با سوپاسێکی کۆمسینی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق بکەین
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
2019-09-13   1064
جاران واماندەزانی چەندە لە بەغدا دووربکەوینەوە هێندە لە بەرژەوەندی گەلی کورد دایە، لێ بەداخەوە لەم چەند ساڵەی پێشوودا کورد بە تەجروبە بۆی دەرکەوتووە، چەندە لە بەغداوە نزیک بێتەوە لە هەموو ڕوویەکەوە بۆی باشترە.
ئەوەتا ماوەی چەندین ساڵە بەناوی ئابووری سەربەخۆ و " نەوتی خۆمان بۆ خۆمان" نەک وڵاتمان ئاوەدان نەکردەوە ، بگرە ئەم نەوتە بووە نەگبەتییەکیش بۆمان و تووشی کێشەو گرفت و قەیران و قەرزارباریشی کردین، لەبەرئەوە دووبارە بە ویستی خۆمان بۆرییە نەوتەکەمان رادەستی بەغدا کردەوە، چونکە نەوتی کورد لەژێردەستی بەغدا بێت باشترە تاوەکو ئەنقەرەو تاران.
گەر سەیری لایەنی ئیداری و سیاسی و دیموکراتی و دەستووریی و پەرلەمانیش بکەین، سەیر دەکەین بەغدا زۆر هەنگاوی باشی لەم بوارەشدا ناوە، ئەوەتا پەرلەمانەکەی بەغدا کام وەزیر زۆر بەهێزە راپێچی دەکات و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکات و سزاشی دەدات، لەکاتێکدا ئێمە بە ویستی پارتێکی دەسەڵاتدار لە هەولێر، دوو ساڵ دەرگای پەرلەمان داخرا.
دوایین کاری باشی بەغدا بۆ ئێمە ئەو بڕیارە حەکیمانەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بوو، کە دەبێت هەر حزبێک بەشداری هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان بکات، دەبێت کۆنگرەی خۆی ببەستێت، ئەمەش باشترین بڕیارە کە ئەم دەزگایە دابێتیی و خزمەتێکی گەورەی پرۆسەی دیموکراتی لە عیراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
ماوەی چەندین ساڵە پارتە کوردییەکان لە پێش هەموویانە پارتە گەورەکان " یەکێتی، پارتی، گۆڕان" خۆیان لە پرسی بەستنی کۆنگرە دەدزنەوە، هەریەکەیان بیانوویەک دەدۆزێتەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ئەم پارتانە، کە تاڕادەیەکی زۆر لە دیموکراتی و پرەنسیپی حزبایەتی دوور کەوتوونەتەوە.
یەکێتی ماوەی حەوت ساڵە کۆنگرەی دواکەوتووە، سکرتێرەکەی مردووە، جێگرێکی وازیهێنا و پارتێکی سیاسی " وەرزی!" دروستکرد و پاشان گەڕاوەیەوەو کرا بە سەرۆک کۆمار، چەند ئەندام مەکتەبێکی سیاسی وازیان هێناوە، تەواوی ئەندام و لایەنگرانی لە سەرکردایەتی بێزارن و داوای بەستنی کۆنگرە و گۆڕانکاری دەکرد، بەڵام بەداخەوە هیچ کاتێک بڕیاری کۆنگرە نەدەدرا، هەرچەندە هەموو کوتلەکان لەبەرچاوی راگەیاندنەکان، داوای بەستنی کۆنگرەیان دەکرد، لێ هیچ کات هەنگاوی جددی نەدەنرا. بەڵام دواجار کاتێک بڕیارەکەی کۆمسیۆن دەرچوو، هەر پاش رۆژێک مەکتەبی سیاسی بڕیاریدا ئەمساڵ کۆنگرە ببەسترێت و دواجاریش لەم هەفتەیدا رۆژ و مانگی بەستنی کۆنگرەش دانرا، کە بە بروای من ، هۆکاری سەرەکی بۆ بەستنی کۆنگرە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فشارەی کۆمسیۆنی باڵا.
بە دڵنیاییەوە کۆنگرە بۆ هەموو پارتەکان بە گشتی و یەکێتی بەتایبەتی زۆر گرنگە، چونکە لەماوەی پێشوودا کۆمەڵێک رووداوی گەورە روویانداوەو پێویستی بە داڕشتنی بەرنامەی نوێ هەیە، هەروەها ئەو نوخبە سیاسییەی کە ئێستا حوکمی پارتەکان دەکەن، پیربوون و لە لایەن زۆربەی ئەندامانی پارتەکانەوە، ویستێکی گەورە هەیە بۆ گۆڕینی ئەم نەوە کۆنە بە نەوەی نوێ.
راستە لە ئێستادا بەستنی کۆنگرە سوود بە چەند کەسێک دەگەیەنێت و بە ئامانجی خۆیان دەگەن کە ببنە ئەندام سەرکردایەتی یان مەکتەبی سیاسی، من بەشبەحاڵی خۆم، هیچ گموحی ئەو شتانەم نییە، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت، بەستنی کۆنگرە ، ڕێز و شکۆداری بۆ ئەندامانی حزبەکان دەگەڕێنێتەوە و جارێکی تر دەبنەوە خاوەنی بڕیار، هەروەها کەمێک ئەندام مەکتەب سیاسییەکانیش ، لە لووتبەرزی خۆیان دێنە خوارەوەو دووبارە ناچاری دەنگی ئەندامانی حزبەکانیان دەبنەوە.