ململانێی فەلەستین – ئیسرائیل تاكەی؟ بەرەو كوێ‌؟

نەوزادی موهەندیس
  2023-10-10     469

       ئاشكرایە ململانێی عەرەب بەگشتی و فەلەستینیەكان بەتایبەتی دژی ئیسڕائیل و جولەكە مێژوویەكی دێرینی هەیە و هەر لەدوای هاتنی ئاینی ئیسلامەوە دەستیپێكردوە و دواتریش دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی سەهیۆنیەتی جیهانی بە ڕابەرایەتی تیودۆر هێرتزل لەساڵی 1897 و ئیدی كنەكردنی  جولەكەی پەرتەوازەی جیهان بۆ دۆزینەوەی زەویەك و خاكێك بۆ ئەوەی دەوڵەتێكی تیادا دابمەزرێنن  دەستیپێكرد و ئەوەبوو دوای هەوڵێكی زۆر بەڵێنی بەلفۆریان لەساڵی 1917دا بۆ دەرچوو لەلایەن بەریتانیای زلهێزی ئەو سەردەمەوەو دوای 31 ساڵیش ئەو بەڵێنەیان بۆ جێبەجێكردن و ئیدی ململانێ و جەنگی دوورودرێژی عەرەب –ئیسڕائیل دەستیپیكرد و تائێستاش كە  75 ساڵە بەردەوامە بە خوێناویترین شێواز
    ئەم جەنگە كێشەی فەلەستینیەكانی كردە كێشەی پلە یەكی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تا ساڵی 1994 كە دوا ڕێكەوتنی ئاشتی نێوان فەلەستین –ئیسڕائیل بوو كە بەڕێكەوتنی زەوی بەرامبەر ئاشتی ناوزەدكرا.جۆرێك لە هێمنی و ئارامی باڵی كێشا بەسەر ململانێكەدا،بەڵام خامۆشنەبوو چونكە تەنها بزوتنەوەی فەتحی عەرەفات ئەو ڕێكەوتننامەیەیان واژۆكردبوو دوور لە بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی و ئەوانی تریش.هەربۆیە ڕێكەوتنامەكە ئەوەندەی نەخایاند و عەرەفاتیشی بەسەردا ڕۆیی و جارێكی تر ململانێكە گەرمبۆوە.بەڵام وەك پێشان نەما و ئەو گەرموگوڕیەی  ساڵانی هەشتاكانی نەما لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا،بەهۆی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیەوە و گۆڕانكاریە گەورەكانی ڕژێمە عەرەبیە سەپێنراو و تاكڕەوەكانی تونس و لیبیا و میسر و عێراق و سوریا و یەمەن و ...هتد.هەروەها بەهۆی هاتنە پێشەوەی مەسەلەی كوردیش لەهەریەكە لە عێراق و توركیا و سوریا و ئێرانیش و بەهۆی جەنگی دژە تیرۆرەوە كە كورد ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لەگەڵ هاوپەیمانانی ڕۆژئاوادا.
   بەم شێوەیە ململانێكانی عەرەب ئیسڕائیل قۆناغی هەڵكشان و داكشانی زۆری بەخۆوە بینیوە و لە ئێستاشدا ئەم كێشەیە بەرۆكی ئیسڕائیلی گرتۆتەوە  لە 7ی ئۆكتۆبەرەوە و لەماوەی 3 ڕۆژی ڕابوردوودا بە شێوەیەكی زۆر توندوتیژ و خوێناوی و بوێرانەی فەلەستینیەكان سەریهەڵداوەتەوە بەنای (تۆفانی ئەقسا) و بۆیەكەم جار لە دوای 75 ساڵ فەلەستینیەكان بە ڕابەرایەتی بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی دوور لە فەتحییەكان توانیان شكۆ و ناو وناوبانگی گەورەی ئیسڕائیل بە سوپا و مۆساد و دەزگای هەواڵگریەكەیەوە بشكێنن و بیڕوشێنن و چالاكیەكەیان هێندە گەورە و شۆكهێنەربوو بۆ ئیسڕائیلیەكان و وڵاتانی زلهێزیش كە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەكرد كە زیاد لە 5هەزار موشەك و درۆن و پەڕەشووت و بەلەم لە زەوی و دەریا و ئاسمانەوە هێرش بكەنە سەر شكۆو سەروەری و هێڵە تابۆكانی ئیسڕائیل و تا ئێستا زیاد لە 700كوژراو و 2هەزار بریندار و 1000ونبوو و 100دیلییان لێبگیرێت.
    ئاشكرایە ئەم توانا سەربازیەی حەماس و جیهادی ئیسلامی تواناو وزەی دوو حیزبی چەكدار نین، بەڵكو پشتیوانی حیزبوڵای لوبنانی و سوریا و ئێران و تاڕادەیەكیش شیعەكانی عێراقیشی لە پشتەوەیە و هەموو ئەم هەوڵانەش دەچنە چوارچێوەی بەرەگەورەكەی جەنگ و ململانێكانی ئێران -سعودیە و ڕووسیا- ئەمریكا و ئەوروپیەكانەوە لەبەرامبەر هەڵایسان و درێژەدانی جەنگی ڕوسیا- ئۆكراین بۆ ماوەی نزیكەی 2ساڵ.
  جا نە ئیسڕائیل بەم هێرش و پەلامارانەی فەلەستینیەكان دەڕووخێت و لەناو دەچێت نە فەلەستینیەكانیش دەتوانن سەركەوتنی گەورە بەدەستبێنن.ڕەنگە ئەم جەنگەی ئێستا درێژەبكێشێت و سەرقاڵی و بێزاركەریش بێت بۆ ئیسڕائیلیەكان بەڵام ماڵوێرانی و سەرگەردانی و ئاوارەبوونی زیاتریشی پێوەیە بۆ فەلەستینیەكان.
   ئەم جەنگ و مكلملانێیانە تا پشتبەستووبوو بە هێز و توانای ڕاستەقینەی فەلەستینیەكان خۆیان ناو وناوبانگێكی باش و پشتیوانیەكی جەماوەری و ڕەسمی عەرەبی و ئیسلامیشی لە پشتەوە بوو،بەڵام لە ئێستادا كە بونەتە داردەست و جێبەجێكەری پیلانەكانی ئێران و شیعە مەزهەبەكان ئەوا چ لەلای عەرەبە سونەكان و ئیسلامەیش بەگشتی ئەو پشتیوانیە مادی و مەعنەوییەیان نامێنێت و بەرەیەكی فراوانی جیهانی لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئەمریكا و ڕۆژئاوا دژیان دەوەستنەوە،چونكە جەنگێكە لە جیاتی ئێران و ڕووسیا دەیكەن و بۆخۆیان نیە و لەسەر حسابی وێرانبوون و ئاوارەبوونی خاك و گەلی فەلەستینە.
    هەربۆیە جەنگەكە درێژە دەكێشێت و ڕەنگە بۆ ئایندەش ئاسەواری خراپتریش بەجێبهێڵێت و ڕەنگدانەوەی گەورە و نەگەتیڤیشی هەبێت بۆ تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگری جەنگەكە دەستوپێی زۆرێك لە گەلان و وڵاتانی ناوچەكەش بسوتنێنێت و ئەمەش وادەكات كە هەژموون و كۆنتڕۆڵی زلهێزەكان لەناوچەكەدا زیاتر بچەسپێنێت و ئەوانیش بەناوی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە و دونیاشەوە وەك سەرچاوەیەكی گرنگی نەوت و غازی سروشتی كە 60% وزەی جیهان  دابیندەات هێز و توانای سەربازی زیاتر بێننە ناوچەكە و بەرژەوەندیەكانی ئایندەی خۆشیان بپارێزن و ئەوەی بە ئاشتی دەستیان نەكەوتووە بۆ جارێكی تر و بەهەمان شێوەی دوای جەنگی جیهانی یەكەم بوون و دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و دووریش نیە گۆڕانكاری لەنەخشە و جوگرافیای ناوچەكەشدا بكەن و بۆ سەد ساڵی ئایندەش بەرژەوەندیەكانیان بپارێزن و مسۆگەریشی بكەن.هەموو ئەم ئەگەر و پێشبینیانەش ڕۆژان و ساڵانی ئایندە زەمانەتی ڕاستودروستی و وەدینەهاتنیان دەكەن.
    بەدڵنیایی كوردیش و مەسەلەكەشی گۆڕانكاریان بەسەردا دێت و هەربۆیە گەرەكیشە كە كورد لەهەر چوار پارچەكەی كوردستان پلانی پێشوەختەی هەبێت بۆ ئەو ئایندە ناڕۆشنە و هەوڵبدات وەكو دوای هەردوو جەنگە جیهانیەكە و جەنگی ساردیش بتوانێت قەوارە و دەسكەوتی گەورە بۆخۆی مسۆگەر بكات ئەویش تەنها بەیەك و یەكگرتوویی و بەهێزی نێو ماڵی كورد خۆی دەبێت.بەپێچەوانەوە ڕەنگە گەرمبونەوەی مەسەلەی فەلەستین  لەسەر ئاستی ناوچەكە  دونیاش وابكات كە مەسەلەی كورد لەناوچەكەدا بۆ دەیان ساَڵی تر بخەوێنێت و بخرێتەوە سەر ڕەفەی زلهێزەكان و لەبیریان بچێتەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×