ئەو خەڵكەی لە نەخۆشی كوردفۆبیا چارەسەر نابێت

عیماد عه‌لی
  2022-06-20     502

بەدوور لە رق و كینەی نێوخۆیی سەركردە  و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و بیركردنەوەی تەسكی زۆر لە كاڵفام و فەریكە سیاسیەكانی خۆمان، بە چاوێكی كوردانەوە لە دیدی زۆرێك لەخەڵكی عیراق بۆ كورد و كوردستان بروانین، بەدوور لە ئاستی لاوازی و بەهێزی و بارودۆخی خودی و پێگە و باری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ی ئەم وڵاتە ، تا ئێستاش حكومەتی ناوەندی و زۆرینەی خەڵكەكەشی نەك بە عەقڵیەتی مرۆڤدۆستانە و هەرهیچ نەبێت  وەكوگەلێكی نا ئاسایی خاوەن رابردوو و مێژووی ستەملێكراو و پر لە نەهامەتی تەماشای ناكەن، بەڵكو بیرو رەفتاریان لە ئاست سەرجەم مافەكانی كورد لە خانەی نەیاری سەرسەخت و تەنانەت دوژمنی ئەم نەتەوەیە دەرنەچووە. بۆچی؟
لە باری فەرمی و بەرژەوەندیە سیاسیەكان، لە ئاست كورد دا شیعە و سونەی عیراق جیاوازیان تەنها لەو كاتانەدا دەردەكەوێت كە ناكۆكن و  هەر یەكە و لای خۆیەوە دەیەوێت كورد وەكو ملكەچ و دەستی راستی خۆی لەدژیی ئەویتر بەكاربێنێت (ئەوەی كێشەیە كە لە ئاست ژیان و باری كۆمەڵایەتیش لە رووی مامەڵەی فەرمی و نافەرمیەوە  ئەوەندە جیاوازیان نیە و بیر و عەقڵی رەگەزپەرستی و خودپەرستیان گەیشتۆتە حاڵەتێك كە لە هەموو مافێكدا ئەوەی خۆیان بۆخۆیانە و ئەوەی كوردیش بۆ ئەوانە و دەیخۆن). ئا ئەمە لە هیچ شوێنێكی دونیا نابینیت تەنانەت لە هەرە دواكەوتوترین وڵاتانی جیهانیشدا.
 پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی و هاوڵاتیبوون و یەكسانی  ماف و ئەرك، مافی هەموو لایەكە، بەڵام عیراق وەكو دەوڵەت و گەل و ئایین و مەزهەبیش هەر لە كاتی داگیركاری و زەوتكردنی مافەكانی تا ئەمرٍۆش هەمیشە خۆی لە بەرزی و ئەویتری  لە نزمی و بە دوژمن داناوە و تا ئەم ساتەوەختەش لەسەر هەمان شێوەی كلتوری دورگەی عەرەبی بەردەوام لە حاڵەتی بیری گوماناوی و زەتكردنی حەق و دەستبەسەرداگرتنی حاڵو ماڵی ئەویتردا دەژێت و ئەگەر دوژمنیشی نەبیت بۆ بەهێزكردن و یەكگرتویی خۆی ، دوژمنێكی ئەگەر كارتۆنیش بووە بۆ خۆی دروست دەكات و بەردەوام چیرۆك و تۆمەتبار كردنی بە  پیلانگێر یەكێكە لە سیفەتە سەرەكیەكانی و وەكو غەریزەیەكی بنەرٍەتی لە گیانیدایە و لە قۆناغی بیری  قاتوقری و نەبوونی و وشكیی سەردەمی غەزو و داگیركاریدا دەرنەچووە. 
تۆ وەرە تەماشای عیراقی ناوەندی دەسەڵاتی ئەمرٍۆ بە فیعلی و مامەڵە و رەفتاردا بكە، نەك بە قسەی زل و وەسف و مەدحی كاتی لاوازیان، لە هیچ كاتێكدا باسیان لە مافە سەرەتاییەكانی گەلی كورد یان نەكردووە، نەك مافیی تەواوەتی وەكو هاوڵاتیەكی ئەم نیشتمانەیان زانیبێت. قەت لە كاتی ئاساییدا بیرو فكر و رۆشنبیریان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی جگە لە خودی خۆیان میلەتێكی تر وەكو هاوبەش لەقەڵەم بدەن و مافەكانی زەوت نەكەن.  ئا لەم سەردەمەدا هەمووان یەكلایی نەبونەتەوە لەوەی كە عیراق نابێتە وڵاتێكی هاوبەشی خەڵكەكەی و مافی هیچ لایەكی دیكە بە رەوانابینرێت و بۆی بكرێت لە ستەم لە ئەویتر وەكو ژێردەستە و پلە دوو قسورناكات. 
ئەمە قسانە لای هەمووان زانراوە و تەنها بۆ بیرهێنانەوەیە، ئەوەیسەرسەورهێنەرە و پێویستە بوترێت لەم كاتەدا گەلی عەرەبی عیراق بەدەر لە گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی جیهان  و ناوچەكە مامەڵە دەكات و داوای ئەوەش لەگەلی كورد دەكات كە وەكو خۆیان بمێننەوە و بە راستەوخۆ یان ناراستەخۆش بووە هەرەشەی دووبارە تێكدان و لێكدابران و كیمیایی و جینوساید و دەربەدەر كردنی كورد دەكات و رۆژ نیە ئەوە نەسەلمێنێت كە ئەگەر لەدەستی بێت زەرەیەك مافی كورد نادات. باشترین نمونە تەماشای راو هەلًَوێستی كاربەدەستانی عیراق لەمەر پرسە گرنگە وابەستەكەی كوردەوە بكەن لەم كاتەدا ، هەر شتێك بۆ بەرزراگرتنی و باڵای مانەوەی ئەوان بێت یان دەستور پێشێل دەكەن یان ئەگەر پێچەوانە بۆ ئەوان باش بێت پابەندبوونی دەستور دەكەنە بەهانە.  بچوكترین نمونەی دووفاقیانەی سیاسی و ئابووری بەكارهێنانی بریارەكانی دادگای فیدراڵی لە لایەكەوە  و پێچەوانەی ئەوەش ئەو هەزار قوتابخانەیە كە نەك خۆی بەڵكو وڵاتی چین بۆی بنیات دەنێت،  هەرێمی كوردستانی لێ بێبەش دەكات، تەماشای ناردنی 200ملیارەكە بكە كە لە كاتی كەوتن و لاوازی و قۆناغی پاراستنی بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسیدا دەینێرێت و بۆ رۆژی دوایی لە گۆرٍینی هاوكێشە سیاسیە نێوخۆیەكە نەك ناینێرێت بەڵكو بەهانە بۆ برٍین و زیاتر فشار كردن بۆ تێكدانی وەزعی كوردستان دەدات و چاوی بە زۆرشتی لاوەكی ئاسایی واقعی ئابووری و ئارامی كوردستان هەڵنایەت، تاكە سیاسەتمەدارێك نابینیت كە بە كردەوە كورد بە نەیار و دوژمنی خۆی و گەلەكەی نەزانێت، ئەگەر بە ئاشكرا باسی ئەوەش نەكات یان بۆ فرتوفێڵ پێچەوانەكەی باس نەكات.
تۆیەكی كورد  بەدوور لە دیدی خۆت بۆ ئەم حزبە گەندەڵ و سەركردە بێفەرانە، رۆژانە ئەم رەفتارانە دەبینیت و لە ململانێی سیاسی لەگەڵا براكەتدا دەگەیتە ئێسك شكاندن، بۆچی  یەكجار بە عەقڵ بیرناكەیتەوە و قوربانیەكی سیاسی بچوك نادەیت. با دەسەلاتی جوت حزب و بنەماڵە بە وردی تەماشای هەڵویِستی سەرجەم كەس و لایەنەكانی عیراق بكەن و دوژمنی خۆیان لە پێش برای هاوخوێن و رەگەزی خۆیان بناسن. با باش بزانن كاتەكە زۆری بەسەرچووە و هیچ بواربًكی ئەوتۆ نەماوە و لەدواجاردا پەنجەی پەشیمانی دەگەزن و كەس دادیان نادات.  

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×