لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، هەروەكو زۆرینەی شارستانیەكانی جیهان، سەرەرای زۆرجار زوڵم و زۆری پیاو لە ژن و كەم جاریش ژن لە پیاو، زۆرێك لە ژنانی ئەم ناوچەیە بە ژیری و زیرەكی و دانایی و زانایی و بەهێزیی كەسایەتیان خۆیان فەرزكردووە و لە پیاو زۆر جوانتر حوكمداریان بەرێوەبردووە و بوون بە پاشا و فەرماندە و پێشەواو و هەوڵی بێ پایانیان داوە و پێشكەوتنیان لە شوێنی قەڵەمرەویان هێناوەتەدی و بەشداری بنیاتنانی شارستانیەتە دێرینەكانیان كردووە و ناوچەكەیان گەشە پێداوە و هاوشانی و یەكسانیان لەگەڵ پیاودا بۆ دۆست و نەیاریان سەلماندووە، بۆیە زۆرینەیان جێگەی شانازین بۆ میلەتەكانیان.
*لەسەدەی چواردەیەمی پێش زاین شاژنە نەڤەرتیتی كە زۆر راوبۆچونی باوەرپێكراو بۆ ئەوە دەچن كورد بێت لە میسری كۆندا، بە بەهێزترین ژنی ئەوكاتە دەژمێردرێت، كەسایەتیەكی سەربەخۆی باشی هەبووە و باوەری بە خۆی هەبووە و پشتگیری مێردەكەی كە یەكێك بووە لە فیرعەونەكانی میسر بە تەواوی كردووە بۆ چاكسازی ئایینی و كۆمەڵایەتی و بە هاوبەشی سەركەوتوانە حوكمی ئەو ئیمبراتۆریەتەیان كردووە و ئەم خانمە لە كارەكانی پێشەنگ بووە .
* لە ساڵی 1000 ی پێش زاین شاژنە بەلقیس پاشای یەمەن ( سەبەئ) بووە، پاش ئەوەی دوژمنەكانی شكاندووە و شكۆ و لوتی داون بەئەرزدا، توانیویەتی لە دژایەتی كردنی مەملەكەتەكەی بیّلایەنیان بكات و وڵاتەكەی لە شەرێنگازیان دوور بخاتەوە و بە حیكمەت و دانایی خۆی وڵاتەكەی سەقامگیر بكات و ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بكات . لە كاتی حوكمرانی ئەمدا بەرەبەستی مەئرەبی چاك كردۆتەوە و كۆڵەكەكانی دیموكراسی جێگیركردووە و دەوڵەتێكی دامودەزگایی هێناوەتەكایەوە.
* ساڵی 800 پ . ز شاژنە ئاشووری سەمیر ئەمیس خاوەن بەهێزترین كەسایەتی بووە و حوانترین ئافرەت و زیرەكییەكی لەرادەبەدەر هەبووە، توانیویەتی بە ژیری و زیرەكی و توانای خۆی دەسەڵاتی میزوپۆتامیا یگرێتەدەست و بە وردی جوانی كاروباری دەوڵەت بەرٍێوەبەرێت.
* هەر لە ساڵی 800 پ.ز شاژنە عەلیسە دامەزرێنەری پاشایەتی قرتاج و یەكەم پاشای ئەو مەملەكەتە تاجی حوكمداری خستە سەر، بە زۆرزانی و جوان رێكخستن و كاربەرێكردنی ورد و دروست ناسرابوو، هەر بە بەهێزیی كەسایەتی و سەلیقەی خۆی توانی باڵ بەسەر بازرگانی ئەو كاتەی باكووری ئەفریقیا بگرێت و زاڵ بێت بەسەر دەریای سپی ناوەراستدا.
* لە ساڵی پەنجای پ. ز شاژنە بەتڵەمی میسر، كیلۆپاترا لە 22 ساڵیدا توانی تاجی پاشایەتی میسر بخاتەسەر، زۆر زیرەك و ژیر بوو و كەسایەتیەكی بەهێزی هەبوو، سیاسیەكی بلیمەت و پلاندانەری سەربازی بەتوانا بوو، زمانەكانی میسری كۆن و ئەمازیغی و یۆنانی وعەرەبی و ئەسیوپی زانیوە.
* ساڵی 270 زایینی شاژنە زەنوبیا پاشایەتی تەدموری گرتە دەست، ئەم ئافرەتە بەهێزترین شاژن بووە لە مێژوودا و توانیویەتی تەدمور بكاتە مەزنترین پاشایەتی لە رۆژهەڵاتی ناویندا و دراوی دروست كردووە و بە چوار زمان قسەی كردووە، گرنگیەكی زۆری بە بینا و هونەری تەلارسازی داوە.
* شاژنە لەمیس كچی نۆف شاژنی یەمەن (سەبەئ) كە حكوكرانی یەمەنی بەدەستەوە بوو توانی بگاتە شام و باكووری ئەفریقا و كاروباری حوكمداری لەگەڵا مێردەكەیدا بە ئازایانە بەرێودەبرد .
* لە ساڵی 680ی زاینی شاژنە ئەمازیغی دیهیا بە هێزی دیاری خۆی و میلەتەكەیەوە توانی بەرگری لە وڵاتەكەی بكات لە دژی روما ن و عەرەبی داگیركەر و بووە هێمای ژنان لە ئازایەتی و چاونەترسی و ژیری و زیرەكی ، دوژمنانی پێش دۆستەكانی رێزیان لێدەگرت.
* لا خۆشمان مێژوو شایەتی بۆ ئازایەتی و چاونەترسی و سەركردایەتی شەری قورس و حوكمرانی قەدەم خێر و لێزانی حەبسە خانی نەقیب و رۆشنبیریی مەستورەی ئەردەلانی و سەلیقەی و لێزانی عادیلە خانم و زەریفە خانم و گولًَناز خانم دەدات،.
ئەمە مشتێكە لە خەروارێك، ژن ئاوابوو لە مێژوودا، سەركردە و حاكم و پاشا و ژیری و زیرەكی و عەقڵ و رۆشنبیری، بەتەنیا یان لەگەڵ مێردەكەیدا وڵاتی بەرێوەدەبرد و بە دامەزراوەیی دەكرد و پێشی دەخست و پلانی دادەرێژاو و مەملەكەتی پێشیدەخست، كەچی عەبا لەسەر و و خاوەن رەشماڵ و بەرەڵاكانی بیابان هاتن و ئەم زەویەیان داگیركرد و كەلتوری خۆیان بە زەبری هێز سەپاند و ژنیش بووە عەورەت و ناقصەتو ئەلعەقل.