ئایا كورد ئاگای لە سیناریۆی گۆرٍانكاریە نەرمەكەیە؟

عیماد عه‌لی
  2022-06-19   

وا سەت سالّ بەسەر رێككەوتنی سایكس بیكۆ تێدەپەرٍێت و كۆڵۆلیۆنیالی نوێ و خاوەن بەرژەوەندیە باڵاكانی جیهان بە خشكەیی و هاوبەشی لە ناوچەكە خەریكن لە دارٍشتنی چۆنێتی رێكخستنی ناوچەكە یەكلایی دەبینەوە و دەست بە جێبەجێكردنی پلانەكەیان دەكەن. بێگومان ئەوەی دڵحۆشكەرە لێرەدا و بە قازانج بۆ كورد دەكەوێتەوە، بە روونی دیارە بەربە توركیا دەگیرێت و رێگەی لێ دەگیرێت لە هەر جموجوڵێكی گوماناوی و لەو بارەوە هۆشداری توندی پێداروە و تەنانەت بە فەرمی هۆشداریشیان بە ئێرانیش داوە لە دەستوەردانە هەمەجۆرەكانی لە عیراق و خەریكی دووبارە رێكخستنەوەی ناوچەكە و خودی عیراقن وەكو چەقی ناوچەكە، بە شێوەیەك كە لە قازانجی خۆیاندا بكەوێتەوە و لەمەشدا وەكو چۆن پێشتر چەندین جار هاوارمان دەكرد كە خودی بەریتانیا دارێژەر و خاوەن بیر و پلانە و لەگەڵ ئەمریكا دەستەبەری بەرژەوەندیەكانی خۆیان كردووە و لە بارودۆخی نوێ و جیاواز دەستیان بەسەر هەموو موقەدەراتی ناوچەكەدا گرتووە و بە خێری خۆیان ئەو لایەنانە بەشداری پێدەكەن كە لە ستراتیجیاندا سوودیان پێدەگەیەنێت و سەدەیەك زامنی ئایندەی دەكەن، ئەوا ئەمرٍۆش لەو بارەوە بەردەوامن.
بەربەست خراوەتە پێش رێگەی ئاوریشمی چین وبە تەواوی رێگری كراوە كە لەم ناوچەیە جموجوڵی سیاسی و ئابووری بكات. ئەڵتەرناتیڤی رۆژئاوایی بۆ جێبەجێكردن لە چوغزی ناوچەیەكی دیاریكراو لەبەردەستدایە و وڵاتانی وەكو میسر و ئوردن و عیراق و بەشێك لە وڵاتانی كەنداو، یان هاوكارن یان بەشدارن لەو ئەركە و ئەوەی روونە كە هەنگاو و قۆناغەكانی بە نەرمونیانی و بێ خوێنرشتن جێبەجێ دەكرێن و بە وردی لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردووە و سەرجەم ئەگەرەكانیان خستۆتە بەرچاو و تەنها دیاریكردنی كاتژمێری سفر و كاتی خستنەبەردەستی هەمووان بە نهێنی ماوەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە كە تەنها كورد لەمبارەوە خەمسارد و بێ ئاگا و بێ پلانە و لە گوێی گادا نوستووە و خەریكی شتی لاوەكیە لە ئاست ئەركێكی گرنگ و زەبەلاحی لەم جۆرە كە پێویستە پێش هەموو لایەك سەرقاڵ بێت لەمبارەوە و هەوڵی ئەوە بدات كە ئەم هەلەی سەت ساڵا جارێك دێتە ئاراوە بە تۆپزی بێت یان بە عەقڵ و بیركردنەوە و هەوڵی دیاریكردنی كونوكەلەبەرەكانی ئەوەی پێویست بێت بۆ ئایندەی نەوەكانی بەكاری بێنیت و ئەگەر لە پلانەكەشدا نەبێت خۆی تێدا بخزێنێت یان بەهەر شێوەیەك بێت ئامرازێك بدۆزێتەوە و رێگر بێت بۆ ئەوەی حسابی بۆ بكرێت، ئەگینا نەزانی و خۆگێل كردن و دورەپەرێزی دادی نادات و وابەستەیی بە دەوڵەتی عیراقەوە بەردەوام دەبێت و زیاتر پەراوێز دەخرێت و لە قۆناغەكانی داهاتووشدا پەنجە گەزین دادی نادات.
ئەو هەنگاوە پێویستانەی كە فەرزە لەسەر دەسەڵاتی كوردستان بۆ لەدەستنەچونی دواهەل جێبەجێی بكەن:
*یەكێتی و یەكریزی و هاوكاری و هەماهەنگی لایەنە كوردستانیەكان بەدوور لە لایەنە عیراقیەكان كارێكە بواری دواخستن و خۆلێلادانی نیە و فەرزە كتوپر ئەنجام بدرێت، ئەگینا ئەوەڵ و ئاخیریان لەدەست دەچێت و مایەپوچ دەبن و دەبنە پاشماوە و وابەستەی لایەنە عیراقیەكان و بەڵكو دەتوێنەوە و هیچ شتێك لە دوار رۆژدا دادیان نادات.
* هەوڵی خۆ كشانە و خۆدوور خستنەوە لە توركیا و ئێران كە ئەو رۆَڵیان لە پلانی گەورەی رێكخستنی سیاسی و ئابووری ناوچەكەدا نابێت.
* هەوڵی دارشتنی پلانی تایبەتی كوردستانیانە كە بەهەر شێوەیەك بێت یەكتربر لەگەڵا پلانەكەی بەریتانیا و ئەمریكا روونەدات.
* هەوڵی زانینی وردەكاریی نهێنی پلانە دیارەكە  كە سەرەتای دەركەوتووە، ئەگەر لە خودی یاریچیە سەرەكیەكانیش نەبێت لە وڵاتانی وابەستەی زلهێزەكانی ناوچەكە بێت زەرەری نیە  لەم بارەوە.
*بە رێكخستنی وەزعی نێوخۆیی و یەكگرتوویی دەتوانن ببنە یاریچیەكی كاریگەر و بەهادار و ئەگەر شتی گرنگیش نەكەم دەتوانن لە یاریەكەدا رۆڵی دیاریكراو بگێرٍن .
ئەوەی گرنگە لمەم كاتەدا دوورە پەرێز نەبن و ئەم هەلە دوورمەودا و گرنگە مێژوییەی ئەم قۆناغە لەدەست نەدەن و بەهەر شێوەیەك بووە عەقڵمەندانە لەگەڵا ئەم پرسە یەكجار گرنگە مامەڵە بكەن و كورد نەخەنە دەروەی هاوكێشە سیاسی  و مێژوییە گرنگەكە كە سەت ساڵ حارێك دووبارە دەبێتەوە و هەمووان باش دەزانن لەدەستچوونی ئەم هەلە بەهیچ شێوەیك قەرەبوو ناكرێتەوە. ئەگەر بواری دروستبوونی دەوڵەت نەمابێت ولە ناوچوبێت هیچ بوارێك بۆ خۆسفر كردنەوە نەدرێت، مانەوە لەسەر بارێكی مامناوەندی زۆر گرنگە و وەستان و گەرٍاٍنەوە پاشگەزبونەوە لە نیوەی ر]گە و لە دۆرٍاندن قازانجە.   


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
خانه‌واده‌كه‌ی: هاوخه‌می به‌رفراوانی خه‌ڵك بۆ كۆچی مام عوسمان نیشانی دا كه‌ كه‌یسی سه‌رده‌شت هه‌ر به‌زیندویی ده‌مێنێته‌وه‌
مەلا بەختیار: خۆفرۆشەکانی سەردەمی بەعس‌و گەندەڵەکانی دوای راپەڕین مافی شانازیکردنیان بەسلێمانیەوە نیە
ڕوونکردنەوەیەک لە دانە غاز لەبارەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
قەحتان ونداوی، کاندیدی بەرەی تورکمانی بە پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا
"قاچیان دەشکێنین": تورکیاو ئێران لەترس‌و دڵەڕاوکێدان بەهۆی هەنگاوێکی ترەمپەوە
رۆیتەرز: تره‌مپ به‌ راوێژكاره‌كانی وتوه‌، ئێران گێچه‌ڵ نه‌كات هێرشی سه‌ربازی ده‌ست پێ ناكه‌ینه‌وه‌
یەکێتیی ئەوروپا مەترسی نوێی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات
جێگری پارێزگای کەرکوک: پارێزگاری نوێی کەرکوک تا کۆتایی ئەمساڵ لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت
دامه‌زراوه‌ی په‌ی: پێشتر هۆشداریماندا له‌ رێگه‌دان به‌ په‌رله‌مانتار فراكسیۆن و حزب بگۆڕێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×