توركیا خه‌ریكه‌ سێ ناحیه‌ له‌ سنوری زاخۆ به‌ته‌واوی داگیردەكات

ئارام هادی
  2020-07-02     948

10 ساڵ زیاترە ئێمە مانان لە شەقام و سیمنارو نوسین و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکاندا ئەوەمان خستوەتەڕو کە ئامانجی تورکیا داگیرکردنی تەواوی باشوری کوردستانەو هەوڵی زیندوکردنەوەی ویلایەتی موسڵ لەعێراق دەدات بۆ داگیرکردنی تەواوی باشوری کوردستان، بەڵام برادەرانی پارتی و هاوئاوازەکانیان قورمیشکراون بەوەی (تورکیا تەنها بۆ شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە)، لە باشوری کوردستانە، کەچی تازە بە تازە هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، له‌ تویتێكدا رایگه‌یاندوه ‌"پەلاماری تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەی زاخۆ پێشهاتێکی جیۆسیاسی زۆر جددیەو چڕی هێرشەکان زەنگێکی مەترسیدارە"، ده‌شڵێت"داواکاری سەرکردەکانی تورک بۆ زیندوکردنەوەی داواکردنی پارێزگای موسڵ لەلایەن تورکیاوە زیاتر لە هەمو پێشهاتەکانی دیکە مایەی نیگەرانییە."

هەروەها بەردەوام باسمان لە زەرەر گەیاندنی تورکیا کردوە کە لە ڕێگەی سوپاکەی لە زەمینەوەو فڕۆکەکانی لە ئاسمانەوە خەڵکی سڤیل شەهیدو بریندار دەکات و ڕەزو باخی گوندنشینانی سنورەکان دەسوتێنێت و ئاستەنگی لەبەردەم کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی دروست دەکات، بەڵام لەدوای ئەو ماوە زۆرە لە بێدەنگی دواجار دوێنێ بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا ڕایگه‌یاندوه‌"تورکیا هێزێکی زۆری هێناوەتە سنوری گوندەکانی سەر بە ناحیەکە." دەشڵێت "بۆردومانی تورکیا لە سنوری ئەو گوندانە بەردەوامە، تا ئێستا دانیشتوانی 12 گوندی سەربە ناحیەی باتیفا زەرەرمەند بون و گوندی (کەشان) چۆڵکراوەو خەڵکەکەی چونەتە سەنتەری ناحیەی باتیفاو هەندێکیشیان چونەتە سەنتەری قەزای زاخۆ، لە ساڵی رابردوەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 32 هاونیشتمانی شەهید بون و 10 کەسیش برینداربون، زیانێکی زۆر بەر ناوچەکەش کەوتوە"، ده‌شڵێت"زانیاریمان لەسەر ئەوەش نییە کە پەکەکە لەو ناوچانە هەن یان نین".

هاوکات لەمێژە ئەوەشمان خستوەتە بەرچاو کە تورکیا سەرەتا لە سنورەکانی خۆیەوە بەقوڵایی چەندین کیلۆمەتر هەر لە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانەوە تا (خواکورک) کە سێگۆشەی سنوری نێوان (عیراق. تورکیا. ئیران) داگیردەکات و بنکەی سەربازی هەمیشەیی تێدا جێگیردەکات، بەڵام هەرجارێک سەرۆک حکومەت و سەرۆک هەرێمەکەمان لەسەر بابەتەکە دوابن ڕاستەوخۆ حەقیانداوە بە تورکیاو چاویان لە ئاست نیەتی ڕاستەقینەی داگیرکردنی باشور نوقاندوەو ته‌نها له‌ 15ڕۆژی كۆتایی مانگی ڕابردودا تورکیا لە 24 شوێنی ستراتیژیی سنوری ناحیەی باتیفا جێگیربوە، پێشتریش 24 بنکەی دیکەی سەربازیی لە سنوری (نێروەییەکان و کانێ ماسێ) داناوەو بەرپرسێکی سەربازی پارتی لە ناحیەش دەڵێت"ئەگەر رێگری لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا نەکرێت، هەرسێ ناحیەی (کانی ماسێ، باتیفا و دەرکارێ) بەتەواوی لەلایەن تورکیاوە داگیر دەکرێن".

ئەو 10ساڵەی کە باسمکردوە تەنها لە کێشەکە نەدواوین بەڵکو لەگەڵیدا چارەسەریشمان خستوەتەڕو، هەندێکجار بە کۆنفرانس و دەرئەنجامەکەیمان لە پرۆژەیەکدا داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و بەشی زۆری کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەولێر و تەنانەت نەتەوە یەکگرتوەکانیش، بە داتا و بەڵگەی وردو زانستی ڕایگشتیشمان لێ ئاگادارکردوەتەوە، ئەمە جگە لە گردبونەوەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان و خۆپیشاندانەکانی تایبەت بە دژایەتی داگیرکاریەکانی تورکیا، بەڵام ڕۆژێک نەمانبینی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم نە لەڕابردو نە ئێستاش گەر تەنها بۆ مێژوی خۆشیان بێت یەکجار هەڵوێست لەدژی داگیرکارییەکانی تورکیا دەربڕن، ئەوەی هەبو جاروبار لەلایەن بەشێکی کەم لە پەرلەمانتارانەوە بە ئیمزا داوای دەرکردنی هێزەکانی تورکیایان لە هەرێم کردوە.

ئێستاش حکومەتی هەرێم و حزبە سیاسییەکانی دەتوانن واز لە ناکۆکییە لۆکاڵییەکانی نێوانیان بهێنن و شەڕی بچوکی ڕۆژانەی نێوانیان کۆتایی پێبهێێن و بیر لە بەرەیەکی یەکگرتوی کوردی بکەنەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سوپای تورکیاو وەدەرنانیان لە باشوری کوردستان، هەروەها لە ڕێگەی عیراقیشەوە ڕایگشتی عەرەبی بجوڵێنن بەدژی تورکیا بە تایبەت وڵاتانی (مسرو ئەردەن و سعودیە و ئیمارات)، لەلایەکیترەوە لەڕێگەی پەیوەندییە دپلۆماسی و دۆستایەتی دێرینەوە وابکەن (بەریتانیاو فەرەنساو کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا) لەسەر پرسەکە بهێننە سەرخەت تا هەرێمی کوردستان لە تەماحی داگیرکاری تورکیا دەربازی قۆناغێکی سەقامگیربکەن، گەرنا لەبێدەنگیدا ڕەوشەکە لە بەرژەوەندیمان نابێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×