• ئەم عێراقەی ئێستا كاتێك لەساڵی 1921وە دامەزرا لەلایەن دەوڵەتی ئینگلیزی داگیركەری ئەوكاتە و دەستڕۆیشتوی ئێستاشەوە وەك بڵێیت بەهەڵە دەستیپێكرد و هەر ئەم هەڵەیەشە كە تاكو ئێستا بەردەوامە و ئەم وڵاتەی كەناویلێنرا عێراق لە دەوامە و بازنەیەكی بۆشی مێژوویدا دەسوڕێتەوە و ناتوانێت هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بنێت،بەهۆی لەلایەك دەستتێوەردانی دەرەكی ناوچەیی و دونیایی و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی ململانێ نەبڕاوە و ناڕەوا ناوخۆییەكانی نێوان نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانیەوە بەدرێژایی ئەم 100ساڵەی ڕابووردوو.بۆیە تائێستاش هیچ دەیە ساڵێك نەبوە كە جەنگێكی خوێناوی ماڵوێرانیكەر یان كودەتای سەربازی بەناوی شۆڕشەوە یەخەی گەلانی عێراق نەگرێت و بە خوێناویترین شێوازیش حومكڕانی نەكەن.
• ئەوەتا عێراق سەرەڕای دەوڵەمەندی لە سەروەت و سامانە سروشتی و مرۆییەكانی كەچی هێشتا لەڕیزی وڵاتانی هەژار و تازەگەشەكردوودایە كە لانی كەم دەبوایە ئێستا یەكێك بوایە لەوڵاتانی پیشەسازی ناوچەیی و جیهانی وەكو توركیا و ئێران ،بەهۆی زەنگینی لەنەوت و غازی سروشتی وەكو دوو سەرچاوەی گرنگی وزە و خاك و ئاوی بەپیتیەوە.بەڵام بەهۆی سیاسەت و سەركردە سیاسیەكانیەوە و جۆری حومكڕانیە تاكڕەو و خۆسەپێنە ئاینی و مەزهەبیەكانەوە بۆتە یەكێك لە هەژارترین و بێكارترین و گەندەڵترین وڵاتی ئەم سەردەمە.
• لەماوەی ئەم 100 ساڵەی ڕابووردوودا و هەر لەسەرەتاوە عێراق بەو هەموو نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازانەوە نەیانتوانیوە كە حوكمڕانی خۆیان بكەن،ئەوەتا نە پادشاكانی خەڵكی ئەم وڵاتە بوون و نە كاربەدەستە دەستڕۆیشتوەكانیشی خەڵكی عێراق بوون، بەڵكو هەموانیان لەدەرەوەی سنورەكانی عێراقەوە هاتوون و هەژموون و دەسەڵاتی خۆیان بەكارهێناوە بەباش و خراپ حوكمڕانی ئەم گەل و وڵاتەیان كردوە . ئەوەتا هەر لەسەرەتاوە عێراق لەلایەن خاتونێكەوە براوە بەڕێوە یان نەخشەدانەر و هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی بوە و ڕۆڵی گەورەی هەبوە لەدامەزراندنی ئەم دەوڵەتە و دواتریش دروستكردنی دامودەزگای دەستوری و یاسایی و حوكڕانیەكانی دروستكردوون كە تائێستاش باسو خواسی زۆری دەربارەی دەكرێت و مشتومڕی گەرمی لەسەرە.ئەویش خاتوو ((گێر ترود بێڵ))ی بەریتانیە 1868-1926 وەك لێكۆڵەر و گەڕیدە و زانای شوێنەوارناسی و شاخەوان هاتۆتە عێراق لەساڵی 1914وە لەگەڵ دەستپێكی جەنگی جیهانی یەكەمەوە و دواتر وەك ڕاوێژكاری مەندوبی سامی بەریتانی سێر بێرسی كوكس كاری كردوە لەساڵانی بیستەكانی سەدەی بیستدا و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوە لەدوای جەنگەكەوە لە عێراقدا و بەڕادەیەك لای عێراقیەكان بە ((خاتوون)) ناوی براوە و زۆرێكیش وەك جاسوسێكی بەریتانی لێیان ڕوانیوە.ئەو خاتوونە ڕۆڵ و كاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر سیاسەت و پلان و بڕیارەكانی بەریتانیای عوزمای ئەوكاتە و لەسەر داڕشتنی سیاسەت بۆ ئایندەی عێراق لەناوچەكەدا.ئەم خاتونە پێشنیازی دامەزراندنی مەجلیسی تەئسیسی دەوڵەتی عێراقی كردوە((پەڕلەمان)) بۆئەوەی شا فەیسەڵ بێنن و بیكەنە مەلیكی عێراق.بۆخۆشی وەك زانایەكی شوێنەوار ناس ڕۆڵی گەورەی هەبوە لە دامەزراندنی ((مۆزەخانەی عێراقی)) كەتاكو ئێستاش هەرماوە.ئەم خاتونە هەرچەندە ڕۆڵی نێگەتیفی هەبوە بەرامبەر كورد و دەسەڵات و حوكمڕانی مەلیك مەحمود و ڕێگریش بوە لە دامەزراندنی حوكمڕانیەكی كوردی لەم هەرێمی كوردستانەدا و گەلێك كێشەی بۆ دەسەڵات و حوكمڕانیەكەی مەلیك مەحمود دروستكردوە.بەڵام لە مێژووی عێراقدا ناو و ناونیشانێكی گەورە و دیارە و كەس ناتوانێت پشتگوێی بخات.ئەم خاتونە هەر لەعێراقدا كۆچی دوایی كردوە و لە گۆڕستانی باب المعڤم لەناوەڕاستی شاری بەغداد نێژراوە و ڕێوڕسمی بەخاكسپاردن و ناشتن و پرسەكەی زۆر شكۆمەندانە بوە و تەنانەت مەلیك فەیسەڵ بۆخۆی بەشداری تیادا كردوە.
• وەك بڵێی مێژوو خۆی دووپات دەكاتەوە،ئەوەتا دوای 100ساڵی ڕێك خاتونێكی بیانی تر هاتۆتە عێراق و بەچالاكی و كار و كردەوەكانی و جموجۆڵ و چالاكیەكانی سەرنجی هەموانی بۆلای خۆی ڕاكێشاوە و وەك مسز بێڵ بۆتە ناوێك و كارەكتەرێكی سەرەكی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا و هەموان بەسەركردە سیاسی و حوكمڕانیەكانەوە لە بەغداد و هەرێمی كوردستانیش گوێی بۆدەگرن و ئامادەی كۆبونەوەكانی دەبن و پرس و ڕاوێژیشی پێدەكەن.ئەو خاتونەش مسز((جەنین هێنیس بلاسخارت))ی تەمەن 49 ساڵی هۆڵەندەیە كە لەدایكبووی 7/4/1973 و خێزاندارە لەساڵی 2003وە و لەژیانی سیاسی خۆیدا گەلێك پلە و پۆستی باڵای وەرگرتوە لەهۆڵەندا وەك ئەندامی پەڕلەمانی هۆڵەندا لە ساڵانی 2010-2012 و2017-2018 و وەزیری بەرگریش بوە لە 2012-2017 كەسەر بەحیزبی گەل لەپێناو ئازادی و دیموكراسیدایە و پێشتریش بۆتە ئەندامی پەڕلەمانی ئەوروپا لەساڵانی 2004-2009 و 2009-2010 و لەساڵی 2018شەوە لەلایەن ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە ئەنتۆنیۆ گوانتێرێسەوە دیاریكراوە بەنوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق.
لە ئێستادا ئەم خاتونە ڕۆڵی گەورەو بەرچاو دەگێڕێت لەپێناو چارەسەركردن و كەمكردنەوەی كێشە و گرفتە سیاسیەكان و ململانێ ناوخۆییەكانی عێراق و ڕۆژ نیە سەردانی سەركردە و لایەنێك نەكات و وەك دەڵێن قاچێكی لەهەرێمی كوردستانە و قاچەكەی تری لە بەغدادە و لەنێوان هەردوولادا هاتوچۆی گەرموگوڕ دەكات بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی ناكۆكی و گرفت و كێشە قورسەكانی نێوانیان و تاڕادەكیەكی باشیش سەركەوتوو بوە.
لەناو عێراق خۆشیدا هاتوچۆی مەكوكی دەكات لە نێوان هەموواندا هەر لە مەرجەعە باڵاكانی شیعەوە لەنەجەف و سەركردە سیاسەیەكان لە حەنانە و بەغداد و وەك دەڵێن بۆتە داشە هارەی یاری و گەمە سیاسیە نەبڕاوەكانی عێراق.
لەنێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەكەشدا كە كاریگەری و دەستێوەردانیان هەیە لە عێراقدا لە ئێران و توركیا و كەنداویەكاندا بەبەردەەوام سەردانی مەكوكی دەكات بۆ كەمكردنەوەی هەژموون و كاریگەریان لەسەر عێراق و عێراقیەكان.
• ئاشكرایە ئەوەی لەسەر كاری نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان یان تەواوی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان زانراوە كە هیچ كێشە و گرفتێكی دونیایی چارەسەرنەكردوە و هەمیشە لەپێناو پاراستن و چەسپاندنی ئاشتیدا كاتی زۆری خایاندوە و لەبەرئەوەی بڕیارەكانیشی مولزەم نین زۆرجاران بەگوێشیان نەكردوە.بەڵام بەهەق ئەم خاتونە هۆڵەندیە لەماوەی 2018وە تاكو ئێستا بە كار و چالاكیە بەردەوام و بەرچاوەكانی، خۆی كردۆتە كاراكتەرێكی دیاری سەر شانۆی سیاسی عێراق و لەكاتی تەنگژە و گرفتەكاندا سەردانی هەموان دەكات و دۆخەكان هێوردەكاتەوە و پێشنیاز و ڕای گونجاویش پێشكەش دەكات و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بوێرانەش هەموان بەزمانی دایك ((كوردی و عەرەبی)) ئاگاداردەكاتەوە لەمەترسیەكان و ئاڵنگاریەكانی ئێستا و ئایندە بۆسەر عێراق و هەرێمی كوردستان لەسایەی گۆڕانكاری و ململانێ سیاسیەكانی ناوچەكە و دونیاشەوە.
• بەم شێوەیە عێراق بە كوردستانیشەوە،لەئێستادا و دوای 100ساڵ خاتونێكی بیانی هاوشێوەی مسز بێڵی بەریتانی كاروبارەكانی بەڕێوەدەبرێت و ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت. خۆشبەختانەش ئەم خاتونە بەپێچەوانەی مسز بێڵەوە نێوان و پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ كورد زۆر باشە و حەزدەكات ئەم ئەزمون و حوكمڕانیە درێژە و بەردەوامی هەبێت بەوەی كە حوكمڕانیەكی ساغڵەم و تەندروستی دیموكراسی و پڕاوپڕ لە ئازادیەكان و دادپەروەری بێت دوور لەگەندەڵی و ململانێی ناڕەوا و هەمیشە ئامۆژگاری هەموان دەكات بۆكەمكردنەوەی كێشەكان و چارەسەركردنیان لەنێوخۆیاندا و پاراستنی هەموو ئەو دەسكەوتانە وەدەستهاتوون و دووربكەونەوە لەمملانێ ناوخۆییەكان .
بۆیە بەهەق ئەم خاتونە بۆتە كاراكتەرێكی دیاری ئەم قۆناغە هەرچەندە وەك مسز بێڵ نمایندەی گەورەترین وڵاتی سەردەمیش ناكات و پاڵپشت و پشتیوانی بەهێزیشی نیە وەكو ئەو.بەڵام بەكاروكردەوەكانی خۆی كردۆتە خاتونێكی دیار و گەشاوەی عێراق.بەهیوای ئەوەی دوای 100ساڵ لەسەر دەستی ئەم خاتونەدا عێراقێكی نوێ و كۆمارێكی نوێی ئازادی و دیموكراتی و هاوڵاتیبوون بچەسپێنرێت و عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە گەشە و ئاوەدانی بەخۆوە ببینێت و چیتر ڕووباری خوێن و فرمێسكی 100ساڵەی ڕابووردوو بەردەوام نەبێت.و هەموان لەو گێژاوە نەبڕاوەیە و لەو هەڵە سیاسیەی سەرەتا ڕزگاریان ببێت.