه‌ خانمی گه‌وره‌ی به‌گزاده‌یه‌  لێره‌ و دایكی ئه‌حمه‌د به‌گه‌ و خێزانی وه‌سمان پاشا بووه‌، كه‌ ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر كۆچی دوایی كردووه‌ و ئه‌م خانمه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ فه‌رمانڕه‌وایی كردنی جاف به‌وپه‌ڕی توانایه‌وه‌ و كاریگه‌ریی له‌وه‌ به‌هێزتره‌ كه‌وا بیری لێبكه‌یته‌وه‌ كه‌سێك بیكات و به‌گشتی وه‌ك خانمه‌ گه‌وره‌كانی كورد هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. ئه‌و گه‌لێ جار نامه‌ی بۆ نووسیوم و بێگومان من هه‌ستم به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێ دڵی ڕابگرین و خێرا دوای نانی نیوه‌ڕۆ چووم بۆ دیده‌نی. ئه‌م ئافره‌ته‌ كه‌سێتییه‌كی سه‌رسامكه‌ر و سه‌رنجڕاكێشه‌ به‌ جلوبه‌رگی كوردیی   قه‌شه‌نگیه‌وه‌ و به‌ زڵفی ڕه‌شی قه‌ترانییه‌وه‌ (پێموابێت بۆیاخی كردبوو) كه‌ له‌ ژێر مێزه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ریدابووه‌وه‌ به‌ سه‌ر گۆنای ئارایشتكراویدا. ئێمه‌ به‌ فارسی گفتوگۆمان ده‌كرد و له‌ زۆر شت دواین به‌ تایبه‌تى ئه‌و بواره‌م بۆ باس كردن كه‌ چۆن عێراق باش به‌ڕێوه‌ ده‌چێت له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تیی فه‌یسه‌ڵدا و بۆ دڵنیایی پێیان بڵێن كه‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاواتی ئێمه‌ دوو منداڵه‌كه‌مان بووه‌، عێراق و كوردستان كه‌ چۆن ده‌بێ به‌ ئاشتی و دۆستایه‌تی پێكه‌وه‌ بژین.

 

١٣ی تشرینى دووه‌می 1921

من ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ سلێمانی و له‌ 15ی مانگدا به‌ سواریی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بچمه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌م نه‌كردووه‌. كاپتن دۆگڵاس پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ شه‌وێكیش له‌ چیاكانی هه‌ورامان له‌ سه‌رووی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌رم و له‌ به‌رده‌م ئه‌م خولیایه‌دا خۆم ڕانه‌گرت. هه‌ورامان لای ئێمه‌ كه‌متر ناسرابوو و سه‌ردانی كرابوو، كه‌واته‌ ده‌بوو ئه‌م هه‌له‌ له‌ ده‌ست نه‌ده‌م و بگره‌ كورتترین سه‌ردان باشتر بوو له‌وه‌ی له‌ ده‌ستی بده‌م. چیاكانی زۆر سه‌خت   بوون و شیوی قووڵ قووڵ كه‌رت و په‌رتی كردبوون كه‌ پڕبوون له‌ دار و دره‌خت و باخی بچووك بچووكی نێو ته‌ڵان. لێره‌ ژیانی نه‌ریتیی دێهاته‌ و دانیشتووانی زۆر  كۆنن و به‌ دیالێكتێكی تایبه‌تی كوردی قسه‌ ده‌كه‌ن و وه‌ك باس ده‌كرێت زۆر نزیكه‌ له‌ شێوه‌ به‌راییه‌كانی زمانی فارسییه‌وه‌. به‌گه‌كانی هه‌ورامان خه‌ڵكی توندوتیژ و ئاژاوه‌گێڕن و له‌وانیش كه‌متر له‌ كاریگه‌ری و توندوتیژیدا بنه‌ماڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاینیی شێخه‌كانن كه‌ له‌ سه‌ر ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندین و مه‌زهه‌بێكی زۆر  به‌ربڵاوه‌ و له‌ دیمه‌شق و ئه‌سته‌مبووڵ و شوێنانی تر    مزگه‌وت و ته‌كیه‌ یان با بڵێین خه‌ڵوه‌تخانه‌یان هه‌یه‌ (مه‌به‌ستى خانه‌قایه‌ كه‌ زیاتر بۆ ڕابه‌رانى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندییه‌ له‌ كوردستاندا - وه‌رگێڕ). لە ڕاستیدا نه‌قشبه‌ندییه‌كان زیاتر له‌ ڕێبازێكی ئاینی ده‌چن وه‌ك هه‌ر شتێكی    تر و هاوشێوه‌یه‌كی ئیسلامیی باوكانی دۆمینیكانه‌ و هه‌ورامان شوێنی پیرۆزیانه‌.

ئێمه‌ تاقمێكی گه‌وره‌ بووین و ئه‌حمه‌د به‌گ (لێره‌دا مه‌به‌ست شاعیر ئه‌حمه‌د موختار جافه‌ - و) به‌ خۆی و بیست سواره‌وه‌ هاتبوو، ئه‌حمه‌د به‌گ ماینێكی عه‌ره‌بیی جوانی دامێ بۆ سواری. له‌ پاش ده‌رچوونمان به‌ نیو سه‌عات سێ شێخی نه‌قشبه‌ندی هاتنه‌ پیریمانه‌وه‌، یه‌كێكیان شێخ سه‌عدیی برای شێخ حیسامه‌دین بوو كه‌ له‌گه‌ڵی چووین بۆ سه‌ر خوانی  نیوه‌ڕۆ و نیو سه‌عاتی تری ڕێگه‌ به‌ بنی یاڵ و شاخی ڕووته‌ندا ڕۆیشتین و گه‌یشتینه‌ قادر به‌گی كوڕی جافر سوڵتانی سه‌رۆك، كه‌ سوارێ یان دوانی له‌گه‌ڵ بوو. به‌م پێیه‌ هه‌مووان ده‌یانگوت كه‌وا تاقمه‌كه‌ی ئێمه‌ 40 تا 50 سواری پۆشاك ڕه‌نگاوڕه‌نگ بووین به‌ سه‌ر پشتی ئه‌سپی خۆشبه‌زی عه‌ره‌بییه‌وه‌ و به‌ وێنه‌ی كتێبێكی پڕ له‌ زانستی فارسی ده‌چووین. به‌م ڕه‌نگه‌ به‌ ناو چیاكاندا ڕۆیشتین تاوه‌كو چووینه‌ پێچی شاخه‌وه‌ و جۆگه‌ی ئاودێریی بچووك تێیدا سه‌ره‌وخوار ده‌هات و ریزێك دارتوو له‌ سه‌ریان سه‌وز بووبوون. له‌ دووریشه‌وه‌ گوندێكی خنجیله‌ له‌ به‌رزاییه‌وه‌ ده‌ركه‌وتبوو، كه‌ ناوی باخه‌ كۆن بوو و ئێمه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌چووین بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ. ئێره‌ش وه‌ك هه‌موو گونده‌كانی تری هه‌ورامان به‌ ڕێكی له‌ به‌رد دروستكراوه‌ و نوقمی داری به‌رییه‌ كه‌ له‌ ته‌ڵانه‌كاندا ڕواون به‌ درێژایی جۆگه‌ ئاودێرییه‌كان به‌ لاپاڵی چیاكانه‌وه‌. له‌ به‌رزترین شوێنی گونددا چووینه‌ ماڵی شێخ   حیسامه‌دین و به‌ درێژایی دیوه‌خانه‌ له‌ به‌رد دروستكراوه‌كه‌ی و له‌ به‌رده‌می ئێمه‌دا بۆ خواره‌وه‌ و به‌ قه‌دپاڵی چیاكه‌وه‌ باخچه‌یه‌كی خنجیلانه‌ی بچووك دروستكرابوو له‌ سه‌ر ده‌ستووری ئێران كه‌ بریتیبوو له‌ دوو ته‌ڵان و حه‌وزێكی ئاو له‌ ناوه‌ڕاستدا و شۆڕه‌بییه‌ك له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ و گوڵ و گوڵزار به‌ چوارده‌وریدا، كۆڵه‌كه‌ دار بووه‌ به‌ په‌رژینی باخه‌كه‌ و ئاو به‌ نێو به‌ردی خزدا پلووسكی به‌ستبوو به‌ره‌و خوار بۆ ته‌ڵانه‌ پڕ گوڵ و گوڵزاره‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر. ئێمه‌ گشت چووین بۆ دیوه‌خان و له‌ سه‌ر قاڵی و لباد دانیشتین. خودی حیسامه‌دین خۆیشی له‌وێ بوو، كه‌ ڕووخۆشترین و كه‌یفخۆشترین پیره‌مێردی به‌شكۆ و پیرۆز بوو بینیبێتم، جووتێ چاوی گه‌ش و  گه‌وره‌ و لووتێكی زلی قوڵنگی پێوه‌بوو، مێزه‌رێكی سپیی زلی به‌ سه‌ره‌وه‌ و هه‌میشه‌ ده‌م به‌ خه‌نده‌ بوو، هه‌روه‌ها عه‌ره‌بییه‌كی زۆر چاكیشی ده‌زانی. هه‌ر هه‌موو ئه‌و به‌گ و شێخانه‌ی له‌وێ دانیشتبوون له‌ جلوبه‌رگی ئاڵ و واڵای سوور و شین و قاوه‌یی و سپی و ڕه‌شدا بوون. تیشكی ڕۆژ له‌ په‌نجه‌ره‌ كراوه‌كانه‌وه‌ ده‌هاته‌ ژوور، كه‌ لێیانه‌وه‌ حه‌وزه‌ شینه‌كه‌ و لق و پۆپی شۆڕه‌بییه‌كه‌ و لووتكه‌ی كه‌ژه‌كانت ده‌بینی كه‌ دیمه‌نێكی جوان و دڵڕفێنی ده‌به‌خشی. له‌ نێو ئه‌م   كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌دا پیاوێك هه‌بوو زۆر جیاواز بوو له‌م كورده‌ كه‌ته‌ و زلانه‌ كه‌ عه‌ره‌بێكی له‌ڕ و لاوازی خه‌ڵكی حیجاز بوو و ماوه‌ی پانزه‌ ساڵ بوو له‌گه‌ڵ شێخ حیسامه‌دین ده‌ژیا و لێره‌ ژنی     هێنابوو و جێگیر بووبوو به‌ڵام یه‌ك وشه‌ له‌ زمانی كوردی فێر نه‌بووبوو. ئه‌م پیاوه‌ مه‌یلی به‌ لای قسه‌ كردنه‌وه‌ نه‌بوو به‌ هیچ زمانێك و ته‌قه‌ی سه‌ری ده‌هات كه‌ باسی فه‌یسه‌ڵم ده‌كرد كه‌چی شێخ زۆر به‌په‌رۆش بوو بۆ بیستنی.

له‌ پاش نانخواردنێكی نایاب و به‌تامى نیوه‌ڕۆ دۆعاخوازیمان كرد و ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ من به‌ نابه‌دڵی ئه‌و شوێنه‌م جێهێشت. ئه‌م باخه‌ كۆنه‌ وه‌ختی خۆی لانكه‌ی دز و جه‌رده‌ بووه‌ تا ئه‌و ده‌مه‌ی كه‌ باوكی حیسامه‌دین فه‌رمانی پێكردووه‌ گوندێك له‌م شوێنه‌دا ئاوه‌دان بكاته‌وه‌ و ده‌ست بداته‌ ئیرشادی ته‌ریقه‌ت. به‌مجۆره‌ بوو به‌ خانه‌قای  نه‌قشبه‌ندی و خه‌ڵك ده‌هاتنه‌ سه‌ردانی و ده‌ستی شێخى ڕووگه‌شیان ماچ ده‌كرد و سه‌ره‌تاكانی به‌ها و ڕه‌وشتی لێوه‌ فێر ده‌بوون به‌ پێی تێگه‌یشتنی ئه‌و شوێنه‌.

كاتێ كه‌ به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و ده‌ربه‌ندێك داگه‌ڕاین و به‌ قه‌د چیایه‌كدا پێچمان كرده‌وه‌ و ڕۆیشتینه‌ ده‌ربه‌ندێكی دیكه‌ی قووڵتر و سامناكتره‌وه‌ كه‌ یه‌كپارچه‌ دارستانێكی چڕ بوو و له‌ناكاو له‌ قوژبنێكدا خۆمان له‌ ناو دۆڵێكی پڕ له‌ دارگوێزی قه‌به‌ و زه‌به‌لاحدا بینییه‌وه‌ و چووینه‌ گوندی بیاره‌ كه‌ مه‌رقه‌دی شێخ عومه‌ری تێدابوو، كه‌وا ڕابه‌ری به‌ناوبانگی ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندیی بووه‌ پشتێ دوان له‌مه‌وپێش. ئێره‌ ئامۆزایه‌كی شێخ حیسامه‌دینی لێبوو كه‌ ناوی شێخ عه‌لادین بوو و له‌ دیوه‌خانه‌كه‌ی خۆیدا له‌ ژێر كۆمه‌ڵه‌ دارگوێزێكی گه‌وره‌دا چووینه‌ لای و ئه‌م دیوه‌خانه‌ ده‌كه‌وته‌ لایه‌كی خانه‌قاوه‌ و به‌ته‌نیشت حه‌وزێكه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌سنوێژیان لێده‌گرت پێش ئه‌وه‌ی بچن بۆ نوێژ كردن و شوێنه‌كه‌ تا بڵێی ئارام و دڵڕفێن بوو. ئه‌م شێخ عه‌لادینه‌ هه‌ر كه‌ ده‌می كرده‌وه‌ كه‌وته‌ سكاڵا و بۆڵه‌بۆڵ و هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ ڕقم لێهه‌ڵـگرت چوونکە‌ پیره‌مێردێكی ڕوو تاڵی به‌دفه‌ساڵ بوو كه‌ به‌رده‌وام كۆڵی له‌و باس و خواسه‌ نه‌ده‌دا كه‌وا حكوومه‌تی به‌ریتانیا زۆر له‌وه‌ كه‌متری بۆ كردووه‌ كه‌ هه‌قبوو بیكردایه‌ و ئه‌م چاوه‌ڕێی شتی باشتر بوو و داواكاریی زۆرتر بوو. من پێموایه‌ ئه‌م زۆر پیرۆزتر بوو له‌ ئامۆزاكه‌ی كه‌ پێیوابوو بایه‌خی زیاتری پێدراوه‌ بۆیه‌ وا بێ وێڵ و ماریفه‌ت بوو له‌گه‌ڵمان و هه‌رچۆنێك بێت وایده‌بینم كه‌وا كاریگه‌رییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌. ئه‌و ئیرشادی "جیهان" ده‌كات و نووشته‌ و دۆعا و چاره‌سه‌ری به ‌موعجیزه‌ ده‌كات و تێكه‌ڵی فڕوفێڵی سیاسیی ده‌كات كه‌ چۆن بگونجێ له‌گه‌ڵ نه‌گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزی كشتوكاڵی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی باج سه‌ندن. مانه‌وه‌ی شه‌ومان ماوه‌ی نیو سه‌عاتێك ده‌كه‌وته‌ ئه‌وسه‌ری ده‌ربه‌نده‌كه‌وه‌، چوونکە‌ ده‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌فراسیاو به‌گ بمێنینه‌وه‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌ به‌گزاده‌كانی هه‌ورامان و هه‌روه‌ها كوڕه‌كه‌یشی كه‌ ته‌مه‌نی 10 - 11 ساڵ ده‌بوو و هاتبوونه‌ بیاره‌ بۆ دیده‌نیی ئێمه‌. ئه‌م نیو سه‌عاته‌ ڕێیه‌ به‌ سواری زۆر سه‌رسورهێنه‌ر بوو به‌ ناو دۆڵ و شیوی پڕ له‌ دارگوێز و داری میوه‌ی جۆراوجۆر. كاتێ كه‌ خۆر ئاوا بوو له‌ پشتی چیاكانه‌وه‌ ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ مه‌نزڵ، كه‌ ماڵێكی هاوینه‌ی ئه‌فراسیاو به‌گ بوو بۆ میوان و خانوویه‌كی گه‌وره‌ی له‌ به‌رد دروستكراو بوو كه‌ بریتیبوو له‌ سێ نهۆم، خواره‌وه‌ بۆ ئاژه‌ڵ و نهۆمی یه‌كه‌م بۆ خزمه‌تكار و نهۆمی سه‌ره‌وه‌شی بۆ ئاغا و پیاوماقووڵان. نیوه‌ی دیوه‌خانه‌ گه‌وره‌كه‌ به‌ سه‌ر دۆڵ و ترۆپكی داره‌كاندا كراوه‌ته‌وه‌ و كۆڵه‌كه‌ی داریش خراوه‌ته‌ به‌ر ساپیته‌ دارینه‌ قورسه‌كه‌ی و نیوه‌كه‌ی تریش به‌ دیواری ئه‌ستووری پێنج پێیى ده‌وردرابوو و تاقی گه‌وره‌ی تێدا دروستكرابوو. هۆده‌كه‌ی من كه‌ لایه‌كی خانووه‌كه‌ی گرتبوو له‌ دوو لاوه‌ ئه‌و تاقه‌ گه‌ورانه‌ی تێدابوو، كه‌ هه‌وا به‌ باشی ده‌یگرته‌وه‌ به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ دنیا سارد نه‌بوو، هه‌روه‌ها ئه‌م تاقانه‌ش زۆر به‌رز بوون و له‌ كه‌سه‌وه‌ دیار نه‌بووی سه‌یرت بكه‌ن، مه‌گه‌ر بچوایه‌ته‌ سه‌ر شاخه‌كه‌ی به‌رانبه‌ری.

پێش ئه‌وه‌ی شه‌و دابێت به‌ره‌و گونده‌كه‌ ڕۆیشتم كه‌ ده‌كه‌وته‌ سه‌ری ئه‌وسه‌ری ده‌ربه‌نده‌كه‌وه‌ و له‌وپه‌ڕی داره‌كانه‌وه‌. شاخه‌ ڕووته‌نه‌كه‌ نزیكه‌ی هه‌زار پێ له‌ سه‌ر گونده‌كه‌وه‌ بوو به‌ڵام سنووری ڕاسته‌قینه‌ كه‌وتبووه‌ لای خواره‌وه‌ و گونده‌كه‌ی ئه‌فراسیاو به‌گ ڕێك له‌ ناو ئێراندا بوو و ناوی هانه‌ گه‌رمه‌ڵه‌ بوو واته‌ كانیی گه‌رم به‌ دیالێكتی هه‌ورامی. هه‌فته‌یه‌ك دوانی تر گونده‌كه‌ ده‌بێ به‌ ژێر به‌فره‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ى گوێ به‌ سه‌رما ناده‌ن چوونکە‌ خانووه‌كانیان له‌ به‌ردی زل و قه‌به‌ دروستكردووه‌ و دارێكی زۆریان له‌ هه‌یوانی ماڵدا كه‌ڵه‌كه‌ كردووه‌ بۆ سووتاندن. ئه‌فراسیاو به‌گ خانووی زستانه‌ی لێره‌یه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆشكێكی هه‌ورامی كه‌وا ڕووبه‌رێكی شكۆداری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و كۆڵه‌كه‌ی ئه‌ستوور ڕایگرتووه‌.

كاتێ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵ ته‌ماشام كرد له‌ سووچی دیوه‌خانه‌وه‌ ئاگریان ده‌مداوه‌ و ئه‌فراسیاو به‌گ و هه‌ر سێ كوڕه‌ بچووكه‌كه‌ی، كه‌ پۆشاكی قه‌شه‌نگیان له‌به‌ردابوو، له‌گه‌ڵ قادر به‌گی كوڕی جافر سوڵتان له‌ سه‌ر دۆشه‌ك   دانیشتبوون و له‌وبه‌ریشیانه‌وه‌ چایچییه‌كه‌ سه‌ماوه‌ری لێده‌مدابوو، خزمه‌تكاره‌كانیش له‌ پشته‌وه‌ بوون. ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌بوو كه‌وا ئه‌فراسیاو به‌گ یه‌كێك له‌ براكانی قادر به‌گی كوشتبوو و جافر سوڵتانیش ڕق و كینه‌ی گرتبووه‌ دڵ و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام واپێده‌چوو قادر به‌گ زۆر بایه‌خ به‌م دوژمنایه‌تییه‌ى ناو خێزانه‌كه‌ نه‌دا و بێگومان بووم كه‌ له‌مه‌دا زۆر ژیرانه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌، چوونکە‌ ژماره‌یه‌ك برای هه‌یه‌و یه‌كێكیان لێ كه‌م بێته‌وه‌ یان زیاد بێت مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌وتۆ نییە‌، بۆیه‌ پێكه‌وه‌ خۆی و ئه‌فراسیاو له‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زا دانیشتبوون و سوڵحیان كردبوو. ئێمه‌ له‌ دیوه‌خان نانی شێوانمان خوارد، من و كاپتن دۆگڵاس له‌ سه‌ر ته‌به‌قێكی گه‌وره‌ی برنج و نان و گۆشتی كوڵاو و سووره‌وه‌كراو و ماستاو بووین، قادر و ئه‌فراسیاو و منداڵه‌كانیش له‌ سه‌ر ته‌به‌قێكی تر، هه‌روه‌ها دووسێ تاقمی تریش به‌شداری ئه‌م خوانه‌ بوون. كاتێ كه‌ ئێمه‌ لێبووینه‌وه‌ و ئه‌و به‌رده‌سته‌ زۆره‌ی لێمان مابووه‌وه‌ ده‌ستوپێ و خزمه‌تكار بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ و خواردیان. شه‌و زۆرم لاخۆش بوو كه‌وا له‌ سه‌ر جێگه‌كه‌مه‌وه‌ و له‌ كونی تاقه‌كانه‌وه‌ ته‌ماشای ترۆپكی داره‌كانم ده‌كرد كه‌ له‌ نێو تریفه‌ی مانگه‌شه‌ودا مه‌له‌یان ده‌كرد.

بۆ سبه‌ی به‌یانیی 14ی نۆڤه‌مبه‌ر به‌ سواریی گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ بیاره‌ ئه‌حمه‌د به‌گ و ده‌سته ‌و تاقمه‌كه‌یمان له‌گه‌ڵ خۆمان برده‌وه‌، چوونکە‌ ئه‌وان شه‌و له‌ بیاره‌ مابوونه‌وه‌. شێخ زۆری هه‌وڵدا له‌گه‌ڵمان كه‌ بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ لای ئه‌و بمێنینه‌وه‌ و ڕاستییه‌كه‌ی نانیشی ئاماده‌ كردبوو، به‌ڵام ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر سه‌عاتێك ده‌بوو نانی به‌یانیمان خواردبوو، كه‌ بریتی بوو له‌ هێلكه‌ و ماست، من پۆزشم بۆ هێنایه‌وه‌ و نه‌مانتوانی بچینه‌ سه‌ر بانگهێشته‌كه‌ی و پێموایه‌ لێشمان دڵـگران بوو. بۆ لای نیوه‌ڕۆ گه‌یشتینه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و پاش نانی نیوه‌ڕۆ دۆعاخوازیم له‌ عه‌دله‌ خانم كرد و به‌ ئۆتۆمبیل گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ سلێمانی، كه‌ نزیكه‌ی سێ كاتژمێر به‌ ئـۆتۆمبێل دوور بوو و ئێمه‌ش ڕێگه‌یه‌كی باشی ئۆتۆمبێلمان بۆ دروستكردبوو. له‌وێ مێجه‌ر مارشاڵ له‌گه‌ڵ مێجه‌ر گوڵدسمیس مابووه‌وه‌ و ڕۆژێكی خۆشی به‌ گه‌ڕان و گرتنی چه‌ند فۆتۆگرافێك له‌ سلێمانی بردبووه‌ سه‌ر. دواینیوه‌ڕۆی ڕۆژی 15ی نۆڤه‌مبه‌ر عه‌دله‌ خانم هات بۆ سلێمانی و پێی وتم له‌ به‌ر خۆشه‌ویستیی من هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر بمبینێ، به‌ڵام مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ لای مێجه‌ر گۆڵدسمیس بۆی تێبكه‌وم سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێ كاروباری تایبه‌تی خۆی و له‌م كاره‌یدا سه‌رنه‌كه‌وت و منیش نه‌مده‌خواست ده‌ست وه‌رده‌مه‌ كاروباری سیاسیی ناوخۆ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش مێجه‌ر گوڵدسمیس هه‌موو شتێكی له‌ باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌ تایبه‌تانه‌وه‌ بۆ باسكردبووم بۆیه‌ به‌ ته‌واوی ئاگاداری گه‌مه‌كه‌ی خانم بووم.

ڕۆژی 16ی نۆڤه‌مبه‌ر به‌ ئۆتۆمبیل گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك و جێگری ڕاوێژكار (كاپتن میڵه‌ر) ئه‌ركی میوانداریی به‌جێهێنا و ئه‌لهه‌قی پیاوێكی به‌ڕێز بوو (بابه‌ تۆ له‌ كه‌ركووك بینیوته‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ نه‌یه‌ته‌وه‌ یادت) و من ده‌بێ بیر له‌ پیاوێكی به‌تواناتر بكه‌مه‌وه‌ له‌م سه‌رۆكه‌ زۆر خۆشنووده‌ی. له‌ كه‌ركووك ته‌ماشام كرد بارودۆخه‌كه‌ به‌ ته‌واوی گۆڕاوه‌ و زۆر باشتر بووه‌. كاپتن میڵه‌ر به‌ره‌وخوار بووه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدا، چوونکە‌ ئه‌و كاته‌ لێره‌بوو كه‌ من به‌ كه‌ركووكدا گوزه‌رم كرد. له‌وێ چاوپێكه‌وتنێكی دوور و درێژی له‌گه‌ڵ فه‌یسه‌ڵ ئه‌نجامدابوو و به‌ ته‌واوی سه‌رسام بووبوو به‌ زیره‌كی و هونه‌ری كار به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م  پیاوه‌ و به‌ بڕیارێكه‌وه‌ گه‌ڕابۆوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ كه‌ركووكییه‌كانی بسه‌لمێنێ كه‌ به‌ ته‌واوی هه‌ڵه‌ن له‌ ملنه‌دانیاندا و تۆزقاڵێكیش له‌وه‌ نه‌گه‌یشتوون كه‌ فه‌یسه‌ڵ ده‌یه‌وێت و وا چاكتره‌ نوێنه‌رێكیان بنێرن بیبینێت، كه‌ تا ئێستا ڕازی نه‌بوون ئه‌م كاره‌ بكه‌ن. كارێكی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت ئه‌گه‌ر وه‌فدێكی نوێنه‌رانیان به‌ سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ پیاوی شار له‌ ماوه‌ی ده‌ ڕۆژدا خۆ ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ڕۆیشتن، چوونکە‌ حاڵی حازر فه‌یسه‌ڵ به‌ گه‌شتێك چووه‌ته‌ شوێنێك. گه‌وره‌ی شار وه‌ك كاپتن میڵه‌ر ده‌ڵێ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ساغبووه‌ته‌وه‌ كه‌وا تورك نه‌ك هه‌ر ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بەڵکوو خودی خۆی ده‌كه‌وێته‌ بارێكی خراپه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان كرد. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ خۆی خستووه‌ته‌ خزمه‌تی ئێمه‌وه‌ و پاڵپشتێكی دڵسۆزی حكوومه‌تی به‌ریتانیایه‌ له‌ كاتی داگیر كردنه‌وه‌. خه‌ڵكی كوردی كه‌ركووك حه‌ز ناكه‌ن له‌گه‌ڵ سلێمانیدا یه‌كبگرن و گه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ تورك و كورده‌وه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا له‌ خۆئاماده‌كردندان بۆ ئه‌وه‌ی سوێندی ملكه‌چی و دڵسۆزی بۆ مه‌لیكی عێراق بخۆن و ئه‌مه‌ تاقه‌ خاڵی به‌جێیه‌ بۆ ئه‌وان كه‌ هه‌وڵ بده‌ن بیگه‌یه‌ننه‌ ئه‌نجام.

هه‌موو ئه‌م باس و خواسه‌ كاپتن میڵه‌ر بۆی گێڕامه‌وه‌ كاتێ به‌ ئۆتۆمیبل بردمیه‌ ده‌ره‌وه‌ پێش چاى خواردنه‌وه‌ و بۆ بینینى ئه‌و چاڵه‌ نه‌وته‌ ڕه‌شه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش میل ده‌كه‌وته‌ باكووری كه‌ركووكه‌وه‌ و من پێشتر نه‌مبینیبوو. ئه‌مه‌ نه‌وتێكی پاك نییە‌ به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ده‌یپاڵێون ده‌توانرێ بۆ كاروباری ناوماڵ به‌كاربهێنرێت و ده‌كرێ ئه‌گه‌ر پاڵاوگه‌یه‌كی باشی بۆ دابمه‌زرێنن ئه‌وه‌ ده‌توانن پیتڕۆڵی سووته‌مه‌نی ئۆتۆمبیلی لێده‌ربهێنن. ئه‌م چاڵه‌ نه‌وتانه‌ مڵكی خێزانێكی كه‌ركووكین كه‌ پێیان ده‌ڵێن نه‌فتچی زاده‌. له‌ دووریی نزیكه‌ی چاره‌كه‌ میلێك له‌م چاڵه‌ نه‌وتانه‌وه‌ چاڵێكی بچووك به‌ سه‌ر ته‌پۆڵكه‌یه‌كه‌وه‌ تاق بووه‌ته‌وه‌ كه‌وا له‌ ژێر زه‌وییه‌وه‌ گازی لێدێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌سووتێ. ئێمه‌ چووینه‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ ته‌ماشا كردنی و نێڵه‌نێڵی له‌ ئاگری دۆزه‌خى ده‌كرد و پڕیشكی ئاگر له‌ هه‌موو كون و درزێكه‌وه‌ هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه‌ و بۆنی گۆگردی لێده‌هات. خۆزگه‌ باوكه‌ جارێكیان له‌گه‌ڵ تۆ ده‌چوومه‌ سه‌ری و بۆت باس ده‌كردم كه‌ ئه‌مه‌ چیه‌ و چی نییە‌. كاتێ گه‌ڕاینه‌ دواوه‌ كاپتن میڵه‌ر بردمی بۆ سه‌ردانی قایمقام كه‌ ئاغایه‌كی سه‌رۆكی كوردی له‌لابوو به‌ ناوی حه‌بیب به‌گی تاڵه‌بانی (ڕاستتر شێخ حه‌بیب - و) و نوێنه‌ریشه‌ و گفتوگۆیه‌كی دۆستانه‌مان پێكه‌وه‌ كرد و كه‌ هاتن بۆ به‌غدا بانگهێشتی ئێواره‌ خوانێكیان ده‌كه‌م. ئێواره‌ دره‌نگانێك قایمقام له‌ به‌رانبه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی مندا سه‌ردانی كردمه‌وه‌ و عەبدوڵڵا ئه‌فه‌ندیی برایشی له‌گه‌ڵ خۆ هێنابوو بۆ سه‌ردانی من. ئه‌م برایه‌ی پێشتر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی مه‌بعووسانی تورك بووه‌ و هه‌روه‌ها حوسێن به‌گی نه‌فتچی زاده‌شیان له‌گه‌ڵ هاتبوو، ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ی بۆ نوێنه‌ر ده‌سنیشان كرابوو. عەبدوڵڵا به‌گ و حوسێن به‌گ زۆر كه‌م عه‌ره‌بییان ده‌زانی و ته‌نها به‌ توركی قسه‌یان ده‌كرد و هەڵبەت‌ ئه‌م كه‌ركووكیانه‌ تورك بوون نه‌ك عوسمانلی و له‌ سه‌رده‌می داگیركردنی زووی سه‌لجوقییه‌كانه‌وه‌ هاتبوون. لێره‌ ئێواره‌خوانێكی خۆشمان ساز كرد له‌گه‌ڵ دوكتۆر و ئه‌فسه‌رێكی لێڤیدا كه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ هاتبوون و دوو پیاوی تر كه‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتبوون. له‌ 17ی نۆڤه‌مبه‌ردا چووم بۆ كنگربان (گوندێکێ نزیکی کفرییە و کاتی خۆی وێستگەی شەمەندەفەر بووە - وەرگێڕ)، وا ئێستاش هێدی هێدی به‌ره‌وخوار ده‌بمه‌وه‌ بۆ به‌غدا. ئای ئازیزم خۆزگه‌ لێره‌ ده‌بووی!

 

سەرچاوە:

Gertrude Bell letters

لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×