ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لەعێراقدا  لەسایەی ھەژموونی وڵاتانی دەرەوەدا

نەوزادی موهەندیس
  2024-10-06     146

  ئاشکرایە عێراق وەکو وڵات و دەوڵەتی نوێ لەساڵی ١٩٢٠وە لەسەردەستی بەریتانیای مەزنی سەرکەوتوو لەدوای تەواوبوونی جەنگی جیھانی یەکەمەوە دروستکراوە لەچوارچێوەی دابەشکردنەوەی میراتی دەوڵەتی عوسمانی دۆڕاو لە جەنگەکەدا،بەو دیزاین و نەخشەیەی کە خۆی ویستویەتی،بەڵام ئەم جوگرافیایەی ئێستای کە ناوی عێراقە مێژوویەکی دێرینی ھەیە و ڕەگ و ڕیشەی قوڵی ھەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و چەندین شارستانی و ئیمپراتۆریەتی گەورەی لەسەر دامەزراوە ھەر لە سۆمەری و بابلی و ئەکەدی و ئاشوری و ...ھتد.دواتریش لەسەردەمانی ھاتنی ئیسلامدا بۆتە قەڵەمڕەوێکی ئیسلامی و لەسەردەمی خەلافەتی عەباسیدا ٧٥٠ز-١٢٥٨ز بەغداد دروستکراوە و کراوەتە پایەتەختی خەلافەتەکە بۆ زیاد لە ٥٠٨ساڵ و ئیدی ئەم عێراقە ((وڵاتی دووڕووبار یان میزۆپۆتامیا))ناوێکی گەشاوە بوە لەناوچەکەدا و لەساڵی ١٥٣٤ز یشەوە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە داگیرکراوە تا ساڵی ١٩١٨ کە بەریتانیا عێراقی داگیرکرد ماوەی ٣٨٤ ساڵ عێراق ژێر دەستەی دەوڵەتی عوسمانی بوە،جا لە ململانێی نێوان دەوڵەتەکانی فارسی ئێرانی و عوسمانی تورکیدا ھەمیشە عێراق بۆتە گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی ململانێکانیان و ھەمیشە ھەر قۆناغەی لەلایەن یەکێکیانەوە داگیرکراوە و ھەربۆیەش چاوتێبڕینێکی مێژووییان ھەیە بۆ ئەم وڵاتە.
   عێراقی نوێش بە سێ قۆناغی پاشایەتی ١٩٢٠-١٩٥٨ و کۆماری ١٩٥٨-٢٠٠٣ و دواتریش لەساڵی ٢٠٠٣وە بە قۆناغی بەناو دیموکراسی و کۆماری و پەڕلەمانی و فیدڕاڵیدا تێدەپەڕێت و ماوەی ٢١ ساڵە بەردەوامە.
   عێراق ھەڵکەوتەی جیۆسیاسی و جوگرافیاکەی دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە لە نەوت و غازی سروشتی و ناو دڵی جیھان و ناوچەیەکی زۆر ھەستیار و ژیاری لەلایەک وەک سەرچاوەی کەرەسە خاوەکان بۆ پیشەسازیەکانی وڵاتانی زلھێز و پیشەسازی و پێشکەوتوو و لەلایەکی تریشەوە وەک بازاڕێکی گەورە و پڕ خێروبەرەکەتیش بۆ ساغکردنەوەی بەرھەم و کاڵاکانی ئەو وڵاتانە و چ وەک سەرچاوەیەکی دەستی کاری ھەرزانیش. عێراق بۆخۆشی ھەموو ئەو پایە و سەرچاوە گرنگانەی تیادایە و گرنگیەکی گەورەی ھەیە لای ھەموان.
     جا بەھۆی ئەو ھەموو گرنگیە جوگرافیا و مێژوو و ئابوری و ئەمنیەی کە عێراق ھەیەتی لەسەر ئاستی سێ بازنە وڵاتان کاریگەری و ھەژموونی بەردەوامیان لەسەر ھەیە و گەرەکیانە ھەمیشە عێراق یەکێک بێت لە جێگە پێیەکانیان لەناوچەکەدا،بەم شێوەیە:
•    وڵاتانی دراوسێی عێراق: کە ٦ وڵاتن((ئێران و تورکیا و سعودیە و سوریا و ئوردون و کوێت))، کە ھەریەکەیان بەھۆیەکەوە چاویان بڕیوەتە عێراق و کاریگەریان لەسەری داناوە،بۆ نموونە:ئێران لەڕووی مێژووییەوە عێراق بەبەشێک لە خاکی خۆی دادەنێت و بەھۆی بوونی زۆرینەی شیعە مەزھەبی عەرەبیەوە ھەوڵدەدات کە ھەژموونی بەردەوامی ھەبێت و لەئێستاشدا ئەوەی بۆچۆتە سەر.تورکیا،عێراق و بەتایبەتی ولایەتی موێڵ بەبەشێکی دانەبڕاو لەخاکی خۆی دەزانێت و ھەق بەخۆی دەدات کە عێراق بکاتە پاشکۆی و باخچەی دواوەی تورکیا،سوریا وەک وڵاتێکی عەرەبی و بەرەی مقاوەمەی دژ بە ئیسڕائیل و نوێنەری عروبە و بەھۆی نزیکی حیزبی بەعس لەنێوانیاندا و لە ئێستاشدا وەک پاشکەوتەی ئێران ھەمیشە کاریگەری ھەبووە بەسەر عێراقەوە،سعودیە و ئوردون و کوێتیش وەکو سێ دراوسَیی عەرەبی و سونە مەزھەب بەشێوەیەکی کەم تازۆر کاریگەریان ھەبوە.
•    وڵاتانی تری ناوچەکە: وەک میسر و ئیسڕائیل و ئیمارات و قەتەر،ئەوانیش کەم تازۆر ھەمیشە کاریگەریی گەورەیان ھەبوە لەسەر عێراق و ویستویانە کە عێراق وەک وڵاتێکی گەورە و دەوڵەمەند و بەھێز بەلای خۆیاندا ڕابکێشن یان ململانێی لەگەڵدا بکەن بۆ لاوازکردنی.
•    وڵاتانی زلھێزی دونیا: وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ھاوپەیمانی ناتۆ و ڕوسیا و چین و ھندستان،ھەموانیان گەرەکیانە ھەمیشە عێراق دۆست و ھاوپەیمانی ستراتیژیان بێت و چەندین ڕێکەوتنامەی ستراتیژی و ئەمنی و ئابوریان لەگەڵدا واژۆکردوە.
     بەم شێوەیە عێراق ھیچ کات بێ کێشە و بێ ململانێ و تەنانەت بێ جەنگی گەرمیش نەبوە لەگەڵ دراوسێکانیدا و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزەکانیشدا،لەسایەی حوکمڕانیەکی تاکڕەو ودەمارگیری نەتەوەیی عەرەبی سونە مەزھەب و کەمینە وھەڵگری ئاڵای بەرگری و عروبە لەناوچەکەدا،شەڕی عێراق-ئێران و داگیرکردنی کوێت و ململانێی لەگەڵ میسری ناسری و سادات و ئیسڕائیل و دژایەتیکردنی سعودیە و ناکۆکی بەردەوامی لەگەڵ سوریای حافز و بەشار ئەسەد و دواتریش شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ھاوپەیمانان وڕۆژئاواییەکاندا، ھەموو ئەمانە عێراقی دەوڵەمەند و پڕ لەسەروەت و سامانی سروشتی و مرۆیی کردۆتە وڵاتێکی بەرخۆر و مشەخۆر کە تەنانەت لە ئێستادا توانای پارێزگاریکردنی لە سەروەری و سیادەی خۆشی نیە.
    لە سەرئاستی بەرەی ناوخۆشی،بەھۆی پێکھاتە سەیروسەمەرەکەیەوە لە نەتەوە و ئاین و مەزھەبی جیاوازەوە،عێراق ھەمیشە لەململانێیەکی نەبڕاوەدا بوە لەنێوان ھەموو ئەو پێکھاتانەدا، لەنێوان عەرەبی سونە و شیعەدا،لەنێوان کورد و عەرەبدا،لەنێوان تورکومان و کورد و عەرەبدا،لەنێوان مەسیحی و ئەوانی تردا،ھەمووشیان لەنێوخۆیاندا ھیچ کات کۆک و تەبا نەبوون،کەئەمەش بۆتە خاڵی لاوازی عێراق کەنەتوانێت پەلبھاوێت بۆ گەشە و پێشکەوتن و بەھێزبوونی.
    ھەروەھا ھەموو ئەو وڵاتانە ھەمیشە عێراقێکی دەوڵەمەندی لاوازیان پێباشتربوە لە عێراقێکی دەوڵەمەند و بەھێز چونکە ھەمیشە  عێراقێکی بەھێز بۆتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دراوسێکانی و ناوچەکە و کێشەش بۆ زلھێزەکان.ھەربۆیە لە ئێستاشدا عێراق بۆتە گۆڕەپانی ململانێکانی ھەموان و خۆشی لاواز و بێدەسەڵات و پاشکۆی ئێران و تورکیا و سعودیە و داماڵراوە لە خاوەندارێتی ھەموو بڕیارێکی سیاسی گرنگی نیشتیمانیانەی عێراقیانە بەھۆی دەستێوەردانی ئەو وڵاتانەوە.بەدڵنیایش کوردیش وەکو پێکھاتەیەکی سەرەکی لە عێراقدا ھەموو کاریگەری و ھەژموونە باش و خراپەکانی ئە و لایەن و وڵاتانەی لەسەر دەبێت و کاریگەریشیان دەبێت بۆ ئایندەی مەسەلەی ڕەوای کورد لە عێراقدا.
    بەم شێوەیە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە ئێستا و ڕەنگە بۆ دەیە ساڵێکی تریش ھەروا لاواز و بێ دەسەڵات بمێنێتەوە و لە بازنەیەکی بۆشدا بخولێتەوە و ھەموو توانا مادی و مرۆییەکانی لەخزمەت ئەو وڵاتانەدا بێت لەسەر حسابی بێکاری و ھەژاری و دواکەوتویی خاک و گەلانی عێراق،ھەربۆیە تاکو عێراق نەبێتە خاوەنی بڕیاری  سەربەخۆ و ئازادانەی سیاسی خۆی و نەبێتە خاوەن ھێزێکی سەربازی بەھێز و مۆدێرن بەدڵنیایی ناتوانێت خۆی دەرباز بکات لەو مەرگەسات و کارەساتەی کە تیایدا چەقیوە و توانای خۆڕاپسکاندنی نیە.ئەمەش بە سەرکردەیەکی بوێر و ئازا وبە یەکویەکگرتوویی ڕیزەکانی گەلانی عێراق و لەسایەی حوکمڕانیەکی دیموکراتیانەی ڕاستەقینە لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی ئازادیەکان و دادپەروەری ویەکسانی لەماف و ئەرکەکانی ھاوڵاتیاندا دەبێت دوور لەگەندەڵی و پاشکەوتەیی وڵاتان و سیخوڕیکردن و خاک و وڵات فرۆشی دەبێت.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×