لەپەراوێزی بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە...

نەوزادی موهەندیس
  2025-03-09     67

ئاشتی و دیموکراتی وەک بژاردەیەکی ھەمیشەیی بۆ چارەسەری کێشەی کورد

   زیاد لە سەد ساڵە کورد لەھەرچوار پارچەکەی کوردستانی دابەشکراودا لەگەڵ ھەڵایسانی شۆڕشی چەکداری و خەبات و خۆپیشاندان و ناڕزایی دەربڕین بەرامبەر جەو و ستەمی دەسەڵاتە داگیرکار و دابەشکارەکانی کوردستاندا ھەمیشە دروشمەکانی ئاشتی و دیموکراتیەتی لەبیر نەکردوە و بەبەردەوامی دەستی بەھەردوکیانەوە گرتوە،لەو بڕوایەوە کە بەبێ ئاشتیەکی سەرتاسەری  بۆ مەسەلەی کورد لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە ھەریەکە لەو وڵاتانەی کە کورد و کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە ئەوا ھیچ کات ئاسایش و ئارامیەکی ڕاستەقینە و دوورمەودا نایەتە کایەوە،و دواتریش ھەمیشە کورد سیستەمی حوکمڕانیەکی دیموکراتی ڕاستەقینە و ساغڵەمیشی کردۆتە دروشمی ناوەندی خۆی،چونکە لەوەشدا بڕوای وایە بە بێ سیستەمێکی دیموکراتیانە کە ھەموان لە سایەیدا ئازادیەکانیان و مافەکانیان پارێزراوبێت ناتوانرێت لە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئاین و مەزھەب و ناوچە و کەلتور جیاوازدا پێکەوە بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی گوزەران بکەن.
    ھەربۆیە کورد  بەدرێژایی خەباتی چەکداری ھەمیشە دروشمە مرۆڤدۆستانەکانی ئاشتی و دیموکراتی لەبیر نەکردوە،نەک تەنھا بۆ کورد بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگاکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاش بەھەموو پێکھاتەکانیانەوە.چونکە ھەموان لە سایەی دەسەڵات و حوکمڕانیەکی دیموکراتی و لەسایەی سەقامگیری ئاشتی و سیاسی و ئابوری و ئەمنیدا دەتوانێت ڕووبکاتە گەشە و پێشکەوتن و داھێنان و خۆشگوزەرانی. بەپێچەوانەشەوە لەسەد ساڵی ڕابووردوودا ھیچ کام لەو وڵاتانە و ناوچەکەش نە ئاشتی و نە دیموکراتی و نە پێشکەوتن و نە خۆشوگوزەرانیان بەخۆوە نەبینیوە.
    ئەوەتا کورد لە ئێستادا و لە کوردستانی باکوردا ،دوای دەستپێشخەری ئاشتی لەلایەن دەوڵەت باخچەلی و دواتریش ئەردۆگان و ئاکەپەوە،دوای نزیکەی ٥ مانگ لە ھاتوچۆ و بیرو ڕا گۆڕینەوە و سەردانیکردنی ئیمڕاڵی بە ئاشکرا و نھێنی ،توانرا کە گەڵاڵەی بانگەوازێکی ئاشتی بکرێت لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بەناونیشانی ((بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی)) بەمەبەستی لەلایەک وەڵامدانەوەی دەستپێشخەریەکەی تورکان و لەلایەکیش بۆ سەلماندنی  ڕاستگۆیی نیەت و کار و گوتاری کوردانیش بۆ ئاشتی و دیموکراتی و تەنانەت بە دانانی چەک و خۆ ھەڵوەشانەوەش لەلایەن ھێزی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستانەوە((پەکەکە))وە.ئەم بانگەوازە کە لەلایەک بۆتە جێگەی ڕەخنەی توند وزۆری کوردان،بەڵام دەرخەری ئەو ڕاستیە مێژووییە کە کوردان ھیچ کات لە ئاشتی و دانانی چەکەکانیان و چۆڵکردنی شاخەکان نەترساون و ڕاستگۆیانەش بەرەو ئاشتی و دەستی ئاشتەوایی ھەنگاوی جدیان ھەڵناوە و ھیچ کات نەبونەتە ھۆکاری تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی وڵاتەکانیان،بەڵکو تەنانەت ھیچ کات کوردان دەستپێشخەری ھەڵایسانی شەڕ و جەنگ و شۆڕشەکانیش نەبوون بەڵکو تەنھا بەمەبەستی خۆپاراستن و مانەوە و پارێزگاریکردن بوە لە شوناس و کەلتور و زمانەکەیان و بەناچاری پەنایان بردۆتە بەر شۆڕشی چەکداری.
    مێژووی شۆڕشەکان و خۆپیشاندان و خەباتی کوردایەتی لە سەد ساڵی ڕابووردوودا لەھەر چوار پارچەکەی کوردستاندا گەواھیدەری ئەو ڕاستیەن کە ھەمیشە کوردان دەستی ئاشتی و ھەنگاو بەرەو گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ داگیرکارانی کوردستاندا درێژکردوە و ھەڵناوە،بەڵام ھەموو کاتیش لەلایەن داگیرکاران و دەسەڵاتدارانی سەردەستی ئەو وڵاتانەوە یان پیلان و تەپکە و کەمینیان داناوە بۆ سەرکردە کوردەکان و تیرۆریان کردون یان ھەربۆخۆیان پەشیمان بونەتەوە و پڕۆسەی ئاشتیان پەکخستوە.
    ئەم پڕۆسەی ئاشتیە لە باکوری کوردستان لەدایکبوی ئەم چەند مانگەی ڕابوودوو نیە،بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردوو کاتێک بەھەشتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ سەرۆک ئۆزال ڕەحمەتی و ئۆجەلاندا توانیان بەستەڵەکی ململانێکانی کورد و تورک بشکێنن و دەرگای عەقڵانەی گفتوگۆی سیاسی بکەنەوە و سەردان و دەستپێشخەری زۆر گەورەیان ھەڵنا لەو پێناوەدا،بەڵام داخەکەم ھەر لەلایەن توندەڕەوە تورکەکان و بەشێکیش لە کوردانەوە ئەو پڕۆسە گرنگە پەکخراو بە تیرۆرکردنی سەرۆک ئۆزالی بەھەشتی لەگۆڕنرا.
    بۆیە ئەمجارە و لەسایەی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی ناوچەکە و دونیاشدا دەکرێت ھەموان پەندیان وەرگرتبێت لە ڕابووردووە خوێناویەکە و ھەموان بڕوایان بەوە ھەبێت کە دوور لە ئاشتی و دیموکراتیەتێکی ڕاستەقینە ناتوانرێت کۆمەڵگایەکی ئارام و پێشکەوتوو پێکەوەبنرێت.
    ئەم وەڵام و بانگەوازەی ئۆجەلان دۆخەکەی بەتەواوەتی شڵەقاندوە و ڕەنگە زۆر کەس بە نیازی ئەم ھەنگاوە ھەم مەترسیدار و ھەمیش گرنگە نەبووبن و تووشی شۆکیش بوون،ھەربۆیە بانگەوازەکە لەلایەک پەرۆشی کوردان بۆ ئاشتی و لەلایەکی تریش ڕەھەندە قوڵەکان و ستراتیژەکانی ئۆجەلانی دەرخستەوە بۆ ئاشتی و ئایندەی مەسەلەی کورد کە زیاد لە سەد ساڵە خوێن و فرمێسک دەڕێژن دەرخستەوە،بۆیە لە ئێستادا ھەنگاوی کردارەکی دەبێت لەلایەن دەسەڵاتداران و حکومەتی تورکیاوە ھەڵبنرێت وەک نیازپاکی ئەوانیش بەوەی کە دەستبدەنە ھەموارکردنەوەی دەستور و دانبنێن بە بوون و زمان و مافەکانی کورد لە تورکیادا و دواتریش دەستبکەنە چەسپاندنی سیستەمێکی دیموکراتیانە بۆ کۆمەڵگای تورکی و ئازادکردنی زیاندانە سیاسیەکان و ئازادکردنی ئۆجەلانیش،چونکە بانگەوازەکەی ئۆجەلان وەک گرێبەستێکی مەرجدار وایە و لەبەرامبەر چەکدانان و ھەڵوەشانەوەی پەکەکەدا  ئەوا ھەنگاوە دەستوری و دیموکراتیەکان دانراوەکە دەبێت پێ بەپێی یەکتری بەرەو پێشەوە بڕۆن.
   لە کۆتایدا ھەموان باش لەو ڕاستیە گەیشتوون کە بەبێ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدا کە ھێشتا لەسەرەتایدایە و تەواو نەبوە و درێژەدەکێشێت بۆ وڵاتانی تری ناوچەکەش،ئەوا مانەوە و بوونی دەسەڵاتەکانیان دەخەنە مەترسیەوە،بۆیە گرنگ دەستپێشخەری و بانگەوازەکە نیە بەڵکو پەندوعیبرەت لە جێبەجێکردنیاندایە بە سەر ڕاستی و ڕاستگۆیانە  لە ھەردوولاوە دوور لە فرت و فێڵی سیاسی و پاشقولگرتن لەیەکتری.
   بەو ھیوای ئەم ساڵی ٢٠٢٥ ببێتە ساڵی ئاشتی و ئاشتبونەوەی کوردان و تورکان لە باکور و وەدیھێنانی خەون و ئاواتە وەدینەھاتوەکانی شەریف پاشای خەندان و شێخ سەعیدی پیران وشێخ عوبەیدوڵای نەھری و و قازی پێشەوا و ھەموو سەرکردە و ڕابەرە شەھید و نەمرەکانی کورد.لەھەر چوار پارچەکەی کوردستاندا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×