كه‌یسه‌كه‌ی ئامانج بابانی‌و قه‌یرانی غازو هێلكه‌

عیماد عه‌لی
  2020-02-07     964
قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ به‌های مرۆڤ‌و خه‌ڵكی ئه‌م كوردستانه‌ بگاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ خوێنی چه‌ندین كه‌س بكرێته‌ كه‌ره‌سته‌ی ململانێی كه‌سی‌و حزبی‌و كۆمپانیاو پاره‌و پول كه‌ له‌مێژوی وڵاتاندا كه‌م شتی وا رویداوه‌، به‌وانه‌ی كه‌ به‌خوێنرشتن و دژه‌ مرۆڤایه‌تی و فاشیست و شۆفینیش ناسراون. 

كه‌س هه‌یه‌ له‌بێویژدانی له‌و ئاسته‌دا بێت كه‌ گومانی له‌كوشتنی سێ گیانی بێگه‌ردی په‌پوله‌یی هه‌بێت و قسه‌ نه‌كات و له‌كاتی ناكۆكی له‌گه‌ڵ لایه‌ن‌و كه‌سی گومانلێكراودا بێته‌ ده‌نگ‌و هه‌ندێك به‌ڵگه‌ بخاته‌رو كه‌ قسه‌یه‌كی یه‌كجار مه‌ترسیدار هه‌ڵده‌گرێت و ده‌كرێت كه‌یسه‌كه‌ ژێره‌وژور بكات. 

بۆ به‌دبه‌ختی فه‌رمانگه‌یه‌كی هه‌ستیارو گرنگی وه‌ك به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی به‌ڵگه‌ی تاوان ببێته‌ دارده‌ستی حزب و لایه‌ن و به‌پێی ره‌وش و داواكاری حزب بریار بدات و به‌فه‌رمانی لایه‌نیتر بێده‌نگی هیه‌ڵبژێرێت یان قسه‌یه‌ك بكات كه‌ گومانی گه‌وره‌ بخاته‌ سه‌ر رێڕه‌وی كه‌یسه‌كی هه‌ستیاری له‌م حۆره‌، به‌ڵكو قسه‌ی ترسناك‌و وژدان هه‌ژێن له‌سه‌ر كه‌یسێكی رودانی تاوانی تێدا بێت و كوردستانی هه‌ژاندبێت و هه‌ر نه‌بێت روحی منداڵێكی په‌پوله‌ ئاسای تێدا به‌هه‌ده‌ر چووبێت به‌جیا له‌ ژن و پیاوێك.

ئه‌وه‌ی له‌م كوردستانه‌ روروده‌دات زۆر ناخ هه‌ژێنه‌و بێ وێنه‌یه‌:

* ئه‌گینا كه‌یسه‌كه‌ی ئامانج بابانی كه‌ وا بۆ چوار مانگ ده‌چێت ئه‌و تاوانه‌  روویداوه، داخراو له‌م ماوه‌ درێژه‌دا كه‌س نه‌بوو قسه‌ی ترسناكی له‌م جۆره‌ی ئه‌مرۆی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڵگه‌ی تاوان بكات، بۆچی له‌م كاته‌دا باس له‌م گومانه‌كه‌ ده‌كرێت؟

* له‌م ماوه‌یه‌دا، بۆچی باس له‌كه‌سانی له‌دووره‌وه‌ تۆمه‌تباركراو به‌ راشكاوی نه‌كرا و كه‌س نه‌یوێرا ئاماژه‌ی روون و دروست  به‌ئاشكرا به‌كه‌س بكات، به‌تایبه‌تی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به‌ڵگه‌ی تاوان كه‌ ده‌بێت ویژدان سه‌نگی مه‌حه‌كی كاركردن و راستگۆییان بێت و به‌داخه‌وه‌ به‌م قسه‌كردنه‌ و گومانكردنه‌ زۆر دره‌نگ و به‌مه‌به‌ست دواخراوه‌ و ئه‌م بێده‌نگیه‌ی له‌م ماوه‌ دوورودرێژه‌دا ده‌كرێت به‌خۆیانیش له‌گه‌ل ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌  تۆمه‌تبار بكرێن، كه‌ بۆچی له‌ تاوانێكی ئاوها بێ هه‌ڵوێست بوون و پێیان به‌سه‌ر ویژدانی خۆیاندا ناوه‌ و بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌؟

* بۆچی له‌م قه‌یرانی غازه‌ی ئه‌مرۆ و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆمپانیا و ته‌نده‌ر و ململانێی حزبی و پاره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ رووی كه‌سیه‌وه‌ به‌ ئاماژه‌ش بێت په‌یوه‌ندی به‌م كێشه‌ و قه‌یرانه‌وه‌ هه‌یه‌ و كتومت له‌م كاته‌دا باس له‌ كه‌یسه‌كه‌ی ئامانج بابانی ده‌كرێت؟

* مه‌عقوله‌ لای ئه‌م ده‌سه‌ڵات و حزبانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، خوێنی سێ په‌پوله‌ی بێتاوان به‌قه‌د كۆمپانیا و پاره‌ و قه‌یرانی غاز و هێلكه‌ و مریشك به‌های نه‌بێت؟ 

بۆیه‌ ده‌كرێت خه‌ڵكی كوردستان به‌ قووڵی بیر له‌وه‌بكاتیه‌وه‌ و باش ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ به‌ حزب و فه‌رمانگه‌ هه‌ستیاره‌ حكومه‌تیه‌ مرۆڤایه‌تیه‌ دارده‌سته‌كانی حزبه‌كان بناسێت و بزانێت كه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌م پۆستانه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ چه‌ند ملكه‌چی حزبه‌كانن و ویژدانیان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی سواوه‌ به‌ خۆیان بونه‌ته‌ خزمه‌تكاری كه‌سی ده‌سترۆیشتووی نێو حزبه‌كان. به‌راستی زوڵم له‌م ئاسته‌دا و به‌م جۆره‌ بێوێنه‌یه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكو ده‌سه‌لاتی خۆته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی خۆت، له‌ مێژووی مه‌غۆل و عوسمانی و توركیشه‌وه‌  دژ به‌ ئه‌رمه‌ن و كوردیش  نه‌كراوه‌.  ‌

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×