ئا: ئاوێنە
تورکیا لە هەرێمەکانی باکوور-رۆژهەڵاتی سوریا، کە داگیری کردوون و تاوانی شەڕیان تێدا ئەنجام دەدات و پلانی گۆڕینی دیموگرافیای بە چڕی خستووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و لەوچوارچێوەشدا بەنیازە هەزاران ئەندامی حەماسو خێزانەکانیان لەعەفرین، جەرابلۆس و باب، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون، نیشتەجێ بکات.
ئاژانسى هاوارنیوز بڵاوى کردەوە، "دەوڵەتی داگیرکەرى تورک و چەتەکانی پلانیان داڕشتوە، کورد لەناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان کۆچبەر بکەن و بەهەزاران خێزانی ئەندامانی حەماس لەغەزەوە بگوازێتەوە بۆ هەرێمەکانی وەک عەفرین، جەرابلۆس و بابو نیشتەجێیان بکەن".
ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات دەوڵەتی تورک، قەتەرو حەماس پلانیان داناوە جگە لەعەفرین، ٢٥٠ هەزار لەدانیشتوانی غەززە لەهەرێمە داگیرکراوەکان، لەباکوری کوردستان و لەناوچەکانی قوبرس کە لە ژێر دەسەڵاتى داگیرکەری دەوڵەتی تورکدان نیشتەجێ بکەن.
زانیارییەکان لە بارەی ئەو بنەماڵانەی حەماس، کە هێنراون بۆ سنورى عەفرین بەم جۆرەیە:
لە کەمپێک کە بۆ ئەندامانی حەماس لە گوندی جەمەلێی ناوچەی جندرێسی عەفرین، لە ژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری نەتەوەیی تورک (میت)دا زیاتر لە چوار هەزار خێمەو خانوو ئامادەکراون. دروستکردنی کەمپەکە بەردەوامە و لە سێ بەش پێکدێت. فەیلەقی شام بەسەرپەرشتی میت کەمپەکە بەڕێوەدەبەن.
لە ١٧ی تشرینی دووەم زیاتر لە ٧٥ بنەماڵەی حەماس، گواستراوەتەوە بۆ ناوچەکە تاکو لەکەمپی گوندی چەقەلای ناوچەی شیێی عەفرین لەژێر چاودێری چەکدارەکانی ئەل ئەمرات نیشتەجێ بکرێن.
لە ١٩ی تشرینی یەکەم لە سەرەتای شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا دەوڵەتی تورک بە هەماهەنگی لەگەڵ کوەیت، قەتەر، ئیخوان موسلمین و حەماس بەدەیان خێزانی ئەندامانی حەماسی لەغەززەوە گواستەوە بۆ ناوچەی جندرێس، دەیان خێزان لەژێر چاودێری ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی دەوڵەتی تورکدا هێنرانە کەمپی دێر بەلوتی جندرێس. هەروەها ١٥٠ خێمە لەکەمپەکەدا هەڵدران.
لە کۆتایی مانگی تشرینی دوەم لە باب کە لە ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکدایە، بەهەمان شێوە خێمە هەڵدران و زیاتر لە ١٥٠ خێزانی حەماس تیایدا نیشتەجێکران.
ئاماژە بەوەشکراوە، پاڵپشتی دارایی کەمپەکان لەئەستۆی رێکخراوە سێبەرەکانی میتی وەک؛ دەستە سپیەکان، ئەهەهەو هەروەها کۆمەڵەی ژیانی شکۆمەندانەی فەلەستینە.