لە سەدەی بیستەم لە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیاوە، تارمایی هزری کۆمۆنیستیی و شۆڕشگێریی تەواوی جیهانی گرتەوە، لە چەندین شوێنی جیهاندا سەرکردەی شۆڕشگێر پەیدابوون، لە ئاسیا ماوتسیتونگ و هۆشیمنە، لە ئەفریقا پاتریس لومبابا و تۆماس سانکارا، لە ئەمریکای لاتین کاسترۆ و گیڤارا، ئەم تەوژمی فکری شۆڕشگێڕییە، باشووری کوردستانیشی گرتەوەو بەشێوەیەکی بەربڵاو بەناو گەنجانی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی پێشودا زاڵبوو، بەتایبەتی فکری ماوییزم و گیڤاریزم.
شاسوار جەلال ناسراو بە "هاوڕێ ئارام" یەكێكە لە سەركردە ناسراو و مەزنەكانی كۆمەڵەی ماركسی-لینینی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕش، ئەو یەكەمین رابەری بزووتنەوەی پارتیزانی بووە، هەروەها تاكە سەركردەی كۆمەڵە و یەكێتیش بووە، كە لە ناو شار و گوندەكانی كوردستاندا، دووبارە توانیویەتی رێكخستنەكانی كۆمەڵە زیندوو بكاتەوە، ئەمەش لە پاشئەوەی زۆربەی سەركردەكانی كۆمەڵە دەستگیركران، ئەو توانی دووبارە رێكخستنەكان زیندوو بكاتەوەو كۆمیتەی هەرێمەكان دروستبكات، كە بوونە داینەمۆی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان.
کاک ئارام لەو ماوە کەمەی ژیانی سیاسییدا، کۆمەڵێک کاری ئێجگار گەورەی ئەنجامداوە، لەپێش هەموویانەوە، دووبارە کۆکردنەوەو رێکخستنی ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵە و یەکێتیی، کەلەپاش دەستگیرکردنی بەشێكی زۆری سەرکردایەتی کۆمەڵە، بۆشاییەکی گەورە پەیدابوو، تەواوی رێکخستنەکان پەرتەوازە بوون. هەروەها لە هەمووشی گرنگتر، هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی فکر و کار و چالاکییە سیاسییەکانی کۆمەڵە بەناو خەڵكیدا، ئەمەش لەرێگەی مەفرەزە تایبەتەکان و لەهەمانکاتیشدا لەرێگەی بڵاوکراوەکانەوە. ئەو توانی یەکەمین بەردی بناغەی دەزگای راگەیاندنی کۆمەڵە و یەکێتیی دابمەزرێنێت، ئەمەش بۆ ئەو قۆناغە زۆر گرنگ بوو، چونکە ئامانجی بەعسییەکان لە پاش هەرەس ئەوە بوو، هیچ دەنگێكی شۆڕشگێڕی کوردی نەهێڵن، بۆیە لەوکاتەدا بڵاوکردنەوەی فکری شۆڕشگێڕیی و کوردایەتی، خۆی لەخۆیدا شۆڕشێکی گەورە بووە کە کاک ئارام کردوویەتی.
راستە کاک ئارام لەڕووی فکرییەوە نەیتوانییوە هەنگاوی گەورە بنێت، لەمەشدا لەلایەکەوە هەلومەرجی سیاسیی ئەوکاتە رێگربووە، چونکە زیاتر خەریکی کاری رێکخستن و کۆکردنەوەی پێشـمەرگە و کاری راگەیاندن بووە، هەموو ئەم کارانەش کاتێکی زۆریان لێگرتووە، بەشێوەیەک نەیتوانیوە، کاتی باشی هەبێت بۆ خۆڕۆشنبیرکردن و خوێندنەوە. هەرئەمەش وایکردووە لەڕووی فکرییەوە زۆر پێشنەکەوێت، هێشتا فکری گیڤاریزم و لینینیزم بەسەریدا زاڵبێت، هەرچەندە ئەو توانی خۆی لە زۆر تێز و سیاسەتی ماوییزم رزگار بکات. لەرووی سیاسییشەوە ئەو هێشتا لەژێرهەژموونی باڵی جەلالیەتدا بووە، هەرئەمەش وایکردووە کە نەتوانێت رەوتێکی سیاسیی و فکری جیاواز دروست بکات. پاش لێکۆڵینەوە لە مێژووی خەباتی کاک ئارام بۆم دەرکەوتووە، کە ئەو قسانە راست نەبووە، کە کاک ئارام جیاوازییەکی زۆری فکریی و سیاسیی لەگەڵ سەرانی دیکەی یەکێتییدا هەبووبێت، بگرە دەتوانم بڵێم جیاوازییەکە زیاتر لە سەر شێوازی کارکردن بووە.
بەلای منەوە گرنگترین شت کە کاک ئارام کردبێتی، بەرهەمهێنانی مۆدێلێکی نوێی سەرکردەیە، چونکە سەرکردەکانی پێش خۆی، هەموویان کوڕە ئاغا یان شێخ بوون. هەربۆیە نەریتی خێڵەکی بەسەریاندا زاڵبووە، زیاتر خەڵکیان وەکو رەعیەت تەماشا کردووە، بەڵام کاک ئارام هات مۆدێلێکی نوێی سەرکردەی پێشکەشکرد، سەرۆکێک کە لەگەڵ پێشمەرگەکان لەسەنگەری خەباتدایە، چەکی لەشانە، وەکو ئەوان جلوبەرگ لەبەردەکات و لەسەر هەمان سفرە نانیان لەگەڵدا دەخوات. کاک ئارام پێیوتین کە سەرکردە ئەو بورجە عالییە نییە کە پێشمەرگە نەیگاتێ، بەڵکو دەکرێت سەرکردە کەسێک بێت، لەناو جەماوەرەکەیدا بێت، وەکو ئەوان بیربکاتەوەو ژیان بکات، ئەم مۆدێلە نوێیەی سەرکردەش، بۆناو کۆمەڵگەی کوردی، شتێکی نوێ بوو، بەڵام بەداخەوە سەرکردەکانی پاش خۆی، نەیانتوانی هەمان رێچکەی ئەو بگرنەبەر.
ههموو ئهمانه وامان لێدهکهن، بهوپهڕی چاوی رێزو حورمهتهوه، سهیری کار و خهباتی ئهم سهرکرده قارهمانه بکهین، ههزاران سڵاو لهگیانی پاکی ئهم سهرکرده مهزنه و تهواوی ئهو شههیدانهی که ههمان رێچکهی کاک ئارامیان گرتهبهر.