ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و  ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمدا

نەوزادی موهەندیس
  2024-09-29     157

   ئاشکرایە ئەم ھەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان بەلای ھەموانەوە لەھەرێم و عێراق و بەناو دۆستەکان لەناوچەکە و دونیاشدا گرنگیەکی زێدەتری ھەیە لە خولەکانی پێشووتر،ئەوەش بەھۆی ئەوەی ھەموان چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورە دەکەن لە پێگەی پارتە سیاسیە کلاسیکی و دەسەڵاتدارەکان و لەولاشەوە ھاتنە پێشەوەی پارت و ھێزی نوێ کە تازە دامەزراون،کە ئەمەش وادەکات ھەموان بەگرنگی و لەھەمان کاتیشدا بە ئاگاییەوە چاودێری پڕۆسەکە بکەن و لەھەرێمیشدا ھەموان کەوتونەتە خۆ بۆئەوەی ھەریەکەیان بتوانێت لانی کەم دەنگ و کورسیەکانی کەم نەکات و پارێزگاری لەوەی ھەیانە بکات و ھێزە تازەکانیش لەھەوڵی چڕ وپڕدان بۆئەوەی لە ھەنگاوی یەکەم و یەکەم ھەڵبژاردنیاندا بتوانن ھێزی سیاسی و جەماوەری و شەقامی خۆیان پیشانبدەن و دەنگ و کورسی زۆر وەدەستبێنن.
    جا لە عێراقیشدا  بەھەمان شێوە حیزب و سەرکردە شیعی و سونیەکان و تورکومانەکانیش لە چاودێری دۆخەکەدان و ھەریەکەیان حەزدەکەن ھاوپەیمان و دۆستەکەی خۆیان سەرکەوتن بەدەستبھێنێت،وەک ئاشکراشە لەھەرێمدا دوو بەرەی دژ بەیەک پەیدابون لە دیدو تێڕاونینیان بۆ پەیوەندیەکانی ئێستا و ئایندەیان لەگەڵ حکومەتی بەغدادا،بەرەیەک بە چاوی گومان و ترس و دژەوە لەبەغداد دەڕوانێت بە سەرکردایەتی و نومایندەی پارتی و بەرەی بەرامبەریش بە چاوی دۆست و شەریک و ھاوبەش لە بەغداد دەڕوانێت بە ڕابەرایەتیکردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە،ھەربۆیەش بەغدادیش لەو دیدەوە چاوەڕوانی سەرکەوتن یان شکستی یەکێک لەو بەرانە دەکات.
   وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزەکانیش بەھەمان شێوە بەئاشکرا یان بەنھێنی لەگەڵ ھیچ یەک لەو بەرانەدا خۆیان ساغ نەکردۆتەوە بەڵام ھەمیشە پێدادەگرن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە بە باشترین و خاوێنترین شێواز کە دووربێت لە گزی و ساختەکاری و گەرەکیانە بنەماکانی ڕاستەقینەی دیموکراتی لەم ھەرێمەدا بچەسپێنن کە تاڕادەیەکی گەورە جیاوازە لە دید و بیرکردنەوەی دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی وەکو زۆرینەی شیعە و کەمینەی سونەی عەرەب لە عێراقدا،ئەوان لە ھەرێم وادەڕوانن و ئومێدی زۆریشیان لەسەر ھەڵچنیەوە کە ببێتە پێگە و ھەڵکەوتەیەکی سیاسی و ئابوری و ئەمنی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەناوچەکەدا.
   ھەربۆیە ڕەنگە پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمان و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان،جۆرێک لە گۆڕانکاری تیادا ڕووبدات گەرچی زۆر گەورە و بەرچاویش نەبێت،چونکە سەرەتا پڕۆسەکە وەستاوەتە سەر ڕادە و ئاستی متمانەی جەماوەر بەخودی پڕۆسەکە و ئەنجامەکانی و ڕێژەی بەشداریکردنی ھاوڵاتیان چونکە لەئێستادا ھاوڵاتیانی ھەرێم بەشێوەیەکی گشتی لەھەموان توڕەن بە دەسەڵاتداران و بەناو ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیشەوە چونکە ھیچ کامیان نەیانتوانیوە لە ٣٣ساڵی ڕابووردوودا ببنە جێگەی متمانەی کۆنکرێتی شەقام و ڕای گشتی جەماوەری ھەرێم.بۆیە چاوەڕوانی گۆڕانکاری زۆر گەورە ناکرێت و ڕەنگە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان ژمارەیەک کورسی و دەنگ کەم ببێتەوە بەڵام نابێتە ھۆکاری سفرکردنەوەیان و ئەو ھێزانەی تری دەرەوەی ھێزە دەسەڵاتدارەکانیش ڕەنگە ھەر بەھێندەی قەوارە و مێژوو و کاری پێشینەیان کە زۆرینەیان مێژوو و ڕابووردویەکی ڕۆشن و گەشاوەیان نیە و ھێشتاش لە دەسەڵاتدا نەبینراون بۆیە جەماوەر بە گومان و دڵڕاوکێ و ترسەوە لێیان دەڕوانێت و نایەوێت بەیەکجار چارەنوس و ئایندەی خۆی و نەوەکانیشی تەسلیم بەو ھێزانە بکات.
   لە ئەنجامدا ڕەنگە پڕۆسەی سیاسی لەکوردستان گەر ژمارەیەک لەو حیزبانە بە ڕێژە و قەوارەی کەمەوە بچنە ناو پەڕلەمانەوە دۆخێکی زیاتر لە ناجێگیری سیاسی و ئابوری و تەژی بە ململانێی حیزبی  بێتە کایەوە  کە ڕێکەوتن و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن گەر مەحاڵ نەبێت ئەوا زۆر دووردەبن لەیەکتریەوە،بە گەواھی ئەوەی کە لە ١٣ حیزب و ٢ ھاوپەیمانی و ١٣٩ لیستدا نە بەرەیەکی یەکگرتووی ئۆپۆزسیۆن و نە ھاوپەیمانێتیەکی بەھێز و پتەوی حیزبە گەورەکان پێکھاتوون کەئەمە مانای شڵەژاوی و ناڕێکی و دڕدۆنگی ھەموان لەگەڵ ھەمواندا دەگەیەنێت،جا ئەنجامەکانیش ھەرچیەک بن ئەوا پێشبینی ناکرێت لەدوای ئەنجامەکان و لەناو پەڕلەماندا باشتر وێنکە دەربکەوێت.
   جێگەی سەرنجە کە لە پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی کوردستانیشدا کە تەنھا ٥کورسیان ھەیە،ژمارەی کاندیدەکانیان ٣٩ پاڵیوراون لە مەسیحی و تورکومانەکان.بەسەر چوار بازنەکەی ھەڵبژاردندا دابەشبوون،ئەوانیش وەکو کوردەکان پەرتەوازە وناتەبا و ڕێکخراو و یەکگرتوو نین.
   بەم شێوەیە پەڕلەمانی داھاتوو ڕەنگ و دەنگی جیاوازی تێدەکەوێت و ڕەنگە بۆ ڕایکردنی پڕۆژە یاسایەک مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنی دەنگی تێبکەوێت وەک پەڕلەمانی عێراق و ئەمەش ببێتە ھۆکاری ئەوەی کە پەڕلەمان ھێندەی تر لاواز و بێدەسەڵات بمێنێتەوە و نەتوانێت ئەرکە سەرەکیەکانی لە یاسادانان وبەدواچونەکانیدا سەرکەوتوو ببێت وئەنجامیش حکومەتێکی لاوازتر بێتە کایەوە کە بەدڵنیایی حکومەتێکی ئیئتیلافی لەرزۆک دەبێت نەک حکومەتێکی یەک و یەکگرتووی بەھێز.
   بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ھەموان و بەلای ھەموانەوە گرنگە،چونکە ئومێد و ئاواتی زۆری لەسەر ھەڵچنراوە بۆئەوەی ھەریەکە بتوانێت ئەسپی خۆی تیادا تاوبدات و سەنگ و قورسایی خۆی پیشان بدات و نەیارەکانی تووشی شکست و بچووک بکاتەوە،گرنگە ئەم ھەڵبژاردنەی پەڕلەمان لەدۆخی قەتیسی و سستی و باڵادەستبونی لایەنێک دەربازبکات و گیانێکی زیندوو و خاوەنی دەستپێشخەری سیاسی بێنێتە کایەوە کە پێگە و قورسایی و سەنگینی پەڕلەمان وەکو ئۆرگانێکی شەرعی ھەڵبژێردراو لەسەروو ھەموانەوە پیشانبدات و ھەموانیش بەحکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمیشەوە پابەندی بەدواداچوون و یاساکانیەوە بن و پەڕلەمان ببێتەوە مەرجەعی ھەموان و  ببێتە جێگەی یەکلاکردنەوەی کێشە و مەسەلە گرنگەکانی ھەرێم لەبواری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەکان و وزە و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیاندا.
   ھەربۆیە بەبێ ھاتنە کایەی پەڕلەمانێکی بەھێز ،ئەوا مەحاڵە حکومەتێکی بەھێز و پارسەنگ و ھاوسەنگ بێتەدی و کێشە و گرفتەکانی ٣٣ساڵی ڕابووردوش بەردەوامیان دەبێت،لەکاتێکدا کە توانا و پێگەی ھەرێم لە ناو عێراق و ناوچەکە و لای دۆستەکانیش لاواز و بچوک بۆتەوە و بەداخەوە ھێندەی نەیارمان ھەیە نیوھێندە دۆست و یاری ڕاستەقینەمان نەماوە بەبەراورد بەسەرەتای گۆڕانکاری و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٣دا،بۆیە گرنگە کە ھەموان گەر لەسەر ھیچ ڕێکنەکەون لەسەر مانەوە و بەھێزبوونی پەڕلەمان و حکومەتی ئایندە ڕێکبکەون لە پێناو پاراستن و مانەوەی قەوارەی یاسایی و دەستوری ھەرێمی کوردستان.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×