ساڵی 2018، ساڵێكی گه‌رمی ململانێ‌و ساڵێكی سارد‌و نه‌هاتی ئاشتی‌و ئارامی
نەوزادی موهەندیس
2018-12-28   2384
•مایه‌ی نیگه‌رانیمانه وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد كه كه‌مترین ساڵ له‌مێژووماندا جێگه‌ی ئاوات و خه‌وبینینه‌وه‌یه وجێگه‌ی ئاخ و حه‌سره‌ت بۆ هه‌ڵكێشانه و به‌چه‌نجه‌ی ده‌سته‌كان ده‌ژمێردرێن،له‌به‌رامبه‌ریشدا مێژووه ڕه‌ش و پڕ كوێره‌وه‌ری و كاره‌سات و ڕووداو و شكست و ناسۆره‌كان هێنده زۆرن كه له ژماره نایه‌ن، مایه‌ی به‌دبه‌ختیه كه كورد هیچ ده‌یه ساڵێكی پڕ له ئارامی و خۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی به‌خۆوه نه‌بینیوه ،به‌ڵكو هه‌موانی به شه‌ڕ و جه‌نگ و كاولكاری و كوشتن و بڕین و برسێتی و ناسۆره‌وه چه‌شتوه.گه‌ر له‌گه‌ڵ دوژمنكانیشدا نه‌بوبێت ئه‌وا له‌نێو ماڵی خۆی كورداندا ده‌ستیان داوه‌ته خۆخۆری و خۆكوژی و ڕووخاندنی ئه‌و بنمیچه له‌رزۆكه‌ی كه هه‌شیانبوه.
•ساڵه ناخۆشه‌كان زۆرن و ناسۆره‌كان قوڵن و كاره‌ساته‌كان پڕ قه‌تماغه وبرینه‌كان ته‌ڕوبڕن و تائێستاش خوێنیان لێده‌چۆڕێت و هه‌موانیش ته‌نها سه‌یركه‌رن و هه‌ریه‌كه‌ش له هه‌وڵی ڕزگاركردنی كه‌وڵ و به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌ر سه‌لامه‌تی خۆیاندان نه‌ك نه‌ته‌وه و نیشتیمان.هه‌موو ساڵێك كه تێپه‌ڕده‌بێت و خۆری ته‌مه‌نی به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت ،هه‌موان سه‌دان به‌ردی به‌دواداهه‌ڵده‌ده‌ین و به‌ده‌نگی به‌رز و به‌بێزراوی ماڵئاوایی لێده‌كه‌ین و پێی ده‌ڵێین خودایه هیچ كات وه‌ك ئه‌مساڵمان به‌سه‌ر نه‌یه‌نیته‌وه و ئۆغرت خێر نه‌بێت،و له‌كۆتایی چركه‌كانیشدا ئاوات ده‌خوازین كه‌ساڵی ئاینده‌مان گه‌شتر و خۆشتر و ئارامتر و پڕ ده‌سكه‌وت تربێت،به‌ڵام هه‌مدیسان وه‌ك ساڵانی پێشخۆی نمایشی شانۆگه‌ریه پڕ تراجیدیایه‌كه‌ی كورد هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ئیدی كورد و مێژوو و ئاواته‌كانی له بازنه‌یه‌كی بۆشی نائومێدیدا ده‌سوڕێنه‌وه‌و به‌رده‌وامیان ده‌بێت و هه‌موانیش له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا بڕستمان لێده‌بڕێت و گۆدۆش هه‌ر ده‌رناكه‌وێت.
•ساڵی 2018ش له‌ئێساتادا له سه‌ره‌مه‌رگی ته‌مه‌نیدایه وكه‌متر له 100 كاتژمێری ماوه و هێواش هێواش به‌ره‌و كۆتایی و خۆر ئاوابوونی خۆی ده‌چێت،ئه‌مساڵه‌ش وه‌ك هه‌موان و زۆر له‌ساڵه‌كانی تری پێش خۆی ده‌چێت و پڕاوپڕ بوو له ململانێی گه‌رمی حیزبایه‌تی و كاره‌سات و ناسۆر و برسێتی و نائۆمێدی ،ئه‌وه‌تا :
• ساڵی 2018 ساڵی تۆخكردنه‌وه‌ی ململانێ ناڕه‌وا حیزبیه‌كان و كاڵبونه‌وه‌ی برایه‌تی و ته‌بایی نێوانیان بوو.
•ساڵی هه‌ڵبژاردنه پڕ ساخته‌كاری و فرت و فێڵه‌كان بوو.
•ساڵی دڕدۆنگی و لێكترازانی ڕیزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و پارت و سه‌ركرده سیاسیه‌كان بوو.
•ساڵی درێژه پێده‌ری قه‌یرانی دارایی و برسێتی و بێكاری و تاوانه‌كان بوو.
•ساڵی شكستی حكومه‌تی هه‌رێم بوو له چاره‌سه‌رنه‌كردنی گرفتی مووچه و بودجه و پاشه‌كه‌وته ناڕه‌وا سه‌پێنراوه‌كان بوو.
•ساڵی سووربوون بوو له‌سه‌ر هه‌ڵه و كه‌موكوڕی له سیاسه‌ت و ئیداره و ئابوری و ...هتد.و ساڵی چێنه‌كردنی چاكسازی و ڕێفۆرمه‌كان بوو.
•ساڵی پاشه‌كشه‌ی زیاتری كورد بوو له سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابوری و ئه‌منی له ناوخۆ و له عێراق و له‌ناوچه‌كه‌شدا له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ی كوردستان.
•ساڵی به‌رده‌وامبوون بوو له تیرۆ و تۆقاندن.
•ساڵی دورینه‌وه‌ی گیانی چه‌ندین كه‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نوس و سیاسی و هونه‌رمه‌ند و چیرۆكنوسی گه‌له‌كه‌مان بوو.
بۆیه ئه‌م ساڵی 2018 یه‌ش چۆته ڕیزی ئه‌و ده‌یان و سه‌دان ساڵه‌ی مێژووی كورده‌وه كه هیچ كات خواست و ئاواتی بۆ ناخوازین و ناڵێین خۆزگه‌مان به‌ساڵی 2018. بۆیه ڕه‌نگه ئه‌م ساڵی 2018یه‌ش به‌هۆی ڕه‌شی و شوومی و پڕ له‌كاره‌سات و نسكۆكانیه‌وه ساڵی ئاینده‌ی 2019شمان لێ تاڵ و پڕ له‌ناسۆر بكات و چرۆی ئومێد و ئاواته‌كانمان ڕه‌ش و تار وتاریك بكات،به‌هۆی له‌لایه‌ك یه‌كنه‌بوون و یه‌كڕیز نه‌بونی نێوماڵی كورد و كێشه و گرفت و پێشهاته ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و هه‌ڵوێستیان له‌به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد له كوردستانی گه‌وره‌دا و پاشه‌كشه‌كردنیان له پشتیوانی كورد و له‌به‌ڵَێنه فریوده‌ره‌كانیان بۆ كورد و له‌بیرچونه‌وه‌ی هه‌موو قوربانی و گیانفیداییه‌كانی كورد دژ به داعش و تیرۆریستان له باشور و ڕۆژئاوای كوردستان و هه‌وڵدانی زلهێزه دونیایی و ناوچه‌ییه‌كانیش بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان و له‌بیركردنی كورد و چاره‌نوسه‌كه‌ی و سپاردنی به‌قه‌ده‌رێكی نادیاری تر و دووباره‌كردنه‌وه‌ی كاره‌سات و مێژوه پڕ له‌ناسۆره‌كانی ڕابووردووی.