پەندێكی لوری خانەقینی لای ئێمە هەیە دەڵێت ؛ بورە بورە كردم نەهاتیت و بازەبازە كردم نەهاتیت دواجار خۆت وە پای خۆت هاتیت.
بۆ بەدبەختی تاوەكو ئەمرٍۆش هێزی چەواشە لەكوردستان لەبرەودایە و رەش بە سپی پیشان دەدەن و ئەم هێزانە لە لوتكەی ناراستگۆییدان و بەهیچ تەرٍ نابن و بۆ چركەیەكیش بیر لە رەفتار و گوفتاری خۆیان ناكەنەوە و شەرم دایانناگرێت.
كە پرسیارم لە هاورٍێیەكم كرد بۆ وایە؟ وتی هیچ خەفەت مەخۆ ئەم سەرەقاپە بۆ ئەم مەنجەڵە دروستكراوە و هیچ بیركردنەوەی ناوێت. ئەگینا، تۆ شكست بە سەركەوتن بەم میلەتە دەفرۆشیتەوە و زۆرینەیان باوەرٍ دەكەن و هەر كەسەو دەستی بە كڵاوەكەی خۆیەوە گرتووە و نقەی لێبرٍاوە، تۆ بەراوردی ئەم میلەتە لەگەڵ میلەتانی دونیا بكە و ئەو وزەیەی لە میلەتی گورج و چالاكدا هەیە بخوێنەوە، كەلێرە بونی نیە. وتم ئەمەش هۆكارەكە هەر دەسەڵات و زوڵم و ستەم و مامەڵە و نەزانی ئەوانە، ئەگینا كورد میلەتێكی ئازا و چاونەترس و بوێر و حەقپەرستە، وتی ئەوسا وابوو، پێش زاڵبونی ئەمانە نەك ئێستا.
ئەوەتا ئەو داوایەی عیراق لە پێش چەند ساڵێك لە هەرێمی هەبوو ،ئەنم دەسەڵاتە رازینەبوو، ئێستا بە تەنازولێكی خوشكێن و سوپاسنامەوە رازیبوە، بەراستی ئەو پەندەی لای ئێوەی زۆر گونجاوە بۆ ئەم دەسەلات و ئەم دۆخەی خۆی تێخستووە. ئەوەتا خەڵك هیچ روحێكی نەتەوەیی و نیشتمانی تێدا نەماوە و چاوەرٍێی ئەوەیە هێزە نەتەوەیی و رەگەزپەرستەكانی بەغدا رزگاری بكەن و لەم هێزانەی خۆی رزگاری بێت، كەچی ئەمان تەنازولی گەورە بە دەستكەوت و بردنەوەی پێی دەفرۆشنەوە . ئەوەتا بۆ نمونە لەم رێككەوتنە خەڵكیان بەوە هەڵخەڵەتاند كە جێگری بەرێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ لە كورد دەبێت و هەناردەی نەوتەكە هاوبەشە، كەچی لە راستیدا بەغدا قسەیەكی لاستیكی لەوبارەوە كردووە، گوایە پێكهاتەی سۆمۆ گۆرانكاری بەسەردا دێنن نەك باسی هیچ پۆستێكیان كردبێت بیدەن بە كورد، ئەگینا گۆرٍینی فەرمانبەرێكیش لەو كۆمپانیایە گۆرٍینی پێكهاتەكە دەگەیەنێت. داهاتەكە لە ژمارەی حسابی لە بانق دادەنرێت و بە رەزامەندی سودانی نەبێت بە هیچ كەسێك فلسێكی لێ دەرناكرێت، ئەمەش بە سەركەوتن و سەربەخۆیی بریاری سەرفكردنی بە خەڵك دەفرۆشنەوە و تەنانەت بەرزترین سەركردەی كورد سوپاسی هەڵوێستی سودانیش دەكات.
توركیا هیچ پەیوەندیەكی لە بارەی نەوتەوە بە هەرێمەوە وەكو لایەن نامێنێت و ئەگەر ئەویش باسی قەرزو قۆڵەی سەر هەرێم نەكات، تەنها عیراق مامەڵەی لەگەڵدا دەكات و دەبێت هەرێم سەیری دەستی ئەوان بكات و بەس, كەچی ئەمان هیچ لەوبارەوە نادركێنن. بەو هەموو زیانەی لە پێناو رێككەوتنە پەنجا ساڵیەكە لەم چەند ساڵەدا بە كوردیان گەیاند، ئێستا دەڵێن كۆمپانیا بیانیەكان ئیستیغلالی بارەكەیان كردووە و ستەمیان لەكورد كردووە، ناڵێن بە ئیدعای ئابووری سەربۆخە و ئیفلاسبونی بوغدا بەخۆیان هەموو ملكەچیەكیان دەربرٍی. ناڵێن ئەو هەموو قەرزە كە ئێستا تكاو رجا لە بوغدا دەكەن بیداتەوە و جارێك هیچ قسەیەكیان لەو بارەوە لە بوغداوە وەرنەگرتووە. ناڵێن ئەمە سەرەتای شكستی گەورە و دووبارە نسكۆ و ئاشبەتاڵی گەورەی سەردەمە و تا ئێستاش لافی دەستكەوت لێدەدەن و بەردەوامن لە ململانێی حزبی و كەسیی منداڵانەی ملشكێنی خۆیان .
با خەڵكی كوردستان باش بزانن كە ئەمە سەرەتای ملكەچبونی گەورە و كەوتنە لێژی گڵۆڵەی ئەم دەسەلاتەیە بە هەموو لایەنەكانیەوە. لەبەر ئەوەی:
*تۆیەك خاوەن قەوارەی نیمچە دانپێنراو بویت، ئێستا بەخۆت لە نێوقەوارەی دەوڵەتێكدا دووبارە وەكو پارێزگایەك گرمۆڵە كرایتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت باسی پەیوەندیی دەرەوە و بازرگانی نیودەوڵەتی بە بێ رەزامەندی ناوەند لەگەڵ هیچ كەسێكی تردا بكەیت.
* بودجە و رۆڵی توندرٍەوە رەگەزپەرستەكانی عیراق لە رۆژی پێنجشەممە لە گفتەوگۆی بودجە لە كاتی دارشتنی یاسای نەوت و گاز بە روونی بۆت دەردەكەوێت و پێگەی تۆی كورد و شكستی سیاسیت بۆ هەمووان پیشان دەدات، كە ئایندەت چۆن دەبێت و بە چی شێوەیەك لە هەموو شتێكدا چاوەرێی دەستی ئەوان دەكەیت و وەكو میزی خوشتر روو لەدواوەیت .
* دەبێت سبەی رەزامەندبیت كە دەرچە سنوریەكان بەدەست برا چاو رەشە غیرۆاقییەكانمانەوە بن و سوپای عیراقیش بە بێ هیچ گرفت و تەگەرەیەكی لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجەش تەراتێن بكات.
* گەورەترین شكستی نەتەوەیی كورد لەم ئەزمونەدا، خۆی لە نەهێشتنی باوەرٍبونی هیچ كوردێكە بە خۆی و بە هیچ ئەزمونێكی كوردی تر لە ئایندەی نزیك و دووردا و نەهێشتنی باوەرٍبوون بە توانا و فكر و عەقڵَی كوردیە، كە ئەم نەزانانە لایەنی نەرێنیان لە مێشكی نەوەكانی ئایندەمان جێگیر كرد و بە درێژایی چەندین ساڵی تر و زەرەر و زیانی گەورەتر نەوەكان چاورێی هەلێك بن، بۆ ئەوەی لە سفرەوە دەستی پێ بكەنەوە.