لەسەر هەناسە تەڵخەکانی ژیان نووسراوە.... "
  2024-02-03     

شیعری: بەرزان هەستیار

--

تکایە خۆڵ لێرەدا مەڕێژە،....

با ، بۆنت نەپرژێتە کۆڵان !

---

میزکردن لێرەدا .....

پیشەی ئەو مەستانەیە،...

کەس گوێ بۆ نەغمەی شمشاڵی...

ڕۆحی ڕەنگزەردیان شل ناکا

---

ئەم دوکانە گواستییەوە...

بۆ کۆڵانە تەنگەبەرەکەی نەداریی

---

تکایە قەرز نییە....

بۆ کڕینی نیو هەناسەی بەختەوەرییش

---

ڕاوەستان لێرەدا ...

بۆ عەرەبانەی خەیاڵە ئاڵوواڵاکان قەدەغەیە

---

تکایە وێر نییە،...

با ، هەر کەس بە برینی خۆی پارەی زەردەخەنەکانی بدا

---

ئەمە ئاوی خێرە ،...

خێری پاکبوونەوەی خەونەکانمان لە حەقیقەت !

---

ئەم خانووە بۆ فرۆشتن،...

بە بێ کۆڵەکەی ئازار و

بێ خەزێنەی یادەوەرییەکان

---

تکایە بێدەنگیی بپارێزە،...

گۆڕستان بۆ پشوودانە

---

بە چاوسەیر کە و

بە دڵ ڕەحم بە لەت.. لەتبوونی حەوسەڵەم بکە ، ئازیز

---

هاتنە ژوورەوە قەدەغەیە،....

نەک دەرگا، پەنجەرەکانی دڵیش ژەنگ خواردوونی.....

دەستیان بۆ مەبە، با وەک بەختەوەرییم هەڵنەوەرێن

---

ئەم کۆڵانە دەرناچێ ،....

لەو سەرەوە ، ژیان بە قوڕی نائومێدیی سواغی داوە

---

تکایە پاک و خاوێنی هۆڵەکە ڕابگرن،....

کراسی سپی ئەم کۆنسێرتی ئازارانە لە ئەرز ئەخشێ

---

تازە بۆیاخ کراوە،....

ئەم دیواری بیرەوەرییە خۆشانە ، بە زەهایمەر

---

تکایە ئەم شوێنە گیراوە...

بۆ شەڕی نێوان عیشق و تەنیایی

---

ئەم دەرگایە داخراوە،...

بۆت هەیە، لە کونی کلیلەکەوە ....

سەیری ئازارە قەدکراوەکانی سەر ڕەفە و

خەمە گرمۆڵەبووەکانی ژوور سەرم بکەیت

---

جگەرەکێشان قەدەغەیە،

دوکەڵی ئەو هەموو وێرانبوونەت ، لەم ناوە بە خەسار مەدە ،.....

با، تا ڕۆژی حەشر دەعواچیی نەبن لەسەرت

---

 

سێپتەمبەری 2017/ کۆلن

زۆرترین بینراو
وتەبێژی ئیدارەی بوش بۆ ڤانس: ئەوە خەتای شەڕی ئێران نییە، خەتای ئەوەیە ئێمە کۆتاییمان پێنەهێنا
بنه‌ماڵه‌ی كه‌ریم خان: به‌شداریكردنی محه‌مه‌د فه‌یسه‌ڵ له‌ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان گوزارشت له‌ رای ئێمه‌ ناكات‌
په‌یامی توندی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ پارتی: له‌م ده‌قه‌یه‌وه‌ له‌م حكومه‌ته‌ فاشیله‌ی هه‌رێم ده‌كشێینه‌وه‌
حەمە سوور دوشیوانی: کاردانەوەی ئەمجارەی یەکێتی زۆر توندو یەکلاکەرەوەو پشتشکێن دەبێت
بەدەل بەرواری داوا دەکات مووچەی پەرلەمانتار بکرێت بەکەمتر لە ٢ ملیۆن دینارو خانەنشینیشیان نەهێڵرێت
یەکێتی بڕیاری دا لەحکومەتی هەرێم بکشێتەوە
میدیای نزیک لە یەکێتی هۆشداری لە ئەگەری ڕاگەیاندنی "دوو ئیدارەیی" دەدات لە حاڵەتی پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی و نەوەی نوێ
نیگەرانی لە ئەنقەرە دوای شکستی ترەمپ
به‌رپرسێكی پێشوی ئه‌مریكا: ناكۆكییه‌كانی نێوخۆی هه‌رێم ده‌رفه‌تی زیاتر ده‌ده‌نه‌ به‌غدا بۆ به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی
داواکاریی کوردانی ڕۆژئاوا: لەبەڕێوەبردنی ناوچەکەوە بۆ داواکردنی خوێندنی کوردی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×