ڕێڕەوی داوود، پڕۆژەی ئیسڕائیلی گەورە لە ڕووبارەوە بۆ دەریا

نەوزادی موهەندیس
  2025-01-08     190

  وەکو ئەوەی ئاشکرایە دەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی ١٩٤٨دا دامەزراوە دوای ٣١ ساڵ لە بەڵێنی بەلفۆر کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەساڵی ١٩١٧وە بەڵێنی دامەزراندن و دروستکردنی دەوڵەتێکی جولەکەیان پێدان کە پایتەختەکەی قودس بێت،ئیدی لەو سەردەمەوە ئەم دەوڵەتە لەسەر کۆمەڵێک بنەما و بیروباوەڕی دیانەتی جولەکە دامەزراوە و لەھەموو نەخشەو پلانە سیاسی و ئابوری و سەربازی و کۆمەڵایەتیەکانیاندا پشتی پێدەبەستن و کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەن.
    وەک ئەوەی کە خەون بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیلی گەورەوە دەبینن کە لە نێوان ڕووباری فورات لە عێراق درێژدەبێتەوە بۆ سەر کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست،وەک بەڵێنێک کە لە تەورات کتێبی پێرۆزی عەھدی کۆندا ھاتوە.جا بۆ  بە واقیعکردنی ئەم خەونە لەوەتەی دەوڵەتی ئیسڕائیل دمەزراوە لەناو جەرگەی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەردوو جیھانی عەرەبی و ئیسلامیدا ،دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە بە دوژمنی سەرەکی ئیسلام و عەرەب دەزانن و ماوەی زیاد لە ٧٦ ساڵە دوژمنایەتی یەکتری دەکەن و چەندین شەڕی گەرم و ساردیان لەنێواندا ھەلایساوە و گرنگترینیان شەڕەکانی ساڵی ١٩٤٨ و ١٩٦٧ و ١٩٧٣ و شۆڕش و ڕاپەڕینەکەکانی فەلەستینیەکانە لەساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردودا و دواھەمیشنیشیان شەڕی تۆفانی ئەقسایە کە لە ٧ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ھەڵایساوەو تائێستاش بەردەوامە  کە زیاد لە ٤٥ھەزار قوربانی و ١٠٨ھەزار برینداری لێکەوتۆتەوە سەرەڕای ئاوارەبوونی ملیۆنان و کاولبوونی کەرتی غەزە.
    لەماوەی ٧٦ ساڵ تەمەنی ئەم دەوڵەتە بە ڕووبەر بچوکە ٢٢ھەزار کم٢ و ٩ ملیۆن کەسە کە کەمترین سەرچاوەی سروشتی و لەکانزا و نەوت و غازی سروشتی و ئاوی شیرین و دەشتی بەپیتی کشتوکاڵی ھەیە خۆی گرتوە و بەرگری لەمان و بوونی خۆی دەکات لەبەرامبەر ھەموو گەلانی عەرەب و ئیسلامیدا،ئەو توانیویەتی بە پشتیوانی ھەمیشەیی ئەمریکا و بەریتانیا و ھەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات و لۆبی سەھیۆنیەتی جیھانی لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازی و تەکنەلەلۆجیاوە بتوانێت خۆی بسەپێنێت و فەرزی ئیڕادەی خۆی بکات و تەنانەت زۆرینەی وڵاتانی عەرەبیش بەگەورەو بچوکیانەوە ملکەچی پڕۆسەی ئاشتی و دۆستایەتی لەگەڵ خۆیدا بکا لە پێش ھەموانەوە دەمسپی عەرەبەکان میسر و ئوردون و بەخرەین و ئیمارات و تەنانەت بەشێک لە فەلەستینیەکان و زۆرێکی تریش بە ئاشکرا و نھێنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری و ھەواڵگریان لەگەڵیدا ھەیە وەکو  مەغریب وقەتەر و عومان و مۆریتانیا و سودان و...ھتد.
   جا ئیسڕائیل گەرەکێتی لە ڕێگەی ھەندێک پڕۆژەی ئابوریی گەورەوە لەلایەک پەیوەندیە سیاسیەکانی و لەلایەکی ترشیەوە پەیوەندیە ئابوریەکانی بەڕووی ھەموواندا بکاتەوە و پەرەپێبدات بۆئەوەی سەرچاوە و پایە گرنگەکانی دەوڵەت و مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات،جا یان لەڕێگەی ئاشتیەوە یان لەڕێگەی شەڕ و جەنگی گەرمەوە بێت،ئەوەتا لەھەوڵی کردنەوە و ئەنجامدانی ڕێڕەوی بۆمبای -ئەوروپا لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ڕێڕەوی داوودە کە لەچوارچێوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێوە گەرەکێتی جێبەجێی بکا.


•    ڕێڕەوی دادوود چیە؟ مەبەست و ئامانجەکانی چین؟ چۆن دەکرێت جێبەجێ بکرێت؟ 
    ئەم پڕۆژەیەش یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی دیانەتی یەھودی و لەڕێگەیەوە گەرەکیانە خەونە گەورەکەیان ئیسڕائیی گەورە دروست بکەن لەسەر حسابی گەلان و وڵاتانی ناوچەکە و ڕووبەری خاکی ئیسڕائیل فراوانبکەن و جوگرافیا و مێژووی ناوچەکەش بگۆڕن و کۆتایش بە نەخشە و پیلانە ئیمپرلیالیە کۆنەکان لە سایکس-بیکۆ و بەلفۆر و لۆزان و پاریس((ڤێرسای)) بھێنن کە ناوچەکەیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی زلھێزەکانی ئەوکاتی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەوانیتر دابەشکردوە بەبێ گوێدان بە بەرژەوەندیەکانی جولەکە،دوای ڕووداوەکانی شەڕی تۆفانی ئەقسا و داگیرکردنی باشوری لوبنان و بێھێزکردنی حیزبوڵای لوبنان و ڕووخاندنی ڕێژمی بەعسی ئەسەدی لە سوریادا و بێھێزکردنی عێراق و بێدەنگ کردنی میسر و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وەدەرنانی ڕوسیا و ئێران وەک دوو یاریزانی ناوگۆڕەپانی ناوچەکە ،ئیسڕائیل وایدەبینێت کە باشترین ھەلی مێژوویی بۆھاتۆتە پێش بۆ ئەنجامدانی خەونە لەمێژینەکەی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێڕەوی داوود.

    جوگرافیای پڕۆژەکە:
ڕووبەر و جوگرافیای ئەم ڕێڕەوە لە سەر سنوری ئیسڕائیل لەسەر کەناری دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە ڕۆژئاواوە دەستپێدەکات بۆ باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا و تادەگاتە سنورەکانی عێراق، بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو لەسوریا لەساڵی ١٩٦٧وە و دواتر بەرەو شاری دەرعا و سوێداو ڕەقە و دێرالزور و تەنەف (کەلەئێستادا بنکە و بارەگای ھێزە سەربازیەکانی ئەمریکای) تیادایە و تاگەیشتن بەسەر ڕووباری فورات دەگرێتەوە.

ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیە:
    ئەم جوگرافیایە ڕووبەرێکی فراوان دەگرێتەوە و ئامانجیشی دەستبەسەرداگرتنی ھەموو ئەو ناوچانەیە کە دەوڵەمەندن بەنەوت و غازی سروشتی و ئاوی شیرین و دەشتی کشتوکاڵی بەپیت  و دواتریش دەبێتە ناوچەیەکی لەمپەڕ دژ بەھێرشکردنە سەر ئیسڕائیل و دوورخستنەوەی مەترسیەکانی لەسەر ئەمن و ئاسایشی نەتەوەیی و گەرەکێتی لەڕێگەی ئەم ڕێڕەوەوە بگاتە سەر ڕووباری فورات بۆ دەستخستنی ئاوی شیرینی زیاتر و بشگاتە سەر سنورەکانی عێراق و تورکیاش و بەمەش ئەم ڕێڕەوە دەبێتە دەروازیەکی وشکانی بۆ ئیسڕائل بەسەر دونیادا و لەو گەمارۆدراویەی چەندین ساڵەی ڕزگای دەبێت.سەرەڕای ئەوەی دەبێتە ڕێڕەوێکی بازرگانی و دامەزراندنی پڕۆژەی وزەی گرنگ و گەشتوگوزاری و ...ھتد.ھەروەھا دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی توانای سەربازی ئیسڕائیل و گەورەبوونی ڕۆڵی ناوچەیی و فشاری گەورەش لەسەر عێراق و تورکیاش دروست دەکات و ئاسایشی نیشتیمانیان دەخاتە بەر مەترسی ئاگری ئیسڕائیلەوە.
   ھەموو ئەم پڕۆژەیەش لە ئەنجانی دابەشبوونی سوریاوە دێت بۆ چەند ھەرێم و کیانێکی ناوخۆیی کە دەبنە مایەی لاوازبوونی دەوڵەتی سوریای مەرکەزی، ئیسڕائیل لەو پێناوەشدا ماوەیەکە و لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لەڕێگەی تۆپبارانکردن و موشکبارانکردن و ھێرشی ئاسمانی و دەریاییەوە بۆسەر بارەگای ھێزە ئاسمانیەکان و تێکشکاندنی فڕۆکە جەنگیەکانی و باروتخانە و تاقیگە سەربازیەکان و ھێرشکردنە سەر ھێزە دەریایەکانی سوریا کە لەئێستادا زیاد لە ٨٠% تێکشکاندوون و ھێزی سەربازی سوریای بەشێوەیەک لاواز و بێدەسەڵات کردوە کە توانای نەک ھێرشکردنە سەر ئیسڕائیلی نیە بەڵکو توانای بەرگریکردنیشیان نەماوە لە سوریا.تەنانەت دەستی گرتوە بەسەر خاکی زیاتری ناوچەی جۆلان و ڕێکەوتنی بڵاوەپێکردنی ھێزەکانی ساڵی ١٩٧٤یشی پێشێلکردوە و توانیویەتی دەستبگرێت بەسەرتەواوی لوتکەی جەبەل الشێخ وجۆلاندا.ھەموو ئەم پڕۆسە سەربازیانەشی بەناونیشانی ((ڕمی باشان))وەک ئاماژەیەک بۆ پێشبینیەکی تەورات کە لەکۆندا بەو ناوەوە شانشینێکی جولەکە ھەبوە کە لەباشووری سوریادا بوە کە لە باشوری دیمەشقەوە درێژدەبێتەوە بۆ حەوزی ڕوباری یەرموک و دەشتی حۆران و لە جەبەل شێخەوە لە ڕۆژئاواوە بۆ شاخی دروز لە ڕۆژھەڵاتدرێدەبێتەوە.

   گرنگی ئەم ڕێڕەوە:
    ئەم ڕێڕەوە دەروازەیەکی گرنگی سیاسی و جوگرافیی و ئابوری و سەربازی گەورە بەسەر ئیسڕائیلدا دەکاتەوە و دەتوانێت خۆی بەھێزبکات ودەستیبگاتە دوورترین وڵات لەناوچەکەدا و بەتەواوەتی بوون و مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات بەھێنانە دی ئەم خەونەشی ئیدی ئیسڕائیل لەوڵاتێکی بچووکی کەم ڕووبەر و کەم دانیشتوان و توانای ئابوریەوە دەبێتە وڵاتێکی گەورە و بەھێز لەناوچەکەدا و خەونەکانیشی تەنھا لەو جوگرافیایەدا نامێنێتەوە بەڵکو ڕەنگە وڵاتانی تورکیا وئوردون ویەمەن و سعودیە و میسریش بگرێتەوە لە داھاتوودا.
    ھەربۆیە بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەم خەون و پڕۆژەیەی ئیسڕائیلی گەورە(( شانشینی داود)) ھەرچی لەدەستبێت ئەنجامیدەدات  لە ڕێگەی داگیرکردن  یان فراوانکردنی ھێواشەوە بێت و ئەم قۆناغ وسەردەمەش بەھەلێکی گونجاودەزانێت بۆ ئەنجامدانی چونکە تاڕادەیەک لە ھەموو بوراەکاندا زاڵ و دەستڕۆیشتوە بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا و بۆ سەرخستنی پڕۆژەکەشی پشتویانی دابەشبونی نوێی وڵاتە گەورەکانی ناوچەکە دەکات بۆ وڵاتانی بچوک وبێھێز لەھەریەکە لە تورکیا و ئێران و عێراق و میسر و سعودیە و ئیدی بەم جوگرافیا و نەخشە نوێیەی ناوچەکە ڕۆژھەڵاتێکی نوێی زۆر جیاواز لەسەردەمی دامەزراندنی ئیسڕائیلەوە دێتە کایەوە کە لەگەڵ خەون و پێشبینیە خوداییەکانی ناو تەورات یەکدەگرنەوە بەدامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیلی گەورە.
 

 ھۆکارەکانی سەرکەوتنی پڕۆژەکە:
 سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیەش بەندە بە ھاوکاری و پشتیوانی کەمینە نەتەوەکانی ناوچەکە بۆ پڕۆژەکە لە کورد و دورزیەکان و عەلەویەکان و ئەوانیتر لەناوچەکەدا بۆئەوەی ئەوانیش بگەن بە خواست و مافە ڕەواکانیان کە سەد ساڵە لێیان زەوتکراوە و ئەم پشتوانیەش دوولایەنەیە لەنێوان ئیسڕائیل و ئەو کەمە نەتەوانەدا و مسۆگەربوونی پشتیوانی ئەمریکا و زلھێزەکانیش ھۆکارێکی گرنگترە.
   گەر ئەم پڕۆژەیە سەربگرێت ئەوا دەبێتە ھۆی دامەزراندنی ھەرێمێکی دورزی لە باشوری سوریا و ھەرێمێکی کوردیش لە باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا و ئیدی ئیسرائیل و کورد وەک دوو دەوڵەت دەبنە دراوسَی و بە پەیوەستبونیش بەھەرێمی کوردستانەوە ئیدی دەوڵەتی عێراقیش گەمارۆدەدرێت و چارەنوسێکی نادیار چاوەڕوانیدەکات و بوون بەدراوسێی تورکیاش ڕلنگە کوردانی باکوریش بچنە ناو ئەو ھەرێم یان دەوڵەتە کوردیەی ئایندەوە کە لە ئێستادا زۆر بەگەرمی باس دەکرێت لەسەر ئاستی وڵاتانی زلھێزیش.
    بە سەرکەوتن و بەئەنجامگەیشتنی ئەم پڕۆژەیە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریەکی گەورە و گرنگی بەسەردادێت بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی ئیسڕائیل و کورد و دورزی و کەمینەکان تەواو دەبێت و لە زیانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ناوچەکەش تەواودەبێت.جا ھەر وڵات و سەرکردەیەک گەر بیەوێت بمێنێتەوە دەبێت بەبێدەنگی لەگەڵیدا بێت و خۆی بگونجینێت یان ئەوەتا دژایەتی دەکات و بە لەناوچوونی دەسەڵات و ڕژێم و بنەماڵەکەی کۆتایی پێدێت.
سەرچاوە:

.١https://www.raialyoum.com
.٢https://amaj٢٤news.com
.٣https://www.tasnimnews.com/ar/news
.٤https://www.youm٧.com

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×