ئەمریكا یارمەتی مانگانەی بۆ پێشمەرگە كەمكردەوە
  2024-01-05       1875       

ئا: ئاوێنە

 

ماڵپەرێكی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی پێشمەرگەوە دەڵێت "ئەو بڕە پارەیەی ئەمریكا مانگانە بۆ پێدانی مووچەی هێزی پێشمەرگە خەرجی دەكات، لە (20) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (15) ملیۆن دۆلار كەمكراوەتەوە"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش دەڵێت "كەمكردنەوەی پارەكە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە دەستی پێكردووە".

 

ماڵپەری ئەلـمۆنیتەری ئەمریكی لە بارەی كەمكردنەوەی ئەو بڕە هاوكارییە داراییەی ئەمریكا مانگانە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانی دەنێرێت، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوەو ئامژە بەوە دەکات ئەو بڕە پارەیەی ئەمریكا مانگانە بۆ پێدانی مووچەی هێزی پێشمەرگە خەرجی دەكات، لە(20) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (15) ملیۆن دۆلار كەمكراوەتەوە، كەمكردنەوەكە لە كاتێكدایە گرژییە سیاسییە ناوخۆییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بۆتە هۆی ئاستەنگ لە پرۆسەی چاكسازی و یەكگرتنەوەی پێشمەرگە.

ئەو پارەیە بۆ دابینكردنی مووچەی نزیكەی (54) هەزار پێشمەرگەیە، كە سەر بە یەكەكانی فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانن، هەروەها (100) هەزار پێشمەرگەی دیكەی پارتی و یەكیتی ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە مووچەیان بۆ دابین دەكرێت.

ماڵپەڕی ئەلـمۆنیتەر لە زاری بەپرسی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، بڕینی پارەكە لە مانگی تشرینی یەكەمی (2023) ەوە كاری پێكراوە، بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی، كە لە نێوان ئەمریكاو حكومەتی هەرێم واژۆكراوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی دان بە كەمكردنەوەكەدا نەنراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئامانجی سەرەكیمان چەسپاندن و ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا.

ماڵپەڕی ئەلـمۆنیتەر لەزاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە بڵاویكردۆتەوە، كەمكردنەوەی یارمەتی مانگانە بڕیارێكی فەرمی نەبووە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە ئەو پێوەرانەی بۆ چاكسازی ناوخۆیی كە لە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئەیلولی (2022) لەگەڵ واشنتۆندا هاتووە، جێبەجێی نەكردووە.

دەشڵێت، پنتاگۆن بە شێوەیەكی ئاسایی خەرجكردنی یارمەتی پێشمەرگەی دواخستووە بە پشتبەستن بە بڕیاری فەرماندەی هاوپەیمانی سەبارەت بە پابەندبوونی هێزەكانی پێشمەرگە بە ڕێككەوتنەكە.

لە ساڵی (2017) ئەمریكا دەستیكرد بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆو پێدانی بەشێك لە مووچەی پێشمەرگە، چونكە لەو كاتەدا هێرشی چەكدارەكانی داعش بەردەوام بوون و پێشمەرگە بەشێكی گرنگ بوو لە ستراتیژی تێكشكاندنی ئەو گرووپە چەكدارە.

بەڵام حكومەتی هەرێم بەهۆی ناكۆكییەكانی بودجە لەگەڵ بەغدا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هەبوونی ملیۆنێك پەنابەرو ئاوارە لە هەرێمی كوردستان، لە ڕووی داراییەوە كێشەیەكی زۆری هەبوو، لە ئەنجامدا نەیتوانی لە كاتی شەڕدا بە شێوەیەكی باش مووچەی پێشمەرگە بدات، بۆ كەمكردنەوەی بارگرانییە داراییەكانی سەر هەرێم، واشنتۆن دەستوەردانی كردو بودجەی دابینكرد.

لەو كاتەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەوانە ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیاو هۆڵەنداش كاریان كردووە بۆ هاندانی چاكسازییە گەورەكانی پێشمەرگە.

وەك چاودێران دەشڵێن، بەڵام جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی بە شێوەیەكی نائومێدكەر خاو بۆتەوە، ناكۆكی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی بە شێوەیەكی بەرفراوان وەك بەربەستی سەرەكی تەماشا دەكرێت، هەردوولاش دوودڵن لە دەستبەرداربوون لە كۆنترۆڵی هێزەكانیان.

لە (21) ی ئەیلولی (2021)، پنتاگۆن یاداشتێكی نوێی لێكتێگەیشتنی چوار ساڵەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكردو چەند ئامانجێكی دیاریكرد، كە پێویستە لەلایەن پێشمەرگەوە جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی پشتیوانییەكان بەردەوام بێت.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی یەكەمین ساڵیادی واژۆكردنەكە، بەرپرسانی ئەمریكا زیاتر دەنگیان بەرزكردەوە سەبارەت بە نەبوونی پێشكەوتن لە دۆسیەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە، لە پشت پەردەوە ئەوە ڕوون بووەوە، كە ئەگەر هەنگاوی گەورە نەگیرێتەبەر دەرئەنجامەكانی دەبینن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×