وا سەت سالّ بەسەر رێككەوتنی سایكس بیكۆ تێدەپەرٍێت و كۆڵۆلیۆنیالی نوێ و خاوەن بەرژەوەندیە باڵاكانی جیهان بە خشكەیی و هاوبەشی لە ناوچەكە خەریكن لە دارٍشتنی چۆنێتی رێكخستنی ناوچەكە یەكلایی دەبینەوە و دەست بە جێبەجێكردنی پلانەكەیان دەكەن. بێگومان ئەوەی دڵحۆشكەرە لێرەدا و بە قازانج بۆ كورد دەكەوێتەوە، بە روونی دیارە بەربە توركیا دەگیرێت و رێگەی لێ دەگیرێت لە هەر جموجوڵێكی گوماناوی و لەو بارەوە هۆشداری توندی پێداروە و تەنانەت بە فەرمی هۆشداریشیان بە ئێرانیش داوە لە دەستوەردانە هەمەجۆرەكانی لە عیراق و خەریكی دووبارە رێكخستنەوەی ناوچەكە و خودی عیراقن وەكو چەقی ناوچەكە، بە شێوەیەك كە لە قازانجی خۆیاندا بكەوێتەوە و لەمەشدا وەكو چۆن پێشتر چەندین جار هاوارمان دەكرد كە خودی بەریتانیا دارێژەر و خاوەن بیر و پلانە و لەگەڵ ئەمریكا دەستەبەری بەرژەوەندیەكانی خۆیان كردووە و لە بارودۆخی نوێ و جیاواز دەستیان بەسەر هەموو موقەدەراتی ناوچەكەدا گرتووە و بە خێری خۆیان ئەو لایەنانە بەشداری پێدەكەن كە لە ستراتیجیاندا سوودیان پێدەگەیەنێت و سەدەیەك زامنی ئایندەی دەكەن، ئەوا ئەمرٍۆش لەو بارەوە بەردەوامن.
بەربەست خراوەتە پێش رێگەی ئاوریشمی چین وبە تەواوی رێگری كراوە كە لەم ناوچەیە جموجوڵی سیاسی و ئابووری بكات. ئەڵتەرناتیڤی رۆژئاوایی بۆ جێبەجێكردن لە چوغزی ناوچەیەكی دیاریكراو لەبەردەستدایە و وڵاتانی وەكو میسر و ئوردن و عیراق و بەشێك لە وڵاتانی كەنداو، یان هاوكارن یان بەشدارن لەو ئەركە و ئەوەی روونە كە هەنگاو و قۆناغەكانی بە نەرمونیانی و بێ خوێنرشتن جێبەجێ دەكرێن و بە وردی لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردووە و سەرجەم ئەگەرەكانیان خستۆتە بەرچاو و تەنها دیاریكردنی كاتژمێری سفر و كاتی خستنەبەردەستی هەمووان بە نهێنی ماوەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە كە تەنها كورد لەمبارەوە خەمسارد و بێ ئاگا و بێ پلانە و لە گوێی گادا نوستووە و خەریكی شتی لاوەكیە لە ئاست ئەركێكی گرنگ و زەبەلاحی لەم جۆرە كە پێویستە پێش هەموو لایەك سەرقاڵ بێت لەمبارەوە و هەوڵی ئەوە بدات كە ئەم هەلەی سەت ساڵا جارێك دێتە ئاراوە بە تۆپزی بێت یان بە عەقڵ و بیركردنەوە و هەوڵی دیاریكردنی كونوكەلەبەرەكانی ئەوەی پێویست بێت بۆ ئایندەی نەوەكانی بەكاری بێنیت و ئەگەر لە پلانەكەشدا نەبێت خۆی تێدا بخزێنێت یان بەهەر شێوەیەك بێت ئامرازێك بدۆزێتەوە و رێگر بێت بۆ ئەوەی حسابی بۆ بكرێت، ئەگینا نەزانی و خۆگێل كردن و دورەپەرێزی دادی نادات و وابەستەیی بە دەوڵەتی عیراقەوە بەردەوام دەبێت و زیاتر پەراوێز دەخرێت و لە قۆناغەكانی داهاتووشدا پەنجە گەزین دادی نادات.
ئەو هەنگاوە پێویستانەی كە فەرزە لەسەر دەسەڵاتی كوردستان بۆ لەدەستنەچونی دواهەل جێبەجێی بكەن:
*یەكێتی و یەكریزی و هاوكاری و هەماهەنگی لایەنە كوردستانیەكان بەدوور لە لایەنە عیراقیەكان كارێكە بواری دواخستن و خۆلێلادانی نیە و فەرزە كتوپر ئەنجام بدرێت، ئەگینا ئەوەڵ و ئاخیریان لەدەست دەچێت و مایەپوچ دەبن و دەبنە پاشماوە و وابەستەی لایەنە عیراقیەكان و بەڵكو دەتوێنەوە و هیچ شتێك لە دوار رۆژدا دادیان نادات.
* هەوڵی خۆ كشانە و خۆدوور خستنەوە لە توركیا و ئێران كە ئەو رۆَڵیان لە پلانی گەورەی رێكخستنی سیاسی و ئابووری ناوچەكەدا نابێت.
* هەوڵی دارشتنی پلانی تایبەتی كوردستانیانە كە بەهەر شێوەیەك بێت یەكتربر لەگەڵا پلانەكەی بەریتانیا و ئەمریكا روونەدات.
* هەوڵی زانینی وردەكاریی نهێنی پلانە دیارەكە كە سەرەتای دەركەوتووە، ئەگەر لە خودی یاریچیە سەرەكیەكانیش نەبێت لە وڵاتانی وابەستەی زلهێزەكانی ناوچەكە بێت زەرەری نیە لەم بارەوە.
*بە رێكخستنی وەزعی نێوخۆیی و یەكگرتوویی دەتوانن ببنە یاریچیەكی كاریگەر و بەهادار و ئەگەر شتی گرنگیش نەكەم دەتوانن لە یاریەكەدا رۆڵی دیاریكراو بگێرٍن .
ئەوەی گرنگە لمەم كاتەدا دوورە پەرێز نەبن و ئەم هەلە دوورمەودا و گرنگە مێژوییەی ئەم قۆناغە لەدەست نەدەن و بەهەر شێوەیەك بووە عەقڵمەندانە لەگەڵا ئەم پرسە یەكجار گرنگە مامەڵە بكەن و كورد نەخەنە دەروەی هاوكێشە سیاسی و مێژوییە گرنگەكە كە سەت ساڵ حارێك دووبارە دەبێتەوە و هەمووان باش دەزانن لەدەستچوونی ئەم هەلە بەهیچ شێوەیك قەرەبوو ناكرێتەوە. ئەگەر بواری دروستبوونی دەوڵەت نەمابێت ولە ناوچوبێت هیچ بوارێك بۆ خۆسفر كردنەوە نەدرێت، مانەوە لەسەر بارێكی مامناوەندی زۆر گرنگە و وەستان و گەرٍاٍنەوە پاشگەزبونەوە لە نیوەی ر]گە و لە دۆرٍاندن قازانجە.