یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق  سەرئێشەیەكی تر بۆ ئایندە !

نەوزادی موهەندیس
  2023-03-30     461

•    پەڕلەمانی عێراق لەبەرەبەیانی ڕۆژی 2 شەممە 20/3/2023دا لەكەشوهەوایەكی بارگاوی و ناڕەزایەتی هێزە بچووك و مەدەنی و عیلمانیەكاندا و لە كاتژمێر 3ی بەرەبەیانیدا و بە ئامادەبوونی 171 ئەندام پەڕلەمان دانیشتنی خۆی سازدا و دەستیكرد بە خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر چەند مادەیەكی یاسای هەڵبژاردنەكان بۆ ((پەڕلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان))لە عێراقدا.لەسەر بنەمای هەمواركردنەوەی سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكان بەپێی یاسای سانت لیگۆی هەڵبژاردنەكان. وابڕیاریشە ڕۆژی 1شەممە 26/3 دەنگدان لەسەر مادەكانی تری یاساكە كە 15 مادەن بەردەوام بێت و كۆتاییشی پێبێت.لەو مادانەی كە پەسەندكراون گرنگترینیان بریتیە لەوەی كە:
•    جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەستی و ئەلكترۆنی دەبێت لەكاتی بوونی جیاوازیدا.
•    پێویستە لەماوەی 24 كاتژمێردا ئەنجامەكان ڕابگەیەنرێت.
•    ژمارەی كورسیەكانی پەڕلەمان 329 كورسی دەبێت و 9 كورسیان بۆ كۆتاكانی مەسیحی و ئێزیدی و شەبەك و كوردی فەیلی و صابیئەكان دەبێت.
•    ڕێكەوتی 6/11/2023 دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
•    عێراق كراوتە 19 بازنەی هەڵبژاردن بۆهەڵبژاردنی پەڕلەمان و 15بازنەش بۆ هەر 15 پارێزگاكە بە كەركوكیشەوە بۆ ئەنجومەنی پارلزگاکان جگە لە هەرێمی كوردستان.
•    فرەبازنەیی نەماوە لە یەك پارێزگادا بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی پێشووی پەڕلەمانی عێراق.
•    ڕەنگە قاسم الانتخابی لە 1.9 بگۆڕێت بۆ 1.7.
•    هەڵبژاردنەكانی دەرەوەی وڵات ئەنجام نادرێت چونكە جێگەی گومان و ساختەكاری زۆربووە.
•    ئەم یاسایە ،هەن دەڵێن دەبێت بۆ هەردوو هەڵبژاردنەكانی ((پەڕلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان))بێت و هەشن كە دەڵێن دەبێت بۆ هەر یەكە لەو دوو هەڵبژاردنە یاسای تایبەت دەربچێت.

•    ئەم یاسایە لەكاتێكدایە كە لە ئێستادا بەرەی ئیدارەی دەوڵەت كە لە چەند پارتێكی سیاسی شیعە و سونە و كورد پێكهاتووە كە گەورەترین و باڵادەستترین پارتەكانن و ماوەی 20ساڵیشە لەدەسەڵاتدان.كە ئاشكراشە ڕەخنەی زۆری جەماوەر و شەقامی عێراقیان ڕووبەڕوودەبێتەوە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریەكان و ئاوەدانی و گەشەی وڵات و كۆمەڵگا و بوونی گەندەڵی و بێكاری و  ململانێ‌ سیاسیەكان و بێدەسەڵاتی و لاوازیان لەبەرامبەر وڵاتانی ناوچەكە و جیهاندا  و...هتد.
•    جا یاساكە لەلایەن ئەم پارتە سیاسیە گەورە و بەدەسەڵاتانەوە لەسەر بنەمای یاسای سانت لیگۆ داڕێژراوە و گەرەكیشە پەسەندبكرێت. بەبیانووی ئەوەی كە یاسای پێشووتر و لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی ئێستادا لەساڵی 2021دا بۆتە هۆی دروستنەبوونی كوتلەی گەورە و بەهێز  لە پەڕلەماندا و پەرتوبڵاوی دەنگەكان لەنێوان حیزبەكان و هەرئەمەش وایكرد كە نەتوانرێت گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی پێكەوەبنرێت و زیاد لە 1ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار و حكومەت دوابكەوێت بەهۆی پەرتوبڵاوی كورسیەكان لەنێوان هێزە تازە دروستبوو و بچووكەكان و بەناو سەربەخۆكانەوە.هەربۆیە گەرەكیانە ئەمجارە بەم یاسایە هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێت بۆئەوەی ئەو قۆناغەی ڕابووردوو دووبارەنەبێتەوە و عێراق دووربكەوێتەوە لە گێژاوێكی سیاسی لە ئایندەدا.گەرەكیشیانە بە زووترین كات یاساكە تێبپەڕێنن چونكە زۆرینەیەكی بەرچاویان هەیە و ترسیان هەیە كە صەدریەكان وەكو هێزێكی خاوەن جەماوەر و شەقام بكەوێتە ناڕەزایەتی یاساكە.
•    بەڵام هەموو هێزە تازە دامەزراو و گەنجەكان و تشرینیەكان و مەدەنی و عیلمانیەكان و شیوعی وصەدریەكانیش و هەندێكیش دەڵێن مەرجەعە ئاینیەكانیش دژی یاسای سانت لیگۆن ،چونكە دووبارە دەبێتە هۆكاری سەركەوتن و مانەوەی ئەو سەركردە و پارتە سیاسیانەی كە ماوەی 20ساڵە لەدەسەڵاتدان و تەنها بێكاری و برسێتی و گەندەڵیان پێشكەشكردوە بەگەلانی عێراق. ئەم یاسایە ڕێگرە لەهاتنە پێشەوەی هێز و توانای نوێی عێراقیەكان .هەربۆیە دژایەتی توندی دەكەن  لەڕێگەی بایكۆتكردنی دانیشتنەكان و خۆپیشاندان لەشارەكاندا.و دەڵێن ئەم یاسایە لە قازانجی لیست و پارتە گەورەكاندایە چونكە (ماوەی دەنگەكان ) دەگەڕێتەوە بۆ لیستە گەورەكان و لیستە بچووكەكانی لێ بێبەش دەبێت.بەمەش دەڵێن نوێنەری ڕاستەقینەی هەڵبژێردراوی گەل ناچنە ناو پەڕلەمانەوە. و یاسایەكی نادیموكراتیە.
•    ئاشكرایە یاسای سانت لیگۆ بۆ هەڵبژاردنەكان لەساڵی 1912وە لەلایەن زانای بیركاری فەڕەنسیەوە ( ئەندریە سانت لیگۆ)وە دانراوە.كە پوختەكەی بریتیە لە (( دابەشكردنی دەنگە بەدەستهاتوەكان لەلایەن لیستەكانەوە بەسەر كورسی هەڵبژاردندا، لە سیستەمی فرە كورسیدا و كەمكردنەوەی كەموكڕیەكانە كە دروستدەبێت لە ئەنجامی نێوان وەكیەكنەبوونی دەنگەكان و ژمارەی كورسیە بەدەستهاتوەكاندا)).ئەم یاسایە لەو وڵاتانەدا بەكاردێت كە سیستەمی فرە لیستی و لیستی ڕێژەیی پەڕلەمانی پیادە دەكەن.
•    بەم شێوەیە ئەم یاسایە ڕەنگە ببێتە مشتومڕترین یاسای هەڵبژاردن لە عێراقدا و گەر بەزۆرینەش تێبپەڕێندرێت،ئەوا بۆ ئایندە و لەكاتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنەكان عێراق بخاتەوە گێژاوی ناڕەزاییەكان و خۆپیشاندانەكان و حكومەت دوابكەوێت و ئەنجومەنەكان دەستبەكارنەبن و دایاردەكانی نەبوونی خزمەتگوزاری و بەردەوامبوونی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گەلانی عێراق بەردەوام بێت و جارێكی تر عێراق بگەڕێتەوە بازنەیەكی بۆشی پڕ ململانێ‌ و سەرئێشەیەكی زیاتری بۆ دروست ببێت.لەم دۆخەشەدا ئەگەری ڕوودانی هەموو ئەگەرێك كراوە دەبێت لە خۆپیشاندانی توندی دژ بە یاساكە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و تەنانەت كودەتای سەربازی و هێنانە پێشەوەی حیزبی بەعسی لەگۆڕنراویش كە ماوەیەكە دەهۆڵی بۆ دەكوترێت، لە سایەی ڕێكەوتنی سعودیە و ئێرانیشدا ڕەنگە دڵڕازیكردنی هەردوولاشی تێبكەوێت و زلهێزەكانیش گەرەكیانە گۆڕانكاری لەم پارت و دەسەڵاتدار و دەموچاوە كۆنانەی 20ساڵی ڕابووردوو ئەنجام بدرێت.
•    ماوەتەوە كورد، كە گەرەكە لەناوخۆی خۆیدا یەك و یەكگرتوو بێت و تابكرێت بە لیستی یەكگرتوەوە بەشداریبكات بەتایبەتی لەناوچەكانی مادەی 140 و نەكەونە ململانێی ناڕەوا كە ببێتە لەدەستدانی دەنگ و كورسیەكانی كورد لەو ناوچانەدا.بۆیە ئەركی سەركردایەتی كوردە لەدوای پەسەندكردنی یاساكەوە بەهەر شێوەیەك بێت بكەونە خۆ بۆ هاندان و كارئاسانیكردن و ئاشتبونەوە لە ناوچەكانی مادەی 140 و بەتایبەتی لەكەركوك و خانەقین و دەشتی موصڵ كە لە ئێستادا عەرەب و توركومان لەكەركوك ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر ئەم یاسایە كە بەلای ئەوانە لە قازانجی كوردە.بۆیە گەر وابێت دەبێت كورد زیاتر توندوتۆڵتر و یەكگرتووتر كاربكات بۆ سەركەوتنی لیست و كاندیەكانی خۆی.و پارێزگاری لە بوون و بەهێزی كورد بكات و ڕێگەنەدات كورسیەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كەم بكات بەتایبەتی شاری كەركوك.كە ماوەی  6ساڵە لەدەست زۆرینەی كورد دەرهێنراوە و عەرەب و توركومان بەڕێوەی دەبەن و هەموو پیلان و بەرنامە دژ بەكوردەكانیان جێبەجێدەكەن. گەر لەناو هەرێمی كوردستاندا ململانێ‌ و ناكۆكیمان هەیە،با لەناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستاندا لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان و مێژوو و ئایندەی كوردوكوردستان هاوڕا و تەبا و یەك و یەكگرتووبین.
•    بەداخەوە ئەمجارەش نەتوانرا یەکڕیزی نێوماڵی کورد بپارێزرێت وهەر لایەنە بۆ قازانجی دەستکەوتی حیزبی خۆی هەوڵ دەدات و کوردایەتیش بوەوە قوربانی و جارێکی تر سەربڕدرایەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×