هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەنێوان ئەگەرو ئاڵنگاری‌و مەترسیەكاندا!

نەوزادی موهەندیس
  2023-05-27     272

•    لە ڕێكەوتی 9/10/2022 بەدەنگی 80 پەڕلەمانتار و لە  پێش 6/11/2022دا كە پێش وادەی تەواوبوونی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی كوردستانە،دوور لە یاسایی بوونی پڕۆسەكە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەڕلەمانی كوردستان تەمەنی پەڕلەمانیان بۆ ماوەی 1ساڵ یان تا كۆتایی هاتنی ساڵی 2023 درێژكردەوە.لەبنچینەدا هیچ جۆرە درێژكردنەوەیەكی ماوەی خولی پەڕلەمانی یاسایی نیە و زۆرینەی حیزب و فراكسیۆنی پەڕلەمانیش وەك دەڵین لەگەڵیدا نەبوون،بەڵام بەناچاری و بۆ دەربازبوون لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی دامودەزگاكانی حوكمڕانی لەهەرێمدا ئەو كارەیان كردوە.
•    بەڵام ئەوە ماوەی 7 مانگە ئەو بڕیارە دراوە و یەكەم جار سەرۆكی هەرێم ڕێكەوتی 10/10/2023ی دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دواتر بەهۆی دڕدۆنگی و ناتەبایی هەردوو حیزبە سەرەكیەكەی یەكێتی و پارتی نەتوانرا  نە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ماوە بەسەرچوو نوێبكرێتەوە یان كۆمسیۆنێكی نوێ‌ هەڵببژێرێت و نەیاسای هەڵبژاردنەكانیش كە تێبینی زۆری لەسەر بوو هەمواربكرێتەوە.هەربۆیە جارێكی تر سەرۆكایەتی هەرێم ڕێكەوتی 18/11/2023ی دیاریكردەوە بۆ وادەی هەڵبژاردنەكە و تائێستا ئەو وادەیە دیاریكراوە.
بەڵام سەرەڕای ئاشتبونەوە و گەڕانەوەی تیمی یەكێتی لە حكومەتدا بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و ڕێكەوتن لەسەر داواكاریەكانیان و ئەنجامدانی چەندین كۆبونەوەی هەردوو دەزگای هەڵبژاردنەكان و مەكتەب سیاسیەكانیش و كۆبونەوە وسەردانی لایەنە سیاسیەكانی تریش هێشتا نەگەیشتونەتە ڕێكەوتن لەسەر بابەتە گرنگ و هەستیارەكان كە بریتین لە :
•    كاراكردنەوە یان هەڵبژاردنی كۆمسێونێكی نوێ‌.
•    هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان. بەتایبەتی دەربارەی(( گۆڕینی یەك بازنەیی بۆ 4 بازنەی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسی كۆتاكان))
•    پاكوخاوێنكردنەوەی لیستی ناوی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان.
•    كاركردن بە لیستی دەنگدەرانی كۆتا هەڵبژاردنی عێراق.
كە ئەم خاڵانە بەلای زۆرینەی حیزبە سیاسیەكانەوە ببونە داواكاری زۆر پێویست،چونكە ئەزمونی هەڵبژاردنەكانی ساڵانی ڕابووردوو دەریخستبوو كە جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان لیستی دەنگدەران و بوونی ناوی دوووبارە و ناعەدالەتی لەدابەشبوونی ژمارەی كورسی پارێزگاكان و دواتریش ژمارەی كورسی كۆتاكان لەهەرێمی كوردستاندا زۆر زیادە بە بەراوورد بەكورسی كۆتاكانی پەڕلەمانی عێراق. ئەوەتا لە پەڕلەمانی عێراقدا و لەكۆی 329 ئەندام پەڕلەمان تەنها 9 كورسی كۆتا هەن كە دەكاتە ڕێژەی 2.7%،لەكاتێكدا لە كۆی 111 ئەندام پەڕلەمانی كوردستان 11 كورسی كۆتا هەیە كە دەكاتە ڕێژەی 9.9%  كە كارێكی نالۆژیكی و نایاساییشە. كە خۆشبەختانە تاڕادەیەك كۆدەنگیەكی گشتی هەبوو لەسەر هەموو خاڵەكان،بەڵام بەتەنها پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگیری دەكرد لەسەر مانەوەی هەمان یاسای هەڵبژاردنەكان و كاراكردنەوەی هەمان كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و بۆ كورسی كۆتاكانیش هیچكات هەنگاوی جدی نەنا بۆ چارەسەركردن و پێشنیازەكان.
•    ئەوەبوو لە ڕۆژی 2 شەممە ڕێكەوتی 22/5/2023  بەبەرنامەیەكی پێشوەختە لەلایەن جێگری سەرۆكی پەڕلەمان و سكرتێری پەڕلەمانەوە ((وەك دەوترێت بە فەرمانی سەرۆكی پارتی )) بەرنامەی كاری كۆبونەوەی 22/5یان دیاریكردوە بەبێ‌ واژۆی سەرۆكی پەڕلەمان و بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیشیان بۆ زیادكردبوو. بەبێ‌ ئامادەكاری و هاوئاهەنگیكردنی نێوان فراكسیۆنەكان بەتایبەتیش فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە هەر هەمان ڕۆژ هەردوو مەكتەبی سیاسی هەردوولا لە پیرمام لە كۆبونەوەدا بوون و جێگری سەرۆكی پەڕلەمان بۆخۆشی ئەندامی كۆبونەوەكە بوە.
•    پرسیار لێرەدا ئەوەیە ؟ ئایا هەڵبژاردنەكان لەوادەی دیاریكراودا كە 18/11/2023 ئەنجام دەدرێت یان نا ؟ ئەگەر ئەنجام نەدرێن چی ڕوودەدات ؟ قەوارەی هەرێم و شەرعیەتی دامودەزگاكانی چیان بەسەر دێت؟ ئەگەریش بكرێت چۆن و بە چ میكانیزم و لەسەر بنەمای چ یاسا و ڕێكەوتن و سازانێك ئەنجام بدرێت؟
بەداخەوە دوای ئەو هەڵوێستە دوور لە یاسا و ڕێسا بەركارەكان و پەیڕەوی ناوخۆیی پەڕلەمانی كوردستان و بەو شێوە دوور لە گیانی بەرپرسیارێتی و شارستانێتیە كوردانەیە كە لەناو هۆڵی پەڕلەماندا بینیمان،هیچ ڕێگەی تێناچێت بەئاسانی هەردوولا جارێكی تر كۆببنەوە و ڕێكبكەون لەسەر خاڵە ناكۆكەكانی نێوانیان كە (كەم نین)،بەتایبەتی كە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر باش دەزانێت كە ئەو داواكاریانەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و حیزبەكانی تریش لە قازانجی ئەو ژمارە زۆرەی كورسیەكانی نیە و باسكردنی كۆتاكانیش ئەوە هەر زۆر زیانی پێدەگات چونكە تائێستا بەداخەوە نوێنەرانی ئەو پێكهاتانە هەموو كار و كردەوە  وهەڵوێستێكیان دەچوە قازانج و بەرژەوەندی پارتیەوە.بۆیە مەحاڵە بە ئاسانی پارتی بێتە ژێر باری كەمكردنەوە یان دابەشكردنی ئەو 11كورسی كۆتایانەوە بەسەر هەر 4 بازنەكەدا.هەربۆیە كاتێكیش كۆبونەوەی پەڕلەمان نەكرێت و كۆمسیۆنەكەش بەو شێوە نایاساییە بەناو كاراكراوەتەوە ئەوا هیچ هەنگاوێكی نوێ‌ ناتوانرێت هەڵبنرێت چونكە گەر نوێنەرانی یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ لەكۆمسێون  كە ژمارەیان 6 ئەندامە پابەند نەبن بە كار و دەستبەكاربونیانەوە خۆ بە 4 نوێنەری پارتی و توركمان كارەكان بەڕێناكرێن.كەواتە بەو ئاڕاستە و بەو خۆسەپاندن و تاكڕەویەی وبەزۆرەملێی پارتی بێت ئەوا هەڵبژاردنەكان لەوادەی خۆیدا ئەنجام نادرێن و لەو كاتەشدا تەنها پارتی و سەركردایەتیەكەی بەرپرسیاری مێژوویی هەڵدەگرن.هەموو بیانویەكی پارتیش بۆ پەلەكردن لە هەنگاوەكاندا بریتیە لە دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی و هەڵنەوەشانەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان.بەڵام  پرسیار ئەوەیە داخۆ بۆ لەماوەی 7 مانگی ڕابووردوودا ئەو پەرۆشیەی نەنواندوە؟ تا خوكمڕانی هەرێم نەكەوێتە بەر مەنگەنەی كاتەوە وەك دەوترێت ((لەماڵەوە درەنگ وەدەركەوتوە و لە كاروان پەلەیەتی)).
•    ئاڵەنگاری و مەترسیەكان چین ؟
جا كاتێكیش هەڵبژاردنەكان ئەنجامنەدران،ئەوا لەلایەك ناتوانرێت بۆ دووەم جار ماوەی كاری پەڕلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم درێژبكرێتەوە،چونكە لەبنچینەدا درێژكردنەوەی یەكەم جاریش نایاسایی بووە.لەلایەكی تریشەوە شەرعیەتی هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكە نامێنێت.ئەوكاتیش هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش دەركردنی یاسای ژمارەی 1ی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992كە هیچ دامودەزگایەكی ڕەسمی نامێنێت((قۆناغی بەرەی كوردستانی)).جا لەو كاتەدا حكومەتی ناوەند لە بەغداد وەكو حكومەتی ناوەندی و میراتگری هەر حكومەتێكی هەرێمەكان و پارێزگاكان دەتوانێت بەپێی یاسایەك كەلە پەڕلەمانی عێراقەوە دەربكرێت یان بەبڕیارێكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ، حكومەتی عێراق هەموو ئەرك و لێپرسراوێتیەكان لەهەرێم بگرێتە ئەستۆ  وڕاستەوخۆ هەموو كاروبارەكان بەڕێوەببات و كاریش بكات بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەڕێگەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە.
ئەوكاتیش ئیدی هیچ حیزب و سەركردەیەكی هەرێمی كوردستان ناتوانێت لاملی بكات و ناڕەزایی دەرببڕێت و حكومەتی عێراقی دەبێتە بڕیاربەدەست و دەسەڵاتداری ڕەسمی و ڕەنگە سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵیش بێنێتە ناو هەرێم و بۆدواجار بزمار لەتابوتی بەناو حكومەتی هەرێمیش بدات و چیدی ناوی هەرێم نەمێنێت و هەر لەناو پەڕلەمانی عێراقیشەوە ڕەنگە دەسەڵاتەكانی هەرێم وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی هەڵبپەسێردرێت و دواتریش كاربكرێت بۆ هەمواركردنەوەی دەستور كە زۆر لەمێژە عەرەبی سونە و شیعە بەنیازن ئەنجامیبدەن.ئیدی ئەمە ئەو ئاڵنگاری و مەترسیانەیە لە ئەنجامنەدانی ئەو هەڵبژاردنانە.
•    ئەی چارەسەری نیشتیمانی و خەمخۆرانە چییە؟
هەربۆیە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی قەوارەی یاسایی و دەستوری هەرێم و دامودەزگاكانی گەرەكە كە سازانێكی نیشتیمانی ڕاستەقینە لەنێوان هەموو حیزب و سەركردە سیاسیەكاندا چێبكرێت و بەمتمانە و بڕوابونەوە ڕێكبكەون و كاری جدی بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كە هەموو ئەو مەترسی و ئاڵنگاریانە بڕەوێنێتەوە و پارێزگاری لە بوون و مان و بەردەوامبوونی هەرێمی كوردستانیش بكەن.ئەوەش بەگەڕانەوەی یەكێتی و پارتی دەبێت بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێكەوتن لەسەر تەواوی خاڵەكان كە داواكاری زۆرینەی حیزب و سەركردە و جەماوەریشە.بەئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی دوور لە تەزویر و ساختەكاری و  بەشێوەیەك مافی هەموو پێكهاتە و كەمینەكانیش پارێزراوبێت.
•    ئەگەر نا ئەوا دۆستەكانی گەلەكەمان لە ئەوروپی و ئەمریكا و وڵاتانی تریش كە زیاد لە ساڵێكە فشار و گوشار و ئامۆژگاری هەموان دەكەن كە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا ئەنجام بدەن،بەڵام بەداخەوە گوێمان بۆ كەسیان نەگرت،هەربۆیە مافی خۆیانە لێمان  دووربكەونەوە و بەتەنها جێمانبهێڵن،لەكاتێكدا كە ناوچەكە و دونیاش لەگۆڕانكاری گەورەدان كە ئاماژەكان بۆئەوە دەچن كە هیچ كامیان لەبەرژەوەندی كورددا نین لەهەر چوار پارچەكەی كوردستاندا.جا گەر كورد و نێوماڵەكەشی ئاوها پەرتەوازەو دڕدۆنگ و تێكچڕژاو و شێواو بێت ئەوا زۆر بەسانایی هەموو دەسكەوت و ئەزمونی 32 ساڵەی حوكمڕانی كوریدمان لەدەستدەچێت و دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر و سەرەتا لە ژێردەستەیی و داگیركراوی.
ئەوكاتیش دوژمنان بەزەییان بەهیچ سەركردە و تەنانەت هیچ تاكێكی كوردیشدا نایەتەوە و هەموان نغرۆدەبین لەناو دەریای زوڵم و چەوساندنەوە وداگیركاری دوژمنانماندا.جارێكی تر دەكەوینەوە خەوبینین بە ئازادیەوە و ئیدی پێشی ناگەین و تەنها لە بازنەیەكی بۆشی مێژوویی دووبارەدا دەسوڕێینەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×