چۆن حکومەتەکان مامەڵە لەگەڵ کۆرۆنا و رەوشی خراپی کرێکاران و هەژاران دەکەن؟!
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
2020-05-03   661
هەر لەگەڵ دروستبوونی هەر کارەساتێکی سروشتی یان مرۆیی، یەکەمین چین کە دەبنە زەرەرمەندی سەرەکی ، چینی کرێکار و هەژاران و زەحمەتکێشانن، ئەوان بە حوکمی ئەوەی رۆژانە لەسەر هێزی کاری خۆیان دەژین، گەر هەر شتێکی نائاسایی لە ژیانیاندا رووبدات، ناتوانن بەرگەی بگرن، جا نەخۆشی بێت یان کارەساتی سروشتی یان بێکاریی.
لەگەڵ پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆناش، یەکەمین گورزی خۆی لە کرێکاران و هەژارانی جیهان وەشاند، ئەمەش لەبەرئەوەی داخستنی کارگە و دەزگاکان و کەرەنتینەکردنی تەواوی کۆمەڵگا، وایکرد کە زۆرێک لە کرێکاران و هەژاران، برسی تر بن، چونکە ئەوان لە بنەڕەتدا خۆیان ژیانیان هێندە باش نییە تاوەکو بە مانگ و دوو مانگ کار نەکەن، بەتایبەتی لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا. کرێکارێکی هیندی بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاند: گەر ڤایرۆسی کۆرۆناش نەمانکوژێت، ئەوا برسێتی دەمانکوژێت.
هەربۆیە بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە، زۆربەی حکومەتەکانی جیهان بەرنامەی تایبەتیان داناوە، لە لایەکەوە بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسە، لەلایەکی تریشەوە بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی کرێکار و هەژار و زەحمەتکێش. چ لە ئەوروپا و چ لە ئەمریکا و وڵاتانی ئاسیاش، حکومەتەکان لە رێگەی بەرنامەی تایبەتەوە ، هەوڵیانداوە یارمەتی خەڵکی بددەن.
هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە، حکومەتەکانی ئەوروپا بەپێی تاوانای خۆیان هەوڵیاندا، یارمەتی خەڵکی بددەن تاوەکو لە ماڵەکانیان بمێننەوەو نەیەنە دەرەوە، تاوەکو ڤایرۆسە هێندەی تر بڵاونەبێتەوە، هەروەها بەرنامەی هاوکاری داراییشیان بۆ خەڵکی و کۆمپانیاکان دانا، تاوەکو لە رووی ئابوورییەوە خەڵکی رووبەروی تەنگەژەی گەورە نەبنەوە، چونکە کێشەی گەورەی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە، جگە لە نەخۆشیی و مردن، دەبێتە هۆی داڕمان و لاوازبوونی ئابووری وڵاتان، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا لە ڤایرۆسەکە خراپترە.
هاوکاری ئابووریی
حکومەتی چین لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە، بەرنامەیەکی توندوتۆڵ و تۆکمەی بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسە داڕشت. لەو شوێنانەی کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبوویەوە، بەتایبەتی شاری وهان، خۆی هاوکاری و خواردنی پێشکەش بە خەڵکی دەکرد تاوەکو لە ماڵەکانیان بمێننەوەو نەیەنە دەرەوە. لە ئەڵمانیا حکومەت بڕی 600 یۆرۆی تەرخانکردووە بۆ رووبەرووبونەی ئەم ڤایرۆسە، لەم بڕە پارەیەش 50 ملیارد یۆرۆی داناوە، بۆ هاوکاریکردنی کۆمپانیا بچووکەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە زەرەرمەندی سەرەکین لەم ڤایرۆسە، هەروەها بەشێکی تری پارەکە بۆ باشكردنی کەرتی تەندروستی و هاوکاری کۆمەڵایەتیی ئەو خێزانانەی کە زۆر هەژارن، جگە لە خۆشبوون لە ملیارەها یۆرۆ کە وەکو باج لە خەڵکی ناسێنێت.
لە ئیتالیاش حکومەت بڕی 700 ملیارد یۆرۆی تەرخانکرد بۆ رووبەربونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئەمەش بۆ هاوکاری خەڵكی و باشكردنی کەرتی تەندروستی و یارمەتدیانی خەڵکی هەژار. لە فەرەنساش بەهەمانشێوە، حکومەت بڕی 110 ملیارد یۆرۆی بۆ رووبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکردووە. هەروەها حکومەتی فەرەنسا بڕیاریدا بڕی 500 بۆ 1500 یۆرۆ ببەخشێتە کارمەندانی کەرتی تەندروستی، ئەوەش وەکو دیارییەکی حکومەتە بۆ ئەوان ، چونکە ئەوان لە ریزی پێشەوەی جەنگەکەدا بوون. هەروەها هەر خێزانێکی هەژار بڕی 100 یۆرۆی بۆ هەر منداڵێک بڕیوەتەوە جگە لەو پارەیەی کە وەکو بیمەی بێکاریی و هاوکاری کۆمەڵایەتی وەریدەگرن. هەروەها یەکێتی ئەوروپاش بڕی 100ملیارد یۆرۆی تەرخانکرد بۆ رووبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەم پارەیەش دەدرێتەوە ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانیان لەم ڤایرۆسە بەرکەوتووە لە پێش هەموویانەوە ئیتالیا و ئیسپانیا.
لەپەنا هاوکاری حکومیدا، سەدان رێکخراوی مرۆڤدۆست، هاوکاری بەسەر خێزانە هەژارەکاندا دابەشدەکەن، کەخۆی لە خۆراک و پۆشاک دەبینێتەوە.
لە هیندوستانیش کە وڵاتێکی تازەپێگەیشتووە، حکومەت بڕی 50 ملیارد دۆلاری تەرخانکردووە بۆ رووبەربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جگەلەوەش هاوکاریی و یارمەتی بەسەر کرێکارە هەژارەکانی ناو شارەکان پێشکەش دەکات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا سەرکەوتوو نەبووە لە رووبەبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و ملیۆنان هاوڵاتی رەوشی ژیانیان تەواو خراپ بووە.
هەموو ئەم حکومەتانەش بۆیە بەرنامەی تایبەتی بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسەیان تەرخانکردووە، چونکە ترسیان لە تێكچوونی باری کۆمەڵایەتی و شۆڕشی برسییەکانە، کە لە هەندێک وڵاتدا سەریهەڵداوە.
شۆڕشی برسییەکان
ئەو حکومەتانەی کە بە جددیەوە یان بەرنامەی تایبەتیان نەبوو بۆ رووبەروبونەوەی ئەم ڤایرۆسە، رووبەروی شۆڕشی هەژاران و کرێکارنی برسیش بوونەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتە فاشیلەکان. ماوەی چەندین رۆژە لە لوبنان خەڵکی دەرژێنە سەر شەقامەکان و بانکەکان دەسووتێنن، کە لە زۆرێک لە میدیاکانی جیهاندا بە شۆڕشی برسییەکان ناودەبرێت، هەروەها لە کۆڵۆمبیا و باشووری ئەفریقاش بەهەمانشێوە. ئەو حکومەتانەی کە هیچ بەرنامەیان نەبوو، دەبێت چاوەڕێی شۆڕشی هەژاران و کرێکارانیش بکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆرۆنا
راستە لە سەرەتادا حکومەتی هەرێم لە رووی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی و دانانی بەرنامەی تایبەت بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ دانا ، مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ دۆخەکە کرد، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی هەموومانە لە رووی داراییەوە، حکومەتی هەرێم هیچ هەوڵێکی نەداوە، بەتایبەتی لە هاوکاریکردنی خەڵكی هەژار و کرێکاران، جگە لەوەش نەدانی مووچەش هێندەی تر رەوشی خەڵکی خراپتر کردووە بەتایبەتی هەژاران و کریکاران.
ئەوەی کە دەیبینین هەوڵی چەند رێکخراو کەسایەتییەکی دەوڵەمەندە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و کەمدرامەت، بەڵام حکومەت خۆی هیچ بەرنامەیەکی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی نییە، ئەمەش ئاماژەیەکی خراپە و پێدەچێت لە داهاتوودا رووبەروی ناڕەزایی خەڵکی بێتەوە.
لەلایەکی ترەوە من تێناگەم چۆن دەبێت حکومەتی هەرێم هیچ یەدەگێکی دارایی نەبێت، بۆ رووبەروبونەوەی کارەسات و دۆخی چاوەڕواننەکراو، هەموو حکومەتەکانی جیهان، یەدەگی داراییان بۆ رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ دەوێت، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم هیچ یەدەگێکی بۆ رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ دانەناوە، ئەمەش خەوشێکی گەورەیە.
ئێمە هیوادارین حکومەتی هەرێم بەجددیەوە سەیری رەوشی دارایی خەڵكی بکات، بە تایبەتی کرێکار و هەژاران، پێویستەی لە رووی داراییەوە یارمەتییان بدرێت.
سەرچاوەکان:
600-Milliarden-Euro-Fonds soll Firmen retten. www.n-tv.de
EU will 100 Milliarden Euro an Mitgliedstaaten verleihen. www.deutschlandfunk.de
الحكومة الفرنسية تعلن تقديم مكافآت مالية للطواقم الطبية ومساعدات للأسر المحتاجة. www.france24.com/ar
الهند تواجه كورونا بمليارات الدولارات وأقل سعر للفائدة في 10 سنوات. https://al-ain.com/
نزوح جماعي من العاصمة الهندية "هربا من الجوع لا الوباء". بی بی سی. عربي