ژیانی حیزبایەتی لەکوردستاندا چۆنەو بەرەو کوێ؟

نەوزادی موهەندیس
  2025-08-12   

    بەداخەوە کایەی سیاسی  بەگشتی و ژیانی حیزبایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا بەتایبەتی وا شێواوە  کە  بەدەرە لەھەموو ڕێسا و یاساکانی زانستە سیاسی و حیزبیەکان لەدونیای پێشکەوتووی حیزبایەتیدا و ئەوەی لە کوردستان پێی بوترێت حیزبی سیاسی ڕاستەقینە بوونی نیە و تەنھا وەکو سیما و شێواز و پەیکەری ڕێکخستن خۆیان نمایش دەکەن و بەناوی دۆست و لایەنگر و نفوزی شەقامیشەوە خۆیان لە ھەڵبژاردن و کۆنگرەکانیاندا نمایش دەکەن و ناوبەناویش بەناوی کۆنگرەی گشتیەوە گرد دەبنەوە و دوور لە بنەما حیزبیەکان و بە فشار و گوشاری تەکەتول و دڵڕازیکردن و چاوسوورکردنەوە  ئەندامانی کۆنگرەی گوێلەمشت دیاریدەکەن(ھەڵدەبژێرن) ،گوایە بەمەبەستی نوێبونەوە و ھێنانە پێشەوەی خوێن و دەموچاوی نوێ و وزە و توانای نوێوە ھەڵبژاردنێکی ڕۆتینی ئەنجام دەدەن و ئەنجامیش بەکۆی دەنگ سەرۆک و ئەمیر و سکرتێر و ئەمینداری گشتی و ...ھتد.ھەڵدەبژێرنەوە و کۆمەڵێکی تێکەڵیش لە دەموچاوە کۆنەکان و ھەندێکی بەناو نوێشەوە دێننە ناو سەرکردایەتیەوە.بەڵام کەمترین گۆڕانکاری و قسە و گفتوگۆ دەکەن لەسەر بەرنامە و دیدگا و تێڕوانینە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەکان.ئیدی بەم شێوەیە ژیانی حیزبایەتی بۆتە شانۆگەریەکی دووبارە و بێزراو لەکوردستاندا،بەڵگەش دوای ھەموو کۆنگرەیەک دەیان کادر زویر دەبن و دووردەکەونەوە و حیزب و سەرکردە و کۆنگەرەکانیشیان ڕەخنە باران دەکەن.   
   بەم شێوەیە ھەموو حیزبەکان لە عەلمانی و ئیسلامی سەرۆک و ئەمیر و ئەمیندارەکانیان بونەتە کەسانێکی پیرۆز و بێ ڕکابەر و ھەر خۆیان دەمێننەوە و وەک بڵێی ئەو پۆستەیان تا مردن تاپۆکردوە لەسەر خۆیان و دواتریش نەوەکانیان.کە بەڕاستی نەریتێکی ناشیرین و قێزەونی سیاسیە.چونکە حیزب بەرەو دۆگمابوون و چەقبەستن دەبەن و یەک ڕەنگ و یەک دەنگی دەکەن و ھێواش ھێواش حیزب لاواز و بەرەو پیربوونی دەبەن و ئیدی دیاردەی بنەماڵەیی و تەکەتولی ناڕەوا و مشەخۆری و گەندەڵی و ھەڵپەی پلەو پۆست تیایدا زیاد دەکات لەسەر حسابی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ گەشەپێدانی حیزبەکە و ھەر ئەمەش وایکردوە کە تەواوی حیزبەکان بەرەو بچوکبونەوە و چوونەوەیەک بچن لە جیاتی گەشەکردن و گەورەبوون و فراوانبوون.بەڵگەش ئەنجامی ھەموو ھەڵبژاردنە گشتیەکانە.
     ئەم دیاردەی دووبارە ھەڵبژاردنەوەی سەرۆک و ئەمیر و ئەمیندارەکانی حیزب ڕێگە دادەخات لەسەر ھاتنە پێشەوەی کەسانی نوێی بەتوانا و گەنج  بۆئەوەی حیزب لە چەقبەستوویی ڕزگاربکەن و ھەنگاو بەرەو پێشەوە بەرن و دیدگای نوێ و پەیوەندی نوێ و دووبارەش خۆنوێکردنەوەی لەگەڵ جەماوەر و گەڕانەوەی متمانەش بە حیزب تۆخبکرێتەوە.دەبینی چەند خولێک چەند دەموچاوێک لە سەرکردایەتی حیزبەکاندا دەمێننەوە و تەنھا ھەڵپەی مانەوە و بەرژەوەندیەکانی خۆیانن.ھەربۆیەش تەواوی حیزبەکان بێزراون تەنانەت لەلایەن ئەندامەکانی خۆشیانەوە و ھەرئەمەش وایکردوە کە کادرانی ناسراوی گەلێک لە حیزبەکان بەشدارینەکەن لە کۆنگرەکانیاندا و کۆنگرەی زۆربەی حیزبەکان وەک ھەڵبژاردنە گشتیەکان بونەتە ڕۆتین و شەرعیەت پێدانی دووبارە بەھەندێک کەس و ئەوانەشی بەناو نوێ و گەنج دێنە پێشەوە ئەوا بەدڵنیایی بە پەسەندکردنی پێشوەختە ھەڵدەبژێردرێن یان ڕاستر بوترێت دیاریدەکرێن.تەنانەت زۆربەیان کاری حیزبی و ئۆرگانیشی نەکردوە لەناو ڕیزەکانی حیزبەکانیاندا کەچی دەبینی پلەو پۆستی حیزبی باڵای پێدەدرێت کە ھەموو ئەم کارانە توڕەیی و زویری کادران و ئەندامانی لێدەکەوێتەوە و ھەرئەمەش دەبێتە بەردی بناغەی ناڕەزایی دەربڕین و بێ متمانەیی و دواتریش دەنگنەدان و دوورکەوتنەوە لە حیزب و لەکۆتایشدا بچوکبونەوەی حیزب.
    جا ئەم دیارەدە قێزەونە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانیشدا بۆتە باو و مۆدێلێکی ناشیرین و ئەوان پێش ئەوەی بگەنە دەسەڵاتیش بۆگەنیان کردوە و گیرۆدەی دەرد و پەتای حیزبە دەسەڵاتدارەکانیش بوون و ھەربۆیەشە ناتوانن ببنە ھێزگەلێکی ئۆپۆزسیۆنی بەھێز و متمانە پێکراوی جەماوەر و دەنگەکانیان تەنھا قەتیسبوە لە ژمارەیەکی دیاریکراودا سەرەڕای تەمەنێکی ٢٠ساڵەیی  و کەمتر یان زیاتریش بەسەر دامەزراندنیاندا.
   خاڵێکی تر لەناو تەواوی حیزبەکاندا بە بچوک و گەورە و بە دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆنیشەوە ھەموانیان لە ھەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق و کوردستان و ئەنجومەنەکانیشدا،تووشی دیاردەیەکی قێزەونتر بونەتەوە،کە بریتیە لە دووبارە و سێبارە کاندیدکردنەوەی کۆمەڵێک کەس کە بەھەق نەسەرکەوتووبون و نە کاری باشەشیان کردوە و بەتەنھا لە خزمەت و دەسکەوت و بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆیاندا بوون،ئیدی نازانرێت ھۆکاری دووبارە کاندیکردنەوەیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ڕەنگە بڵێن دەموچاوی ناسراون و خەڵکی دەنگیان پێدەداتەوە،کە وانیە و ئەوان لە کەسانی تر بێزراوتر و ناشیرینترن.یان ڕەنگە بڵێن بەھۆی بوونی داھات و دارایی باشیانەوە ڕەنگە دەربچنەوە و بەمەش حیزب قازانج دەکات،ئەمەشیان وانیە و ئەزمونیش دەریخستوە کە زۆرێک لەوانە دەرنەچونەتەوە و حیزبیشیان ناشیرین کردوە ،یان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حیزبەکان کاندیدبونەکانیان قۆرخکردوە بۆ ژمارە کەسێک و وەکو قۆنتەرات پێیان دەدەنەوە،یان ئەوەتا کادری باش و سەرکەوتوو و گەنج و داھێنەریان پەروەردە نەکردوە و دەترسن دەرنەچن.کە بەداخەوە ڕەنگە ئەم ھۆکارەیان لەھەموانیان بەھێزتر بێت،چونکە تەواوی حیزبەکان لەم قۆناغەدا ھێندەی سەرگەرمی دەسکەوتی مادی و پلە و پۆست و ئیمتیازاتن نیوھێندە بەتەنگ بیروباوەڕ و پێگەیاندنی کادر و ھوشیارکردنەوە نین ھەربۆیەش ڕۆژ بەڕۆژ حیزبەکان بچوک و ناشیرینتر دەبن لەناو خجی خۆیان و لەناو جەماوەریشدا.
    ئیدی بەم شێوەیە ژیانی حیزبایەتی تەندروست و ساغڵەم لە کوردستان و عێراق و ڕۆژھەڵاتیشدا بە گشتی تێکچوە و بۆتە فەوزا و بێسەروبەری و  ھیچ نرخ و بەھایەک بۆ دروشمەکانی دیموکواتی و ئازادی و دادپەروەری و کاری پێکەوەیی  نەماوەتەوە یان لە بنچینەدا ھیچ باوەڕێکی کۆنکرێتیان نەبوە بەو بەھا و دروشم گەلە ئازادیخواز و پێشکەوتوخوازانەی کە ساڵانێک ڕۆڵەکانی گەلیان پێ چەواشەکردبوون.تەنانەت زۆرێک لە حیزبەکان بونەتە کۆمپانیایەکی بازرگانی  بەشێوەیەک ھێندەی ھەڵپەی دەسکەوتنی داھات و دارایی و خۆ دەوڵەمەندکردن  دەدەن  نیوھێندە کار بۆ گۆڕانکاری و ھوشیارکردنەوە و  پێگەیاندنی کادرانی خۆیان وگەشەو پێشکەوتنی گەل و وڵات نادەن ،ھەربۆیەش  بەداخەوە ئایندەش ڕەنگە لە ئێستا و ڕابووردومان تاریکتر بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی حەمەساڵح نەخشەیەک لەبارەی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێم بڵاودەکاتەوە و هۆشداری لەبارەی "دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن بەغداوە" دەدات
ئاوات شێخ جەناب هۆشداری لە "بچووککردنەوەی هەرێم" دەدات: ئەم فشارانە لە سەردەمی سەدام حسێنیشدا لەسەر کورد نەبوون
سەرۆک کۆمار: نە لەگەڵ دابەشکردنی هەرێم و جیاکردنەوەی بودجەم، نە پارتی و یەکێتیش بەبێ یەکتر دەتوانن حکومەت پێکبهێنن
عەلی زەیدی فەرمانی بەوەزارەتی نەوت کرد کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات
حکومەتی عێراق وادەی گەیشتن و دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کۆرمۆر ئاشکرا دەکات
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: عه‌لی زه‌یدی ده‌ڵێت، بودجه‌ نابێت تا هه‌رێم مه‌رجه‌كانم جێبه‌جێ نه‌كات
کچێکی 19 ساڵان بە دەستی دایک و باوکی کوژرا
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتو: بۆ ده‌رچون له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستوی هه‌رێم چه‌ند هه‌نگاوێكی كرده‌یی ده‌نێین
حه‌لبوسی بۆ زێدان: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و‌ "تۆمه‌تانه"‌ بكرێت كه‌ ئاڕاسته‌ی خۆم و خانه‌واده‌كه‌م كراون له‌باره‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت
دەم پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئۆجەلان ئاشکرا دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×