ئیسڕایل لەو کاتەوەی دامەزراوە لەساڵی ١٩٤٨وە و تاکو ئێستا سەرەڕای جەنگ و ململانێ توندەکانی نێوان، بەپلەی یەکەم فەلەستینیەکان و ئیسڕائیل و دواتریش وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئیسڕائیل بە پلەی دووەم،ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان کردبوە کوانووی جەنگە بەردەوامەکان و ھۆکاری ناجێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی،بەڵام دوای جەنگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٣ی نێوان میسر و سوریا لەلایەک و ئیسڕائیل لەلایەکی ترەوە و سەرکەوتنی بەرەی عەرەب و میسر لەو جەنگەدا بەسەر ئیسڕائیلدا وڕزگارکردنەوەی بەشێکی زۆری خاکی سینای میسری،ئیدی ھەردوولا عەرەب و ئیسڕائیل گەیشتنە ئەو بڕوایەی جەنگە گەرمەکان تاکە چارەسەری کێشە و ململانێکان نین،ھەربۆیە میسر وەکو گەورەترین وڵاتی عەرەبی و خاوەن ٣ جەنگی گەورە و گەرم لەگەڵ ئیسڕائیلدا لە ١٩٥٦ و١٩٦٧ و١٩٧٣دا و لە سەردەمی ئەنورە ساداتدا و بە گفتوگۆی نھێنی دووقۆڵی و لەناکاودا سەردانی تەلئەبیبی کرد و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسڕائیدا ئاشکراکرد و بەڕێکەوتنامەی کامپ دێڤید ناسرا لەساڵی ١٩٧٨دا،دواتریش و لەساڵی ١٩٩٢دا ئوردون بوە دووەم وڵات و فەلەستینیەکانیش لەسەردەمی یاسر عەرەفاتدا ڕێکەوتننامەی ئاشتی ئۆسلۆیان واژۆکۆد.بەم شێوەیە دەرگا واڵا بوو بۆ وڵاتانی تری عەرەبیش کە ھەنگاوی ھاوشێوە بنێن.
ئاشکراشە لەمێژە کە ئەمریکا و ھاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان لە ئەوروپیەکان نەخشە و پلانیان ھەیە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ((ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ )) یان ھەیە لەچوارچێوەی تێوری ((فەوزای دروستکردا).
ڕێکەوتننامەکانی ئیبراھیمی چین؟ مەرام و ئامانج لێیان چییە، ھۆکارەکانی چین؟
ڕێکەوتننامەی ئیبراھیمی بە ئینگلیزی پێیان دەوترێت Abraham Accords بریتین لەو کۆمەڵە ڕێکەوتننامە ئاشتیانەی کە لە نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبیدا واژۆکراون بە سەرپەرشتی ئەمریکا. بۆیەکەم جار ئەو ناوە لە بەیاننامەیەکی ھاوبەشی نێوان ئیماراتی عەرەبی و ئەمریکادا کەلە ١٣/٨/٢٠٢٠دا دەرچوو بەکارھات.ئیدی دواتر بۆ ھەموو ڕێکەوتننامە ئاشتیەکانی نێوان عەرەبەکان و ئیسڕائیل بەکارھات. وەک ڕێکەوتنامە لەگەڵ ئیمارات وشانشینی بەحرەین کە لە ١١/٩/٢٠٢٠دا و لە ڕێکەوتی ١٥/٩/٢٠٢٠دا بە ئامادەبوونی سەرۆک ترامپ و ناتانیاھۆ و ھەریەکە لەوەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و بەحرەین لە باخچەی دواوەی کۆشکی سپی لە واشنتۆن ڕاگەیەنران.ئەم دوو ڕێکەوتننامانە بەیەکەم ڕێکەوتننامەی ئاشتی دادەنرێن لەدوای ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوان ئوردون و ئیسڕائیل لەساڵی ١٩٩٤وە.
ناوەکەشی((ڕێکەوتننامەی ئیبراھیم)) دەگەڕێتەوە بۆ ناوی پەیامبەر ئیبراھیم کە بەباوکی پەیامبەران دەناسرێت و ڕێز و گەورەیی ھەیە لەلای ھەر سێ ئاینە ئاسمانیەکانی جولەکە و مەسیحی و ئیسلامدا.
ئەم ڕێکەوتننامانە لە ئەنجامی گوشار و فشارەکانی ئیسڕائیلەوە ھاتن بۆ دەستبەسەرداگرتنی ٣٠% خاکی کەرتی ڕۆژئاوە لە خاکی فەلەستین،بەڵام بە ناوبژی ئەمریکا و دەستپێشخەری ئیماراتی عەرەبی بۆ وەستاندنی ئەو پیلانەی ئیسڕائیل، بیرۆکەی ڕێکەوتننامەی ئاشتی لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیلدا ھاتە کایەوە.
کە لە ئێستادا ڕێکەوتننامە ئاشکراکانی وڵاتانی عەرەبی بەبێ سڵەمینەوە و دوودڵی کەوتونەتە بواری جێبەجێکردن و بەڕەسمی کونسوڵخانە و سەفارەتەکانیان ئاڵوگۆڕکردوە و پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و بازرگانی و وەزرشی و ئەمنیەکانیان دەستیپێکردوە و بونەتە شەریک و ھاوبەشی یەکتری،ئیدی ھیچ دوودڵی و ترسێک نەماوە بۆ بەگژداچونەوەی ئەو ڕێکەوتننامانە لەسەر ئاستی نوخبە و حیزب و سەرکردە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتانی عەرەبی و لەسەر ئاستی جەماوەر و شەقامی عەرەبیش تاڕادەیەکی زۆر بێدەنگیان لێکردوە،چونکە بێ ھەڵوێستی و نەبوونی ئیڕادەیەکی سیاسی و ئەمنی بەھێز لەلای دەسەڵات و حکومەتەکانیانەوە دژی ئیسڕائیل ھەستپێدەکەن و ئیدی ئەوانیش لەدوای بەھاری عەرەبی و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانیانەوە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئیسڕائیل باڵادەستی ناوچەکەیە وململانێی خوێناوی بێ ھوودەیە لەگەڵیدا.
ھۆکارەکانی ئەم ڕێکەوتننامانە بریتین لە:
• ترس و ھەژمونی ئێران بەسەر وڵاتانی عەرەبی بەگشتی و کەنداویەکان بە تایبەتی.
• بەرزبونەوە و بەھێزبوونی باڵی مقاوەمەی ئیسلامی سەر بەئێران و دژ بە ئیسڕائیل.کە لە ئێستادا پێچەوانەبونەتەوە.
• بێھێزی و لاوازی وڵاتانی عەرەبی لە ڕووی ئەمنی و سەربازی و ئابوریەوە بەرامبەر ئیسڕائیل و ئەمریکا.
• ترسی خۆپیشاندان و ھەڵایسانەوەی ڕاپەرینە جەماوەریەکانی عەرەبی دژ بە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تاکڕەوەکانی وڵاتەکانیان.
جا وڵاتان و سەرکردە عەرەبیەکان بۆ ڕێگری و بەرگرتن لەو ھەژموون و باڵادەستیەی ئێران و توڕەبوونی شەقام و جەماوەری گەلەکانیشیان ڕوویانکردە ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا و ھەموانیشیان بەپێی خۆیان و ڕەزامەندی خۆیان و بەئاگاداری و سەرپەرشتیاری ئەمریکا ئەو ڕێکەوتننامانەیان واژۆکردوە کە ھەموانیشیان ھێندەی بە قازانج و سوودی درێژخایەن و ستراتیژی پلان و بەرنامە و خەونە مێژوویی و ئاینیەکانی جولەکەیە لەناوچەکەدا بەدامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیلی گەورە لە ڕووبارەوە بۆ دەریا نیوھێندە بە قازانجی ڕژێم و دەسەڵاتدارە عەرەبەکان نین،بەڵام ناچارن بەھۆی کەوتنە نێوان دوو ئاگری مەترسیەکانی ئێران لەلایەک و لەولاشەوە ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە،بۆیە عەرەبەکان ھاوسۆزی و نزیکیان وەکو دوو نەتەوەی سامی لەگەڵ جولەکەدا و دوژمنایەتی لەمێژینەشیان لەگەڵ فارسەکاندا وەکو مەزھەبی سونە-شیعە و وەکو دوونەتەوەی جیاوازیش ،لایەنی ڕێکەوتن و ملکەچیان بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل ھەڵبژاردوە.
ئامانجەکانی ئەم ڕێکەوتننامانەی ئیبراھیم بریتین لە:
• پاراستنی بەناو ئاشتی ناوچەکە و جیھان.
• پێکھێنانی ھاوپەیمانیەکی ستراتیژی بۆ پشتیوانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.دژ بە خەون و پیلانەکانی شیعەی ئێرانی.
• جێگربوونی دۆخی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و ئەمنی ناوچەکە و گەلان و وڵاتانی ناو ڕێکەوتنامەکان.
• گەشەو پێشکەوتنی دوولایەنە لەنێوان لایەنەکانی ڕێکەوتنامەکان لەڕووی ئابوری و بازرگانی و تەکنەلۆجی و سەربازی و وەزرشی و فەرھەنگ و ...ھتد.
ئەو ڕێکەوتننامانەی کە تاکو ئێستا لەچوارچێوەی ئەم ڕێکەوتنامەی ئیبراھیمیەدا واژۆکراون بریتین لە:
١. ڕێکەوتنامەی ئیبراھیمی نێوان ئیماراتی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل لە ١٥/١٢/٢٠٢٠
٢. ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوان شانشینی بەحرەین لەگەڵ ئیسڕائیل لە ١٥/١٢/٢٠٢٠
٣. ڕێکەوتنامەی سودان لەگەڵ ئیسڕائیل ٢٣/١٠/٢٠٢٣ وەک سێھەم وڵاتی عەرەبی
٤. ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوان شانشینی مەغریب لەگەڵ ئیسڕائیل لە ١٠/١٢/٢٠٢٠
بەم شێوەیە ئیسڕائیل لەماوەی ئەو ٧٨ ساڵەی تەمەنیدا توانیویەتی کە زۆرینەی ھەرەزۆری وڵاتانی عەرەبی بکاتە دۆست و پەیوەندی جۆراوجۆریان لەگەڵدا پەیدا بکات و ئیدی لە قۆناغی دژومنایەتیەوە گۆڕیونی بۆ قۆناغی گەر دۆستیش نەبن ئەوا بە دوژمن نەماونەتەوە و مەترسیان نەماوە و لە دوای جەنگی تۆفانی ئەقسا لە ٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی نێوان حەماس و ئیسڕائیل و کۆتاییھاتنیشی و شەڕ ڕاگرتن بەسەرکەوتنی ئیسڕائیل و دواتریش لاوازکردن و تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حیزبوڵای لوبنانی و دواتریش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و بەعسیەکان لەسوریا لە ٨/١٢/٢٠٢٤ و لاوازکردنی حوسیەکانی یەمەن و پەلوپۆکردنی میلیشیا چەکدارەکانی شیعەی عێراقی سەر بە ئێران و لە قاڵبدانی خودی ئێرانیش وەک پشتیوان و گەورەی ھەموو ئەو گروپە چەکدارانە،بەتەواوەتی باڵادەستی سەربازی و ئەمنی ئیسڕائیل بۆ سەرکردە و وڵاتان و گەلانی عەرەبی بە ئاشکرا بەدەرکەوتوە و ھەموان بێئومێدبوون لە بەگژداچونەوە و ڕووبەڕووبونەوەی چەکداری و جەنگی گەرم،ھەربۆیە ئاشتیەکی سەلامەتیان پێباشترە وەک لە جەنگ و ململانێیەکی نەبڕاوە و ئایندە نادیار و بەھەدەردانی سەروەت و سامانەکانیان بەبێھودە. بەداخەوە ھەموو ئەو ڕێکەوتننامانە لەسەر حسابی گەل و خاک و خەباتی فەلەستینیەکان و مەسەلەی فەلەستینن، ھەرئەوانیش گەورەترین زیانیان بەرکەوتوە وەکو گەل و نیشتیمان وبێ پشتوپەنایەکی ڕاستەقینە و ڕاستگۆ و بەتەنھا ماونەتەوە.
بەو شێوەیە ئێسڕائیل لە میانەی ئەنجامدانی ئەم ڕێکەوتننامانەوە گەرەکێتی بگاتە ئامانجە گەورەکەی بۆ سەپاندن و جێبەجێکردنی پلانەکانی خۆی لە باڵادەستبوونی خۆی لەناوچەکەدا و ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی و کارکردن بۆ فراوانکردنی سنورەکانی لەسەرخۆ و بەبەرنامەیەکی پێشوەختە لەڕێگەی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەوە وەکو پڕۆژەی ڕێڕەوی و داود و پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابوری بۆمبای- ئەوروپا و ...ھتد.