لە سایەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە ڕێکەوەتی ٢١/١٠/٢٠٢٤دا..کە ئەنجامی ژمارەی دەنگ و کورسیەکانی لایەنەکانی ئاشکراکرد کە بەم شێوەیە بوون کە کۆی گشتیان ١٠٠ کورسیە:
١. پارتی ٣٩ کورسی
٢. یەکێتی ٢٣ کورسی
٣. نەوەی نوێ ١٥ کورسی
٤. یەکگرتوو ٧ کورسی
٥. ھەڵوێست ٤ کورسی
٦. کۆمەڵ ٣ کورسی
٧. بەرەی گەل ٢ کورسی
٨. گۆڕان ١ کورسی
٩. ھاوپەیمانی ١ کورسی
١٠. کۆتای مەسیحی و تورکومان ٥ کورسی
• سیناریۆکانی پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبن،بەو مەرجەی ھەر لایەکی براوە بتوانێت (( ٥٠+١ )) کورسی کۆبکاتەوە:
١. پارتی + یەکێتی + کۆتاکان =٦٧ کورسی (( ئاسایی و ئاسان دەتوانرێت کۆبکرێتەوە))
٢. پارتی+ نەوەی نوێ + ٣ کۆتا = ٥٧ کورسی (( ئاسایی و ئاسان دەتوانرێت کۆبکرێتەوە))
٣. پارتی + ( یەکگرتوو+کۆمەڵ+ھەڵوێست+بەرەی گەل+ گۆڕان+ھاوپەیمانی + ٣ کۆتا) = ٦٠ کورسی (( سەختە و بەگران کۆدەکرێنەوە))
٤. یەکێتی+٢کۆتا+(نەوەی نوێ +یەکگرتوو+کۆمەڵ+ھەڵوێست+بەرەی گەل+گۆڕان+ھاوپەیمانی ) = ٥٨ کورسی (( سەختە کۆبکرێنەوە))
• بەم شێوەیە، لەو ٤ سیناریۆیەی سەرەوە کە دەتوانرێت ٥١ کورسی بەرەو سەرەوە کۆبکرێتەوە بۆ پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ،ئاسانترین و سەرکەوتووترینیان بریتیە لە سیناریۆی یەکەم (( پارتی+یەکێتی+کۆتاکان = ٦٧ کورسی))
• بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە قەدەری ((یەکێتی و پارتی)) پێکەوەن و دەتوانن کابینەی حکومەتی ھەرێم پێکبێنن، وھەردوولا بەبێ ئەویتر ناتوانن حکومەتێکی سەرکەوتوو پێکبێنن، و دەسەڵاتی ڕەھایان ھەبێت لەسەرتاسەری ھەرێمدا. لەلایەکی تریشەوە گەر ھەردوولایان بتوانن چەند لایەنێکی دەرەوەی خۆیان بەشداری پێبکەن لە حکومەتەکەدا ئەوا بۆخۆیان و کابینەکەش کارێکی باش دەبێت و پشتگیری و پشتیوانی زیاتریان بۆ دروست دەبێت لەڕووی جەماوەریەوە،بەپێچەوانەوە کارێکی عەقڵانی نابێت. جا بۆ سەرکەوتنی ئەم سیناریۆیە گەرەکە پارتی و یەکێتی دوور لە دەمارگیری و توندڕەوی و دوور لەتای ھەڵمەتی ھەڵبژاردن گفتوگۆیەکی جدی و کوردانە و خەمخۆرانە بگرنە بەر بۆ پێکھێنانی کابینە حکومیەکە بە زووترین کات،لەبەر ئەم ھۆکارانەی لای خوارەوە:
١. بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری ھەرێم و عێراق و ناوچەکە لەحاڵەتێکی ناجێگرو مەترسیداردایە و پێویست دەکات حکومەتی ھەرێم بەزوویی دەستبەکاربێت.
٢. ساڵی ٢٠٢٥ ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقە و گەرەکە ھەموان خۆیان ئامادەبکەن بۆ ئەو ھەڵبژاردنە.
• تێبینیەکان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە:
١. پارتی : دەنگ و کورسی لەھەرێمی کوردستان کەمکردوە بەبەراوورد بەساڵی ٢٠٢١.
٢. یەکێتی : دەنگ و کورسیەکانی زیادیکردوە لەھەرێمی کوردستان.
٣. نەوەی نوێ : بە ڕێژە و دەنگێکی گەورە دەنگ و کورسیەکانی زیادی کردوە.کە چاوەڕوانکراو نەبوو.
٤. یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری: وەکو خۆیان ماونەتەوە و سەروو خواریان کردوە بەبەراوورد بە ساڵی ٢٠٢١.
٥. ڕەوتی ھەڵویسَت : وەکو ھێزێکی نوێ دەنگی باشی ھێناوە و ھەرئەوەندەی لێچاوەڕوان دەکرا.
٦. بەرەی گەل: دەنگی کەمی ھێناوە و خۆیان و لایەنەکانی تریش چاوەڕوانی ئەوە نەبوون.
٧. بزوتنەوەی گۆڕان: بەھۆی بارودۆخی ناوخۆیان ،ھەرئەوەندەیان لێ چاوەڕوان دەکرا.
٨. تاڕادەیەکی باش پڕۆسەکە سەرکەوتوو و بێ کێشە و دوور لە ساختەکاری ساڵانی پێشوو بەڕێوە چووە.
٩. یەکگرتووی ئیسلامی: ڕەنگە ھەر بەشداری کابینە حکومیەکە نەکات.
١٠. گەر ھەموو ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ،بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن پێکەوەبنێن((کە زۆر زەحمەتە لەناوخۆیاندا ڕێکبکەون))،ئەوا تەنھا ٣٣ کورسیان دەبێت کە ناتوانن ڕێگریبکەن لەبەردەم کابینە حکومیەکەدا و زۆرینەی ((پارتی و یەکێتی و کۆتاکان کە ٦٧ کورسین)).
١١. بەداخەوە جەماوەریش کە ٢٨% نەچوون بۆ دەنگدان و بایکۆتیان کردوە،کە ڕەنگە گەر ڕێژەی دەنگدان لەسەروو ٧٢% بوایە گۆڕانکاری گەورەتریش ڕوویبدایە.کە ئەم ھەڵویستەی جەماوەر لەلایەک بێ ھەڵوێستیە لەبەرامبەر دەسەڵات و خواستی گۆڕانکاریدا و لەلایەکیش نیشانەی بێ ئومێدی وناھوشیاریانە بەمەترسی و لێکەوتەکانی نەچوونیان بۆ دەنگدان. بەداخەوە دەرکەوت کە تاکی کورد تەنھا ھوشیارە بۆ بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆی نەک بەرژەوەندیە گشتیەکانی گەل و نیشتیمان.
• لەکۆتایدا ،ھەرێمی کوردستان لەم پڕۆسەیەدا سەرکەوتووی گەورە و یەکەم بوو،چونکە شەرعیەتی گەڕاندەوە بۆ پەڕلەمان و حکومەتی ماوەبەسەرچوو،کە ئەمەش دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ ھەموان بەبێ جیاوازی..کەواتە لە کۆتایدا ھەرێم و کورد و کوردستان سەرکەوتن.