چۆن ئەم دۆخە قەتیسەی هەرێم تێبپەڕێنین؟

نەوزادی موهەندیس
  2023-04-29     322

•    ماوەی زیاد لە ساڵێكە دۆخی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە قۆناغی چەقبەستوویی زۆر مەترسیدار و ترسناكەوە بەهۆی ململانێ‌ سیاسیەكانی نێوان بەگشتی پارت و سەركردە سیاسیەكان و بەتایبەتیش هەردوو پارتی گەورە و كاریگەر وهاوبەش لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا یەكێتی و پارتی. كە ئەم دۆخە قەتیسەش خۆی  دەبینێتەوە لە دوورەپەرێزی هەردوو سەركردەكانی یەكێتی و پارتی لەیەكتری و ململانێی شاراوە و ئاشكرا و ڕەوا و ناڕەوا لە نێوانیاندا، بەهەمان شێوەش دوورەپەرێزی و بێدەنگی و نەبوونی هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوەش لەلایەن سەركردە و پارتە سیاسیەكانی تریش و  كۆمەڵە و ڕێكخراوە مەدەنی و جەماوەریشەوە هەریەكە و بەبیانوویەكەوە.
 ئەم دۆخە قەتیسەش بۆتە هۆی ناجێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی لە تەواوی هەرێمی كوردستاندا.دروستكردنی مەترسیش بۆ سەر بەهێزی و مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانیش.
جا ئاشكراشە هەركاتێك دۆخی سیاسی وڵات ناجێگیر و بارگاوی بوو بە ململانێ‌ سیاسیەكان ئەوا كاریگەری خراپی دەبێت بەسەر هەموو بوارەكانی ژیان و گوزەرانی تاك و خێزان و تەواوی كۆمەڵگاشەوە و هەمووانیان دەخاتە ژێر كاریگەری و هەژموونە خراپەكانی ئەو ململانێیانەوە و ئیدی دۆخێكی نەخوازراوی چەقبەستوو چێدەكات و هەموو كەرتەكانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و ئاوەدانی نێوكۆمەڵگا دەگرێتەوە.ئەوەش بەمانای پاشەكشە دێت لەڕووی سیاسی و دەسكەوتی گەورە بۆ گەلەكەمان لەناوخۆ و ناوچەكە و دونیاشدا.
 جاهەركاتیش دۆخی ئابوری وڵات قەتیس و ڕاوەستاو بوو ئەوا بەمانای پاشەكشەی داهات و هەڵاوسان و بێكاری دێت و ئەوكاتیش وڵات تووشی قەیرانی دارایی دەبێتەوە وداهاتەكان كەم دەكەن وبەشی پێداویستیەكانی ڕۆژانەی كۆمەڵگا ناكەن و بەمەش هەموو پڕۆژە ئاوەدانی و ئەندازیاریەكان ڕادەوەستن یان كەم و سست دەبن. 
لەڕووی ئەمنیشەوە بەمانای بوون و دروستبوونی درز و بۆشایی ئەمنی دێت لەلایەك لەنێو دامودەزگا ئەمنیەكانی هەرێم و لەلایەكی تریشەوە لەنێوان هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە كەوتۆتە نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقیەوە و لەبەرئەمەش چەندین جار لەلایەن هێزە تیرۆریستەكانی داعشەوە لێدانی كوشندە بەر هێزی پێشمەرگە و خەڵكی سیڤیلی ئەو ناوچە كوردیانە كەوتووە.
•    بەهەمان شێوەی ئەم قۆناغ و سەردەمە، لە پێشتر و لە قۆناغە  ڕەش و تاریك و نەخوازراوە جیاوازەكانی شەڕی ناوخۆ و قۆناغی نەشەڕ نە ئاشتی نێوان یەكێتی و پارتی چەندین جاری تر دۆخی مەترسیدار و چەقبەستوویی و قەتیسی ئاوها دروستبوونە و هاتونەتە پێشەوە و بونەتە مەترسی جدی بۆسەر قەوارە و هەموو دەسكەوتە وەدەستهاتووەكانی گەلەكەمان.بەڵام خۆشبەختانە لەو قۆناغانەدا هەم سەركردە سیاسیەكان زیاتر خەمخۆرتر و ژیرانەتر و حەكیمانەتر بیریان دەكردەوە و بەجدیش لەمەترسی و ئاڵنگاریەكان تێدەگەیشتن، هەربۆیە چەندین جار تاك لایەنە دەستپێشخەری گەورە و مەترسیدار و تەنانەت نەرمی زیاد لە پێویستیان نواندوە و گەلێك كەس بە تەنازولكردنیش ناویان بردووە،بەڵام سەركردەی ئازا و بوێر و كاریزما و حەكیم  هەر ئەو هەنگاوانە و دەستپێشخەریانەی لێدەوەشێتەوە و هیچ كات تەمەنی سیاسی و كەسیی  ڕێگر نابێت و شەرم و پەشم ونەنگیش نابێت كە تاكلایەنە هەنگاوی بوێرانەی خەمخۆرانە هەڵبنێت  بۆ دانیشتن لەگەڵ یەكتری و لەنزیكەوە و بەڕاشكاوانە و بوێرانە باسی هەموو خاڵە ناكۆكەكان بكەن  بۆئەوەی بتوانن بگەنە لێكتێگەیشتن و ڕێكەوتن و ئیدی گرێ‌ كوێرەی قۆناغەكە بكەنەوە و ڕێگەیان نەداوە كە زیاتر دۆخەكە بەقەتیسی و چەقبەستوویی و مەترسیداری بمێنێتەوە .
•    لە ئێستاشدا گەرەكە كە هەڵوێست و جوامێری و ئازایەتی ئاوها پیشانی دۆست و نەیارەكان بدرێتەوە و ئەم قۆناغە مەترسیدارەش دووربخرێتەوە و هەوری ناكۆكی و ململانێكان و هەڕەشە و گوشارە ناوچەیی و دەرەكیەكان لەسەر هەرێمەكەمان و دەسەڵات و قەوارە سیاسی ودەستوریەكەی هەرێمەكەمان بڕەوێنینەوە ودڵی دۆستەكانمان خۆش بكەین و نەیارەكانیشمان بێئومێد بكەین.چونكە ئەم قۆناغەی ئێستا نەك بەتەنها عێراق و هەرێمی كوردستان لەمەترسیی و لەبەردەم گوشاری گەورەدان بەڵكو تەواوی ناوچەكە و دونیاش هەمووان پێكەوە لە گێژاوێكی سیاسی و ئابوری و ئەمنیدا دەسوڕێنەوە و هەریەكە لەهەوڵدایە كە خۆی و وڵات و كۆمەڵگاكەی بەكەمترین زیان لێیدەربچێت،بۆیە هەرێمەكەمان لەهەموان دۆخی خراپتر و مەترسیدارترە و ئەم قۆناغە لە هیچ كام لە قۆناغەكانی پێشتر ناچێت.
•    هەربۆیە گەرەكە كە هەردوولا یەكێتی و پارتی بە گیانێكی برایانە و تەبایانە و لەسەر بنەمای پێكەوەیی و شەراكەتی ڕاستەقینە و تێپەڕاندنی قۆناغەكە پێكەوە دابنیشن وكاربكەن و خاڵە ناوكۆییەكان بگەشێننەوە و خاڵە ناكۆكەكانیش هەڵگرن بۆ كاتێكی گونجاو تر و دووربكەونەوە لە گیانی ڕق و كینەی كۆن و تۆڵەكردنەوە و دەست ومل بادانی یەكتری و هەوڵی شكاندن وبچووككردنەوەی یەكتریش نەدەن.چونكە مێژووی 30 ساڵی ڕابووردوو سەلماندویانە كە نێوان یەكێتی و پارتی بە شەڕ و جەنگ و ململانێی ناڕەوا یەكلانابێتەوە بەڵكو تەنها بەئاشتی و لێكتێگەیشتن دەتوانرێت هەردوولا و هەموو دەسكەوتەكان بپارێزرێت و گەشەیان پێبدرێت.نموونەی 4 ساڵی شەڕی ناوخۆی 1994-1998 و كارەساتە دڵتەزێن و خوێن و فرمێسكەكان گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن.
بۆیە قۆناغەكە و ئەركە مێژوویی و خەمخۆرانە كوردانەكە و چارەنووس و قەدەری گەلەكەمان دەیسەپێنێتە سەر هەردوولا كە پەڕەیەكی نوێ‌ هەڵبدەننەوە و بەنیەتێكی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە پێكەوە كاربكەن و دەستنەگرن بە چەند خاڵێكەوە كە دەبنە مایەی لێكترازان و زویر و لێكدووركەوتنەوەی زیاترتان.زۆر جاران  و لە پێشتردا تەنانەت بۆ بابەتە دادوەریەكانیش و زۆر مەسەلەی گەورەتر و هەستیارتریش كە لەنێوان هەردوولادا بووە بەبڕیارێكی هاوبەشی سیاسیانە گەیشتونەتە ڕێكەوتن و هەنگاویان بەسەر ناكۆكیەكاندا هەڵناوە و قۆناغەكەیان تێپەڕاندوە.بۆیە لە ئێستاشدا پێویست بە حیكمەت و پشوودرێژی و هەنگاو و بڕیار و دەستپێشخەری ئازایانە و بوێرانەیە هەروەك نەریتە زیندووەكانی سەركردە كاریزماكان.
•    لەكۆتاییدا دەبێت هەردوولا باش بزانن كە ئێستا و ئایندە و ئەم حوكمڕانیە ئەمانەتە لەگەردنی هەردوولاتاندا وەك دوو هێزی گەورە و كاریگەر و خاوەن مێژوو و نفوز و هێزی جەماوەری و سیاسی و ئابوری و سەربازی گەورە و بۆیە تێكچوون و نەمان و بچكوبونەوە و لەباربردنی بەهەق دەبێتە تاوانێكی گەورە و مێژوویی و لێخۆشبوونی مەحاڵ دەبێت.جا هەرنەبێت لەبەر ئەو ڕابووردوو و مێژوو و قوربانیدانانەی كە داوتانە لەپێناو پێكەوەنانی ئەم قەوارەیەدا و شانازیشی پێوەدەكەن بەزووترین كات دەستبكەنەوە بە كۆبونەوە هاوبەشەكانتان و هێواش هێواش لێكنزیكببنەوە و دواتریش ڕێكبكەون،چونكە تەنها ئەم دە مانگەتان لەبەردەمدایە بۆ ڕزگاركردنی تەواوی قەوارە و دەسەڵاتەكان لە نەمان و پوچەڵبوونەوە، گەرنەتوانن هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدەن ئەوا ئەوەی هەمانە و نیمانە نە یاسایی و نەدەستووری نامێننەوە و هەموانیان سفر دەبنەوە و ئەوكاتیش ململانێ‌ دادی كەستان نادات و دوژمنان و نەیارە سەرسەختەكانی كوردایەتیش هەر ئەمە مەرامیانە و ئیدی ئێوەش بەم ڕێكەنەكەوتن و ململانێیانەتان ئاوات و خواستە نەگریسەكانیان لەسەر سینیەكی زێڕین پێشكەش دەكەن و ئەوەی خۆیان بە شەڕ و پیلانگێڕی نەیاتوانیوە بیگەنێ‌ ئێوە لە جیاتی ئەوان بە هەرزانی پێشكەشیان دەكەن.جا تا كار نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغە تكایە ڕێكبكەون و لێكتێبگەن و ئەم قۆناغە قەتیس و مەترسیدارەی ئەمجارەش تێبپەڕێنن.
•    بۆیە ئەركی سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم سەركردە و لایەنە سیاسیەكانە كە هەوڵی جدی بدەن بۆ خاوكردنەوەی گرژی و ململانێكانیان و هەنگاوی دڵنیاكەرەوە هەڵنێن بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكان و هەمووان لەم دۆخە چەقبەستوەو مەترسیدارە ڕزگار بكەن. لەكاتێكدا ناوچەكە و جیهان بۆخۆیان بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە بە قۆناغێكی مەترسیدار و پڕ ئاریشەدا گوزەردەكەن كە بەهەموانیان مەترسیی گەورەیان لەسەر ئێستا و ئایندەی تەواوی مرۆڤایەتی دروستكردوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×