كورد له‌نێوان مه‌نگه‌نه‌ی‌ ولاَتانی‌ ناوچه‌و زلهێزه‌كاندا

نەوزادی موهەندیس
  2020-02-12     952

• كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی‌ چوارهه‌می‌ دێرین و خاوه‌ن مێژوو و خاك و زمان و كه‌لتوری‌ خۆی‌ دوور له‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوه‌ڕاستدا بۆته‌ خاوه‌نی‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ گرنگ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانیش و له‌ ئێستاشدا بۆته‌ مه‌سه‌له‌ی‌ پله‌ یه‌كی‌ ناوچه‌كه‌ و وایكردوه‌ كه‌ كێشه‌ی‌ 60ساڵه‌ی‌ فه‌له‌ستینیه‌كان وئیسڕائیل وه‌ك كێشه‌یه‌كی‌ میحوه‌ری‌ عه‌ره‌ب و ته‌نانه‌ت ئیسلامیش له‌ناوچه‌كه‌دا بخاته‌ دوای‌ خۆی‌ و ئه‌و گه‌رموگوڕی‌ و پشتیوانیه‌ گه‌وره‌ و فراوانه‌ی‌ له‌ فه‌له‌ستینیه‌كان ده‌كرا ڕووبكاته‌ كورد و مه‌سه‌له‌كه‌ی‌ به‌تایبه‌تیش له‌دوای‌ مقاوه‌مه‌تی‌ بێوینه‌ی‌ كوردان دژی‌ تیرۆر و تیرۆریستانی‌ داعش و ئه‌و ولاَتانه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ش كه‌ پشتیوانی‌ تیرۆریستانیان ده‌كرد دژ به‌ كورد و كوردستان له‌ باكور و ڕۆژئاواو باشور و ڕۆهه‌لاَتی‌ كوردستان.

•به‌لاَم سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌و خوێن و فرمێسكه‌ی‌ كورد به‌خشیه‌ هه‌موو دونیا و مۆڤایه‌تی‌ به‌تایبه‌تیش له‌ماوه‌ی‌ 9 ساڵی‌ ڕابووردودا،گه‌لێك جاران توشی‌ بیئومێدیان كردۆته‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن به‌ناو دۆسته‌كانیشیه‌وه‌ و ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵوێست و كونجێكی‌ به‌رته‌سكی‌ واوه‌ كه‌ دوژمنیش حه‌سودی‌ پێنابات.كورد جارێك له‌لایه‌ن ولاَتانی‌ سه‌رده‌ستی‌ كوردستان له‌ناوچه‌كه‌ و ئه‌وانی‌ تریشه‌وه‌ و ده‌یانجاریش له‌لایه‌ن ولاَتانی‌ زلهێزی‌ دونیای‌ ڕۆژهه‌لاَت و ڕۆژئاواشه‌وه‌ ده‌خرێته‌ نێوان مه‌نگه‌نه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منیه‌كانی‌ خۆیانه‌وه‌ و زۆرجاران كردویانه‌ته‌ قوربانیه‌كی‌ بێ پشت و په‌ناو نزیكیان كردۆته‌وه‌ له‌مه‌رگ و له‌ناوچوونیش.

•بۆیه‌ كورد به‌و  پێگه‌ هه‌ستیار و زۆر ناسكه‌یه‌وه‌ كه‌هه‌یه‌تی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ڕووبه‌ڕووی‌ چه‌ندین پیلانی‌ دوژمنانه‌ بۆته‌وه‌ كه‌ ویستیان نه‌مان و نه‌هێشتنی‌ ته‌واوه‌تی‌ كوردبوه‌ و به‌چاك و خراپ دوژمنایه‌تی‌ كوردیان كردوه‌ له‌هه‌ر كوێیه‌ك ویستبێتی‌ ئیداره‌یه‌ك یان ده‌سه‌لاَتێكی‌ خۆسه‌ری‌ به‌ڕێوه‌بردن پێكه‌وه‌بنێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ 29ساڵه‌ له‌ باشوور و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 9ساڵه‌ له‌ ڕۆژئاوا چێكراوه‌ له‌ناوبه‌رن،به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن ڕژێمی‌ توركیای‌ ئه‌ردۆگانیه‌وه‌ كه‌ به‌ ئاشكراو به‌نهێنی‌ دژایه‌تی‌ كوردان ده‌كات و چه‌ندین ته‌نازولی‌ شه‌رمه‌زاری‌ بۆ ئه‌مریكا و ڕوسیا ده‌كات ته‌نها له‌ پێناو دژایه‌تی‌ كورداندا،ئه‌و نازانێت یان خۆی‌ له‌گێلی‌ ده‌دات كه‌ سه‌دان جار نه‌ك بۆ كورد خۆی‌ بۆ توركیا و هه‌موو ئه‌و ولاَتانه‌ی‌ تری‌ ناوچه‌كه‌ش باشتره‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد به‌ ئاشتیانه‌ وسیاسیانه‌ دوور له‌ جه‌نگ و كوشتن و بڕین و ڕێگه‌ چاره‌ی‌ سه‌ربازی‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌د ساڵه‌ خه‌رجی‌ و داهاتی‌ ولاَته‌كانیان و كوردستانیش به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن و تائێستاش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان له‌ له‌ناوبردنی‌ كورداندا.

•كورد خۆشبه‌ختانه‌ له‌ئێستادا به‌هه‌وڵ و قوربانیدانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ به‌سه‌ر ڕاستانه‌ و ڕاستگۆیانه‌ خۆی‌ كردۆته‌ یاریزانێكی‌ باشی‌ گه‌مه‌ سیاسیه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ و دونیاش و توانیویه‌تی‌ پێگه‌یه‌كی‌ باش و به‌رچاو و ڕێزلێگیراویش بۆخۆی‌ بنیات بنێت و تاڕاده‌یه‌ك توانیویه‌تی‌  خۆی‌ و ده‌سكه‌وت و ده‌سه‌لاَته‌كانیشی‌ به‌هه‌موو كه‌موكوڕیه‌كانیشیه‌وه‌ بپارێزێت به‌وه‌ی‌ كه‌ ویستویه‌تی‌ ئامانج و دروشمه‌كانی‌ خه‌باتی‌ ئه‌م قۆناغه‌ بگونجێنێت یان تاڕاده‌یه‌كی‌ باش نزیكبكاته‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ و به‌رنامه‌ و پلانی‌ زلهێزه‌كانی‌ دونیا بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانێت هه‌رچیه‌ك له‌توانادا بێت بیكات بۆ وه‌ده‌ستهێنانی‌ پشتیوانی‌ ئه‌وان،چونكه‌ له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندی‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ده‌ره‌كی‌ و ئابوری‌ و سیاسی‌ و ئه‌منیه‌كان ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ ده‌بینن له‌ پێشخستن و به‌رده‌وامبونی‌ دۆستایه‌تی‌ و پشتیوانیه‌كاندا به‌ ئاشكراش ئه‌مریكا و ڕوسیا نه‌یانشاردۆته‌وه‌ كه‌ بۆ پاراستنی‌ بیره‌ نه‌وته‌كان له‌ناوچه‌كه‌دان نه‌ك له‌به‌ر پاراستنی‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمانه‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌، كورد و كوردستانیش له‌و بواره‌دا بنه‌ماو بناغه‌یه‌كی‌ باشی‌ هه‌یه‌ بۆ پێكه‌وه‌نانی‌ ئه‌و دۆستایه‌تی‌ و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ له‌ڕووی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منیشه‌وه‌ چونكه‌ پێگه‌یه‌كی‌ جیۆسیاسی‌ گرنگ و هه‌ڵكه‌وته‌یه‌كی‌ ستراتیژیشی‌ هه‌یه‌ و له‌ڕووی‌ ئابوریشه‌وه‌ خاوه‌نی‌ یه‌ده‌گێكی‌ نه‌وت و گازی‌ سروشتی‌ زۆروزه‌وه‌نده‌ و له‌ڕووی‌ ئه‌منیشه‌وه‌ كورد جه‌نگاوه‌رێكی‌ ئازا و چاونه‌ترسه‌و به‌كه‌ڵكی‌ دۆستایه‌تی‌ ئه‌و زلهێزانه‌ دێت له‌ ئاینده‌دا.

•بۆیه‌ ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد له‌ناوخۆی‌ خۆیدا و له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بن و به‌رژه‌وه‌ندی‌ بالاَی‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان بخه‌نه‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندی‌ ته‌سكی‌ حیزبایه‌تی‌ و ناوچه‌یی‌ و بنه‌ماڵه‌یی‌ و پله‌و پۆست و ئیمتیازاته‌ مادیه‌ بچوكه‌كانه‌وه‌ و هه‌موان و پێكه‌وه‌ سیاسه‌تێكی‌ حه‌كمیانه‌ و ژیرانه‌ی‌ ئه‌وتۆ پیاده‌ بكه‌ن كه‌ له‌ئه‌نجامدا به‌ قازانجی‌ ئاینده‌ی‌ كورد و به‌ زیانی‌ دوژمنان ته‌واو بێت و چیدی‌ سه‌ده‌ی‌ بیست ویه‌كه‌میش به‌ داگیر و دابه‌شكراوی‌ كورد به‌رده‌وامی‌ نه‌بێت.ئه‌مه‌ش خه‌ونێكی‌ دێرینه‌ و نه‌ ئاسانه‌ بێته‌دی‌ و نه‌ زۆر ئه‌سته‌میشه‌ كه‌ هیچ كات نه‌بێته‌ ئه‌مری‌ واقیع،به‌هه‌ردوو ڕوكه‌یه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر هێز و توانا و ژیری‌ و پلان و حه‌كیمی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد خۆیه‌وه‌.چونكه‌ ئه‌و ولاَت و گه‌لانه‌ی‌ ئێستای‌ ناوچه‌كه‌ش كه‌ خاوه‌نی‌ ده‌وڵه‌تی‌ خۆشیانن نه‌ له‌كورد زیره‌كتر و نه‌ له‌كورد جه‌نگاوه‌رتر و ئازاتر بوون،به‌ڵكو ته‌نها توانیویانه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و زلهێزه‌كاندا بگونجێنن وبه‌وه‌ش گره‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ بون به‌ده‌وڵه‌تیان مسۆگه‌ر كردوه‌ و بردۆته‌وه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×