ئەمریكا: پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەم بەهارە بكرێت
  2024-02-06       1857       

ئا: ئاوێنە

 

رۆبەرت ود، نوێنەری ئەمریكا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێویستە بەهاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت و زیاتر دوانەخرێت.

 

رۆبەرت ود، نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەو وتەیەكدا وتی"هانی یونامی دەدەین بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی پاڵپشتیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان بکات لە بەهاری ئەم ساڵدا بەبێ دواکەوتنی زیاتر."

قسەكانی نوێنەری ئەمریكا دوای ئەوە هاتن كە ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراق کۆبوەوە و جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق راپۆرتێكی پێشکەشکرد و نیگەرانیی خۆی لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

پلاسخارت وتی"لەبارەی هەرێمی كوردستان بەداخەوە هەڵبژاردنی پەرلەمان جارێكی تر دواخرا...ئێستا ئیمە چاوەڕێی وادەیەكی دیكەین كە بۆ هەڵبژاردنەكە دیاری بكرێت."

ئەوەشی خستەڕو"بەڕاشكاوی دەڵێم ئەم دواخستنە بەردەوامەی هەڵبژاردن خزمەت بە بەرزكردنەوەی ئەو ئاستەی متمانەیە ناكات كە لە بنەڕەتدا لە ئاستێكی نزمدایە."

نوێنەری ئەمریكا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا، میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران، بونەتە هەڕەشە بۆ لێدان لەو دەستكەوتانەی عێراق كە لەدوای تێكشكاندنی داعشەوە بەدەستهاتون.

وتیشی، لەمانگی ئۆكتۆبەر 2023ەوە، ئەو میلیشیایانە زیاتر لە 165 جار هێرشیان كردۆتە سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و سوریاو ئوردن.

جەختیشی كردەوە، ئەم هێرشانە قبوڵكراو نین و ناكرێت بەردەوام بن.

هەروەها وتیشی، ئەو گروپە چەكدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتن، ئاڵنگارییەكی گەورە بۆ دەسەڵاتی حكومەتی عێراق و هەڕەشن بۆ سەر سەقامگیری عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ماوەی نزیکەی ٦ ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکوردستاندا ئەمجام نەدراوەو تا ئێستاش وادەیەک بۆ ئەنجامدانی دیاری نەکراوە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×