پارت و گروپە سیاسیە نوێکان‌و  ئایندەی حوکمڕانی ھەرێم

نەوزادی موهەندیس
  2024-09-22     220

   ئاشکرایە دیاردەی حیزبایەتی وەک دیاردەیەکی سیاسی و ئازادی ڕاوبۆچوون و کاری سیاسی و ھەڵوێست دیاردەیەکی ئاسایی وپێکھێنەرێکی سەرەکیشە لە بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکاندا چونکە کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان لە چەندین چین و توێژی جیاواز پێکھاتوون لە ڕووی نەتەوە و ئاین و مەزھەب و ناوچە و کەلتورەوە،کەھەریەکەشیان خاوەنی باکگراوندی تایبەت بەخۆیانن و خواست و ئیڕادەی جیاوازیشیان ھەیە بۆ وەدیھێنانی ئامانجی چین و توێژەکانیان .جا حیزبی سیاسیش یان یانە کەلتوری و ڕۆشنبیریەکان جێگەی ئاسایی گردبونەوە و لێکنزیکبونەوەی بیروڕاو و ھەڵوێست و گوتارە ھاوبەش و لێکنزیکەکانی چین و توێژەکانن بۆ زیاتر خۆڕێکخستن ولێکتێگەیشتن وموتوربەکردنی بیروڕا جیاوازەکان و ڕێکخستنیان لە بەرنامە وفۆڕمێکی دیاریکراودا کە ھەموان لەسەریان کۆکبن و کاریش بکەن بۆ وەدیھێنانیان.
    بەم شێوەیە دیاردەی حیزبایەتی لەلایەک مایەی وشیاری و وشیارکردنەوەی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە و لەلایەکی تریشەوە وێسگەیەکی گرنگە بۆ دابەشبوون و کۆبونەوەی چین وتوێژەکانیشە لەگەڵ یەکدا گەر لەسەر بنەما ڕاستودروستەکانی دیموکراتی و ئازادیەکان و کاری پێکەوەی وخزمەتکردنی کۆمەڵگا و گۆڕانی پۆزەتیڤ و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان بێت.بەڵام گەلێک لە حیزبە سیاسیە کلاسیکی و لە ئێستاشدا ئاڕاستەی کار و گوتاری سیاسیان ھێندەی بۆ تۆخکردنەوەی ڕقوکین و جیاکاری و تۆخکردنەوەی دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و ناوچەگەریە نیوھێندە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگادا کارناکەن، ھێندەی بونەتە ھۆکاری لێکترازان و لێکھەڵوەشاندنەوەی ڕیزەکانی کۆمەڵگاکان نەبونەتە ھۆکاری لێکنزیکبونەوەی ئاشتی و تەبایی کۆمەڵایەتی.بۆیە بە ھەق دیاردەی فرە حیزبی و دامەزراندن و دروستکردنی پارتی سیاسی نوێ لەلایەن کەسانێک کە نەڕابووردویەکی سیاسی دیار و نە کاریزمایەکی بەھێز و بەناوبانگی ناو کۆمەڵگا و نە کارەکتەرێکی کاریگەری ئابوری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریش نین،ھۆکارێکن بۆ تەنھا گردبونەوەیەکی نا ڕێکخراوی بێ بەرنامە و دیدی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و کەلتوری ڕوون و دوورمەودا بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا،بەڵکو ئەوەی لە دونیا و ناوچەکە و بەتایبەتیش عێراق و ھەرێمی کوردستاندا دەبینرێت بریتیە لە پاشاگەردانیەکی سیاسی و تێکەڵکردنی لاپەڕەکان و تاودانە بۆ دەسکەوتی مادی و ئابوری و وەدەستھێنانی پلەو پۆست و ئیمتیازاتەکانە بۆ دەستەیەکی دیاریکراو لە سەرکردایەتی ئەو حیزبانەدا.
   ئەوەتا لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کە سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دەکات ڕاگەیەنراوە کە ٢٣٦حیزب و کیانی سیاسی و ھاوپەیمانی و تاکە کەس ناونوسکراون بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکەدا و کۆی پاڵێوراوانی تاکە کەسی ((سەربەخۆ)) و لیستی حیزب و کیان و ھاوپەیمانێتیەکان و کۆتای پێکھاتەکان گەیشتۆتە ١١٩٨ پاڵێوراو تەنھا بۆ ١٠٠ کورسی پەڕلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم، ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە لەو ژمارەیەش تەنھا دوو ھاوپەیمانی پێکھێنراون کە ئەوانیش لاواز و بێ کاریگەرن لەنێوان چەند پارتێکی بچوکدا.جا گەر ئەمە ئاماژەیەک بێت بۆ ڕاستیەک ئەوا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ھەموو ئەو حیزب و سەرکردە سیاسیانەی کوردستان ھێندە دوورن لە یەکەوە لەڕووی بەرنامەی کار و پلان و گوتار و دیدی سیاسیانەوە کە ناتوانن پێکەوە کاربکەن و لێکنزیکببنەوە،کەئەمەش بۆخۆی بەڵاو و کارەساتێکی ترسناک و مەترسیدارە بۆ ئێستا و ئایندەی یەکڕیزی و تەبایی و بنەمای پێکەوەکارکردن لەداھاتوودا.چونکە کۆمەڵگای کوردەواری زیاتر لەھەموو کاتێک لە ئێستادا پێویستی بە یەک ڕیزی و تەبایی و کاری پێکەوەیی و دانوسان و گفتوگۆی برایانە ھەیە، نیوھێندە پێویستی بە زۆری و بۆری لە دامەزراندنی حیزبی سیاسیدا نیە،ھەربۆیە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی پارتە سیاسیەکان کە زۆرینەیان مێژوو و ڕابووردووی کاری سیاسی و دامەزراندنیان ھێندە نوێیە کە خاوەنی ھیچ ڕابووردوو شانازیەکی ئەوتۆنین کە ھاوڵاتیانی ھەرێمەکەمان لەسەر کار و کردەوەکانیان ھەڵیانبسەنگێنێت و دەنگیان پێبدات.
   لەکاتێکدا عێراق و ناوچەکە و ھەرێمەکەشمان لە دووڕیانێکی مەترسیداری یەکلاکەرەوەدان بەھۆی ئاڵوگۆڕە خێرا و ئاڵنگاریە گەورەکان و مەترسیە شۆکھێنەرەکان کە ھەموانیان بە ئاڕاستەی ھەڵایسانی جەنگێکی گەورەی ماڵوێرانکەرن لەناوچەکەدا کە دوور نیە تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنێت،جا لە کات و ساتێکی ئاوھادا کۆمەڵگەی کوردەواری لەھەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵەکەی خۆی ھەیە ئەوەش بەکاری پێکەوەیی و لێکتێگەیشتن دەبێت نەک جودایی و دوورکەوتنەوە لەکار و گوتاردا.بۆیە گەر دیاردەی فرە حیزبی لەوڵاتانی پێشکەوتوودا مایەی وەدیھێنانی خواست و ویستەکانی جەماوەر و شەقام بێت ولەپێناو خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیانیاندا تەواو بێت،ئەوا بە پێچەوانەوە لەھەرێمی کوردستاندا کە نەدەوڵەتە و نەسەقامگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی تیایدا جێگیرە و نەخاوەن سەروەری و سەربەخۆیی خۆیەتی،ئەوا بەدڵنیایی دەبێتە مایەی نیگەرانی و خەم و پەژارە و لێکترازانی زیاتر چونکە ئەوان پێکەوە ناتوانن و نەیانتوانیە لەماوەی ٣٣ساڵی ڕابووردووی ئەم حوکمڕانیەدا ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆی کوردانە و نەیانتوانیەوە ببنە ئەزمون و نموونەیەکی جوان و گەشەکردوو و سەقامگیر لەناوچەکدا و نەیانتوانیوە خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان بۆ ھاوڵاتیان دابینبکەن و نەیاتوانیوە ببنە جێگە متمانەی زۆرینەی ھاوڵاتیان کە تەنھا ڕێژەی خوار لە ٣٠% بەشداری دەنگدان و ھەڵبژاردن کراوە لە ڕابووردووداو نەیانتوانیوە بنەماکانی ئازادیەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و وەکویەکی و خۆشگوزەرانی بۆ ھەموان بێ جیاوازی دابینبکەن،ئایا دەتوانن بەم ھەموو ڕاو و مینبەر و سەکۆ و حیزبی سیاسی بێ ڕابووردوو بێ مێژوو بێ پلانێکی زانستی سیاسی ببنە فریادڕەسی ئەم دۆخ و قۆناغە پڕ مەترسی و قەیراناویە؟
   بۆیە ئەم دیاردەی فرە حیزبی سیاسی زۆر و زەوەندەی کوردستان ھێندەی مایەی ترس و دڵەڕاوکێیە نیوھێندە مایەی دڵئارامی و گەشبینی وگەشەوپێشکەوتن و ھوشیاری و ھوشیاربونەوەی کۆمەڵگا ناگەیەنن،چونکە زۆرینەیان پێویستی و زەرورەتی قۆناغەکە نەیھێناونەتە بوون بەڵکو تەنھا حەز و خولیای دەسەڵات و دەوڵەمەندبوون و دەستخستنی پلەو پۆست و ئیمتیازاتەکان پاڵنەری سەرەکی دروستبوون و لەدایکبونیانە.ئاشکراشە ئەم جۆرە حیزبانە لەماوەیەکی کورتدا دەپوکێنەوە و لێکھەڵدەوشێنەوە چونکە بناغە و بنەمایەکی کۆنکرێتی جەماوەری و سیاسی ڕاستەقینەیان نیە و تەنھا بۆ ماوەیەکی کاتی ھاتوون نەک بۆ مانەوە وبەمەش لەزیان زیاتر ھیچ سوودێک بەھوشیاری وگەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵگا ناگەیەنن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×