لەم دواییە كتێبی( ئیسلامەكەی كورد)ی نوسەر (توهامی ئەلعەبدولی) سەرۆك وەزیرانی پێشووتری تونسم وەرگێرٍا و بڵاوم كردەوە. ئەوەی تێبینیم كرد لەم كتێبەدا ئەوەبوو كە خەڵكی غەیرە كورد باشتر كورد وەك خۆی دەناسن و دەزانن كەلتوری كورد چۆنە و چیە و جیاوازیەكانی لەگەل سەرجەم گەلانی دونیادا چیە. ئەم نوسەرە بەرٍێزە زۆر شتی روونكردۆتەوە كە بە راستی ئێمەی كورد لێی نائاگاین و بەلایدا نەرٍۆیشتووین كەچی زۆر پێویستمان پێیە، چی لە تێگەیشتنی كەلتورەكەمان وەك خۆی و ناوەرۆكەكەی یان ئەو جیاوازیەی هەمانە لەگەڵا خەلًكانی دیكە بەتایبەتی عەرەب، لەهەمان كاتدا ئێمەی كورد چۆن پەیرەوی رێنماییە راستەقینەمانی ئیسلام دەكەین( لێرە قسەمان لەسەر قسەی ئیسلامی سیاسی نیە)، بەڵێ ئەگەر وەك دەڵێن ئاینەكەمان كورداندبێت یان نەتەوەكەمان ئیسلامماندبێت، ئەمەش لەدەرئەنجامی كاریگەری كەلتوری رەسەنی كوردایەتیەوە بووە و بە هۆكاری فاكتەری بارودۆخی بابەتی و خودیی كوردیەوە تێكەڵبونێك روویداوە، بۆیە بە تێپەربونی قۆناغەكان جیاكردنەوەی مەحاڵ یان سەختە بووە و بواری لێكدابرٍانی زۆركەم هێشۆتەوە ( بەڵام ئیسلامی سیاسی لە هەوڵی ئەوەدان لەم بارەشەوە دەیانەوێت غەدر لەم نەتەوە داماوە بكەن).
ئەوەی جێگەی وتنە لێرەدا و تاوەكو ئەن چركەساتە زۆر مشتومرٍی لەدوای خۆیدا هێناوە، ئایا پاش دروستبونی ئەو ئیسلامە تایبەتیەی كورد، هیچ هەوڵی پاراستنی نەتەوەكەی پاش ئیسلامبوون دراوە. گەلانی جیهانی ئسلامی هەر یەكەو بە شێوە و شێوازێك توانیویانە كیان و نەتەوە و نیشتمانی خۆیان بپارێزن و ئیسلام وەك ئامرازێك بۆ ئەو مەبەستە بەكاربێنن، بەڵام كورد تا ئێستا بەلای ئەم ئەركەدا نەرۆیشتووە و نەیتوانیوە تایبەتمەندیەكانی بۆ پاراستنی حۆی بەكاربێنێت و بەڵكو بە خشكەیی سیفەتەكانی سریوەتەوە و وەكو نەتەوە زیانیشی لێكردووە. ئەمەش توێژینەوەی وردی دەوێت و ئەم كتێبە سودی باشی دەبێت بۆ ئەو مەبەستە، واتە ناسینی كەلتورەكەت و كاریگەری نیمچە فەلسەفەی نامۆی هاوردە لەسەر ژیانی گەلەكەت. پابەندبون بە كەلتوری تایبەتی نەتەوەكەت رێگەی راست و فراوانت بۆ فەراهەم دەكات بۆ مانەوەی رەسەنایەتی و لابردنی خەڵتەی تێكەڵبووی ئەم و ئەو بە كەلتور و ژیانی گەلەكەت ، بە دڵۆپاندنی رەوتی ئاوێتەی كاروانی مێژوو و كەلتورە رەسەنەكەت سپی و رەش لەیەك جیادەكرێتەوە واقعی كەلتوری و رۆشنبیریی تایبەتی گەلەكەت بە بێگەردی بمێنێتەوە و، دەتوانیت رووی درەوشاوەی رەسەنایەتی گەلەكەت بە دوور لە كاریگەریەكانی مێژوو و كەلتوری نامۆی ئەویتری هاوردە وەكو خۆی پیشان بدەیت . ،
بارودۆخی گشتی و هەمەجۆریی پێكهاتەی نەتەوەیی و نەبوونی كیان و روون نەبوونی جوگرافیای سیاسی نەخشێنراوی تایبەت یان دزرانی و گرنگینەدان بە فەرهەنگ و رۆشنبیریەكەی، كاری توێژینەوە لە دۆزینەوە و دەلاخستنی راستیەكانی ئاڵۆز و زۆر قورس كردووە. بەڵێ بوونی ئەو جیاوازیە گەورەیەی لەسەرجەم روویەكیەوە لەگەڵا گەلانی موسڵمانی دونیادا وای لێكردووە كاریگەری سەلبی نامۆیی زۆر لەسەر رەسەنایەتی كەلتور و تایبەتمەندی ئەم میلەتە نەبێت، بەڵام بە رۆیشتنی زەمانە، زەمینەی پێكەوەلكاندنی كەلتور و عەقیدە هاوردەكان لەگەڵا ئەوەی نێوخۆ فەراهەم دەكات و تاتیبەتمەندیەكەت دەسرٍێتەوە ( لەگەڵ هەوڵی نەزۆكانەی ئیسلامی سیاسیی ئەم سەردەمە بۆ سرینەوەی تایبەتمەندیەكانی كورد) ، سەرەرای ئەوەی كورد بەدوور لە هەر میلەتێكی دیكە بە خۆرٍاگری و دان بەخۆداگرتن و پشودرێژی و پابەندبوون بە رەسەنایەتی و ژیانی تایبەتی خۆی ناسراوە، كەچی گەلانی دیكەی خاوەن كیان و دەوڵەت جگە لە كورد، خۆیان بە مەزهەب و ئاراستەیەكی تایبەتی لە فەوتان پاراستووە( تورك بە سونە گەراو فارس بە شیعەگەرا).
بۆیە ئێمەی كورد لە دۆخێكداین رۆژ نیە خەڵكانێك لە پرٍا وەكو دۆمەڵان لە بن زەویەوە بە مەبەستی جیاجیا و لەپێشەوەی هەمووش ئامانجی سیاسی هەڵنەتۆقێن و بە ناوی ئیسلامەوە رێنمایی نەدەن بێ ئەوەی واقع و مێژووی كورد لەبەرچاو بگرن و تەنها پشت بە عەقیدە و فكری ئەویتر دەبەستن و بەس. كەچی تا ئێستا ئێمە خۆمان وەكو خۆی بە جوانی نانانسین و خەڵكی دڵسۆزی وەكو (توهامی ئەلعەبدولی بی هیچ مەرام و نیازێك وبە بێلایەنانە خۆمانمان پێدەناسێنێت و جیاوازیەكانمان لەگەڵا ئەویتر بە روونی دەردەخات.
ئەم كتێبە حەقیقەتی كورد وەكو خۆی دەردەخات و ئەو ئیدعایەی ئیسلامگەرا و مەزهەبگەراكان بە ناراستەوخۆش بێت لە بێژنگ دەدات و ئیسلامەكەی كورد بە پوختی روون دەكاتەوە. ئەوەی ماوە كورد خۆی بزانێت چۆن دوژمنی خودیی نێوخۆیی بناسێت و هەوڵی بێپایانی دەرەكی سرینەوەی كۆتایی پێبێنێت و ئەو تایبەتمەندیانە بپارێزیت و وەكو نەتەوە ببوژێتەوە.