دیدێکی باشوورییانە... ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لەسوریای نوێدا بەرەو کوێ؟

نەوزادی موهەندیس
  2025-02-01     196

     ڕۆژئاوای کوردستان یان بەتەنھا ((ڕۆژئاڤا)) لە ئێستادا بۆتە سیمبولێکی دیار و ناسراوی قوربانیدان و بەرخۆدان و مقاوەتکارێکی سەرسەخت لەناوچەکە و لە جیھانیشدا و ھەموان بە سەرۆک و سەرکردە و شەقامی ئەو وڵاتانە پێیان سەرسامن و ھەموان داوای پشتیوانی و پشتگیریان بۆدەکەن بۆ مانەوە و بەردەوامبونیان وەک ناوچە یان ھەرێمێکی خودموختاری یان فیدڕاڵی لەناو سوریای نوێدا.تەنھا لەبەرئەوەی شەرڤانانی کچ و کوڕ  و لەگەڵیشیاندا پیاو و ژن  ھەموان پێکەوە ماوەی ١٤ ساڵە قوربانی و خەبات و مقاوەمەتی سەرسەختانە دەکەن لەلایەک دژی ڕژێمی بەعسی ئەسەدی ڕووخاو و لەلایەکی تریش دژی داعش و ھەموو گروپە چەکدارە توندڕەوەکان و چەتەکانی سەر بەتورکیا و زیاد لە ١٠ ھەزار قوربانی و برینداریان بەخشیوە.ھەربۆیە بونەتە سیمبولی ئازادی و بەرەنگاری لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە و جیھانیشدا.
    لە ئێستادا و لەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەعسی ئەسەدی لە ٨ کانونی یەکەمی ٢٠٢٤دا و ھاتنە سەر دەسەڵاتی  سوریا لەلایەن دەستەی تەحریری شام بەسەرۆکایەتی محەمەد جۆلانی و دامەزراندنی حکومەتێک دوور لە شەرعیەتی جەماوەری و ھەڵبژاردن و دیموکراتی و بەبێ بەشداری پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیەکانی تر و بەتایبەتیش کورد و ناوچەی ڕۆژھەڵات و باکوری سوریا، کە بونەتە مایەی نیگەرانی و دوودڵی لای کورد و پێکھاتەکانیش ھەربۆیە ئەو پرسانە ھاتونەتە ئاراوە کە:
    ئایا دەبێت ڕۆژئاوای کوردستان لەناوخۆی خۆیدا چی بکات؟ئەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا دەبێت چۆن بێت؟دواتریش ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دیمەشق و جیھاندا پەیوەندیەکانی بە چ ئاڕاستەیەک بێت؟ و دەیان پرسیاری تریش..
    بەمەبەستی مانەوە و بەھێزبوون و درێژەدان بەو ئەزموونە سەرکەوتوە لە ئیدارە و خۆبەڕێوەبەریدا بۆماوەی زیاد لە ١١ساڵە لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵات و باکوری سوریادا کە پێکھاتەی دانیشتوانەکەی تێکەڵەیەکە لە کورد و عەرەب و تورکومان و ئێزیدی و سریان و ئاشوری و ئەرمەن و...ھتد.پێویستە،حوکمڕانیەکی دامەزراو لەسەر بنەماکانی دیموکراتیکی ڕاستەقینە و ئازادیەکان و دادپەروەری و یەکسانی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و سەروەربوونی یاسا بەردەوامی ھەبێت کە ھەموان بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئاین و مەزھەب ھەست بە شکۆ و کەرامەت و ھاوڵاتیبوونی خۆیان بکەن،بەھەمان شێوە پێویستە  دژایەتی دیاردە قێزەونەکانی گەندەڵی و قۆرخکاری دەسەڵات و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و ناوچەگەری دەمارگیر بکەن و ڕێگەنەدەن سەروەت و سامانی وڵات بە ھەدەر بڕوات و دزین و تاڵانی ڕووبدات و زۆرینە بێبەش و کەمینەیەکی دەستڕۆیشتوش دەوڵەمەندبن،گرنگە کە پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی لەنێوان ھەموو پێکھاتەکاندا چێبکرێت و بەکردارەکیش ھەموان ھەستی پێبکەن و ھەموانیش ئینتیمایان بۆ خاک و کۆمەڵگا و حوکمڕانیەکەیان ھەبێت و متمانەی پێبکەن کە ئاسایش و ئارامیان دەپارێزێت و ژیان و گوزەرانیشیان بۆ دابین دەکات و ئەوانیش لەکاتی تەنگانەدا پشتیوان و بەرگریکاری سەرسەختی دەسەڵاتەکەیان بن.خۆشبەختانەش ڕۆژئاوا لەھەردوو ڕووی پیشەسازی و کشتوکاڵەوە خاوەن کەرەسە خاوەکانی نەوت و غازی سروشتی و دەشتی بەپیت وبرنج وگەنم و جۆ و لۆکە و ئاوی شیرینیشی ھەیە،کەئەم دوو کۆڵەکەیە وەک چەکێکی ئابوری و پایەیەکی گرنگی دەوڵەت و حوکمڕانیەکی سەرکەوتوە بۆیە گرنگە بیپارێزن و گەشەشی پێبدەن.
    تایبەت بە پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاواش نەک پێویستە بەڵکو ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوایەتی و کوردایەتیە کە بەبەردەوامی پەیوەندیە ھەمەجۆرەکانی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و سەربازی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی ھەبێت و ھەمیشە سنورەکان و دەروازەکان کراوەبن و ھاوکاری و پشتیوانی بەردەوامی یەکتر بن لە خۆشی و ناخۆشی و تەنگانەکاندا،گرنگە کە ڕۆژئاوا نەکەوێتە ژێر کاریگەری و ھەژموونی ھیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا کە ھەمیشە دوژمنایەتی خۆی نەشاردۆتەوە بۆ کورد و کوردستان لەھەر چوارپارچەکەی کوردستاندا.ھەروەھا گرنگە کە ڕاوێژوپرس بە براکانی خۆی بکات بە مەبەستی نەکەوتنە ھەڵە و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییان بەڵام ھیچ سەرکردە و لایەنێک نەکەنە دەمڕاست و ڕیش سپی خۆیان،چونکە خۆیان باشتر لە دۆخی ڕۆژئاوا شارەزا و تێدەگەن.
    تایبەت بە پەیوەندیەکانی ڕۆژئاواش بە دیمەشقی پایتەختی سوریا و جیھانیشەوە،گرنگە کە بەڕێوەبەری خۆسەری و سەرکردایەتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ((ھەسەدە))بە ڕابەرایەتی جەنڕاڵ مەزڵوم عەبدی پەیوەندی بەردەوام و دەرگای گفتوگۆ و دیبلۆماسی لەگەڵ دیمەشقدا دانەخەن و ھەمیشە ئامادەگی سیاسی و ئابوری و ئەمنیان لە دیمەشقدا ھەبێت و لە نوسینەوەی دەستوری نوێی سوریادا ھاوبەشی کارا بکەن و بتوانن دەستورێکی مەدەنی و گونجاو بۆ کۆمەڵگای سوریای نوێ بنوسنەوە و مافەکانی کوردیش و پێکھاتەکانی تریشی تیادا بچەسپێنن و بتوانن شێوازی حوکمڕانی سوریای نوێ لەسەر بنەمای فیدڕاڵی بچەسپێنن وەک مۆدیلێکی گونجاو و پەسەندکراوی ناوچەکە و جیھانیش بۆ ئایندە و لەو سیستەمەشدا کورد یان ناوچەی ڕۆژھەڵات و باکوری سوریا جێگە و پێگەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی خۆی بپارێزێت و بەھیچ شێوەیەک دەستھەڵنەگرێت لە چەک و ھێزە سەربازیەکەی خۆی چونکە ھێشتاش نازانرێت ئاڕاستەی ڕووداو و پێشھاتەکان و نیاز و مەرامی ئەم گروپە چەکدارە توندڕەوانە بە چ ئاڕاستەیەک دەچن و ھیچ زەمانتێکیش نیە بۆ چەکدادانان و تەسلیمبونیان.
    لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیش گرنگە کە ھەسەدە پەیوەندی توندتۆڵی ھەبێت لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاری ئەو وڵاتانەداو بەتایبەتیش ئەمریکا و ئەوروپیەکان چونکە پشتیوانیەکانی ئەوان و بەردەوامیان گرنگە  و زامنی مانەوە و بەھێزبونی ڕۆژئاوایە.
    بەم شێوەیە دەکرێت کە ئەزموونی حوکمڕانی و خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوا گەورەتر و بەھێزتر و گەشاوە تربێت و ھەروەک ١٤ ساڵی ڕابووردوو کە زۆر بەباشی و دوردبینی و ژیرانەوە مامەڵەیان لەگەڵ ھەمواندا کردوە و سەرکەوتوش بوون  و گەرەکە ئاوھاش بۆ ئایندە بەردەوامبن و بتوانن ئایندەیەکی ڕۆشنتر و گەشاوەتر بۆخۆیان مسۆگەر بکەن و ببنە نمونە جوانەکەی دیموکراتی و پێکەوە ژیان وئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئارامی لە سوریای نوێدا و ھەموو کوردیش شانازیان پێوەبکات.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×