ئاشكرایە پێش 100ساڵ و لە ڕێكەوتی 24 تەمووزی 1923 دا ڕێكەوتنامەی لۆزانی شووم بۆ كورد و كوردستان لە نێوان هەریەكە لە ( ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و فەڕەنسا وئیتالیا و یابان و یۆنان وڕۆمانیا و یۆگۆسلافیای هاوپەیمان و سەركەوتووی جەنگی جیهانی یەكەم و توركیای دۆڕاوی جەنگەكەدا) واژۆكرا لە دوای ڕێكەوتننامەی سێڤرە كە لەبەرژەوەندی كوردو كوردستاندا بوو لە ڕێكەوتی 10ی ئابی 1920 واژۆكراو.ئەم ڕێكەوتننامەیە هەموو خەون و خەیاڵەكانی كوردی ئەو سەردەمە وبە ئێستاشەوە زیندەبەچاڵكرد و خراپترین و شوومترین ڕێكەوتننامەیە بۆ كوردو كوردستان لەدوای ڕێكەوتننامە هەرە شوومەكەی سایكس-بیكۆ لە 16/5/1916دا كە بۆ دووەم جار كوردستانی گەورەی كردە نەك دوو پارچە بەڵكو چوار پارچە و دواتر ئەم ڕێكەوتنە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتننامەی سێڤرە كە یەكەم ڕێكەتننامەی نێودەوڵەتی بوو بە قازانجی دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی،دواتریش ڕێكەوتننامەی شوومەكانی سەعدئاباد لە 8/7/ 1937 و هاوپەیمانی سەنتۆ //بەغداد لە 24/2/1955 لەهەمووانیان شوومتر و بەزەبرتر بوو بۆ كورد و كوردستان.
ئەوەتا دوای 100ساڵی ڕێك هێشتا كورد نەك نەیتوانیوە ئەو ڕێكەوتنە ئاوەژووبكاتەوە بە قازانجی خۆی بەڵكو لەو ڕێكەوتنامەیەش خراپتری بەسەر خۆیدا هێناوە و نەك هەر ململانێی توند دەكات لەگەڵ داگیركارانی كوردستاندا بەڵكو بونەتە دۆستی نزیك و بەرژەوەندخوازی یەكتری و هاوپەیمان و خاوەن بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و ...هتد.پێكەوە.جا ئیدی ئەم 100ساڵە وەكو ئەوە وایە كە كورد لە بازنەیەكی بۆشادا بسوڕێتەوە و لەجێگەی خۆی بجوڵێت بەبێ ئەوەی هەنگاوێك بچێتە پێشەوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە ئایا كورد لە یادی 100ساڵەی ئەو ڕێكەوتنە شوومەدا چی كردوە و بەنیازی چییە و ئەركی قۆناغی داهاتووی چییە؟
بەداخەوە كورد لەماوەی 100ساڵی ڕابووردوودا چەندین شۆڕشی چەكداری و خوێناوی و ڕاپەڕینی مەزنی كردوە و توانیویەتی كۆمارێكی ساوای كوردستان لەساڵی 1946 دابمەزرێنێت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەردەوامیش بدات بە شۆڕشە چەكدارییەكانی كەتائێستاش بەردەوامە بەڵام بە لاوازی، لە باكووریش بەشە هەرەگەورەكەی كوردستان و لەناوجەرگەی دەوڵەتی فاشی عوسمانی و توركی ئەتاتوركیدا شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی ئاگریداخ و دەرسیم و دواتریش شۆڕشی چەكداری نوێی بەڕابەرایەتی پەكەكە و لە باشووری كوردستانیشدا شۆڕی 14ساڵەی ئەیلول و دواتریش شۆڕشی نوێ لە ساڵی 1975 و لە ئێستاشدا پەڕلەمان وحكومەتێكی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 31 ساڵەی دامەزراندووە. لە ڕۆژئاوای كوردستانیش لەساڵی 2011وە دەسەڵاتێكی خۆسەری و بەڕێوەبردنی دامەزراندوە وبە هەزاران شەهید و قوربانی داوە لەهەرچوار پارچەكەی كوردستاندا،بەڵام هەر لەو 100ساڵەشدا كۆماری سووری سۆڤیەتی لەسەردەمی ئەتاتورك و ستالیندا هەڵوەشایەوە و كرایە قوربانی بەرژەوەندی و پەیوەندیەكانی ڕووسەكان و توركەكان و كوردان ڕووبەڕووی پڕۆسە بەدناوەكانی ئەنفال و كیمیاباران و قاتوقڕكردن و جینۆساید بونەتەوە لەهەر چوار پارچەكەدا.بەرخۆدانی كوردان نموونەیەكی باڵای قوربانیدانە لە مێژووی شۆڕشەكانی گەلان ومرۆڤایەتیدا لەسەر خاك و ئاوی خۆی و نهێنی مانەوەشی ڕەسەنایەتی وهەر ئەو بەرخۆدان و ملكەچنەبوون و چۆكدانەدانەیەتی.
بەڵام ئەی پاداشت و دەسكەوتی ئەو هەموو قوربانیدانە چیبوون؟بەكوێ گەیشتوون؟كورد لە كوێی هاوكێشە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەكانی جیهانی سەردەم و شڵەژاو و پڕبەرژەوەندیە ئابورییەكانە لە ئێستادا؟
كورد وەك ئەركی خۆپاراستن و خۆپارێزی بەوپەڕی تواناوە هەوڵی خۆیداوە،بەڵام لەلایەك هۆكارە ناوەكی و دەرەكی و ناوچەییەكان یارمەتیدەری نەبوون و بەرژەوەندیە گەورەكانی زلهێزە ناوچەیی و دونیاییەكان لە مەسەلەی كورد گەورەتربوون و هەمیشە كوردیان كردۆتە قوربانی لەنێوان خۆیاندا و كورد و سەركردایەتیەكەشی نەیتوانیوە بەباشی و زیرەكانە خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەكان هەبێت و هەلەكان بقۆزێتەوە لەلایەك لەبەر ململانێی ناڕەوای بچووك لەسەر دەسكەوت و پلەو پۆست و دەسەڵاتە بێ ئەرزشەكان و لەلایەكی تریشەوە خۆفرۆشی و خاكفرۆشی و دەستتێكەڵكردن لەگەڵ داگیركارانی كوردستاندا.هەربۆیە هەموو هەوڵەكانی كورد بابادا چووە و ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتۆتەوە.
كورد لە ئێستادا و دوای 30 ساڵ لە جۆرێك لە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەسەڵاتێكی كوردی بێ وێنە لەمێژووی خەباتی كوردایەتیدا كە خاوەنی پەڕلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی خۆیەتی،خەریكە هەڵە مێژووییەكانی ڕابووردوو بە خوێناویترین شێوە دووبارە و دەبارە دەكاتەوە و بەدەستی خۆی ئەوەی هەیە و نیە لەناویدەبات و بەدەستی خۆی پیلانی دوژمنان و داگیركاران و داڕێژەرانی ڕێكەوتننامەی لۆزان و جێبەجێدەكات و خەریكە نەك لۆزانی ڕابووردوو زیندوودەكاتەوە و گیانی بەبەردا دەكاتەوە بەڵكو بەكردارەكی لۆزانێكی نوێ نەك هەر لەبەشی باكوور بەڵكو لە باشوور و ڕۆژئاوادا جێبەجێدەكات بە دانان و دامەزراندنی بنكە و بارەگای سەربازی توركیا و لەدەستدانی كەركوك و زیندووكردنەوەی خەونی ولایەتی موصڵ و لەناوبردن و دوژمنایەتیكردنی كوردانی ڕۆژئاوا و دروستكردنی خەندەقی جیاكردنەوە و داخستنی دەروازەی سمێڵكا بە ڕوویاندا و هەراسانكردنی كوردانی ڕۆژهەڵاتیش.بۆیە گەر ئەوكاتەی لۆزان واژۆكرا كورد بێهێز و بێ دەسەڵات و خاوەن قەوارەیەكی سیاسی و ئیداری سەربەخۆی خۆی نەبوبێت خۆ ئێستا لە دوو پارچەی كوردستاندا خاوەن قەوارەیەكی كوردانەیە،ئەی بۆچی هێشتوومانە و كەوتوینەتە ناو تەڵە و تەپكەی بەرژەوەندخوازی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات و میلەتەكەمان و ملكەچكردن بۆ دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان و خۆخۆری و ملبادان و شكاندنی یەكتری.
كورد بەنیازی چییە؟
بەداخەوە لە ئێستادا كورد هێندەی سەرقاڵی ململانێی ناڕەوای ناوخۆییە لەهەربەشێكدا لە نێوان سەركردە و حیزبە سیاسیەكان و ئەوەتا دوو حیزب و سەركردە نیە كە بتوانن ببنە هاوپەیمان و ڕێكبكەون و كاری هاوبەش و پێكەوەیی ئەنجامبدەن و هەرپارچەیەكیش لەگەڵ ئەویتردا لە ململانێ و دژایەتی و پیلاندانانە بۆ یەكتری.ئیدی ئەم سەرقاڵیە بێهودە و نەبڕاوە ناوخۆییەی كورد بواری نەهێشتۆتەوە بۆ بیركردنەوە و پلاندانان بۆ یەك ویەكگرتوویی و كاری پێكەوەیی و برایەتی و تەبایی و ڕێكخستنەوەی نێو ماڵە گەورە نەتەوەییەكەی كوردان.
هەربۆیە لە یادی 100ساڵەی ڕێكەوتنی لۆزانی شوومدا كورد نەك هەرهیچی نەكردووە بەڵكو بۆدواوەش گەڕاوەتەوە و وەك دەڵێن گەر هەنگاوێكی هاویشتبێت بۆ پێشەوە دەیان هەنگاو پاشەكشەی كردووە بۆ دواوە.لەگەڵ ئەوەی بەراوورد بە 100ساڵی ڕابووردوو كورد خوێندەوارتر و ناسراوتر و مەسەلەكەی گەورەتر و گەرموگوڕتر بوە لەسەر ئاستی ناوچەكە و دونیادا و پەیوەندی و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی فراوانتر و دەوڵەمەندتریشە لەڕووی سەروەت و سامان و داهات و ئابوریەوە و بوونی دۆست و یارەكانیەوە. كەچی هێشتاش لە بازنەیەكی بۆشی مێژوودا دەسوڕێتەوە و هێشتاش هیچ پەندێكی لە ڕێكەوتنامەی لۆزان وەرنەگرتوە و نەیتوانیوە ئەو ڕێكەوتنە كاڵ بكاتەوە و كانسڵیشی بكاتەوە و ڕێكەوتنێكی نوێ بەبەرژەوەندی خۆی و ئایندەی نەتەوەكەمان و نیشتیمانەكەمان بنوسێتەوە و بیچەسپێنێت.
بۆیە ڕەنگە بۆ ئایندەش كورد هەروابمێنێتەوە گەر بەم عەقڵیەت و گیان و بیركردنەوەیەوە كار و خەبات بكات و درێژە بە میراتە ڕەشو وتوون و تاریكەكەی خۆخۆری و براكوژی و ململانێی ناڕەوا و خەسڵەتە دزێوەكانی خۆفرۆشی و خاكفرۆشی و خیانەتكردن بەردەوامی پێبدات.لەكاتێكدا دەوڵەتی توركیای دوژمنە سەرسەختەكەی كوردوكوردستان وەك دەڵێن لەسەر ئاگر چاوەڕوانی كۆتایی هاتنی ماوەی 100ساڵەكەی ڕێكەوتنامەكەیە و بۆ ئەوەی هەموو كۆت وبەندە سەپێنراوەكانی سەری هەڵبوەشێتەوە و ئیدی دەستكراوە بێت بۆ پەلكێشان و فراوانخوازی وەكو ئەردۆگان دەیەوێت و خەوی پێوەدەبینێت كە ببێتە یەكێك لە 10 وڵاتە پێشكەوتوەكەی جیهان و هەموو سەروەریەكانی ڕابووردووی سەڵتەنەتی عوسمانی بگێڕێتەوە.جا ئەمەیە مەترسیەكە بۆ سەر كورد و كوردستان ،بەڵام ئایا جیهانی ئەمڕۆ ڕێگە بەو كار و كردەوە و خەونانەی توركیا و ئەردۆگان دەدات وەك 100ساڵ لەمەوپێش ڕێگەیانپێدابوو؟ .