كابینه‌ی نۆو سه‌ره‌تاش كۆمه‌ڵی ئیسلامی

ئارام هادی
  2019-04-23     1296

دواجار فشاره‌ ناوخۆییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌و حزبه‌ی ناچاركرد، له‌سه‌ر به‌شداری له‌حكومه‌ت بێنه‌ده‌نگ و به‌قسه‌ی ئه‌میره‌كه‌یان بێت "به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت خێری تێدانه‌ماوه‌" ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ هه‌ینی رابردو سێ سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندو دوای یه‌ك ڕۆژیش چوار كارگێڕی تری مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر بۆپشتیوانی له‌سێ سه‌ركردایه‌تیه‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كه‌، هه‌مان هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت و ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ مامۆستا (علی باپیر) ڕای خۆی وت له‌سه‌ر به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت و وتیشی ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌. 

كۆمه‌ڵی ئیسلامی سیاسه‌تێكی ئاقڵانه‌ی له‌ چوارساڵی ڕابردوو په‌یڕه‌وكرد و توانیتی باشتر له‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی له‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانیه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی ئیداری هه‌نارده‌ی سه‌ر شاشه‌ی تیڤیه‌كان بكات، هاوكات هاوشانی گۆڕان ڕۆیشت تاكۆتایی و به‌ مردنی (نه‌وشیروان مسته‌فا)ش ده‌ستبه‌رداری دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ نه‌بو، خاوه‌ن سیاسه‌تێكی ڕوون و حه‌كیمانه‌ بو، ئه‌مه‌ش وایكرد له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا سه‌ره‌ڕای داكشانی كورسیه‌كانی (یه‌كگرتو_ گۆڕان) به‌ڵام كۆمه‌ڵ كورسیه‌كی بۆ حزبه‌كه‌ی زیادكرد و له‌ شه‌ش كورسی كه‌ له‌ ڕابردوو هه‌یبو كردی به‌ حه‌وت كورسی. 

هه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵ له‌وه‌ دابو له‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ كه‌ 204ڕۆژ به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه‌، له‌و ماوه‌دا به‌فه‌رمی خۆی یه‌كلانه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌شدار ده‌بێت له‌ حكومه‌ت یا ڕێگه‌ی ئۆپۆزسیۆن بون ده‌گرێته‌ به‌ر، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا تائێستاش براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌ پارتی یه‌ فه‌رموی به‌شداری له‌ حكومه‌تی لێنه‌كردون!!، هێشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی كۆمه‌ڵ له‌ نێوه‌ندی چونه‌ ده‌سه‌ڵات و بون به‌ ئۆپۆزسیۆن وایكرد ئه‌و حزبه‌ به‌رنامه‌یه‌كی ڕوونی نه‌بێت و دواجار به‌خراپ به‌سه‌ر خۆیدا شكایه‌وه‌ و به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تی و كادرانی خواره‌وه‌ له‌م سیاسه‌ته‌ی ناڕازی بن. 

سه‌ركردایه‌تی و كارگێڕانی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی كۆمه‌ڵ، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی وازهێنانیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ (نه‌بونی سیاسه‌تێكی ڕوون بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌ت یا هه‌ڵبژاردنی ئۆپۆزسیۆن) له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌یه‌ كه‌ تائێستاش یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌رئه‌مه‌شدا ڕایه‌كیتری ناو كۆمه‌ڵیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداری له‌ حكومه‌ت بكه‌ن و په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی ئاسایی بكه‌نه‌وه‌. 

یه‌كێكیتر له‌ هۆكاره‌كانی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كێشه‌ی ناوخۆییان هه‌بوه‌ له‌سه‌ر پشتگوێخستن و كارنه‌كردن به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ له‌ده‌ستنیشانكردنی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر، كه‌ به‌ڕای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كان دیاریكردنی كه‌سێك بۆ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند ده‌بو به‌ هه‌ڵبژاردنی كۆنفرانسی محه‌لی مه‌ڵبه‌ند بوایه‌، نه‌ك وه‌ك ئێستا كه‌ به‌ ته‌داخولكردنی باڵی زۆرینه‌ و به‌ ته‌عین كه‌سێكیان سه‌پاندوه‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ی ناو باڵه‌كانی كۆمه‌ڵ، ڕه‌گێكی قوڵیشی هه‌یه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی ئه‌و حزبه‌، هه‌ردوولاش ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ستوه‌ردانی پارتی یه‌وه‌ بوبێت، به‌ڵام ته‌وقیتی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌ و داهاتو ده‌بێته‌ وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌ كه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی تاچه‌ند پاڵنه‌ربوه‌. 

دواجار فشاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كانیش مه‌یلی ئه‌و حزبه‌ی بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌ت دوورنه‌خستۆته‌وه‌ و تائێستاش هه‌ڵوێستێكی ڕوونیان نیه‌، جگه‌ له‌ قسه‌كانی مامۆستا (علی باپیر) كه‌ پێی وایه‌ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت خێری بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامی تێدانه‌ماوه‌.

كابینه‌ی نۆ به‌ تامی شه‌راب 
وته‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت "شه‌راب تا كۆن بێت تامی خۆشتره‌"، پێده‌چێت پارتی وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، پێكهێنانی كابینه‌ی نۆ به‌ (خۆشكردنی شه‌راب) تێگه‌یشت بێت، كه‌ له‌ئێستادا یه‌ك له‌سه‌ر هه‌شتی ماوه‌ی چوار ساڵی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ڕۆیشتوه‌ و تائێستا ئاسۆی پێكهێنانی كابینه‌كه‌ دیار نیه‌!!، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا تۆپه‌كه‌ له‌ ساحه‌ی خودی پارتی دایه‌، چونكه‌ سه‌ره‌تا گۆڕان و دواتر یه‌كێتی ڕێككه‌وتنی سیاسیان له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌ بۆ حكومه‌ت و به‌قسه‌ی كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ش، ده‌ڵێن هیچ شتێكیتر نه‌ماوه‌ له‌گه‌ڵ پارتی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین. 

گه‌ر پارتی دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ڕیكنه‌كه‌وتنی گۆڕان و یه‌كێتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دووجێگری بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وا په‌یوه‌ندی به‌ نه‌رمی نواندنی پارتی یه‌وه‌ نیه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی ده‌كه‌ن، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵه‌ ستراتیژیه‌ سیاسیه‌كانی پارتی یه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌ست نیشانكردنی (سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌ت كه‌ جێگۆڕكێی به‌ یه‌كه‌میان كرد، وه‌ ڕێككه‌وتنیه‌تی له‌گه‌ڵ هێزی سێ یه‌م به‌بێ ڕێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ له‌گه‌ڵ هێزی دووه‌م، دواتریش كه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گۆڕان جێگرێكی بۆ یه‌كێتی زیادكرد له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا)، له‌مانه‌ش سه‌یرتر سه‌رۆكی ئێستای حكومه‌ت ده‌ڵێت دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ئاساییه‌!!.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×