وه‌رزه‌كانی‌ به‌هارو پایزی‌ عه‌ره‌بیی‌، كۆتاییه‌كانیان هه‌ر زستانه‌؟

نەوزادی موهەندیس
  2019-12-06     907
ئاشكرایه‌ كه‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ساڵی‌ 2011وه‌ ده‌ستیپێكرد به‌سه‌رهه‌ڵدانی‌ ناڕه‌زایی‌ و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانی‌ گه‌لانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ وه‌رزی‌ به‌هاری‌ ئه‌و ساڵه‌دا و یه‌كه‌م ولاَتیش له‌ تونسی‌  سه‌وزه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر ڕاپه‌ڕی‌ و ڕق و قینی‌ نیوسه‌ده‌ی‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاَته‌ تاكڕه‌ و چه‌وسێنه‌ر و پاوانخواز و قۆرخكار و گه‌نده‌ڵه‌كه‌یدا ڕشت و توانی‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا ده‌سه‌لاَته‌ له‌رزۆك و ترساوه‌كه‌ی‌ زه‌ین العابدین بن عه‌لی‌ بڕوخێنێت و ولاَت به‌ده‌ری‌ بكات،ئیدی‌ وه‌كو پولی‌ یاری‌ دۆمینه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕژێمه‌ خۆسه‌پێنه‌كانی‌ لیبیا و میسر و یه‌مه‌ن و سوریاشی‌ به‌دوادا هات و هه‌موانیان به‌ره‌و زبڵدانی‌ مێژوو توڕهه‌ڵدران و له‌جێگه‌یاندا هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی‌ سروشتی‌ كۆمه‌ڵگاكانیان سیسته‌مێكی‌ حوكمڕانی‌ نوێیان سه‌پاند یان چه‌سپاند، كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ زۆرێكیاندا هێشتاش كۆتایی‌ به‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆیی‌ نه‌هاتوه‌ و ئه‌و ولاَت و كۆمه‌ڵگایه‌نه‌ هێشتا به‌ده‌ست ململانێ‌ ناڕه‌وا ئاینی‌ و مه‌زهه‌بی‌ و ئیتنیه‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و هێنده‌ی‌ تر به‌ره‌و دواكه‌وتن و هه‌ژاری‌ و كاولكاری‌ زیاتر ڕۆیشتون وه‌ك له‌ لیبیا و سوریا و یه‌مه‌ندا ڕووده‌ده‌ن و هه‌رچی‌ میسریشه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ناو دیموكراسیانه‌ عه‌سكه‌ره‌كان خۆیان سه‌پانده‌وه‌ و جارێكی‌ تریش له‌سه‌ر هه‌مان ڕێتمی‌ شۆڕشی‌ 1952 ده‌سه‌لاَتیان گرته‌وه‌ ده‌ست و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌نها مایه‌ی‌ خۆشحاڵی‌ جه‌ماوه‌ر و بزوتنه‌وه‌ دیموكراسیه‌كانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌تونسدا چه‌سپیوه‌ و تاڕاده‌یه‌كی‌ باش پێشكه‌وتن و ئارامی‌ و گه‌شه‌كردن و بوژاندنه‌وه‌ و گۆڕانكاری‌ بۆخۆوه‌ بینیوه‌. ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ئه‌و به‌هاری‌ عه‌ره‌بیه‌ی‌ كه‌ گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌یخواست نه‌هاته‌ دی‌ و به‌ری‌ نه‌گرت و به‌ته‌واوه‌تی‌ سه‌وز نه‌بوو و هه‌رزووش به‌ره‌و وشكبون و پوكانه‌وه‌ و پایزبوون چوو.هه‌موو گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ و دونیاشی‌ بێئومێد كرد له‌ چێكردنی‌ گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ و فراوان له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی‌ واقع و له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و گوتار و كرداری‌ تاك و كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌لاَتداره‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ و ئه‌و ولاَتانه‌دا.
له‌ئێستاشدا و وه‌ك قۆناغی‌ دووه‌می‌ ئه‌و پڕۆسه‌ ناڕه‌زایی‌ و ته‌قینه‌وه‌ی‌ ڕق و قینه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ناوچه‌كه‌ و چه‌ند ولاَتێكی‌ تر،خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی‌ جه‌ماوه‌ر سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌ ولاَتانی‌ سودان و عێراق و لوبنان و ئێران و جه‌زائیر. كه‌ له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا ئه‌م ولاَتانه‌ پارێزراوبن و له‌دووره‌وه‌ ته‌ماشاكه‌ری‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ خوێناوی‌ و كاره‌ساتبارانه‌ی‌ ئه‌و ولاَتانه‌ بوون و ده‌سه‌لاَتداره‌كانیشیان وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌مان زۆر له‌وان باشتربن هیچ هه‌وڵێكی‌ چاكسازی‌ و گۆڕانكاریان له‌ سلوك و مامله‌َه‌ و به‌رنامه‌ و تێڕوانینی‌ خۆیاندا نه‌كرد و نه‌كه‌وتنه‌ خۆ بۆ نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و بێكاری‌ و نه‌بونی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان و هه‌ژاری‌ له‌كۆمه‌ڵگاكانیاندا و هه‌ریه‌كه‌یان سه‌رقاڵی‌ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و خۆسه‌پاندنی‌ زیاتر و دزینی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ ولاَت بوون وه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ پێش خۆیان.هه‌ربۆیه‌ش هه‌رزوو جه‌ماوه‌ری‌ سودان ڕاپه‌ڕین و توانیان حوكمڕانی‌ 30ساڵه‌ی‌ عومه‌ر به‌شیر بڕوخێنن و له‌ به‌ندیخانه‌ توندی‌ بكه‌ن و دژی‌ حوكمی‌ عه‌سكه‌رتاریه‌تیش بوه‌ستنه‌وه‌ و له‌ئێستادا تاڕاده‌یه‌ك ئامانجه‌كانیان پێكاوه‌،هه‌رچی‌ له‌جه‌زائیریش هه‌یه‌ توانیان سه‌رۆكه‌ نه‌خۆش و په‌كه‌وتوه‌كه‌ی‌ بوته‌فلیقه‌ ناچاری‌ وازهێنان بكه‌ن له‌ده‌سه‌لاَت و له‌ ئێستادا سه‌رگه‌رمی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكێكی‌ نوێن. هه‌رچی‌ لوبنانی‌ بوكی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بی‌ و ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوه‌ڕاستیشه‌ به‌هۆی‌ بێكاری‌ و جه‌نگی‌ به‌رده‌وام و گه‌نده‌ڵی‌ و ده‌ستوێوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌ و سیستمی‌ حوكمڕانی‌ پشكپشكێنه‌ی‌ مه‌زهه‌بی‌ و ئاینیه‌وه‌ به‌ره‌و داڕمان چوه‌ و به‌ناچاری‌ جه‌ماوه‌ر ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای‌ گۆڕانكاری‌ ڕیشه‌ی و خۆشگوزه‌رانی‌ ده‌كه‌ن و تائێستاش به‌رده‌وامه‌. هه‌رچی‌ له‌ عێراق و ئێرانیشه‌ به‌هه‌مان هۆكاری‌ گه‌نده‌ڵی‌ و ململانێی‌ حیزبی‌ و مه‌زهه‌بی‌ و ئاینی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و بێكاری‌ و هه‌ژاریه‌وه‌ گه‌لان له‌ خۆپیشاندانی‌ به‌رده‌وامدان.
به‌م شێوه‌یه‌ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌یه‌ ساڵێگه‌ گیردۆده‌ بوه‌ به‌ده‌ست نائارامی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تیه‌وه‌ ،هه‌موانیشیان به‌هۆی‌ تاكڕه‌وی‌ و خۆسه‌پێنی‌ و قۆرخكاری‌ و ململانێ‌ ناڕه‌واكانی‌ حیزب و سه‌ركرده‌ و ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كانه‌وه‌یه‌،كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ته‌سكی‌ حیزبی‌ و ئاینی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و مه‌زهه‌بی‌ خۆیان ولاَت و كۆمه‌ڵگاكانیان گیردۆه‌ی‌ نه‌هامه‌تیه‌كی‌ نه‌بڕاوه‌ كردوه‌.هه‌ربۆیه‌ش ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت دونیاش به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی‌ ناڕوون و ناڕۆشن هه‌نگاو ده‌نێن له‌سایه‌ی‌ تیرۆر و تیرۆریستان له‌لایه‌ك و به‌هۆی‌ ململانێ‌ ناڕه‌واكانی‌ ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ له‌نێو خۆیان و له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كانیشدا له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌،هه‌ربۆیه‌ هیچ چاوه‌ڕوانیه‌ك بۆ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش و ڕۆشن بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ناكرێت سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ سروشتی‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌،چونكه‌ عه‌قڵیه‌ت و به‌رنامه‌ و بیركردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌لاَتداران نه‌گۆڕاوه‌ و ناشگۆڕێن و ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان و حیزب و بنه‌ماڵه‌ و ئاین و نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌به‌كانی‌ خۆیاندا كارده‌كه‌ن،نه‌ك بۆ چه‌سپاندنی‌ دیموكراسیه‌ت و ڕێزگرتن له‌ ئازادیه‌كان و مافی‌ ته‌واوی‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مه‌زهه‌به‌كان و هه‌میشه‌ لایه‌نگری‌ خۆسه‌پاندن و زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ن نه‌ك كاری‌ پێكه‌وه‌یی‌ و پێشكه‌وتن و داهێنان و خۆشگوزه‌رانی‌، ده‌سه‌لاَتدارانی‌ ناوچه‌كه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆیاندا ئێستا و ئاینده‌ی‌ گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ و ولاَته‌كانی‌ خۆیان كردۆته‌ قوربانی‌ و به‌ته‌نگ گیان و خوێن و فرمێسكی‌ هاولاَتیه‌كانی‌ خۆشیانه‌وه‌ نین.
جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ كه‌ له‌هه‌ردوو قۆناغی‌ ڕاپه‌ڕٍینی‌ گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌دا ته‌نها له‌و ولاَتانه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ كه‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانیه‌كانیان كۆمارین و به‌ناو عیلمانی‌ یان ئاینین یان مه‌زهه‌بین یان نه‌ته‌وه‌یی‌ ته‌سكن،نه‌ك له‌و ولاَتانه‌ی‌ كه‌ سیسته‌می‌ پاشایه‌تی‌ تیایاندا بالاَده‌سته‌،بۆیه‌ ده‌كرێت بپرسین ئایا سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ پاشایه‌تی‌ باشتره‌ له‌ كۆماری‌؟ ئایا سیسته‌می‌ پاشایه‌تی‌ دادگه‌رترن وه‌ك له‌ كۆماریه‌كان ؟یان ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ كۆماریه‌كانن به‌لاَم گه‌لانی‌ ئه‌و ولاَتانه‌ هێشتا له‌به‌ر زۆر هۆكاری‌ ئاینی‌ و پیرۆزی‌ بنه‌ماڵه‌ فه‌رمانڕه‌واكانیان بوێری‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیان نیه‌،یاخودیش بینیویانه‌ كه‌ ئه‌نجامی‌ به‌هار و پایزی‌ ولاَتان و گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ ته‌نها نابوتی‌ و ڕه‌ش و تاریكتر بون نه‌ك ڕۆشن بۆیه‌ به‌قه‌ده‌ری‌ خۆیان ڕازین و بێده‌نگی‌ و ملكه‌چیان هه‌ڵبژاردوه‌.
بۆیه‌ به‌هه‌ق نه‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ ئامانجه‌كانیان وه‌دیهێنا و نه‌گۆڕانكاری‌ و چاكسازیه‌كانیش له‌سه‌رده‌ستی‌ ده‌سه‌لاَتدارنی‌ نوێدا هاتنه‌ دی‌،به‌ڵكو دۆخه‌كان هه‌روه‌كو پێشتر ماونه‌وه‌ و هیچ پێشكه‌وتنێكیان به‌خۆوه‌ نه‌بینی‌ و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌شیانبوو له‌ده‌ستیاندا.بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ له‌بیر نه‌كه‌ین كه‌ پڕۆسه‌ی‌ گۆڕانكاری‌ سه‌خت و دژوار و پیاوی‌ خۆی‌ گه‌ره‌كه‌ و زه‌مان و زه‌مینه‌ی‌ گونجاویشی‌ پێویسته‌ بۆ چێكردن و زۆر ساناو ئاسان نایه‌ته‌ بوون ،هه‌ربۆیه‌ گۆڕانكاری‌ و چاكسازی‌ له‌لایه‌ك به‌نیه‌تی‌ ڕاستگۆ و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ به‌ هێمنی‌ و پشوودرێژی‌ و به‌كار و به‌رنامه‌ و پلانی‌ زانستی‌ و واقعی‌ ده‌بێت كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ دۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ كۆمه‌ڵگاكاندا نه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوره‌كانه‌وه‌ بسه‌پێنرێت به‌مه‌رامی‌ جیاواز كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌لان و كۆمه‌ڵگاكانی‌ ناوچه‌كه‌ خۆیاندا نه‌بێت.هه‌ربۆیه‌ نه‌به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ و نه‌ پایزه‌كه‌شیان سه‌ری‌ نه‌گرت و به‌رهه‌می‌ خوازراویان لێنه‌كه‌وته‌وه‌، و ته‌نها وه‌ك دارێكی‌ زڕی‌ بێبه‌ر مانه‌وه‌ ،به‌ڵكو به‌هار و پایزی‌ عه‌ره‌بی‌ بونه‌ وه‌رزی‌ زستانێكی‌ شه‌خته‌ و به‌سته‌ڵه‌ك و چه‌ق به‌ستوی‌  ڕێبه‌ندانی‌ نه‌فره‌تی‌ كه‌ به‌ كۆتاییه‌كی‌ تاریك و تون و كاره‌ساتبار بۆ گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ و ولاَته‌كانیان كۆتاییان هات و كۆتایشیان دێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×