بڕیاری ئۆپیك+ بەكەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت‌و كاریگەریەكانی لەسەر ئابوری جیهان

نەوزادی موهەندیس
  2022-10-07     375

•    ڕۆژی 4 شەممە ڕێكەوتی 5/10/2022 وڵاتانی ئۆپێك+ لە شاری ڤییەنا كۆبونەوەی 45هەمینی لیژنەی چاودێری و كۆبونەوەی 33هەمینی وەزاری خۆی ئەنجامدا بەمەبەستی گفتوگۆكردن دەربارەی گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لە بازاڕەكانی نەوتی جیهانیدا و گەیشتنە ئەو بڕیارەی كە:
•    لەسەرەتای مانگی 11/2022وە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە كەمدەكەنەوە لەبەرهەمهێنان واتە مانگانە 60 ملیۆن بەرمیل.كە ئەمە گەورەترین كەمكردنەوەیە لەدوای پەتای كۆڕۆناوە لەمانگی ئازاری 2020وە.ئۆپیك+ وەك ڕێكخراوێكی میحوەری خۆی بەبەرپرسیار دەزانێت لەبەرامبەر ئابوری جیهاندا و هەربۆیە ئەم بڕیارەی لە بەرژەوەندی وەبەرهێنەران و بەكاربەرانی نەوتدا داوە و وەك سیاسەتێكی جێگیری پێشووتری خۆی.
•    هۆكارەكانی ئەم بڕیارە:
1.نرخەكانی نەوت ڕوو لە دابەزین بوو كە مەترسی دەكرا بێتە سەر 50 دۆلار لە 120 دۆلارەوە پێش 3 مانگ و لەم ماوەی مانگ و چەند هەفتەیەدا ڕێژەی 35% لە نرخەكان دابەزیبوون و هاتنە خوار 90 دۆلارەوە.
2.بڕی بەرهەمهێنانی نەوت زۆرتر بوو لە بڕی داواكراو لە بازاڕەكاندا((عرچ و گلب)).
وەك وەزیری نەوتی سعودیە امیر عبدالعزیز بن سەلمان دەڵێت (( ئەم دۆخەی ئێستای بازاڕەكانی نەوتی جیهانی زۆر تەمومژاویە و لەماوەی 30 ساڵی ڕابووردوودا وەك كەسێكی بە ئەزموون لەو بوارەدا دۆخی وام نەبینیوە)).
 *  باشیەكانی ئەم بڕیارە:
1. دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هاوسەنگی نرخەكانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.
2. عرچ و گلب هاوسەنگدەبنەوە.
3.ڕێگا نادات كە نرخەكان زیاتر داببەزێت.
* كاریگەریە خراپەكانی ئەم بڕیارە:
ئەم بڕیاری كەمكردنەوەیە بەتەنها زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنێت كە داهاتێكی كەم یان مام ناوەندیان هەیە،چونكە بەرزی نرخەكانی نەوت دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی كاڵاو واڵاكان بۆ هەمووان.
•    ئەمریكا بۆ لەم بڕیارە پەست و توڕە و ترساویشە:
ئاشكرایە ئەمریكا گەورەترین بەكاربەری نەوتە لەجیهاندا و پێویستی زۆری بەنەوت هەیە و لەوماوەیەی پێشووشدا لە یەدەگی ستراتیجی خۆی نەوتی زۆری بەكارهێناوە،بۆیە ئەمریكا هەمیشە گەرەكێتی نرخی نەوت لە نێوان 50-80 دۆلاردا بێت.
بەكەمبونەوەی ئەو بڕە نەوتە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخەكانی نەوت لەجیهاندا لەسەر ئەمریكا زۆر دەكەوێت و لەناوخۆشیدا دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و غازی سروشتیش.
بەتایبەتیش لەم كاتەدا كە لە ئەمریكادا سەرقاڵی هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمریكان و پارتی دیموكراتەكان بەسەرۆكایەتی بایدن دەترسن كە شكستبێنن. و ئەم بڕیارە بەكارێكی دوژمنكارانەی سعودیە و ئیمارات و كوێت دادەنێن بۆ خۆیان و دەڵێن پاڵیانداوەتەوە بە ڕووسیاوە.و كۆی بڕیارەكەش بە كورتبینی وەصف دەكات.
•    كاریگەریەكانی  بڕیارەكە لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان:
ئاشكرایە عێراق چوارهەم وڵاتی بەرهەمهێنی ئەم گروپەیە و پێنجەمیشە لە بڕی یەدەگی نەوتی جیهاندا كە بە 140 ملیار بەرمیل دادەنرێت.
عێراق لەمانگی 9/2022دا بەم شێوەیە بەرهەمی نەوتی هێناوە:
بڕی 98765153 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە
داهاتەكەی بریتیە لە 8.733 ملیار دۆلار
ڕۆژانە 3.292000 بەرمیلی هەناردەكردوە
بەتێكڕای 88.83 دۆلار بۆ 1 بەرمیل نەوت
ئەو بڕەی كە لەپشكی عێراق كەمدەبێتەوە لە ئەنجامی ئەم بڕیارەدا بریتیە لە 220هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.كەوەك وەزیری نەوت و كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێن زۆر كاریگەر نابێت چونكە دەتوانین لەناوخۆدا ئەو بڕە ساغبكەینەوە.
بڕیارەكە بۆ عێراق باشە و دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتی مانگانە.
•    بۆ سەرهەرێمی كوردستان
كاریگەری باشە و بەهەمان شێوە نەوتەكەی بەنرخی زیاتر دەفرۆشێت.
بەڵام دەبێت هەرێمی كوردستان خۆی ئامادەبكات بۆ هەر ئەگەرێك لە ئایندەدا بە زیادكردنی بڕی بەرهەمی نەوتی جیهانی و دابەزینی نرخەكان  لەكاتێكدا ئەمریكا فشارەكانی بۆ سەر سعودیە و ئیمارات و كوێت زیاتر بكات بۆ بەرزكردنەوەی بڕی بەرهەمیان و لەكاتی ڕاوەستانی جەنگی ڕوسیا و ئۆكرایناشدا، لەو كاتەدا حكومەتی هەرێم داهاتی كەم دەكات وناتوانێت تەنانەت مووچەش لەكاتی خۆیدا بدات بۆیە گەرەكە كە حكومەتی هەرێم:
1.    تابتوانێت داهات زیاد بكات  بۆ ڕۆژی تەنگانە و یەدەگی دراوی نەختینەی هەبێت.
2.    داوا لەحكومەتی بەغداد بكات بۆ ناردنی 200ملیار دینارەكەی مانگانە.
بەم شێوەیە دەكرێت كاریگەریە خراپەكانی دابەزینی نرخەكانی نەوت لەسەر هەرێمی كوردستان كەمبكرێتەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×