به‌ڕاستی سه‌یره‌ !

عیماد عه‌لی
  2021-05-11     531
تۆیه‌ك خۆت به‌ كورد بزانیت و میله‌ت و كوردستانه‌كه‌ت خۆش بوێت، كه‌ بێیته‌ سه‌ر هه‌ڵوێست له‌ ئاست كوردبون و خۆشه‌ویستیت بۆ كوردستان ئایدیۆۆجیه‌ت  و باوه‌ڕی ئاینی و عه‌قیده‌ت له‌ پێشتر دانه‌یت و ئینگاری بونی خۆت و مێژووی میله‌ته‌كه‌ت بكه‌یت و پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كه‌ت به‌ هیچ نه‌زانیت و ئاگات له‌خۆت نه‌بێت كه‌ به‌و هه‌ڵوێست و ره‌فتارانه‌ت  نه‌ كوردت خۆش ده‌وێ و نه‌كوردستانیش و له‌ نه‌ته‌وه‌ یی و نیشتمانیبونت داشۆراوی .
هه‌مووان ئاگاداری هه‌ڵوێستی وڵاتان و رێكخراو و داموده‌زگا جیهانی و ناوچه‌ییه‌كانین له‌ ئاست ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق  به‌كورد كرا و ته‌نانه‌ت مێژووش شایه‌تی ره‌فتار و بۆچونی ئه‌و گه‌ل و حكومه‌ت و رێكخراوانه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت كوردیان به‌ گه‌ڵیكی مافخوراو دانه‌ناوه‌ و هیچ گرنگیه‌كیان به‌ چاره‌نوسی نه‌دواه‌ و داگیركاری و تاڵانی و دزی و سه‌بی و كوشتن و بڕینیان دژ به‌م گه‌له‌ په‌یڕه‌و كردووه‌.
تۆیه‌ك كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی ئه‌و نه‌یارانه‌ و ته‌نانه‌ت دۆسته‌ كاتیه‌كانیشت بزانیت ،حه‌ق نیه‌ داوای هه‌ڵوێست له‌مه‌ڕ هیچ روداوێك بكه‌یت كه‌ له‌و گه‌ل و حكومه‌تانه‌ رووده‌دات.  حه‌یفه‌ ئێستا كۆمه‌ڵێكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوی زماندرێژ به‌ناو ئیسلامی كوردی و له‌ ناخا ده‌رچوو له‌ نه‌ته‌وه‌ و وڵات داوای هه‌ڵویست به‌ڵكو خۆفیداكاری بۆ فه‌له‌ستین و ئه‌و گه‌له‌ ده‌كه‌ن كه‌ تاكو ئێستا نه‌ له‌ ئه‌نفال و نه‌ له‌ هه‌ڵه‌بچه‌ و عه‌فرین و كۆبانی  و نه‌ش له‌ هیچ غه‌در و ناحه‌قیه‌ك به‌رامبه‌ر كورد فزه‌یان نه‌هاتووه‌ و به‌ڵكو پشتگیریی تاوانبارانیان كردووه‌ و نمونه‌ش سه‌دام و ئه‌ردوگان كه‌ وه‌كو سه‌ركرده‌ی ئومه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی خۆیان ناساندووه‌ .
بۆیه‌، ده‌كرێت بپرسین تاكه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنمان به‌رده‌وام بین و به‌خۆماندا نه‌چینه‌وه‌ و به‌ڵكو هه‌ڵه‌كانمان دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ و هه‌میشه‌ خۆمان هۆكاری زاڵبونی گه‌لانی تر بین به‌سه‌ر خۆماندا و هه‌میشه‌ش‌ هه‌ست به‌ كه‌می باڵی به‌سه‌رماندا كێشابێت؟ 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×