كۆتا سەنگەری بەرگریكردنی كورد لە یاسای نەوت و غازی داهاتوودا!

نەوزادی موهەندیس
  2023-06-24     293

  وەک دەوترێت كە كورد هەمیشە لەسەنگەری بەرگریكردن و شۆڕش و جەنگە سەپێنراوەكان بەسەریدا هەمیشە سەركەوتوو و جەنگاوەری قارەمان بووە،بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆكان هەمیشە دەستبەتاڵ و فریودراو و دۆڕاو بووە.بەداخەوە دوای 32 ساڵ لە دەسەڵات و ئەزموونی حوكمڕانیەكی نیمچە سەربەخۆوە لە ئێستادا تەنها شەڕی مووچە و بەشە بودجەمانە و هەموو مەسەلە گرنگەكانی خاك و نەتەوە و قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتەكان لە بیر چونەتەوە و هەریەكەمان لەسەركردە و پارتە سیاسیەكان لەهەوڵی بەدەستخستنی پۆست و پلەی حیزبی بچووكی بێ‌ ئەرزشداین و هەموو دیاردە دزێوەكانی ناوچەگەری و عەشرەتگەری و ئاینی و مەزهەبیمان تۆخكردۆتەوە بەسەر مەسەلەی نەتەوە و نیشیمان و ئازادی و سەربەخۆییدا.
   لەنوێترین ململانێ‌ ناڕەواكانیش بریتی بوو لە شەڕی لاوازكردن و بچووكركردنەوە و دەستبادانی یەكتری لەسەر هەندێ‌ مادەی یاسای بودجە كە لەكۆتایدا هەمووانیان بەزیانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.بەڕای بەندە دوای تەسلیمكردنی مەلەفی نەوت بە بەغداد و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی پێشووترمان ئیدی ناتوانرێت كورد ببێتە بەرگریكارێكی باش و بەهێز چونكە هەموو پایە بەهێزەكانی دەسەڵاتەكەی كە  پارە و هێزی پێشمەرگەی هەبوو تەسلیمكردووە و دەسەڵاتیش بەو دوو هۆكارەوە دەتوانێت خۆڕابگرێت و مقاوەمەت بكات.ڕاستە دەسەڵاتی 32 ساڵەی ڕابووردوومان كامڵ و بێ‌ كەموكوڕی نەبوو بێ‌ گەندەڵی و دادپەروەری نەبوو ڕاستە دەسەڵاتێكی شەفاف و یەكسانخواز و خەمخۆر نەبوو ڕاستە دەسەڵاتێكی خاكی و خزمەتكاری ڕاستەقینەی سەر ڕاست نەبوو.بەڵام لەمێژووی سەد ساڵی خەباتی كوردایەتیدا لەهەرچوار پارچەكەی كوردستاندا دەسەڵاتێكی بێ‌ وێنەی كوردی و خۆماڵی بوو بەهەموو كەموكوڕییەكانیەوە.بۆیە ئەركی هەمووان بوو كە تائەو پەڕی بیپارێزین و ڕێگە لەبچووككردنەوە و نەمانی بگرین.ئێستاش نەچووە بچێت كورد پایە و خاڵی گرنگ و بەهێزی هەیە بۆ مانەوە و نە وڵاتانی ناوچەكە و نە زلهێزەكانی ئەوروپا و ئەمریكاش لێدەگەڕێن بە ئاسانی كورد بەدەردی سەدساڵی ڕابووردوو بچێتەوە.
   بۆیە هەق نیە بێ هیوا بین،بەڵام خۆشباوەڕیش نەبین.چونكە پارێزگاریكردن لەم قەوارەیە كاری جدی و یەك و یەكگرتوویی ڕیزەكانی گەرەكە و دووركروتنەوە لە خۆخۆری و ملبادان و دەستشكانەوەی یەكتری گەرەكە چونكە دەركەوت هیچ حیزب و سەركردەیەك گەر پشتیوانی و هێز لەهەموانەوە وەرنەگرێت تەنانت پڕۆژە و دروشمە نەتەوەییەكانیش نابێتە كۆكەرەوەی هەمووان نموونەش ڕێفراندۆمەكەی 25/9/ 2017بوو.
   بۆیە ئەوەی لە پێش كورد ماوە بۆ مسۆگەركردنی ئایندەمان و بەدەستخستنەوەی سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتەكان بریتیە لەنەوت و غازی سروشتی هەرێمەكەمان.ئەوەش بەوەی كە كورد هەموو هەوڵێكی خۆی بدات لەكاتی نوسینەوە و داڕشتنی پڕۆژە یاسای نەوت و غازی ئایندەی عێراق جێگە و پێگەی یاسایی و دەستووری و تەكنیكی و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە گەڕان و دۆزینەوە و وەبەرهێنان و دەرهێنان و فرۆشتن و پاڵاوتن و گواستنەوە و پیشەسازی پتڕۆكیمیاویات و دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نەوت و غازی سروشتی هەرێم مسۆگەر بكات و بچەسپێنێت لەو یاسایەدا.چونكە ئەمە دوا هەل و چانس و سەنگەری بەرگریكردنی ڕاستەقینەیە بۆ مسۆگەركردنی مافەكانمان لەو سەروەت و سامانەی كەهەیە و خاڵی بەهێزی دەسەڵاتەكەشمانە.و گەڕانەوەی سەنگ و قورسایمانە لەناوچەكە و دونیاشدا،چونكە هەمووان هەرێمێكی دەوڵەمەندیان دەوێت نەك هەژار و لێقەوماو.
   هەربۆیە گەرەكە كە گورد هەر لەئێستاوە بەڕاوێژ لەگەڵ دۆست و شارەزاكانی بوارەكەدا لەناوخۆ و دەرەوەشدا بكەوێتە ڕاوێژ و پرس وڕا و خۆئامادەكردن بۆ ئەو مەبەستە نەك وەكو هەموو جارەكانی تر لەكاتی بەفیڕۆچوودا فریابكەوین و بەپەلەپڕۆزێ‌ دەسكەوتی كەموكورت و بچووك بەدەستبێنین و دواتریش بەیەكتری بفرۆشینەوە و گەلەكەشمانی پێ هەڵبخڵەتێنین.
   ئەم یاسای نەوت و غازە گرنگ  وگەورەیە چونكە دەبێتە هۆی ڕێكخستنەوەی بوار و كەرتی وزە بەنەوت و غازی سروشتی و هەموو سەرچاوە سروشتیەكانی ترەوە كە كوردستان لەهەموانیاندا دەوڵەمەندە و هەق وایە ماف و خاوەندارێتی بپارێزرێت.
ئەم یاسایە گرنگە بۆ ئایندەی چارەسەكردنی هەموو كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.
 گرنگە بۆ ڕەخسانی هەلی كاری زۆر و گەورە بۆ گەنجانی كوردستان.
 گرنگە بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە بەنەوت و غازی سروشتی و پیشەسازی پتڕۆكیمیاویات لە هەرێمدا.
گرنكە بۆ پشتیوانی و دروستكردنی پەیوەندی و پەیداكردنی دۆستی زیاتر بۆ مەسەلەكەمان بۆ ئایندە.
گرنگە بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات و خۆشگەوزەرانكردنی هەرێمەكەمان.
گرنگە بۆ كەمكردنەوەی بێكاری و هەژاری و برسێتی.
گرنگە بۆ بەرزكردنەوەی هەموو ئاستەكانی خزمەتگوزاریەكان بۆ ئایندە.
   بۆیە بەم هەموو گرنگیانەوە و زیاتریش دەبێت كورد بەو پەڕی توانای و لێبڕانەوە هەوڵی سەنگەرگرتنی مقاوەمەت بدات لەنوسینەوەی ئەو یاسایەدا و بەیەك دەنگ و ڕەنگ و گوتار و كردارەوە  و بەیەكویەكگرتویەوە بچێتە سەر مێزی گفتوگۆگان و ئەمجارە جیاواز لەهەموو جارەكانی تری گفتوگۆكان  پێویستە دەستكەوتی زیاتر بەدەستبێنن  و ئیدی ئەو وتە زبرەی ڕابووردوو لە مێشك و هزری هەمواندا بسڕینەوە كە كورد توانای گفتوگۆكردن و دیپلۆماسیەتی نیە و هیچ كات سەركەوتوو نابێت تیایاندا و بۆ ئەوەی ئێستا و ئایندەی هەرێمەكەمان و گەلەكەمان و نەوەی ئایندەش ڕۆشن و ڕوناك بكەینەوە نەك لەبەر دەسكەوتی حیزبی و ململانێی ناڕەوا هەموانیان لەدەستبدەین و ژیان و گوزەران و ئایندەیەكی توون وتاریكیان بۆ بەجێبهێڵین و ئەوانیش لەجیاتی ڕەحمەت نەفرەتمان لێبكەن.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×