لە ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 9/9/2023 لە میانەی لوتكەی كۆمەڵەی 20 لەشاری نیودەلهی لە هندستان هەریەكە لەسەرۆكی ئەمریكا جۆبایدن و سەرۆك وەزیرانی هندستان ناریندار مودی و هاوپەیمانەكانیان لە یەكێتی ئەوروپا پڕۆژەی ((بیناكردنی ڕێڕەوی ئابوری نوێ))یان ڕاگەیاند كە هەریەكە لە وڵاتانی هند و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە هەریەكە لە ئیمارات و سعودیە و ئوردون و ئیسڕائیل )) لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا وبەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریكادا لەخۆدەگرێت .
ئەم پڕۆژەیە چییە و لە پێناو چیدایە؟
وەك ڕاگەیەنراوە ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە(( ڕاكێشان و گەیاندنی هێڵێكی نوێی گواستنەوەی كاڵاو كەلوپەلەكان و وزە لە هندستانەوە لە ڕێگەی دەریای عەرەب بۆ كەنداوی عەرەبی و لە وڵاتی ئیماراتیشەوە دێتە سەر وشكانی و لەڕێگەی ڕاكێشانی هێڵی ئاسنی شەمەندۆفێر و كێبڵی كارەبایی بۆ گواستنەوەی وزەی كارەبا و هایدرۆجین و كێبَڵ بۆ گواستنەوەی پەیوەندیە ژمارەییەكان بەرەو سعودیە و دواتر تێپەڕدەبێت بە هەریەكە لە ئوردون و ئیسڕائیل و جارێكی تریش بەناو دەریای سپی ناوەڕاستدا دەپەڕێتەوە بۆ كیشوەری ئەوروپا و تا دەگاتە وڵاتی ئەڵمانیا))،ئەم هێڵە نوێیە ئابوری و بازرگانیە درێژییەكەی دەگاتە 8166كم كە لە بەندەری مۆمبای هندستانەوە دەستپێدەكات و تا دەگاتە ئەڵمانیا لەناوەڕاستی كیشوەری ئەوروپادا.
پڕۆژەكە لە پێناو چیدایە:
ئەم پڕۆژەیە بەئاشكرا ئامانجی:
• هاوبەشیكردنی وەبەرهێنانە لە ژێر خانی جیهانیدا.
• وەك پڕۆژەیەكی سەوز وژمارەییە لە نێوان كیشوەر و شارستانێتیە جیاوازەكاندا.
• ئامانجی بەستنەوەی وڵاتانی هند و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەكێتی ئەوروپایە پێكەوە كە ئەمەش ناوچەیەكی گەورە و فروان و گرنگی جیهان پێكدێنێت.
• ئامانجی باشتركردنی پەیوەندییە ژمارەییەكان و هاندانی زیاتری بازرگانییە لەنێوان وڵاتاندا، كە هەریەكە لەبەرهەمەكانی وزە وەك هایدرۆجین لەخۆدەگرێت.
بەم شێوەیە ئەم پڕۆژەیە كاریگەری و لێكەوتەی ئەرێنی بەرچاوی دەبێت بۆ ئایندەی ئابوری و بازرگانی جیهانی لەڕێگەی :
• دەبێتە هۆی گەشەپێدان و ئامادەسازی ژێرخانی جیهانی كە هەریەكە لە هێڵی ئاسنین و بەستنەوەی بەندەرەكان لەخۆدەگرێت بۆ زیادكردنی گواستنەوەی كاڵاكان و خزمەتگوزاریەكان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش.
• دەبێتە هۆی پشتیوانیكردن لە سەلامەتی گواستنەوە و دابینكردنی وزەی جیهانی لەڕێگەی ڕاكێشانی هێڵ و بۆری بۆ گواستنەوەی كارەبا و هایدرۆجین.
• ڕاكێشانی كێبڵی بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان لە میانەی تۆڕێك كە بەسنورەكاندا تێپەڕدەبێت بە توانا و كوالێتیەكی بەرز و متمانە پێكراو.
• كاردەكات لەسەر تەواوكاری ئابوری و بەشداریكردن لە دابینكردنی هەلی كاری نوێ و جۆری بەشێوەیەك كە دەبێتە هۆی دەسكەوتی دوور مەودا بەدرێژایی ڕێڕەوەكە كە سنورەكان دەبڕێت بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی كە هێڵەكەی پیاداتێپەڕدەبێت.
• كاریگەری و لێكەوتەكانی بۆ وڵاتانی بەشدار و وڵاتانی دەرەوەی پڕۆژەكەش:
ئەم پڕۆژەیە بۆ هەموو وڵاتانی بەشداری پڕۆژەكە لەهەریەكە لە هندستان و ئیمارات و سعودیە و ئوردون و ئیسڕائیل و هەموو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا گرنگیەكی ئابوری و سیاسی گەورەی دەبێت و دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی وگەشەوپێشكەوتن و دابینكردنی هەلی كار و بەرزكردنەوەی داهاتی نیشتیمانی و بوژاندنەوەی ئابوریەكانیان و لەم ڕێگەیەشەوە هاوكاری و پەیوەندیە سیاسیەكانیشیان توندوتۆڵتر دەبێت .
• بۆ ئیسڕائیل لە چەند ڕوویەكەوە سوودبەخشە لەبەر ئەوەی ئیسڕائیل دەكەوێتە ناوجەرگە و دڵی پڕۆژەكەوە:
• كات وكرێی گواستنەوەی كەلوپەل وكاڵاكان لەوڵاتانی كەنداوەوە بۆئیسڕائیل كەمدەكاتەوە.
• ئاستی ژیان وگوزەرانی تاكی ئیسڕائیلی بەرزدەكاتەوە و خۆشگوزەرانیان دەكات.
• جێگیری سیاسی و گەشەی زیاتری ئابوریشی بۆ دەستدەخات.
• پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و بازرگانیەكانی ئیسڕائیل لەگەڵ هەریەكە لە سعودیە و ئیمارات بەتایبەتی و بەگشتیش وڵاتانی تری كەنداوی عەرەبی گەرموگوڕتر دەكات كە لەمێژە ئیسڕائیل و ئەمریكا هەوڵی لێكنزیكبونەوە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانیان دەدەن.
• بۆ وڵاتانی عەرەبی بەشدار بەتایبەتی و بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی:
• ئەم پڕۆژەیە دەبێتە نزیككردنەوەی ڕێگای هاتووچۆی كۆنی گواستنەوەی ئابوری و بازرگانی لەڕێگەی كەناڵی سوێسی میسریەوە بۆ ئەوروپا و بە پێچەوانەشەوە كە كاریگەری لەسەر كات و كرێكان دەبێت.بەڵام كاریگەری خراپی دەبێت وزیاندەگەیەنێت بە میسر و داهاتەكەی.
• نزیكبوونەوەی زیاتری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەوروپا و بە پێچەوانەشەوە.
• گۆڕینی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەژی بە ململانێ خوێناوی و جەنگ و توندوتیژی و وەك سەرچاوەی تیرۆر بۆ ناوچەیەكی گەشەسەندوو و ئارامی سیاسی و ئابوری.
ئەم پڕۆژەیە چەندە پیلان و مەبەستی ئابوری ئاشكرای لە پشتەوەیە هێندەش مەبەستی سیاسی و ئەمنی لە پشتەوەیە،چونكە ئەم پڕۆژەیە لەلایەك بۆ لێدانی بەرژەوەندیەكانی ئێران و عێراق و وڵاتانی تری سەر بە خولگەی ئێرانە وەك هەریەكە لە سوریا و لوبنان و ڕێكخراوە ئیسلامیە توندڕەوەكانی وەكو حیزبوڵاو و حەماس و دواتریش حوسیەكانی یەمەن.لەلایەكی تریشەوە وەك باسمانكرد زیاتر نزیككردنەوەی وڵاتانی عەرەبی كەنداوە لە ئیسڕائیل و بەتایبەتیش سعودیە.لەلایی سێهەمیشەوە كەمكردنەوەی ڕۆڵی توركیاشە وەك ڕێڕەوێكی گرنگی هەمیشەیی و مێژوویی لەنێوان ئاسیا و ئەوروپادا.
بەم شێوەیە ئەم پڕۆژەیە لەسیماو و ڕووخساریدا پڕۆژەیەكی ئومێد بەخشە بۆ ئایندە كە تائێستا كاتی دەستپێكردن و تەواوكردنی دیارینەكراوە و هێشتاش سەرچاوەكانی داراییشی ڕوون وئاشكرانیە كەچۆن دابیندەكرێت و وڵاتانی بەشدار چۆن بەشداردەبن.بەڵام لەناوەخندا مەبەست و ئامانجی دوورمەودای شاراوەش لەخۆدەگرێت.كە ڕەنگە هەموانیان لە بەرژەوەندی پاراستن و بەهێزكردنی ئیسڕائیل تەواو ببێت.
جا سەركەوتن وەدیهاتنی ئامانجەكانی ئەم پڕۆژە گەورەو كاریگەرە وەستاوەتە سەر ئەوەی تاچەند ئەم ڕێڕەوە سەلامەت و ئارام و پارێزراویش دەبێت لەسایەی ئەم پیلان و جەنگ و كاولكاریانەی نێوان حەماس و ئیسڕئیلدا ؟ ئایا بەرەی ئێران و ڕووسیا و چینیش دەستەوستان و بێ جوڵە و پەرچەكردار دادەنیشن ؟ ئەی ئایا پڕۆژەی پشتێنەی ئاوریشمی چین چی بەسەردێت كە یەكێك لە ئامانجە شاراوەكانی ئەم پڕۆژەیە لێدانە لە ڕێگای ئاوریشمی چین؟
بۆیە با چاوەڕوانی ڕۆژگاربین وهەر لە ئێستاوە خەون و خەیاڵی ڕەنگاوڕەنگی پێوەنەبینین لەكاتێكدا كە عێراق و هەرێمی كوردستانیش ئەو پڕۆژەیە نایگرێتەوە و كەوتۆتە دەرەوەی ناوچەی پڕۆژەكە كە ئەمەش كاریگەری خراپ و نەرێنی دەبێت.