کۆمپانیا گەورەکانی نەوت سوودمەندی سەرەکین لە جەنگی ئۆکرانیا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2022-05-27     353

سێ مانگ زیاترە   جەنگێکی گەورە لە  نێوان ئۆکرانیا و روسیا هەڵگیرساوە، دەمێکیشە وتراوە، لە جەنگە گەورەکاندا، کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە سوودمەندی سەرەکین، بەدڵنیاییەوە زەرەرەمەندی  سەرەکیش، خەڵکی سیڤیلین. هێنری بیرانجە نوێنەری حکومەتی فەرەنسا لە کۆنگرەی ئاشتی رۆمای ساڵی 1918 وتی: نەوت وەکو خوێن وابوو بۆ جەنگی یەکەمی جیهانی. هەمیشە نەوت و جەنگ پەیوەندییەکی گەورەیان هەیە، لەم جەنگەشدا دووبارە ئەم پەیوەندییە بە جوانی دەرکەوتووە، زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، سوودمەندی سەرەکی بوون بەتایبەتی 4 کۆمپانیا گەورەکەی خۆرئاوا کە ئەوانیش " ئیکسۆن مۆبیل، تۆتاڵ، شێل، بی پی" بەپێی دوایین راپۆرتی میدیاکانی ئەڵمانیا بێت،  بۆ ئەمساڵ ئەم کۆمپانیایانە نزیکەی 200 ملیارد دۆلارقازانج دەکەن. هەربۆیە هەندیک پارتی چەپی ئەوروپی داوای باجی قوورس  بەسەر ئەم کۆمپانیایانە دەکەن.

ماوەیەکە لەناو میدیاکانی ئەوروپادا بەتایبەتی لەئەڵمانیادا ، قسەوباسی زۆر لەبارەی   سوودمەندی سەرەکی ئەم جەنگەوە دەکرێن. ئەمەش وایکردووە کە  پارتە چەپەکان بێنە قسەو رەخنە لە حکومەتەکانیان بگرن و داوای راگرتنی ئەم جەنگە بکەن، کە جگە لە ماڵوێرانی بۆ گەلی ئۆکرانیا، گرانیی و نائارامیشی بۆ تەواوی گەلانی ئەوروپا هێناوە.

بەپێ راپۆرتە میدیاییەکان بێت کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی  لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، بڕی 8.83 ملیارد دۆلاری قازانج کردووە لەکاتێکدا ساڵی پار لە چارەکی یەکەمدا تەنها 2.76 ملیارد دۆلاری قازانج کردووە ئەمەش مانای وایە کە بە رێژەی 220% قازانجی زیادی کردووە.  کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی  بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڕی 10.1 ملیارد دۆلاری قازانجی کردووە لەکاتێکدا ساڵی پار لەچارەکی یەکەمدا تەنها 3.49 ملیارد دۆلاری قازانجی کردووە واتە بەرێژەی 187% قازانجی زیادیکردووە.  کۆمپانیای شێلی هۆڵەندی- بەریتانی،  بڕی 11.22 ملیارد دۆلاری بۆ چارەکی یەکەمی ساڵ قازانجی کردووە، بەمشێوەیەش لەهەموو کۆمپانیاکانی تر زیاتر قازانجی کردووە، لەکاتێکدا ساڵی پار بۆ چارەکی یەکەم تەنها 4.55 ملیارد دۆلاری قازانجی کردووە واتە بەرێژەی 147% قازانجی زیادیکردووە. کۆمپانیای بی پی بەریتانیاش بڕی 4،54 ملیارد دۆلار قازانجی کردووە لەکاتێکدا ساڵی پار بۆ چارەکی یەکەم 3.96 ملیارد دۆلار قازانجی کردووە، بەمشێویەش بەرێژەی 14% قازانجی زیادی کردووە.

جگە لەم کۆمپانیا خۆرئاواییانە، کۆمپانیاکانی خۆرهەڵاتیش قازانجی باشیان کردووە بۆ نموونە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییش بە یەکێک  لە سوودمەندە سەرەکییەکان دادەنرێت، بەپێی ئامارەکان بێت،بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ  بڕی 39.5 ملیارد دۆلار قازانجی کردووە، بەم شێوەیەش بەرێژەی 82% ی  قازانجی زیادیکردووە.  جێگەی ئاماژەیە کۆمپانیای ئارامکۆ، کۆمپانییەکی حکومییە  و کاری بەرهەمهێنان و گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتی سعودییە دەگرێتە ئەستۆ.

جگە لە کۆمپانیاکانی نەوت، کۆمپانیاکانی بواری چەکو تەقەمەنی، کارەبا، گاز، سوودمەندی سەرەکین لەم جەنگەدا کە ماڵوێرانی گەورەی بۆ گەلی ئۆکرانیا هێناوە.

ئەمەش لەکاتێکدا رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی قووربانیی و ئاوارە و بریندارەکانی جەنگی ئۆکرانیا زیاتر دەبێت، بەپێی دوایین ئامار بێت ژمارەی ئاوارەکان گەیشتۆتە  سەروو 6.5 ملیۆن ئاوارە، ژمارەی کوژراوی خەڵکی سیڤیل گەیشتۆتە نزیکەی 3500 کەس، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتۆتە 4 هەزار کەس، هەرچەندە بە تەواوەتی نازانرێت ژمارەی ئەو سەربازانەش چەندە کە کوژراون یان بریندار بوون، چونکە هیچ کام لە لایەنی جەنگەکە ئامارەی راستی بڵاو ناکەنەوە.

بەڵام ئەوەی روون و ئاشكرایە کە گەلی ئۆکرانیا زەرەمەندی سەرەکییە لەم جەنگەدا و کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەتو و گاز و چەکوتەقەمەنی، کە زۆربەیان هی وڵاتانی خۆرئاوان، ئەوان سوودمەندی سەرەکی ئەم جەنگەن.

سەرچاوە:

www.linksfraktion.de

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×