جەنگی ناوخۆیی سودان هەنگاوێك بەرەو ئاڵۆزیەكی گەورەتر لەناوچەكەدا!

نەوزادی موهەندیس
  2023-05-17     295

•    ئاشكرایە وڵاتی سودان وڵاتێكی هەژارە و ڕێژەی بێكاری 15% یە و كەمدەرامەت و بە ژمارەی دانیشتوان زۆرە 48 ملیۆن كەس و بە ڕووبەری زەویش پانوبەرینە 1.861.484كم2  كە سێیەم گەورەترین وڵاتانی ئەفریقا و عەرەبەكانە و لەپێش جیابونەوەی باشووری سودان گەورەترین وڵاتی ئەفریقا و وڵاتانی عەرەب بوو.هەڵكەوتەی جیۆپۆلەتیكیشی گرنگ و هەستیارە لە نێوان باكوری وڵاتانی كیشوەری ئەفریقیا و ناوەڕاستی ئەو كیشوەرە وبەبوونی ڕووباری نیلی بەناوبانگ تیایدا و كۆتا وڵاتی عەرەبیشە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەب و ئیسلامن.
ئەم وڵاتە لەو كاتەوەی كە سەربەخۆیی بەدەستهێناوە لە ساڵی 1956وە هیچ دەیە ساڵێكی بە ئارامی تێنەپەڕاندوە و هەر لەوكاتەوە سێ‌ كێشەی سەرەكی بەرۆكی بەو وڵاتە گرتوە كە بریتین لە ((سیستەمی حوكمڕانی و نەبوونی دەستوور و كێشەی باشووری سودان)) بوون. هەمیشە ئاگری شەڕی ناوخۆیی و دووبەرەكی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكی هۆز و باندە قاچاخچیەكان و سەركردە سیاسی و سەربازیەكاندا ناڵدویەتی و هەرئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە ئەو وڵاتە بە هەژاری و دواكەوتوویی بمێنێتەوە سەرەڕای بوونی سەرچاوەی گرنگی كشتوكاڵی تیایدا كە لەكاتێكدا سوودان بە سەبەتەی خۆراكی وڵاتانی عەرەبی ناودەبرا.بەڵام جەنگ و ململانێێ‌ نەبڕاوە و ناڕەواكانی ناوچەكان و ناوەند لەلایەك و هێزە چەكدارە هۆزگەراییەكان  و حوكمڕانیەكی سەربازی و تاكڕەوی دواكەوتوو هۆكاری سەرەكی هەموو نەهامەتیەكانی گەلانی سودانن.
لەو ساتەوەی كە سودان سەربەخۆی بەدەستهێناوە تەنها 2 سەرۆك كۆماری بەخۆوە بینیوە((جەعفەر نومەیری 1969-1989 و عومەر حەسەن بەشیر 1989-2019)) كە هەردووكیان سەركردەی سەربازی بوون كە یان نەوەی شۆڕشی سەربەخۆیی بوون یانیش لەڕێگەی كودەتای سەربازیەوە حوكمیان گرتۆتە دەست.ئیدی گەلانی سودان و سودان بۆخۆشی هەمیشە لە گێژاو و قەیرانی متمانە و حوكمڕانیدا ژیاوە و نەیتوانیوە ئەو تەوقە نەفرەتیە لە ئەستۆی بكاتەوە و هەنگاو بنێت بەرەو سیستەمێكی حوكمڕانی دیموكراتی و ئازادی و ڕێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ و سەروەری یاسا ودادپەروەری ویەكسانی لەنێوان تاك وخێزان وتەواوی كۆمەڵگا و ناوچەكاندا. هەرئەمەش ڕێگربوە لە پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتە.
•    ئەوەتا لە ئێستادا و دوای ئەوەی لە 11/4/2019 كودەتایەكی سەربازی سەركەوتوو بەسەر دەسەڵاتی حەسەن بەشیری 30 ساڵەدا كرا و ئەنجومەنێكی سەربازی كاتی دامەزراوە بۆماوەی 2ساڵ و بەهۆی ململانێ ناوخۆییەكانی میلیشیاكانەوە،جەنگێكی ناوخۆیی خوێناوی و توند هەڵایساوە لە 15/4/2023وە و ماوەی  1 مانگ زیاترە بەردەوامە ،لەنێوان هێزی سوپای دەوڵەت بەسەركردایەتی عبدالفتاح بورهان سەرۆكی دەسەڵاتی  سەربازی كاتی و میلیشیا چەكدارەكانی  محمد حەمدان دەقلو // حەمیدیتی بەناوی ((هێزەی پشتیوانی خێرا)) كە پێشتر قاچاخچیەكی ناو بیابان بوە و دواتر بۆتە سەرمایەدار وسەركردەی میلیشیا چەكدارەكانی جەنجەوید و لە جەنگی دارفۆردا پشتیوانی لەحكومەتەكەی بەشیر دەكرد كە لەساڵی 2003دا هەڵایسا و 300-400هەزار سودانی بونە قوربانی ،كە تادوێنێ‌ دۆست و هاوپەیمانی یەكتری بوون.بەڵام چونكە هیچ لایەكیان بڕوای تەواویان بە بنەماكانی حوكمڕانیەكی ساغڵەم و تەندروست نیە لە دیموكراتیەت و حوكمڕانیەكی شارستانی و سەروەربوونی یاسا و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و دوورخستنەوەی سوپا لە ململانێ‌ سیاسیەكان و دواتریش دژایەتیكردنی گەندەڵی و خۆسەپاندن و قۆرخكاری و تاكڕەوی.
هەربۆیە هەمیشە ئەم جۆرە جەنگە ناوخۆییانە ئامادەگیان هەیە لە سوداندا.و ئەوەتا جەنگی ناوخۆیی سودانی باكور و باشوور بۆماوەی  دەیان ساڵ  بەردەوام بوو ولەكۆتایشدا لەساڵی 2011دا بە جیابونەوەی باشوری سودان كۆتایی هات و بوە وڵاتێكی سەربەخۆ و بەمەش سودان هێندەی تر لەهەموو ڕوەكانی سیاسی و ئابوری و دانیشتوان و ئەمنیەوە بێهێز و لاواز و بوەوە. تەنها لەماوەی  4 هەفتەدا تائێستا زیاد لە 700كەس كوژراون و زیاد لە یەك ملیۆن كەسیش ئاوارە و سەرگەردان بوون و وڵات ڕووبەڕووی نەبوونی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزرایەكان بۆتەوە و ئەمنیەت و ئاسایش لە مەترسیدایە و وڵاتان بە زلهێز و بچوكەوە كەوتونەتە بەجێهێشتنی ئەو وڵاتە و داخستنی سەفارەتەكانیان و ڕزگاركردنی هاوڵاتیەكانیان.كە هەموو ئەمانە هێندەی تر پێگە و ناو و ناوبانگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی سودان دەخەنە بەر پرسیارەوە و وڵات هێندەی تر ڕوو لە كاولكاری و وێرانی و هەژاری و دواكەوتوویی زیاتر دەنێت.
تائێستا چەندین وڵات هەوڵی ناوبژیوانی هەردوولای جەنگەكەیان داوە بەڵام تەنها توانراوە هودنەی كاتی شەڕ ڕاگرتن بۆ ماوەی كورت ئەنجامبدەن و هەردوولاش سوورن لەسەر داواكاری و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر وڵاتدا.
•    ئەم كێشەیەی سودان دەگەڕێتەوە بۆ باكگراوندی خێڵەكی سەركردایەتی ئەو وڵاتە و جۆری حوكمڕانیەكەی و نەبوونی متمانە بەیەكتری لەناوخۆدا و بوونی میلیشیای چەكداری خێڵەكی كە هەمیشە نەبوونی سوپایەكی یەكگرتووی بەهێز و بوونی میلشیای چەكداری لەهەر وڵاتێكدا دەبێتە مایەی سەرئێشە و كێشە و ململانێ‌ و جەنگی ناوخۆیی نەبڕاوە. لەلایەكی تریشەوە دەستێوەردانی دەرەكیش ڕۆڵی زۆر خراپ دەبینێت لەو ململانێیانەدا و ئەوەتا تاكو ئێستا وڵاتە عەرەبیەكان بەشێوەیەكی گەرموگوڕ نەهاتونەتە پێشەوە بۆ ناوبژیوانی و ئاشتەوایی لەنێوان هەردوولادا و كۆمكاری عەرەبی كۆبونەوەی نەكردوە و بەڕۆڵی خۆی هەڵنەستاوە، وەك بڵێی كێشەی سودان و سودانیەكان پەیوەندی بەمەسەلەی ئەمنی عەرەبیەوە نەبێت و سودانیان بە تەنها بەجێهێشتوە. لەبەرامبەردا ئیسڕائیل هەوڵی ناوبژیوانی دەدات لەجیاتی وڵاتە عەرەبیەكان.بۆخۆی ئەمە كارەساتەكەیە كە ئاشكراشە ئیسڕائیل دەمێكە خەون بەوەوە دەبینێت كە لەكاتی تەنگژە و ململانێكانی ناوخۆی عەرەبەكاندا دەستێوەردان بكات و پیلانەكانی خۆی جێبەجێبكات و بەدڵنیاییشەوە بەپشتیوانی ئەمریكاش سەركەوتوو دەبێت و بەمەش سودان دەبێتە پێگە و پاروویەكی هەرزانفرۆش و سانا هەزمكراو بۆ بەهێزبوون و فراوانبوون و كرانەوەی زیاتری ئیسڕائیل لەناوچەكە و لەناو عەرەبەكانیشدا بە بەخشینی چەند سەد ملیۆن دۆلارێك و ئەنجامدانی هەندێك پڕۆژەی بچووكی بێبایەخ.بەدڵنیاییشەوە هەركات ئەم جەنگە ناوخۆییەی سودان درێژەی كێشا ئەوا ئاگری جەنگەكە وڵاتانی تری ناوچەكە و دراوسێكانیش دەگرێتەوە و ئیدی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك هەمیشە دەبێتەوە كوانووی جەنگ و ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان و نائارامی و دەستێوەردانی دەرەكیش بەردەوام دەبێت لەپێناو سەپاندنی هەژموون و پاراستنی بەرژەوەندیەكان و مان و بوونیان لەناوچەكەدا وەكو سەد ساڵی ڕابووردوو.
•    بۆیە تا سودان و سوودانیەكان نەگەنە ئەو بڕوایەی كە چارەسەری كێشەكانیان تەنها لەناوخۆی سوداندایە و هەموانیان واز لە باوەڕی تاكڕەوی و قۆرخكاری و خۆسەپاندنی ناڕەوا و ناوچەگەرێتی بچووك نەهێنن و لەسەر یەك مێزی گفتوگۆی نیشتیمانی سودانی ڕووبەڕوو دانەنیشن  و زمانی گفتوگۆ و زمانی عەقڵ و خەمخۆری و حیكمەت زاڵ نەكەن ،ناتوانن هیچ كێشەیەكیان چارەسەر بكەن لەسەر دەستی وڵاتان و هێزی دەرەكی تردا و هەركاتیش ئەوكارەیان كرد و كەوتنە ژێر هەیمەنە و بەرژەوەندی وڵاتانی ترەوە ئەوا ئایندەی چەندین دەیە ساڵی ئەو وڵاتە دەكەوێتە بەر بەزەیی و چاوچنۆكی بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەوە و ئیدی سودان و سودانیەكان خێر لە خاك و ئاو و ئاسمانی خۆیان نابینن و هەمیشە بەبوونی میلیشیای چەكداری بێ باوەڕ و بەكرێگیراو ئایندەی ئەو وڵاتە لەمەترسی لێكهەڵوەشان و داڕووخان و هەژاری درێژخایەندا دەبێت و تەنها و تەنهاش گەلانی سودان زەرەرمەندی یەكەم و كۆتا دەبن نەك سەركردەی میلیشیا چەكدارەكان كە بونەتە بازرگانانی جەنگ بەسەر خوێن و فرمێسك و لاشەی سودانیەكانەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×